لێکۆڵینەوە

خواست و بژاردەی دەنگدەران

17-08-2023


بەپێی ئەنجامەکانی ئەم راپرسییە، بە رێژەی 29.2٪ دەنگدەری خۆڵەمێشی هەیە کە دەوری 641092 دەنگدەر دەکات و، 3.7٪یش بە بەتاڵی دەنگدەدەن کە 81234 کەس دەکات. بەرزرترین رێژەی ئەم دەنگدەرانە، بەپێی ریزبەندی لە سلێمانی 55.1% ،  هەڵەبجە 53.1%، راپەڕین 49.1%، هەولێر26.4% بووە. ئەمەش واتای ئەوە دەدات كە ئەگەر دەنگی یەكەم لە شوێنەكانی وەك دهۆك، زاخۆ و سۆران هەر لە ئێستاوە دیاربێت، ئەوا دەنگی یەكەم لە سلێمانی، گەرمیان، راپەڕین و هەڵەبجە  بەدەستی دەنگدەرانی خۆڵەمێشی یەكلا دەبێتەوە.

  • کلیک لەم لینک بکە بۆ خوێندنەوەی تەواوی راپۆرتەکە بەشێوەی PDF

بەپێی ئەنجامەكانی ئەم راپرسییە، لە هەڵبژاردنی داهاتوودا براوەی یەكەم، پێكەوە ئەوانەن كە بەشداری ناكەن، دەنگدەری خۆڵەمێشین و بە بەتاڵی دەنگدەدەن.39.7%ی هاووڵاتیان بەشداری لە هەڵبژاردن ناكەن، 29.2%ی ئەوانەی كە گوتوویانە بەشداری دەكەن دەنگی خۆیان ئاشكرا ناكەن و 3.7%یش گوتوویانە بە بەتاڵی دەنگ دەدەن. مەزەندە دەكرێت ژمارەی ئەمانەش هەموو پێكەوە، دەوری 2167252 كەس بن. ئەمەش وادەكات كە ئەگەری ئەنجامی چاوەڕواننەكراو لە هەڵبژاردنی داهاتوودا شتێكی دوورنەبێ

بە گوێرەی وەڵامی بەشداربووانی راپرسییەكە، لەنێو 60.3%ی دەنگدەران دا كە بەنیازن بەشداری لە هەڵبژاردن دا بكەن، پارتی دیموكراتی كوردستان 46.1%ی دەنگەكان دەبات و لە پلەی یەكەم دا دەبێت. ئەمەش واتای ئەوەیە كە پارتی بەگوێرەی هەڵبژاردنی ساڵی 2021، رێژەی دەنگەكانی زیاتر دەكات. دەكرێت بەشێكی ئەم زیادكردنە بەهۆی زیادبوونی ژمارەی دەنگدەرانی گەنجەوە روونبكرێتەوە كە بەشی هەرە زۆریان لە سنووری هەردوو پاریزگای هەولێر و دهۆكن. لەڕووی رەگەزییەوە دەنگدەرانی ئەم پارتە لێك نزیكن، بەڵام سەرنجڕاكیشە كە دەنگدەرانی گەنج زیاتر دەنگ دەدەنە پارتی دیموكراتی كوردستان. لەنێو گرووپەكانی تەمەن دا، هەرچی تەمەن زیاتر دەبێت، رێژەی دەنگدەری پارتی كەم دەبێتەوە. 51%ی ئەوانەی بۆ یەكەم جارە دەنگ دەدەن دەنگ دەدەنە پارتی. لەوانەیە هۆكارێكی ئەمەش بۆ ئەوە بگەڕێتەوە كە زۆرترین ریژەی گەنج لە هەرێمی كوردستان لەو ناوچانەبن كە پارتی تێیاندا دەسەڵاتدارە. بەرزترین رێژەی دەنگدەرانی پارتی لەنێو خەڵكی گوندنشیندایە كە بە رێژەی 59.2% هاتووە و هەرچی بەرەو ناوەندی شارە گەورەكان دێین، رێژەی دەنگدەری پارتی كەم دەبێتەوە. زۆرترین دەنگەكانی پارتی لە زاخۆ، سۆران، دهۆك و هەولێرە و كەمترین دەنگەكانیشی بەپێی ریزبەندی، لە سلێمانی، گەرمیان، راپەڕین و هەڵەبجەیە.

دەنگەكانی پارتی زیاتر لەو شوێنانە بەرزە كە رێژەی بەشداریكردن تێیدا زۆر دەبێت. هەروەها لەو شوێنانەش زۆرە كە رێژەی دەنگە خۆڵەمێشییەكان كەمترن.

رێژەی 29.2%ی بەشداربووان حەزیان نەكردووە دەنگەكانی خۆیان ئاشكرا بكەن. ئەگەر ژمارەی دەنگدەران لە ساڵی 2024، 3641000 كەس بێت، لەو ژمارەیە 641092 کەسیان دەنگدەری خۆڵەمێشین. هەروەها 3.7%ی دەنگە بەتاڵەكانیش هەیە كە سەرووی 80 هەزار دەنگ دەكات، بۆیە کاتێک ئەو دەنگانە کۆبکرێنەوە كاریگەرییان زۆر دەبێت. بە ئەگەری زۆر ئەنجامی سرووشتی ئەو دەنگە ناڕوونانەش یان دابەشبوونە بەسەر حیزب ولایەنەكانی دیكە یاخود ئەوەیە کە بۆ حیزب و لایەنێکی نوێ بڕوات.

بەرزرترین رێژەی ئەم دەنگدەرانە بەپێی ریزبەندی لە سلێمانی 55.1%، هەڵەبجە 53.1%، راپەڕین 49.1%، هەروەها هەولێر26.4% بووە. ئەمەش واتای ئەوە دەدات كە ئەگەر دەنگی یەكەم لە شوێنەكانی وەك دهۆك، زاخۆ و سۆران یەكلا بێت، ئەوا دەنگی یەكەم لە سلێمانی، گەرمیان، راپەڕین و هەڵەبجە بەدەستی دەنگدەرانی خۆڵەمێشی یەكلا دەبێتەوە. هەر ئەو دەنگدەرانەش دەتوانن لە هەولێر تەگەرە بۆ پارتی دیموكراتی كوردستانیش دروست بكەن ئەگەر نەتوانێت لانیكەم بەشێكیان رازی بكات.

بەگوێرەی ئەنجامەكانی ئەم راپرسییە، یەكێتی نیشتمانی كوردستان 11.3%ی دەنگەكان دەبات. ژنان زیاتر لە پیاوان دەنگ دەدەنە یەكێتی. هەروەها دەنگدەری ئەو حیزبە لەنێو گەنجان دا كەمترە لەوانەی كە لە گرووپی تەمەنیی بەرزتردان و، زۆرترین رێژەش لەنێو ئەوانەدایە كە سەرووی 60 ساڵ تەمەنیان هەیە. 9.3%ی ئەوانەی كە یەكەم جارە دەنگ دەدەن، خۆیان بۆ یەكێتی یەكلا كرووەتەوە. لەڕووی پیشەوە بەرزترین ریژەی دەنگدەری ئەم حیزبە بە 13.6%ەوە لەنێو ئەوانەدایە كە بە ناچالاكی ئابووری هەژمار دەكرێن. پێدەچێت ژینگەی شار و لادێ كاریگەرییەكی زۆری لەسەر ئاستی دەنگدەرانی ئەم حیزبە نەبێت، چونكە رێژەكانیان لێك نزیكن. دەنگەكانی یەكێتی زیاتر لە راپەڕین، گەرمیان، سلێمانی و هەڵەبجەیە كە كەمترین رێژەی بەشداری و زۆرترین ژمارەی دەنگی خۆڵەمێشییان تێدایە.

نەوەی نوێ بە 5.5%ی دەنگەكانەوە بە پلەی سێیەم دێت. خاڵی سەرنجڕاكێش ئەوەیە كە لەڕووی رەگەز، تەمەن و پیشەوە جیاوازیێكی زۆر نییە لەنێو دەنگدەرانی ئەم لایەنە. 9.5%ی دەنگی ئەوانە دەبات كە بۆ یەكەم جار دەنگ دەدەن.

 لە راپرسییەكی پێشتری ناوەندی لێكۆڵینەوەی رووداودا سەبارەت بە گەنجان، نەوەی نوێ لە هەندێك شوێنی وەك هەڵەبجە زۆرترین دەنگی گەنجان دەبات، بەڵام كاتێك دێتە سەر هەڵبژاردنی گشتی، لە پلەی سێیەم یان دووەمە.

بەرزی رێژەی دەنگدەری خۆڵەمێشی كە 29.2%ی ئەوانەن كە بەشداری لە هەڵبژاردن دەكەن لەگەڵ رێژەی ئەوانەی كە بە بەتاڵی دەنگ دەدەن، وادەكەن كە چانسی حیزبێكی نوێ بۆ دەركەوتن بەرزبێت یان ئەگەر ئەنجامێكی چاوەڕواننەكراویش روونەدات، ئەوا دەنگەكان بەسەر لایەنەكانی دەرەوەی پارتی و یەكێتی دابەش ببنەوە.

 بەشی زۆری ئەو دەنگدەرانەی كە بە خۆڵەمیشی هەژمار دەكرێن لە دەنگدەرانی گۆڕان، نەوەی نوێ، یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی دادگەری كوردستانن كە دەنگەكانیان كەمی كردووە، چونكە رێژەی دەنگی خۆڵەمیشی لەنێو دەنگدەری نوێ دا كەمە. لێرەدا بەهۆی چارەنووسسازبوونی ئەم رێژەیەی دەنگدەرانەوە، چەند سیناریۆیەكمان بۆ دابەشبوونەوەی دەنگە خۆڵەمێشییەكان پێشبینی كردووە كە لە گرافیكی خوارەوەدا پیشاندراوە.


کلیك بکە بۆ بینینی سەرچاوەکان

References
Share this Post

لێکۆڵینەوە