شرۆڤە

داهاتی نەوتی عێراق؛2021

13-01-2022


 

RRC|

مەحموود بابان* –ناوەندی لێكۆڵینەوەی رووداو |

بەرایی

بەرزیی نرخی نەوت و مانەوەی لەسەروو 70 دۆلارەوە  لە 2021، داهاتی نەوتی عێراقی گەیاندە سەرووی 76 ملیار دۆلار و لە داهاتی 2019ی نزیک کردەوە. ئەمەش نزیکەی 27 ملیار دۆلاری زیاترە لەوەی لە بودجەی 2021دا هاتووە. لێرەدا ئەوەی جێگەی سەرنجە، بەم داهاتە زۆرەوە جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دارایی هۆشداری لە داڕمانی ئابووری عێراق دەدات و دەڵێت، ناتوانێت لە چەند ساڵی داهاتوودا مووچەی كارمەندان بدات[1]. لێرەدا و بەکورتی بڕی داهات و هەناردەی  نەوت لەگەڵ کڕیارانی نەوتی عێراق و چاوەڕوانییەکان بۆ داهاتی نەوتی هەناردەکراوی عێراق  لە 2022دا دەخرێتەڕوو.

بەرزیی نرخی نەوت و ئاساییبوونەوەی چالاکییە ئابوورییەکان و زیادبوونی خواست بۆ نەوت لەسەر ئاستی وڵاتانی بەکاربەر و پابەندبوونی ئۆپێک و هاوپەیمانەکانی بە رێککەوتنی نیسانی 2020ی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت، چانسێکی گەورەی بە وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت بەخشی کە داهاتێکی زیاتر لەوەی چاوەڕواندەکرا کۆبکەنەوە.

بەپێی داتاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، داهاتی نەوت لە 2021دا نزیکەی 80% زیاتربووە لە 2020 کە کەمترین داهاتی لەو ساڵەدا هەبووە، نرخی نەوتی عێراق بەتێکڕا لە 2021دا بە 68.37$ دۆلار مامەڵەی پێوەکراوە لەکاتێکدا لە 2020دا بە تێکڕای 38.08$ دۆلار بووە[2].

هەروەها، لە 2021دا 1 ملیار و 102 ملیۆن و 188 هەزار و 981 بەرمیل نەوت هەناردەکراوە، کە 22 ملیۆن و 971 هەزار و 417 بەرمیل لە نەوتی کەرکوک و ئەوی دیکە لە کێڵگە نەوتییەکانی نێوەڕاست و باشووری عێراق (نەوتی بەسرە) بووە.

خشتەی 1: بڕی هەناردەکراو و داهاتی نەوتی مانگانەی عێراق 2019، 2020 و 2021

سەرچاوە: وەزارەتی عێراق، سۆمۆ[3]

کڕیارانی نەوتی عێراق لە 2021دا

لەساڵی 2019وە چین و هیندستان دوو کڕیاری سەرەکیی نەوتی عێراق بوون. بەگوێرەی ئاماری کپلەر، هیندستان رۆژانە 1.08 ملیۆن بەرمیل و چین رۆژانە 964 هەزار بەرمیل نەوتی عێراقیان کڕیوە، لەکاتێکدا لە 2020دا چین بە 1.08 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە و هیندستان بە 921 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە رێزبەندی یەکەم و دووەمیان گرتبوو.

ئەوەی جێگەی سەرنجە، لەساڵی رابردوودا، ئەمریکا سێیەم کڕیاری سەرەکیی نەوتی عێراق بووە، بەشێوەیەک رۆژانە 165 هەزار بەرمیل نەوتی لە عێراق کڕیوە، بەدوایدا کۆریای باشوور دێت کە رۆژانە 161 هەزار بەرمیل نەوتی کڕیوە. دوایین جاریش کە ئەمریکا سێیەم کڕیاری نەوتی عێراق بووبێت لە 2018دا بووە، کە 415 هەزار بەرمیل نەوتی لە عێراق کڕیوە.

داهاتی نەوت لەڕاستیدا و لە بودجەدا

لە بودجەی 2021ی عێراق، نرخی نەوت بە 45 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک دانرا، واتە چاوەڕواندەکرا داهاتی نەوت عێراق لەساڵی رابردوودا 48.59 ملیار دۆلار بێت، بەڵام داهاتی ئەمساڵی نەوتی عێراق 76.54 ملیار دۆلارە، واتە نزیکەی 27 ملیار دۆلار زیادەی هەبووە، وەکو لە گرافیک1دا دەردەکەوێت.

گرافیک 1: داهاتی نەوتی عێراق لە بودجە و لە 2021دا لەگەڵ زیادەی لە بودجە 2021دا.

 

بەندەری بەسرە و توانای هەناردەکردن

عێراق لە پلانیدایە لەساڵانی داهاتوودا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت زیادبکات، کە ئەمەش پێویستی بەتەواوکردنی هێڵی سێیەمی خەلیجی بەسرە هەیە، کە دەتوانێت، رۆژانە توانای بەندەرەکە بۆ هەناردنی 700 هەزار بەرمیل نەوتی دیکە زیادبکات. لەکاتێکدا بەرزترین بڕی هەناردەکراو، 3.18 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە بووە، بەڵام ئەگەر بەرهەمهێنان زیاتربکرێت لەمانگەکانی داهاتوودا، هیچ گەرەنتییەک نییە کە بتوانرێت بەو توانایەی ئێستای بەندەری بەسرە هەناردەبکرێت، چونکە بەرزترین ئاستی هەناردەکردن لە بەندەری بەسرەرەوە لە کانوونی یەکەمی 2018دا بووە، کە 3.627 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە بووە، لەکاتێکدا ساڵی رابردوو لەو بەندەرەوە رۆژانە تەنیا 2.91 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردەكراوە. کەواتە بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان پێویستی بەکەناڵێکی دیکەی هەناردەکردن یاخود تەواوکردنی کارەکانی فراوانکردنی بەسرە هەیە.

 

کۆتایی

ساڵی رابردوو لەڕووی داهاتی ساڵانەوە نموونەیی بووە، بەتەنیا لەچارەکی چوارەمی ئەوساڵەدا داهاتی نەوت 22.65 ملیار دۆلار بووە. ئاسۆی سەرەتاکانی ئەمساڵیش تاوەکو ئێستا بەوشێوەیە کە نرخی نەوت بەرەو بەرزبوونەوە بڕوات. نرخی یەک بەرمیل نەوتی برینت لە سەرووی 80 دۆلارەوە مامەڵەی پێوەدەکرێت.

لەکۆتاییدا، لەوانەیە ساڵی رابردوو و ئەمساڵ، نەوت بۆ عێراق داهاتێکی چاوەڕواننەکراو و گەورەی هەبووبێت و هەبێت، بەڵام لەساڵی داهاتوودا ئەگەر 26 ملیاری ساڵی رابردوو و ئەمساڵیش ( هێشتا کار بە بودجەی 2021 دەکرێت) نەخرێتە چوارچێوەیەکەوە بۆ هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات و پێشخستنی پیشەسازی و کەمکردنەوەی کارمەندی کەرتی گشتی، ئەوا لەساڵانی داهاتوو لەڕووی بەکارهێنانی وزەوە گۆڕانکارییەکی گەورە لە جیهان روودەدات و روونە عێراقیش هەنگاو بەرەو کۆی دەنێت!

 

سەرچاوەکان

[1] https://www.thenationalnews.com/mena/2021/12/29/a-dream-career-government-employment-loses-its-sheen-in-iraq/

[2] https://oil.gov.iq/?page=824

[3] https://oil.gov.iq/?page=828

تاگەکان

Share this Post

شرۆڤە