بەرایی
دانوستاندنەکانی شاندی هەولێر و بەغدا بەردەوامە، بەڵام سەرەڕای بەرەوپێشڤەچوونی گفتوگۆکان هیچ ئەنجامێکی پراکتیکی و درێژخایەن بەدی ناکرێت! رۆژی 18ی تشرینی یەکەمی 2023 وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان راپۆرتێکی 30 لاپەڕەیی رادەستی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کرد، کە وردی خەرجییەکانی شەش مانگی یەکەمی 2023 و پێویستییە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بە وردەکاریی ژمارەی فەرمانبەران، فەرمانبەرانی گرێبەست، خانەنشینی مەدەنی و سەربازی و هتد تێدایە، کە بەپێی راپۆرتەکە خەرجی مانگانە بەتەنیا بۆ مووچە بەهەموو جۆرەکانییەوە 913 ملیار دینارە و ساڵانە سەروو 10.963 تریلۆن دینارە، لەکاتێکدا بەغدا بەپێی بودجەی 2023 تەنیا 10.457 تریلۆن دینار بۆ تەرخانکردووە، واتە جیاوازییەکە سەروو 500 ملیار دینارە، ئەگەر بەغداش بەتەنیا مووچە بنێرێت یاخود خۆی دابەشی بکات!
خاڵیکی دیکەی دانوساندنەکان پەیوەستە بە پرسی نەوتەوە، کە چۆن قەرەبووی کۆمپانیاکان بکرێتەوە بۆ هەر بەرمیلێک نەوت کە بەرهەمی بهێنێت، لە بودجەی 2023 دا هەرێمی کوردستان پابەندی رادەستکردنی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بە سۆمۆ کراوە، بەڵام میکانیزمی چۆنیەتی خەرجکردنەوەی تێجووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی ئەو بڕە دیارینەکراوە، ئێستا بەغدا باس لە 6.9 دۆلار و هەرێمی کوردستان باس لە 32.9 دۆلار دەکات، لەکاتێکدا بەپێی راپۆرتی دیلۆیت بۆ چارەکی یەکەمی ئەمساڵ تێچووی بەرمیلێک نەوت لە هەرێمی کوردستان 34 دۆلار بووە. هەروەها، جیاوازییەکە لەم پرسەدا بەشێوەیەکە بەغدا ئێستا ئەو نرخەش رەتدەکاتەوە کە پێشتر پێشنیازی کردووە و رێککەوتنی لەسەر کردووە، بۆ نموونە لە ئەمساڵدا وەزارەتی پلاندانانی عێراق پێشنیازی 19 دۆلار کردووە و ساڵی 2021 لە رێککەوتنی هەولێر و بەغدا بەگشتی 27 دۆلار دانراوە، هەروەها لە بودجەی 2023ی عێراق 19 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک دانراوە! کەچی ئێستا هەموو گفتوگۆکان لەچوارچێوەی 6.9 دۆلار کە نازانرێت لەچییەوە سەرچاوەی گرتووە!
جیاوازییەکانی هەولێر و بەغدا زۆرن، بەڵام ئەگەر کەمنەکرێتەوە ئەوا بەردەوامی فرۆشتنی نەوت بە ناوخۆ بەمشێوەیەی ئێستا زیانێکی گەورە لە هەرێمی کوردستان دەدات، چونکە بەپێی راپۆرتەکەی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا سەروو 10 ملیۆن بەرمیل نەوتی بە ناوخۆ فرۆشتووە، کە داهاتەکەی 309 ملیار دینار بووە، واتە داهاتی ماوە دوای خەرجییەکان بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان 30 هەزار و 387 دینار بووە کە بەردەوامی دواخستنی رێککەوتنیش باری سەرشانی هەولێر و بەغدا قورستر دەکات، بەتایبەتیش بەغدا چونکە لەجیاتی دەستکەوتنی داهات لە نەوتی هەرێمی کوردستانەوە دەبێت هیچ نەبێت پابەندی دابینکردنی مووچەی مانگانەی فەرمانبەران هەرێمی کوردستان بێت.
هەروەها، لەکاتێکدا فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان بەناوخۆ ئەم بڕە داهاتەی هەیە و دیارە، بەڵام لە عێراق داتای فرۆشتنی نەوتی خاو بە ناوخۆ لە بڵاوکراوەکانی وەزارەتی نەوت و دارایی نییە. لەکاتێکدا، مانگانە کۆمپانیای سۆمۆ و وەزارەتی نەوت بڕی نەوتی هەناردەکراوی رۆژانە و داهاتەکەی بڵاودەکەنەوە، بەڵام بڕی بەکارهێنراو لەناوخۆ و داهاتی نەوتی فرۆشراو بە ناوخۆی تێدا نییە.
بۆ نموونە لە مانگی هەشتی ئەمساڵدا عێراق رۆژانە 4.71 ملیۆن بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوە، بەڵام رۆژانە 3.43 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردەکردووە، واتە جیاوازییەکە رۆژانە 1.28 ملیۆن بەرمیل نەوتە کە داهاتاکەی دیار نییە، ئەگەر داهاتەکەشی لەنێو راپۆرتی وەزارەتی دارایی و لەنێو ئەو بڕە بێت کە وەک داهاتی نەوت و سامانە سرووشتییەکان مانگانە بڵاودەکرێتەوە، ئەوا جیاوازی نێوان داهاتی نەوتی هەناردەکراوی عێراق نەوەکو بەرهەمهێنراو لەنێوان وەزارەتی نەوت و وەزارەتی دارایی زۆر زیاتر دەبێت، ئەمەش لەکاتێکدا تێچووی بەرمیلێک نەوت لە عێراق بە خەرجی وەبەرهێنان، حەقدەستی کۆمپانیا خزمەتگوزارییەکان و وەزارەتی نەوت پێکەوە دیار نییە!
لێرەدا بە خوێندنەوەی داتاکان لە راپۆرتەکەی وەزارەتی دارایی، دیلۆیت و بودجەی 2023ی عێراق هەڵوەستەیەک لەسەر ژمارەکان و جیاوازی هەولێر و بەغدا لە ژمارەکان بۆ داهاتی ناوخۆ، بۆ تێچووی بەرمیل نەوت، بۆ ژمارە و مووچەی فەرمانبەران دەخەینەڕوو.
داهات و خەرجییەکانی مانگانەی هەرێمی کوردستان چەندە؟
بەپێی راپۆرتی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق (18-10-2023) کۆی داهاتی شەش مانگی یەکەمی 2023 بریتییە لە 5 تریلۆن و 320 ملیار و 500 ملیۆن و 23 هەزار و 738 دینار بووە، کە لەم بڕە 1 تریلۆن و 600 ملیار و 146 ملیۆن و 571 هەزار و 450 دینار حەقدەستی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت بووە، واتە بڕی 3 تریلۆن و 720 ملیار و 353 ملیۆن و 452 هەزار و 288 دینار کۆی داهاتی هەرێمی کوردستان (نەوتی و نانەوتی) بووە، واتە بەتێکڕا مانگانە داهاتی هەرێمی کوردستان 620 ملیار و 58 ملیۆن و 908 هەزار و 714 دینار بووە.
لەو ماوەیەدا (1-1-2023 بۆ 30-6-2023) 2 تریلۆن دینار وەک بودجە و قەرز بۆ هەرێمی کوردستان لە بەغداوە هاتووە، لەکاتێکدا بەگوێرەی راپۆرتەکە 1.6 ملیار وەک قەرز و 400 ملیار وەک بودجە بۆ هەرێمی کوردستان نێردراوە.
بەمشێوەیە لە شەش مانگی یەکەمی 2023 دا کۆی داهات و بڕی ئەو پارەیەی وەک بودجە و قەرز لە بەغداوە بۆ هەرێمی کوردستان هاتووە دەگاتە 5 تریلۆن و 720 ملیار و 353 ملیۆن و 452 هەزار و 288 دینار بووە، واتە بەگشتی بە داهاتی ناوخۆ و ئەوەی لە بەغداوە هاتووە مانگانە 953 ملیار و 392 و ملیۆن و 242 هەزار و 48 دینارە.
ئێستا، بەپێی هەمان راپۆرت کۆی خەرجیەکانی هەرێمی کوردستان مانگانە بە تەنیا بۆ مووچە 913 ملیار و 623 ملیۆن و 64 هەزار دینارە، واتە بۆ شەش مانگ خەرجی مووچە 5 تریلۆن و 481 ملیار و 738 ملیۆن و 384 هەزار دینارە. هەروەها، لەو ماوەیەدا(شەش مانگ) خەرجی بۆ کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان 575 ملیار و 579 ملیۆن و 487 هەزار دینار بووە. هەروەها، کۆی خەرجی بەکارخستنی دیکە 646 ملیار و 997 ملیۆن و 285 هەزار و 788 دینار بووە و خەرجی وەبەرهێنان 271 ملیار و 969 ملیۆن و 723 هەزار دینار بووە.
ئالێرەوە دەردەکەوێت کە کۆی گشتی خەرجییەکان لەو شەش مانگەدا بڕی 6 تریلۆن و 976 ملیار و 284 ملیۆن و 879 هەزار و 788 دینار بووە، بەتێکڕا خەرجی مانگانە 1 تریلۆن و 162 ملیار و 714 ملیۆن 146 هەزار و 631 دینار بووە، واتە جیاوازی یاخود کورتهێنان بەتێکڕا مانگانە 209 ملیار و 321 ملیۆن و 904 هەزار و 583 دینار بووە، هەربۆیەش کە لە راپۆرتەکەدا هاتووە خەرجی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی کارەبا خەرجنەکراوە و نەدراوە.
بەتێکڕا مووچەی فەرمانبەرێک لە هەرێمی کوردستان و لە عێراق چەندە؟
بەپێی بودجەی 2023ی عێراق لاپەڕە 66 کۆی ژمارەی فەرمانبەران لە عێراق 4 ملیۆن و 74 هەزار و 697 فەرمانبەرە، کە 59 تریلۆن و 365 ملیار و 778 ملیۆن و 837 هەزار دینار بۆ تەرخانکراوە، واتە بەتێکڕا لە ساڵیکدا هەر فەرمانبەرێک لە عێراق 14 ملیۆن و 569 هەزار و 372 دینار وەردەگرێت و مانگانەش بەتێکڕا 1 ملیۆن و 214 هەزار و 114 دینارە. ئەوەش لەبەرچاو بگرین کە پلەبەندی فەرمانبەر لە عێراق دوانزە پلەیە، زۆرترین مووچەی دابینکراوی ساڵانە بۆ کەرتی ئەمنی دەڕوات، کە نزیکەی نیوەی ئەو پارەیە و ساڵانە سەروو 25 تریلۆن دیناری بۆ دانراوە. هەروەها، لەنیو کەرتی ئەمنی بۆ وەزارەتی ناوخۆ، بەدوایدا وەزارەتی بەرگری و بەپلەی سێیەم حەشدی شەعبی دێت.
لەکاتێکدا، ژمارەی هێزەکانی حەشدی شەعبی کە لە 2014وە دامەزراوە، بەپێی بودجەی 2023 عێراق ژمارەیان 238 هەزار و 75 کەس، کە بە تەنیا بۆ مووچەکانیان 3 تریلۆن و 468 ملیار دینار خەرجدەکرێت، واتە ساڵانە هەر سەربازێکی حەشدی شەعبی 14 ملیۆن و 570 هەزار و مانگانە سەروو 1 ملیۆن و 214 هەزار وەردەگرێت!
لە بەرامبەردا بەپێی راپۆرتەکەی وەزارەتی دارایی کۆی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان 682 هەزار و 141 فەرمانبەرە کە بودجەی پێویستی مانگەنەیان 734 ملیار و 593 ملیۆن و 244 هەزار دینار، واتە بەتێکڕا فەرمانبەرێک لە هەرێمی کوردستان مانگانە 1 ملیۆن و 76 هەزار و 893 دینارە.
بەگشتی و بەتێکڕا جیاوازی مووچەی فەرمانبەرێک لە عێراق و هەرێمی کوردستان مانگانە 137 هەزار دینارە، لەکاتێکدا فەرمانبەرێکی گرێبەست بەتێکڕا لە هەرێمی کوردستان 460 هەزار دینار وەردەگرێت و مامۆستایەکی وانەبێژ لەنێوان 200-400 هەزار وەردەگرێت، کە ژمارەیان 36 هەزار و 542 مامۆستایە!
هەروەها، جیاوازییەکی دیکەش لە ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەنێوان هەولێر و بەغداد هەیە، بەشێوەیەک بەپێی بودجەی 2023ی عێراق ژمارەی فەرمانبەران بە 658 هەزار و 189 فەرمانبەر داناوە، لەکاتێکدا لە راپۆرتەکەی وەزارەتی دارایی ژمارەی فەرمانبەرەکان بە 682 هەزار و 141 فەرمانبەر داناوە، کە جیاوازی نێوانیان 23 هەزار و 897 فەرمانبەرە بەبێ گرێبەست و وانەبێژەکان و هتد!
خاڵیکی دیکەی سەرنجڕاکیش لە یاسای بودجەی عێراق 2023 وەک مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ساڵانە 9 تریلۆن 299 ملیار و 513 ملیۆن و 616 هەزار دینار دانراوە، هەروەها بۆ چاودێری کۆمەڵایەتی 1 تریلۆن و 157 ملیار و 838 ملیۆن و 48 هەزار دینار دانراوە. لەکاتێکدا بەپێی راپۆرتەکەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ساڵانە 10 تریلۆن و 963 ملیار دینار بۆ مووچە پێویستە، لەکاتێکدا ئەگەر عێراق مووچەش بۆ هەرێمی کوردستان دابین بکات، ئەوا 10 تریلۆن و 457 ملیار و 351 ملیۆن و 664 هەزار داینار بۆ داناوە، واتە جیاوازییەکە هێشتا 506 ملیار و 125 ملیۆن و 104 هەزار دینارە !
جیاوازی هەولێر و بەغدا لە تێچووی بەرمیلێک نەوتی هەرێمی کوردستان؟
بەپێی راپۆرتەکەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەرایەتی دارایی لە وەزارەتی نەوتی عێراق بڕی 8 هەزار و 960 دینار یان 6.9 دۆلار بۆ بەرهەمهێنانی یەک بەرمیل نەوت لە هەرێمی کوردستان داناوە، لەکاتێکدا بەپێی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان تێچووی بەرمیلیک نەوت لە هەرێمی کوردستان 32.91 دۆلار، کە 24.32 بۆ بەرهەمهێنان و 8.59 بۆ تێجووی گواستنەوەیە، واتە جیاوازییەکە 26 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک نەوت.
لەکاتێکدا بەپێی راپۆرتەکەی دیلۆیت بۆ چارەکی یەکەمی ئەمساڵی نەوتی بەرهەمهێنراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان 36 ملیۆن و 723 هەزار و 475 بەرمیل نەوت بەرهەمهاتووە، کە کۆی گشتی داهاتەکەی بە دۆلار 2 ملیار و 199 ملیۆن و 684 هەزار و 396 بووە، کە 946 ملیۆن و 497 هەزار و 142 دۆلار سافی بۆ هەرێمی کوردستان گەڕاوەتەوە، واتە تێچووی بەرمیلێک نەوت 34.12 دۆلار بووە، کە نزیکە لەو نرخەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بۆ بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت دایناوە.
لەروویەکی دیکەوە، بەپێی راپۆرتەکەی وەزارەتی دارایی پێشتر چەندین جار رێککەوتن لەنێوان هەولێر و بەغدا لەسەر پرسی نەوتی هەرێمی کوردستان کراوە، ئەم پرسی تێچوونە بەشێکی گرنگی گفتوگۆکان بووە، بەمدواییەش بەپێی نوسراوی وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە 23-5-2023 دا کە لەسەر بنەمای کۆبوونەوەیەک بووە کە نوێنەری سۆمۆ و وەزارەتی نەوتی عێراق تێدا بەشداربووە کە کۆبوونەوەکە لە 26-1-2023 ئەنجامدراوە و نوسراوی بۆ فەرمانگەی دارایی وەزارەتی نەوتی عێراق ناردووە کە تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی بە 19 دۆلار داناوە، کە 12 دۆلار بۆ بەرهەمهێنان و 7 دۆلار بۆ گواستنەوە بێت.
هەروەها، بەپێی رێککەوتنی پێشووتر و لە بودجەی 2021ی عێراق هاتووە، کە هەرێمی کوردستان 460 هەزار بەرمیل نەوت رۆژانە بەرهەمبهێنێت، کە 250 هەزار بە نرخی سۆمۆ دانراوە و 50 هەزار بۆ ناوخۆ و 160 هەزار بۆ تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە دانراوە، واتە رێژەی 34٪ کۆی گشتی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ تێچوو دانراوە، کە ئەگەر بە بەتێکڕای نرخی سۆمۆ لەو کاتەدا کە 80 دۆلار بووە، واتە تێچووی بەرمیلێک نەوت لە هەرێمی کوردستان بە 27.2 دۆلار دانراوە.
ئێستا، پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە نرخی بەرمیلێک نەوت کە تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی بە 6.9 دۆلار بۆ هەرێمی کوردستان دانراوە لە چییەوە هاتووە! لە کاتێکدا تەنانەت لەگەڵ ئەو بڕەش یەکناگرێتەوە کە لە بودجەی 2023 وەک خەرجی بەرهەمهێنان و گواستنەوە بۆ نەوتی هەرێمی کوردستان دانراوە، بۆ نموونە لە بودجە هەرێمی کوردستان بە رادەستکردنی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە، واتە 146 ملیۆن بەرمیل نەوتی ساڵانە پابەند کراوە، کە تێچووی بەرمیلێک بۆ بەرهەمهێنان و گواستنەوە 26 هەزار دینار یان 19.8 دۆلار دانراوە!
هەرێمی کوردستان بەرمیلی نەوتی بەناوخۆ بە چەند فرۆشتووە، ئەی عێراق بە چەندی دەفرۆشێت ؟
بەپێی راپۆرتەکەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لەماوەی شەش مانگ دا 10 ملیۆن و 200 هەزار و 524 بەرمیل نەوتی بەناوخۆ فرۆشتووە کە بە هاکەی لەو ماوەیەدا 309 ملیار و 967 ملیۆن و 348 هەزار و 238 دینار بووە. واتە نرخی یەک بەرمیل نەوت لەو ماوەدا بۆ ناوخۆ 30 هەزار و 387 دینار بووە وەک داهات بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان گەڕاوەتەوە.
هەروەها، بەپێی داتاکان لە راپۆرتەکەدا هاتووە لەماوەی 25-6-2023 بۆ 14-10-2023 هەرێمی کوردستان بڕی 8 ملیۆن 43 هەزار 594 بەرمیل نەوتی رادەستی وەزارەتی نەوتی عێراق کردووە کە هیچ تێچوویەکی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی لە حکومەتی عێراق و وەزارەتی نەوتی عێراقی وەرنەگرتووە!
هەروەها، بەپێی راپۆرتەکەی وەزارەتی دارایی لە 1-1-2023 بۆ 25-3-2023 رۆژانە هەرێمی کوردستان 352 هەزار و 83 بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە و فرۆشتوویەتی، لەکاتێکدا بەپێی راپۆرتی دیلۆیت لەماوەی چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا 1-1-2023 بۆ 31-3-2023 هەرێمی کوردستان 32 ملیۆن و 307 هەزار و 382 بەرمیل هەناردەکردووە و فرۆشراوە، کە 271 هەزار 606 بەرمیل لە خەزانەکان لە بەندەرەکە ماوەتەوە، واتە کۆی هەناردەکراو و فرۆشراو 32 ملیۆن و 578 هەزار و 988 بەرمیل بووە، واتە رۆژانە کۆی هەناردەکراو و فرۆشراو 361 هەزار و 988 بەرمیل بووە، ئەگەر ئەوەی لە خەزانەکان زیادیکردووە و باریش نەکرابێت ئەوا رۆژانە 358 هەزار و 970 بەرمیل بووە! واتە جیاوازییەکە لەنێوان راپۆرتەکەی وەزارەتی دارایی و دیلۆیت رۆژانە 9 هەزار و 905 بەرمیل یان 6 هەزار و 887 بەرمیل نەوتە!
بەدیوەکەی دیکەدا عێراق مانگانە تەنیا بڕی داهاتی نەوتی هەناردەکراو بڵاودەکاتەوە، بۆ نموونە بەپێی راپۆرتی جیاوازی ژمارەکانی داهات و خەرجی لە نیوەی یەکەمی 2023 دا لە عێراق رۆژانە بەتێکڕا 3.43 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردەکراوە، لەکاتێکدا بەپێی راپۆرتەکانی وەزارەتی نەوت عێراق لەمانگی ئاب ئەمساڵدا رۆژانە 4.71 ملیۆن نەوت بەرهەمدەهێنیت، واتە رۆژانە 1.28 ملیۆن بەرمیل نەوت لەناوخۆدا دەفرۆشێت و بەکاردەهێنێت کە داهاتەکەی بەجیاواز لە داهاتی نەوتی هەناردەکراو نەهاتووە! ئەمەش سەرەڕای جیاوازی سەروو 5.6 تریلۆن دینار لە داهاتی نەوت لەنێوان وەزارەتی نەوت و وەزارەتی دارایی عێراق لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا!
هەروەها، داهاتی نەوتی یەک بەرمیل لەماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بەپێی وەزارەتی نەوت 99 هەزار و 737 دینار بووە، لەکاتێکدا بەپێی وەزارەتی دارایی داهاتی بەرمیلی نەوت 91 هەزار و 186 دینارە! ئەمە بەبێ داهاتی نەوتی بەرهەمهێنراوی عێراق بۆ ناوخۆ؟ ئەگەر داهاتی ئەو 1.28 ملیۆن بەرمیل نەوتەی رۆژانە لەنێو ئەو بڕە دا بێت کە لە راپۆرتی وەزارەتی دارایی بۆ نەوت و سامانە سرووشتییەکان هاتووە، ئەوا جیاوازییەکە زۆر زیاتر دەبێت لەنێوان وەزارەتی نەوت و وەزارەتی دارایی بۆ داهاتی نەوت لە عێراق!
کۆتایی
ئەگەر گفتوگۆکانیش وەک ژمارەکان جیاواز بن ئەوا نابێ چاوەڕوانی گەشتنە رێککەوتن بکەین، چونکە جیاوازییەکە وەک گفتوگۆکان و ساڵانی رابردوو نییە لەبارەی ئەوەی کێ بەڕێوە ببات و کێ سەرپەشتی بکات و کێ دەسەڵاتی هەبێت، بەڵکوو ژمارەکان یەکناگرێتەوە نەک بۆ پارەی تەرخانکراو بگرە بۆ ژمارەی فەرمانبەرانیش.
روویەکی دیکەی جیاوازی پارەی تەرخانکراو بۆ مووچەی فەرمانبەران و ئەوانەی چاودێری کۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە، ئەگەر هەرێمی کوردستان رازی بێت و بەغدا ئامادە بێت بۆ خۆی دابەشی بکات هێشتا 500 ملیار دینار وەک لە بودجەی 2023 هاتووە کەمە و کورتهێنانی هەیە.
جیاوازییەکی دیکە لە تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی بەرمیلێک نەوتی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکە نەک لە پێشنیاز و رێککەوتنەکانی پێشوو و بگرە وەک ئەوەی لە بودجەی 2023 دا دانراوە یەکناگرێتەوە، هەربۆیەش گەشتنە رێککەوتن لەسەر ئەم پرسە قورس و دەستکردنەوە بە هەناردەکردنەوەی نەوت لەرێگەی بەندەری جەیهانەوە قورستر ئەگەر بەرەزامەندی بەغدا بێت و بەشدار بێت.
لەکۆتاییدا، خاڵیکی سەرنجڕاکیش لە گفتوگۆکان بەدیدەکرێت، ئەویش نائامادەیی بەغدا بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە و درێژەپێدانی بەوشێوازەی زۆرترین دەستکەوت و کەمترین بەخشین و قوڵکردنەوەی پرسەکان و ئاڵۆزکردنیان هەیە.
بۆ نموونە، روویەکی دیکەی ئەم پرسە کە زۆر سەرنجڕاکێشە دانوساندنەکان، کاتێک پێویستە هەرێمی کوردستان لەگەڵ پەرلەمانتار و لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کۆببێتەوە، کەچی کۆبوونەوەکانی شاندی دانوساندکاری هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزارەتی دارایی و سەرۆکوەزیران و لایەنەکانی دیکەدایە. بەپێچەوانەوە کاتێک پێویستە لەگەڵ لایەنی جێبەجێکار و وەزارەتی دارایی عێراق کۆببێتەوە، شاندی هەرێمی کوردستان لەگەل پەرلەمانتار و لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە، وەک لە کۆبوونەوەکانی مانگی نیسان، ئایار و حوزەیران لەگەڵ کۆبوونەوەکانی هەفتەی رابردوو دەردەکەوێت!
لەکۆتاییدا، هەولێر و بەغدا بگەنە رێککەوتن یاخود جێبەجێکردنی رێککەوتنێکی نوێ لەژێر فشار دا، ئەوا بە دڵنیاییەوە پابەندبوونی هەردوولا بە پاراستنی رێککەوتنەکەوە بەندە بە پارسەنگی هێز نەوەکو بنەمایەکی درووست بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.
سەرچاوەکان
صدر العدد (4726) من جريدة الوقائع العراقية بتاريخ 2023/6/26. وزارة العدل - جمهورية العراق. (2023, June 26). https://moj.gov.iq/view.7273/
حكومة اقليم كوردستان | وزارة المالية والاقتصاد. توضيحات وزير المالية والاقتصاد في حكومة إقليم كوردستان-العراق الى اللجنة المالية النيابية فيما يخص الوضع المالي لإقليم من الفترة 1/1/2023 الى 2023 /06 /30 . Bagdad: حكومة اقليم كوردستان | وزارة المالية والاقتصاد, 2023.
Deloitte. (2023, July 7). KRG calendar 2022. Kurdistan Regional Government. https://gov.krd/calendar-2022/