بەرایی
رۆژانی رابردوو حکومەتی عێراق تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی بۆ هەرێمی کوردستان لە 6 دۆلارەوە گەیاندە 16 دۆلار بۆ رادەستکردنی نەوتی بەرهەمهێنراو بە سۆمۆ و هەناردەکردنەوەی، کە پێشهاتێکی نوێ لەنێوان هەولێر و بەغدا لەپرسی نەوت دا.
هەروەها، بڕیارە رۆژانی 1ی مانگی داهاتوو رێکخراوی ئۆپێک پڵەس کۆبوونەوەی لەبارەی داهاتووی بەرهەمهێنانی نەوت و خستنەڕووی لەساڵی 2025دا بکات، هەرچەندە رۆژی 3ی ئەم مانگە ئاماژەی بەوەکرد کەوا 8 وڵاتی ئەندامانی ئۆپێک پڵەس لەنیویاندا عێراق تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ بەردەوام دەبن لە خۆبەخشانە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت بەبڕی 2.2 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا، کە عێراق هێشتاش رۆژانە لەسەروو ئەو بڕەوەی بۆی دیاریکراوە بەرهەمدەهینێت کە 4 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانەیە.
لەماوەی نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا کۆی ئەو بڕەی عێراق زیاتری بەرهەمهێناوە لەوەی ئۆپێک پڵەس بۆ دیاریکردووە گەیشتووەتە 1 ملیۆن و 184 هەزار بەرمیل، ئەمەش ئەگەر عێراق بەتەواوی پابەندی بەرهەمهێنانی نەوت بێت و بڕواتە ژێرباری جێبەجێکردنەوە، دەبێت لەم مانگەوە تاوەکو سەرەتایی بەهاری داهاتوو رۆژانە 90 هەزار بەرمیل نەوت کەم بکاتەوە.
ئێستا، دوو پرسیاری گرنگ هەیە، ، یەکەمیان ئەوەیە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت کەوا لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن بەم تێجووە نوێیە ئامادەن کۆی نەوتی بەرهەمهێنراو رادەست بکەن یاخود نا؟ دووەمیش عێراق چۆن نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە دەکاتەو،ە لەکاتێکدا دەبێت هەناردەکردن و تەنانەت بەرهەمهێنانیش کەمبکاتەوە؟
بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان چەندە؟
رۆژی 7ی تشرینی دووەمی 2024 کۆمپانیای دی ئین ئۆ نێودەوڵەتی کەوا لەهەردوو کێڵگەی نەوتی تاوکی و پیشخابوور و بەعشیقە لە هەرێمی کوردستان کار دەکات لە راپۆرتی چارەکی سێیەمی ئەمساڵ دا ئاماژەی بەوەکرد ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانەی لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە 84 هەزار 212 بەرمیل، کە پشکی کۆمپانیاکەیان لەو کێلگە نەوتیانە 63 هەزار و 200 بەرمیل نەوتە.
هەروەها، هەریەکە لە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی دیکەی وەک ئیچ کەی ئین و گەڵف کی ستۆن، گەنەل ئینرجی، دانەگاز، گازپرۆم، شاماران و فۆرزە لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان لە زاخۆ بۆ گەرمیان نەوت بەرهەمدەهێنن لەگەڵ کۆمپانیای کار لە گەورە کێڵگەی نەوتی خورمەڵە.
مانگی رابردوو، وەزیری سامانە سرووشتییەکان بەوەکالەت لەکۆنفرانسێکی وزە لە ئیستەنبووڵ رایگەیاند "هەرێمی کوردستان لە 2ی ئەیلوول 2024وە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی کەمکردووەتەوە بۆ نیوە و ئێستا رۆژانە 140 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهینین".
هەروەها، لەدوای بڕیارەکەی پاریسەوە کۆمپانیای دیلۆیت راپۆرتی لەبارەی بەرهەمهێنان و خەرجی و داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام لە راپۆرتی کۆمپانیاکانەوە کەوا دوو لەسەر سێ ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان پێکدەهێنن دەتوانین دوای دەستکەوتنی راپۆرتی چارەکی سیێەمی ئەمساڵیان بزانین، چەندیان بەرهەمهێنوە.
بەپێی راپۆرتی چارەکی سێیەمی دی ئین ئۆ لە سێ مانگی (7-8-9) ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان زیادیکردووە و سێ بیری نوێیان تەواوکردووە کەوا بە بڕی 7 هەزار و 800 بەرمیل نەوت بەشداریکردووە لە زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت لەو سێ مانگەدا هەبووە. هەروەها، دی ئین ئۆ ئاماژە بە راگرتنی وەبەرهێنانی نوێ و هەڵکۆڵینی بیری نوێ دەکات لە هەرێمی کوردستان سەرەڕای دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ وەرگرتنەوەی حەقدەستەکانی لەساڵانی 2022-2023دا.
هەرچەندە تاوەکو ئێستا کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی هەرێمی کوردستان راگەیاندراوی فەرمی لەبارەی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لەو کێڵگانەی کاری تێدا دەکەن نەبووە، کە ئەمەش ئاماژەیەک بۆ بەردەوامیدان بەوشێوازەی لەنیوەی یەکەمی ئەمساڵدا و پێشووتر کارییان کردووە و نەوتیان بەرهەمهێناوە. بۆ نموونە گەڵف کی ستۆن لە کێڵگەی نەوتی شیخان 39 هەزار و 252 بەرمیلی رۆژانە بووە، شاماران و ئیچ کەی ئین لە سەرسەنگ و ئەتروش 54 هەزار و 800 بەرمیل نەوت، و دانەگاز لە کۆرمۆر 5 هەزار و 273 بەرمیلی رۆژانە، فۆرزە لە کێڵگەی هەولێر 6 هەزار و 500 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەیە. ئەوانی دیکەش وەک گەنەل ئینرجی لە کێڵگەی تەق تەق و قەرەداخ ئێستا وەستاوە و ، گازپرۆم لە کێڵگەی سەرقەڵا و حەسیرە 12 هەزار و 500 بەرمیل بەرمیل نەوتی رۆژانەیە و خورمەڵەش بەپێی زانیارییە دەستخراوەکان رۆژانە کە هەمووی بۆ پاڵاوتنی نێوخۆیی دەگاتە 80 هەزار بەرمیل نەوت.
ئاستی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوتی عێراق و کۆتای ئۆپێک و پابەندی
لەماوەی دوو مانگی رابردوودا ئاستی بەرهەمهێان و هەناردەکردنی نەوت لە عێراق کەمکراوەتەوە بۆ پابەندبوون بە ئەو بڕەی ئۆپێک و ئۆپێک پڵەس بۆ ی دایناوە، بەڵام هێشتا ئاستی بەرهەمهێنان نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی بۆی دیاریکراوە بگرە قەرەبووی ئەو بڕەشی نەکردووە کە بەهۆی زیاد بەرهەمهێنان لە ئەمساڵدا روویداوە و پێویستە مانگانە بیکات.
بەپێی داتاکانی وەزارەتی نەوت بۆ ئاستی بەرهەمهێنان و هەناردەکردن لە 10 مانگی رابردوودا عێراق تاوەکو ئیستا نەیتوانیوە ئاستی بەرهەمهێنان بگەیەنەتە ئەوەی کە 4 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانەیە. لەماوەی ئەمساڵدا عێراق لەنیو وڵاتانی ئۆپێک و ئۆپێک پڵەس ئەو وڵاتە بووە کە زۆرترین ئاستی زیاتری لەو بڕەی بۆ دیاریکراوە لە بەرهەمهێنانی نەوت تێپەڕاندووە سەرەڕای کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان بە بڕی 340 هەزار لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو کۆتایی مانگی رابردوو.
گرافیک 1: ئاستی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت لە عێراق لە 10 مانگی رابردوو لە ئەمساڵدا.
سەرچاوەکان: وەزارەتی نەوتی عێراق – کۆمپانیای سۆمۆ، عێراق ئۆیل ریپۆرت، ئیس پی گلۆباڵ.
تێبینی، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە عێراق ئەو بڕەش دەگرێتەوە کەوا لە هەرێمی کوردستان بەرهەمهاتووە.
کۆتایی
دەستپێشخەرییەکەی عێراق بۆ پێکهێنانی لیژنەیەک و جێگیرکردنی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی بەرمیلێک نەوت بە 16 دۆلار تاوەکو لیژنەیەکی تەکنیکی پرۆفیشناڵ و نێوخۆی پێداچوونەوە بە پرۆسەی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان بەگوێرەی کێڵگەکان بکات، هێشتا بڕیارە، چونکە داواکەی ئەنجومەنی وەزیران دەبێت لە پەرلەمان پەسەندبکرێت و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی هەرێمی کوردستان رازی بن، کە هێشتا هیچ لیدوان ئاماژەیەک نییە.
لەڕاستیدا، جێگیرکردنی ئەم بڕەیە بۆ تیچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی بەرمیلیک نەوت و رادەستکردنی نەوتی بەرهەمهێنراو بە سۆمۆ تەنیا دیوێکی چیرۆکەیە، چونکە لەیەکەم راپۆرتی نوێدا دی ئین ئۆ ئاماژە بە گفتوگۆکان دەکات لەبارەی شیوازی وەرگرتنەوەی حەقدەستیان (قەرزی کۆمپانیان) لای حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کارەکانیان لەماوەکانی پێشوودا، هەروەها کۆمەڵەی ئەپیکوریش ئاماژەی بە 1 ملیار دۆلار قەرزی کۆمپانیاکانی نەوت کردووە کە لای حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە ئەمەش نەبێتە ئاستەنگ چارەسەرکردنی ئاسان نییە.
هەروەها، ئەم دەستپێشخەرییەی بەغداد لەوانەیە لەوە سەرچاوەی گرتبێت کە تیچووی بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت لە هەرێمی کوردستان ئەو بڕە نییە کە لە بودجەی سێ ساڵیدا هاتووە و ئەوەش نییە کۆمپانیاکان لە هەرێمی کوردستان بۆ بەرهەمهێنان داوای دەکەن.
لەکۆتاییدا، ئیستا هەرێمی کوردستان ئەو بڕە بەرهەم ناهێنێت لە بودجەی سێ ساڵی عێراق داواکراوە بگرە زۆر کەمترە و نزیکەی سەروو نیوەیەتی، بەڵام بگاتە ئەو ئاستە و هەناردەی دەرەوەی بکات ئەوا عیراق دەبێت لە بڕی بەرهەمهێنانی نەوت لە نێوەڕاست و باشووری کەمبکاتەوە، کە بەپێی وەزارەتی نەوتی عێراق تێجووەکەی لەنێوان 6-8 دۆلارە، ئەی بۆچی نەوتێک وەربگرێت تێجووەکەی دوو هێندە و نیو زیاتر بێت؟ کیشەکە ئاسان نییە، بەڵام عێراقیش تەنیا بیر لەدیوە ئابوورییەکەی ناکاتەوە و بەژمارە لیکی ناداتەوە ئەگینا ئەو زیانەی لە یەک ساڵ و 7 مانگی رابردوو روویداوە بۆ ئابووری عێراق رووی نەدەدا.