گریمانەی ئەم توێژینەوەیە ئەوەیە كە سەروەری عێراق بە هۆی گرێدراوبووونی سەروەری و هێز/دەسەڵات و لێكترازان لەنێوان شیعە و سوننە و كورد بەتایبەتی لەپاش 2003ەوە بەهۆی “دەستوور” و “سیستەمی فیدراڵی” و “هاوسەنگی هێز” لە عێراق و دەستێوەردانەكانی وڵاتانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی لەلایەك و هەروها رێككەوتننامە و كۆنڤانسیۆن و بەڵگەنامە و یاسا و رێساكانی نێودەوڵەتییەوە سنووردارە. بۆیە هەرێمی كوردستان وەكوو كیانێكی یاسایی و سیاسی كە نوێنەرایەتی پێكهاتە و ناسنامەیەكی تایبەت دەكات، دەتوانێت لەژێر رۆشنایی گۆڕانكارییەكانی پاش جەنگی سارد بەگشتی و عێراق بەتایبەتی و بەپێی دەستووری عێراق و یاساكانی نێودەوڵەتییەوە و بەپێی بنەمای فەرمانپێكەری “مافی دیاریكردنی چارەنووس” و چەمكی “سەروەری یاسا” ئەو سەروەرییەی دەوڵەتی عێراق سنووردار و تەسكبكاتەوە. كۆی ئەمانەش دەكرێت لەژیر گۆرانكاری لە راڤەی چەمكی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتییەوە خوێندنەوەی بۆ بكرێت. چونكە چیتر نەبوونی جەنگ و توندوتیژی چەكدارانە لەنێوان دەوڵەتان بە واتای بوونی ئاشتی و ئاسایشی نێودەولەتی نییە، بەڵكوو نەبوونی سەقامگیری لە بوارەكانی ئابووری، كۆمەڵایەتی، سیاسی و پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ وەكوو هەڕەشە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی جیهانی پێناسەدەكریت و دەناسرێن.
بۆ ئەم مەبەستەش ئەم توێژینەوەیە بەسەر چەند باس یاخود تەوەرێكدا دابەشكراوە و لە تەوەری یەكەمدا باس لە سەروەری دەکرێت. پاشان لە تەوەری دووەم پەیوەندی نێوان سەروەری و دەسەڵاتی سیاسی دەخرێتەروو. لە باسی سێیەمدا چەمكی سەروەری یاسا لەبری سەروەری رەها و لە باسی چوارەمدا بنەمای مافی دیاریكردنی چارەنووس شرۆڤە دەكرێت. لە باسی پێنجەمدا كە دوایین بەشی توێژینەوەكەیە، سەروەری لە سەردەمی ئێستادا دەخرێتە بەر لێكۆڵێنەوە لە دوو باسی جیاوازدا، لە باسێكدا سەروەری مەرجدار و سنووردار و لە باسی دووەمدا چەمكی سەروەری لە چوارچیوەی دەستووری عێراقدا خوێندنەوەی بۆ دەكرێت. لە كۆتاییدا ئەنجامەكان دەخرێنەروو كە سەلماندنی گریمانەی توێژینەوەكەیە….
لینکی تەواوی لێکۆڵینەوەکە:
عێراق و هەرێمی کوردستان