ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو بەشی دووەمی ئەنجامەکانی راپرسی "روانگەی گەنجان لە هەرێمی کوردستان -2023"، کە تایبەت بە گەنج و روانگەی سیاسی بڵاودەکاتەوە و لە رۆژانی داهاتوو بەشەکانی دیکەی راپرسییەکە و کۆی راپۆرتی گشتی راپرسییەکە بڵاودەکاتەوە.
کلیک لەم لینکەی خوارەوە بکە بۆ دابەزاندنی بەشی دووەمی راپۆرتەکە بەشێوەی PDF
تێڕوانینی گەنجان بۆ رێكخراوەكان و پارتە سیاسییەكان
لە هەرێمی کوردستان، هاوشێوەی ئەو ئاڕاستەیەی كە لە ئەورووپا هەیە، بەشداری گەنجان لە چالاکی و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی زیادیکردووە. بەشێوەیەک کەوا بەپێی ئەنجامی راپرسییەکە، رێژەی 86.9% گەنجان پێشتر بەشداری هیچ چالاکییەكی رێکخراوەکانی کومەڵگەی مەدەنی و پارتە سیاسییەکانیان نەکردووە. ئەمە لەنێو گرووپی (15-24) ساڵیدا 91% بووە، کە دەریدەخات دوورکەوتنەوەیەکی یەکجار زۆر لە نێوان گەنجان و پارتە سیاسییەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیدا هەبووە، بەڵام لە وەڵامی ئەو پرسیارەی كە ئایا لەماوەی 12 مانگی رابردوو، بەشداریی چالاکی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و پارتی سیاسیت کردووە،
رێژەی 55.5%ی گەنجان گوتوویانە کە بەشداریی چالاکییەکی رێکخراوەکان و پارتە سیاسییەکانیان کردووە. لێرەشدا زۆرترین رێژەی بەشداریی لە چالاکیی پارتە سیاسییەکان لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و زۆرترین رێژەی بەشداریی گەنجان لە رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین بە رێژەی 100% بووە. هەروەها، ئەوەی جێگەی سەرنجە، ئەو رێژە زۆرەی بەشدارینەکردن لە پێشتردا، كە زیاتر لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕین و گەرمیان بووە کە رێژەی سەرووی 90% بووە، بەڵام لە 12 مانگی رابردوودا ئەوە گۆڕانی بەسەردا هاتووە.
ئەو 44.5%ی گەنجان كە گووتویانە بەشداری چالاكیی رێكخراوەیی و پارتە سیاسییەكان ناكەن، هۆكاری جیاوازیان بۆ ئەو بڕیارەی خۆیان باسكردووە. بەڕێژەی 44% گوتوویانە کە هەر نایانەوێت بەشداری بکەن و رێژەی 29%یشیان متمانەیان بە رێکخراو و پارتە سیاسییەکان نییە. لە نێو ئەو گرووپەدا لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین، بەڕێژەی 100% متمانە بە رێکخراو و پارتە سیاسییەکان نییە و رێژەی 50%ی ئەو گەنجانەی هەڵەبجەش بڕوایان وایە کەوا لەبەر نەبوونی رۆڵی پارت و رێكخراوەكان لە کۆمەڵگە، ئەوانیش روویان تێناكەن.
بەپێی راپرسییەکی یەکێتی ئەورووپا (2022) لەبارەی گەنج و بەشداریی سیاسی، بەشدارینەکردنی گەنجان یاخود چالاکنەبوونیان تەگەرەیەكی سەرەکییە بۆ دیموکراسی. بۆ نموونە بەپێی راپرسییەکە رێژەی خوار 5% گەنجانی تەمەن (15-29)ساڵ گوتوویانە کە خۆیان وەک ئەندامی پارتی سیاسی دەبینن، رێژەی خوار 10%یش بەشداریی چالاکیی سیاسی و خۆپیشاندانە بێ موڵەتەکانیان کردووە.
بەشداریكردن لە هەڵبژاردن
لەڕووی بەکارهێنانی مافی دەنگدانەوە، رێژەی 72.7٪ گەنجانی بەشداربوو لە سەر ئاستی هەرێمی كوردستان ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەگەر مافی دەنگدانیان هەبێت، ئەوا بەشداریی دەکەن. لەکاتێکدا 27.3٪ گوتوویانە بەشداری ناکەین. ئەمەش لە كاتێكدایە كە رێژەی گشتی بەشداریكردنی خەڵك لە هەڵبژاردنەكانی پێشوودا لە ئاستێكی زۆر نزمتردا بووە. ئەم رێژەیەش لەسەرووی رێژەی گشتی بەشداریكردنی خەڵكە لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە 59% بوو. هەروەها نزیكەی 30%یش زیاترە لە رێژەی بەشداریكردنی گشتی خەڵك لە هەڵبژاردنەكەی ساڵی 2021ی پەرلەمانی عێراق. هەروەها بەرزبوونی ژمارەی گەنجان لە هەرێمی كوردستان وادەكات كە رۆڵی ئەوان لە هەڵبژاردنەكانی داهاتووی هەرێمی كوردستاندا یەكلاكەرەوە بێت. هەروەها، ئەم ئاراستەیەی خواستی گەنجان بۆ بەشداریکردن تەنیا پەیوەست نییە بە هەرێمی کوردستانەوە، بۆ نموونە خواستی بەشداریی گەنجان لە هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی ئەورووپا لەماوەی نێوان 2014 بۆ 2019، لەنیو گرووپی تەمەن 16-24 ساڵدا بەڕێژەی 14% زیادیکردووە.
هەر بەپێی ئەنجامەكان، كچان و ژنانی گەنج لە هەرێمی كوردستان زۆر زیاتر لە كوڕان و پیاوانی گەنج حەزیان لە دەنگدان و بەشدارییە لە هەڵبژاردن. ئەوان بەڕێژەی 77.9%ەوە، 8.5% لە رێژەی ئەو كوڕ و پیاوانە زیاترن كە حەز دەكەن بەشداری لە هەڵبژاردن بكەن ئەگەر مافی ئەو كارەیان هەبێت.
بەرزترین ئاستی خواستی بەشداریكردنی گەنجان لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانە بە رێژەی 98%، بەدوای ئەویشدا زاخۆ بە 86% و هەولێر 79.5% دێت. كەمترین خواستی بەشداریكردنیش لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیانە بە 48.8% و بەدوای ئەویشدا پارێزگای سلێمانی بە 52.3% دێت. ئەو رێژەیە لە هەڵەبجە 59.5% و لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕینیش 63.3% بووە. بە گشتی خواستی بەشداریكردنی گەنجان لە شارە گەورەكاندا كەمترە لە شوێنەكانی دیكە و ئەو رێژەیەش71.3%ی ژینگەی شارنشین بە78.2%ی گوندنشین بووە.
لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، 33%ی گەنجان گوتوویانە نایانەوێ دەنگەكانیان ئاشكرابن بەڵام لەو67 %ی كە دەنگەكانی خۆیان ئاشكرا كردووە، رێژەی 49.4٪ پارتی، 6.8% یەكێتی و 5.1%یش نەوەی نوێیان هەڵبژاردووە. باقی پارتە سیاسییەكانی دیكەش ریژەیەكی ئەوتۆیان نەهێناوە كە پێدەچێت بەشێكی زۆری دەنگدەرەكانی جارانیان لە ریزی ئەو 33%دا بن كە نایانەوێ دەنگیان ئاشكرا بكەن یان لە نێو ئەوانە بن كە جارێ نایانەوێ بەشداری لە هەڵبژاردن بكەن.
لەوانەیە بەرزیی ئەم رێژەیەی دەنگی پارتی بۆ دەنگی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و سۆران بگەڕێتەوە کە رێژەی نزیکەی 90% بووە. بەپێی ئەنجامەكان پارتی كەمتر لە نیوەی دەنگی گەنجان لە هەولێر دەبات و دواتریش لە گەرمیان 19% و لە سلێمانیش 6.6%ی دەنگەكان دەبات. لە سەر ئاستی هەرێمی كوردستان یەكێتی 6.8٪ دەنگی گەنجان دەبات، بەرزترین رێژەی دەنگەكانیشی لە ئیدارەی سەربەخۆ راپەڕین بووە كە 22.6% بووە. دوای ئەوەش19.8%ی دەنگی گەنجانی سلێمانی و 14.3%ی گەرمیان و 9.1%ی هەڵەبجەش دەبات. بەرزترین رێژەی دەنگی نەوەی نوێ لە هەڵەبجەوە دێت كە بە گشتی رێژەی5.1٪ گەنجانی هەرێمی كوردستانی بردووە. لە هەڵەبجە 36.4% گەنجان نەوەی نوێیان هەڵبژاردووە. دوای ئەویش لە گەرمیان 14.3%ی و لە سلێمانی 9.9% و لە هەولێر 2.8% و لە دهۆكیش 2.5% دەنگی گەنجان بۆ نەوەی نوێ دەڕوات.
هەڵبەت نابێ ئەوەمان بیر بچێت كە 33٪ی گەنجان ئاماژەیان بەوەکردووە کە نایانەوێت دەنگەکانیان ئاشکرا بکەن. ئەمەش بەواتای ئەوە دێت كە لە هەر سێ گەنجێك، یەکێکیان نەیویستووە دەنگی خۆی ئاشکرا بکات، بەرزترینی ئەوانەش كە نەیانویستووە دەنگەكانیان ئاشكرا بكەن لە پارێزگای سلێمانی بەڕێژەی 57.1%، دواتریش هەولێر بەڕێژەی 46.5%، راپەڕین بەڕێژەی 45.2% و پاشان هەڵەبجە بەڕێژەی 27.3% بووە. هەروەها، ئەوەی جێگەی سەرنجە کە هیچ گەنجێک ئامادەنەبووە دەنگی خۆی بە کاندیدی سەربەخۆ بدات، بەڵام 3.7% گوتوویانە بە بەتاڵی دەنگ دەدات.
لەنێو ئەوانەی گوتوویانە بەشداریی هەڵبژاردن ناکەین و 27.3% ی گەنجانن، رێژەی 82.3٪ ئاماژەیان بەوەکردووە کە هەڵبژاردن هیچ ناگۆڕێت، رێژەی 46.4٪یش متمانەیان بە پارتە سیاسییەکان نییە. بەرزترین رێژەی ئەو گەنجانەی كە لەبەر بێ متمانەیی بە پارتە سیاسییەكان بەشداری لە هەڵبژاردن ناكەن لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەڕێژەی 100% بووە. كەمیی متمانە بە پارتە سیاسییەكان لە نێو ئەو گەنجانەی كە دەنگ نادەن، لە دوای سۆران لە راپەڕین 72.2%، لە زاخۆ 66.7% و لە هەڵەبجەش53.3% بووە. هەروەها27.8٪ گەنجان لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان رایان وابووە کە بەربژێری گونجاو نییە و رێژەی 19.8٪ رایان لەگەڵ ئەوەدا بووە کە هەڵبژاردنی پاک و ئازاد نییە بۆیە بەشداری ناكەن.
هەروەها، لەڕووی رەگەزی، گرووپی تەمەن و ژینگەی دانیشتوانەوە روانگەیەکی هاوبەش لەبارەی بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردن لە نێو ئەو گرووپەی كە دەنگ نادەن هەیە. هەموویان بەڕێژەی سەروو 80% ئاماژەیان بەوەکردووە کە هەڵبژاردن هیچ ناگۆڕێت.
لەبارەی رەوشی سیاسی هەرێمی کوردستان لە داهاتوودا، بەگشتی رێژەی 36.8٪ ی گەنجان رایان وابووە کە خراپتر دەبێت، بەڵام رێژەی 46.9٪ رایان وابووە کەوا باشتر دەبێت و باقییەكەیشی پێیانوابووە كە وەك خۆی دەمێنێتەوە. بەرزترین رێژەی ئەوانەی پێیانوایە کە خراپتر دەبێت لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین بووە، بەشێوەیەک رێژەی 67.3% لە راپەڕین و رێژەی 66.7% لە گەرمیان بووە. لەکاتێکدا رێژەی 70.7% لە سۆران و 50.9% لە زاخۆ گوتوویانە کەوا باشتر دەبێت.
بەمزوانە کۆی راپۆرتەکە بڵاودەکرێتەوە.....