ئەم باباتە هەڵبگرە
لەم رۆژانەدا گەلێک لایەن گرەو لەسەر پەیامێکی گریمانەیی عەبدوڵڵا ئۆجالان دەکەن لەبارەی چەکدانانی پەکەکە کە لە ئان و ساتدایە و، دەشێ لە رۆژانی داهاتودا بڵاوبکرێتەوە. ئەمە دەتوانێت لە مێژووی شەڕی 40 ساڵەی پەکەکە – تورکیادا بێیتە خاڵێکی وەرچەرخان، هەرچەند ئەستەمە رێگا بۆ چەکدانانی دەستبەجێ بکاتەوە. پەکەکە لە دوایین راگەیاندراویدا چرایەکی سەوزی بۆ پاڵپشتی لە بڕیارەکەی ئۆجالان هەڵکردووە و گوتویەتی ئێمە خۆمان دەگۆڕین بەڵام، باسی لەوەش کردووە کە هەموو شتێک دەستبەجێ روونادات. بێشک ئەم دۆخە دەتوانێت خاڵێکی دەستپێک بێت بۆ چەکدانان، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی داینامیکی ئاڵۆزی نێوخۆیی و دەرەکی تورکیا، ئەمە چەندەی مومکین بێت ئەوەندەش تێکەڵوپێکەڵە. پرسی چەکدانان یان بەردەوامبوونی پەکەکە ماتەوزەی کاریگەری دانانی لەسەر هاوسەنگییە سیاسی و سەربازییەکانی ناوچەیەکی فراوانتر لە تورکیای تێدایە لە رۆژئاوای ئاسیا کە لە دوای 7ی ئۆکتۆبەر و کەوتنی بەشار ئەسەدەوە، لە پرۆسەی وەرگۆڕانێکی ریشەییدایە، بۆیە ناشێ تەنیا وەک بابەتێکی ناوخۆیی تورکیا هەژماری بکەین.
بانگەوازە گریمانەییەکەی ئۆجالان و ئەنجامەکانی
هێشتا وادەیەکی فەرمی بۆ بانگەوازە گریمانەییەی ئۆجالان نییە کە وا چاوەڕاندەکرێت لە رۆژێکی مانگی شوباتدا بکرێت. واش دیارە کە سەرەڕای هەبوونی هەندێک گرفت لە پرسەکانی رۆژئاوا، دۆخی ئۆجالان و بابەتەکانی دیکەی وەک لێبوردنی گشتی یان داهاتووی پەکەکە لە دوای چەکدانانی گریمانەیی، زۆربەی لایەنەکان هاوڕان کە بانگەوازەکە هەر دەکرێت. بەمەش، لە پاش دەستگیرکرانی لە کینیا لە ١٩٩٩، ئەوە دەبێتە سێیەمین جار کە ئۆجالان دەیەوێت پرسی شەڕ یان چەکدانانی پەکەکە یەکلا بکاتەوە. جارەکانی پێشوو هەوڵەکانی ئەو سەریان نەگرت بەڵام پرسیارە ملیۆن دۆلارییەکەی ئێستا ئەوەیە کە ئەمجارە چی لێدەکەوێتەوە؟
لە پاش گیرانی لەساڵی ١٩٩٩، ئۆجالان داوای لە پەکەکە کرد لە سنورەکانی تورکیا بکشێتەوە. ئەو کات بەشێک لە ئەندامانی پەکەکە بە تایبەت لە دێرسیم (تونجەلی) داواکەیان رەتکردبووەوە. سەرەڕای ناڕەزایی بەشێک لە سەرکردەکانی پەکەکە، دواجار پێی رازی بوون و ، بە گوتەی سەرچاوەیەکی باڵای دیپلۆماتی عێراق، زۆربەی ئەندامەکانی ئەو رێکخراوە بە رێککەوتنێکی نیوان تورکیا - مام جەلال و پەکەکە بەرەو قەندیل کشانەوە.
بڕیارەکەی ئۆجالان لەو قۆناخەدا تاڕادەیەکی زۆر پێکدادانی چەکداری و توندوتیژی سیاسی لە نێوان پەکەکە و تورکیا سنووردارکرد بەڵام هەموو شتێکی رانەگرت. بەپێی داتای کات و شوێنی توندوتیژییە رێکخراوەکانی UCDP، لە ماوەی 5 ساڵی پێش گیرانی ئۆجالاندا لە ١٩٩٤-١٩٩٨، بەشێوەیەکی گشتی 2881 رووداوی توندوتیژیی رێکخراو لە نێوان پەکەکە و دەوڵەتدا روویداوە، بەڵام لە پاش بڕیارەکەی ئەو لە ١٩٩٩، ئەو ژمارەیە لە نێوان ١٩٩٩-٢٠٠٣ دا بۆ 263 دانە دابەزیوە. هەروەها ژمارەی قوربانییەکانی شەڕیش لە ١٨٥٣٨ کەسی نێوان ١٩٩٤-١٩٩٨ بۆ ١٨٤٤ کەس لەم ماوەیەدا کەمی کرد. داواکارییەکی ئەو بۆ گۆڕینی ناوی پەکەکە بەشێوەی کاتی- رواڵەتی کاریگەری دانا، بەڵام رێکخراوەکە بەکردەیی هەڵنەوشێندرایەوەو بەردەوام بوو. هەڵبەت ئۆجالان دەریخست کە سەرەڕای دوورییەکەی، هێشتا سەرکردە بێ رکابەرەکەی ئەو رێکخراوەیە. ئەم کاریگەرییە لە ماوەی نێوان ٢٠٠٤- ٢٠٠٨، هەروەها ٢٠٠٩- ٢٠١٣ شدا بەردەوام بوو. سەرەڕای ئەوەی کە ژمارەی پێکدادان و قوربانییەکان کەمێک زیادیان کردەوە.
هەوڵەکانی ئەو لە دانوستاندنەکانی ئۆسلۆ ٢٠٠٩-٢٠١١ و پرۆسەی ئاشتی لە ماوەی ٢٠١٣-٢٠١٤ش سەرینەگرت. شەڕی نێوان پەکەکە و تورکیا لە شەڕێکی سنورداری کەم ئاستەوە بۆ شەڕێکی گەورەتر وەرگۆڕا کە ژمارەی قوربانییەکانیشیی زیادی کرد. لەماوەی نێوان ١٩٨٩ -٢٠١٥دا ٩٧٪ی کۆی توندوتیژییەکانی نێوان تورکیا و پەکەکە لە سنورەکانی تورکیا بوون، بەڵام لە ماوەی نێوان ٢٠١٥ -٢٠٢٣ دا، پشکی توندوتیژییەکانی هەردولا لە دەرەوی سنوور لە ٣٪وە بۆ ٤٦٪ بەرزبووەوە. ژمارەی توندوتیژییەکانیش لە٣٦٩ دانەی نێوان ٢٠٠٩-٢٠١٣وە بۆ ١٩٠٨ دانەی نێوان ٢٠١٥-٢٠٢٣ زیادی کرد و قوربانییەکانیش لە ١٩٥٠ کەسەوە بۆ ٦١٧٢ کەس زیادیان کرد. لەم قۆناخەدا، سەرەڕای ئەوەی کە ئۆجالان هەر وەک سەرکردە کاریگەرەکەی پەکەکە مایەوە، بەڵام رووداوە سیاسییەکانی ناوخۆ و دەرەوی تورکیا دەریانخستبوو کە ئیدی ئەو بەتەنیا هەموو شتێک یەکلاناکاتەوە.
ئێستاش رایەدارانی تورکیا هیوایان بەوەیە کە پەیامە گریمانەییەکەی ئۆجالان نەک تەنیا پرسی پەکەکە بەڵکو گرێکوێرەی هەسەدەشیان بۆ بکاتەوە. هێشتا نازاندرێت کە چ جۆرە "دان" و "ستاندنێک" لە نێوان ئۆجالان و دەوڵەت دا کراوە/دەکرێت، بەڵام سەرەرای گوتاری رەسمی دەوڵەت کە نکۆڵی لە هەبوونی دانوستاندن دەکات، هەرجۆرە بیرکردەنەوەیکی ریالیستی، دەتوانێ رێی بەوە بگات کە ئەستەمە بێ هیچ رێککەوتن و ئامادەکارییەک ئەو پرسە یەکلایی ببێتەوە. ئەمە بێچگە لەوەی کە جیۆپۆلەتیکی نوێی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەتوانێ تەگەرەی گەورە بۆ ئەو خواستەی تورکیا دروست بکات.
داینامیکی نێوخۆیی و پرسی چەکدانانی پەکەکە
لەگوتەکانی هەریەک لە دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی نەتەوەگەرای مەهەپە و هەروەها رەجەب تایپ ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیاوە بەڕوونی دیارە کە دۆخی ئێستای جیۆپۆلەتیکی ناوچەکە فاکتەرێکی کاریگەرە لەوەی کە ئەنکەرە ئەمجارەش چاوی لە ئۆجالان بێت بۆ یەکلاکردنەوەی پرسی پەکەکە. بەلەبەرچاوگرتنی فاکتەری تەمەن، دەشێ ئۆجالان دوایین چانسێک بێت بۆ ئەوەی کە تورکیا بە تێچوویەکی کەمی سیاسی- سەربازییەوە پرسی پەکەکە یەکلا بکاتەوە. ئەگەر بە قسەی کرا، ئەوە دەبێتە دووشەش بۆ تورکیا و ئەگەریش بە قسەی نەکرا، ئەوا بە ئەگەری زۆر دابەشبوونێک لە نێوان لایەنگرانی ئۆجالان و ئەوانی دیکە دروست دەکات کە لە هەردوو بارەکەیدا وەک قازانجی خۆی تەماشای دەکات.
موراد قەرەیڵان یەکێک لە بەرپرسانی پەکەکە گوتویەتی کە ئەوان لەبەرامبەر باڵادەستی ئاسمانی تورکیا بەهۆی درۆنەوە، شێوازی تازەیان پێشخستووە و بێجگە لەیەک جۆری درۆن نەبێت، ئێستا توانای رووبەڕووبونەوەی هەموو جۆرەکانی دیکەی درۆنی تورکییان پەیدا کردووە و، لە ڕووی تەکنیک و تەکتیکەوە خۆیان پێشخستووە. هەروەها دەکرێ بێژین کە هاوشێوەی حەماس، سەرنجێکی زۆریان لەسەر شەڕی تونێل - ژێر زەوی داناوە، بەڵام هێشتا پێدراوێکی وا لەبەردەستدا نییە کە ئایا سەرەڕای بانگەوازەکەی ئۆجالان، لە حاڵەتی گریمانەیی بەردەوامبوونی شەڕدا، ئەمە لە ئاستێكدا هەیە کە ئەنجامەکانی شەڕ بگۆڕێت یان نا.
لە راستیدا ئێستا بە بەراورد بە ساڵانی پێش گیرانی ئۆجالان، پەکەکە گرفتێکی ئەمنی گەورە نییە بۆ ناوخۆی تورکیا. بێجگە لە چەند کردەوەیەک لە ئەنقەرە، لە ماوەی ٢٠٢١-٢٠٢٣دا ٧٥٪ی توندوتیژی و پێکدادانەکانی پەکەکە - تورکیا لە دەرەوی سنوورەکانی ئەو وڵاتە بووە و بەکردەوە، شەڕ لەوێ بەرەو کەمی رۆیشتووە و جوگرافیای شەڕ گۆڕاوە، ئەمە بێجگە لە چەند ئۆپەراسیۆنی سەربازی تورکیا لە ناوخاکی هەرێمی کوردستان و رۆژائاوا کە تورکیا بە پاساوی پەکەکە کردوونی و کاریگەری گرنگی لەسەر پرسی کورد داناوە. هەڵبەت تورکیا درک بەوە دەکات کە سەرەڕای ئەم حاڵەی ئێستا، لەوانەیە دۆخی ناوچەکە رێگا بۆ شەپۆلێکی بەهێزتری شەڕ و پێکدادان بکاتەوە ئەگەر چارەسەێک بۆ ئەو پرسە نەدۆزێتەوە. وەک لە هەڵسەنگاندنێکی پێشووتردا باس کرابوو، مۆدێلی ئیسرائیلی بۆ لاوازکردنی حەماس و حیزبوڵلا هەروەها مۆدێلەکەی ئێران بۆ پەراوێزخستنی موجاهیدینی خەڵق و حیزبە کوردییەکانی رۆژهەڵات، هیوای تورکیای بۆ یەکلاکردنەوەی بابەتی پەکەکە زیاتر کردووە. جەخت کردنەوەی چەندبارەی تورکیا لەوەی کە پەکەکە یان بە قسەی خۆش چەک دادەنێت یان بە زۆر، بیرهێنەرەوەی هەمان ئەو مۆدێلەیە کە ئێستا ترەمپ لەبارەی "ئاشتی هەر بەزۆر" لە ئۆکراینا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست پێڕەوی دەکات.
تورکیا پێویستییەکی زۆری بە بازاڕی سووریای دوای ئەسەد بە تایبەتی لە پرۆژەکانی بنیاتنانەوەی ئەو وڵاتە هەیە کە وا مەزەندە دەکرێت لە نێوان ٢٥٠-٤٠٠ ملیاری تێبچێت: ئەمەش هەواڵێکی خۆشە بۆ کەرتی بیناسازی تورکیا کە راستەوخۆ بە رێژەی٦٠٦٪ بەشداری لە جی دی پی ئەو وڵاتە هەیە بەڵام ناڕاستەوخۆ تا ٣٥٪ دەڕوات. کەرتێک کە بەهێزبوونەکەی هاوشانی بەهیزبوونی ئاکپارتی بووە لە سیاسەتی تورکیا و ئەوەش دەتوانێت خزمەتی سیاسەتی نێوخۆیی پارتی دادوگەشەپێدان بکات کە لە دوایین هەڵبژارداندا دەنگێکی زۆری لە دەستدا بوو. بەڵام بەرلە هەموو پرۆژە گریمانەییەکانی سووریا پیویستی بەوەیە کە کێشەی خۆی لەگەڵ هەسەدە یەکلا بکاتەوە.
لە ئاستی کەسیدا، لەوانەیە سەرۆککۆماری تورکیا لە دوای گوتارەکانی دەوڵەت باخچەلی، چانسێکی گەورەی پەیداکردبێت بۆ ئەوەی پرسی شەڕێکی٤٠ ساڵە لە وڵاتەکەیدا چارەسەربکات. ئەمە بێجگە لەوەی کە دەتوانێت کاریگەری لەسەر بابەتەکانی وەک گۆڕێنی دەستوور و پێگەی ئاکپارتی لە هەڵبژاردنی داهاتووش دابنێت و دەتوانێت لابردنی بەربەستێکی نێوخۆیی بێت بۆ ئەو شتەی کە لە ئایدیای جیۆپۆلەتیکی نوێی ئەنقەرەدا وەک "خەیاڵی تورکی" وێنا دەکرێت کە تێیدا دیمەنی تورکیای ئەم سەدەیە بە فراوانکردنی نفوزی ناوچەیی، گەشەپێدانی ئابووری و کۆتایی هێنان بە پێکدادانی چەکداریی ناوخۆیی نەخشێندراوە.
بۆ کەسێکی وەک دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی نەتەوەگەرای مەهەپە، کە دەستپێشخەرییەکی بۆ کردنەوەی دەرگای رۆڵگێڕانی ئۆجالان کرد، کۆتاییهاتنی شەڕ، واتای سەرکەوتن دەدات و دەتوانێت وەک "قارەمانێک" لە رای نەتەوەگەرای تورکیدا خۆی وێنا بکات کە سەرەڕای مەترسییەکانی کەمکردنی دەنگی حیزبەکەی ئامادەبووە دەستپێشخەرییەکی وەها بکات لە پێناوی ئەوەی کە خۆی وەک "بەرژەوەندی نەتەوەی تورک" ناوی دەبات. هەڵبەت هێشتا روون نییە کە ئایا نەخۆش کەوتنەکەی ئەم دواییەی دەوڵەت باخچەلی کە لەرۆژانی رابردوودا نەشتەرگەری دڵی بۆ کرا بە چ لەونیک کاریگەری لەسەر ئەم پرسە دادەنێت.
عەبدوڵڵا ئۆجالان سەرۆکی بەندکراوی پەکەکە پێی ناوەتە تەمەنی ٧٦ ساڵەی خۆی و لەوانەیە ئەمە یەکێک لە دەگمەنترین چانسەکانی بێت بۆ ئەوەی کە هەم لە زیندان بێتە دەر، هەمیش بەشێوەی کاریگەر بگەڕێتەوە بۆ ناو سیاسەت . لانیکەم بۆ ٥ سەرکردەی کاریگەری پەکەکەش کە رێژەی هاوبەشی تەمەنیان لە سەرووی ٧٠ ساڵە و بەشێوەی رێژەیی نزیکەی ٤٠ ساڵە لە چیادان، ئەمە دەتوانێت دەرفەتێک بێت بۆ گەڕانەوە، بەڵام دەتوانێت تەگەرەش بێت؛ بە تایبەت لەو روانگەیەی کە لە بەرامبەر چیدا چەک دابنێن! ئالێرەدا تەگەرەیەکی دیکە ئەوەیە کە هێشتا دیار نییە ئایا تورکیا لەبەرامبەر چەکدانانی پەکەکەدا سەبارەت بە پرسی کورد هیچ کرانەوەیەکی دیکە دەکات یان وەک ئەوەی کە باسی دەکرێت پێداگر دەبێت لەوەی کە "پرسێکی بە ناوی پرسی کورد نەماوە."
داینامیکی دەرەکی و کاریگەری جیۆپۆلەتیکی ناوچەیی لەسەر ئەگەری چەکدادانی پەکەکە
پێدەچێ ئەو ئایدیایە راست بێت کە دیدگای وەرچەرخان بۆ ئاسیا- پاسیڤیک لە سیاسەتی ئەمەریکی دا لە دوای ٧ی ئۆکتوبەرەوە وەک ئەوەی کە پێشبینی دەکرا سەری نەگرت و گۆڕانی تێدا دروست بووە. تا پێش ٧ی ئۆکتۆبەر باس باسی رۆیشتنی ئەمریکا بوو بەڵام ئێستا ترەمپ نەک باسی رۆیشتن ناکات بەڵکو باس لە خاوەندارێتی پارچەیەک خاکی ئەم ناوچەیە دەکات کە بۆ ٨٠ ساڵ ئەڕوات شەڕو ئاژاوەی لەسەرە! لە رووداوەکانی پاش ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣دا، ئەمریکا بە بەهێزی لە پشتی ئیسرائیل وەستا و جارێکی دیکە وەک ئەکتەری سەرەکی لە ئەندازیارییە ئەمنییەکەی ناوچەکەدا رۆڵی گێڕایەوە. سەرکەوتنی ئیسرائیل لە ڕووی سەربازی لە شەڕی حەماس و حیزبوڵڵا، هەروەها بەهێزبوونی رۆڵی ناوچەیی تورکیا لە دوای رووخانی ئەسەد، ئەگەری فراوانبوونی رێککەوتنی ئابراهام، دەتوانێت لە ئاستێکی فراوانتردا رێگا لە باڵادەستی چین و روسیا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بگرێت و پێگەی ئەمریکا قایم بکاتەوە.
دوای ماوەیەکە درێژ، جارێکی دیکە بەرژەوەندییە جیۆپۆلەتیکییەکانی ئەمریکا و تورکیا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست نزیک بووەتەوەو بایەخی تورکیا، لە ئاسیای میانە، باشووری قەفقاسیا و ئەفریقا بۆ ئەمریکا زیاتر بووە. ئەوەش دەتوانیت کاریگەری لەسەر روانگەی ئەمریکی بۆ پرسی چەکدادانی پەکەکە و پرسی هەسەدەش دابنێت. بەڵام گرفتی تورکیا و ئیسرئیلیش دەتوانی تەگەرە بۆ ئەو نزیکبوونەوەیە دروستبکات. رەنگە باڵادەستی تورکیا هاوشانی سعودی و قەتەر لە سوریای پاش ئەسەد بابەتێکی خراپ نەبێ بۆ واشنتن و بەوەش بە تیرێک دوو نیشان بپێکێت: یەکەم رێگا لەبەهێزبوونەوی نفوزی ناوچەیی ئێران دەگرێت کە دواجار دەچێتە خانەی خزمەتی رووسیا و چین. دووەمیش بەرژەوەندی هاوپەیمانەکانی دابین دەبێت.
ئەگەری دامەزاراندنی دوو بنکەی سەربازی نوێی تورکیا لە ناوچە بیابانییەکانی نێوەڕاستی سووریا (بادیە) هاوشانی ئۆپەراسیۆنەکانی هەتەشە لە سنووری لوبنان، گەرەنتییەک دەدات بۆ رێگرتن لە بنیاتنانەوەی کۆریدۆرە وشکانییەکەی ئێران لە عێراقەوە بۆ سوریا بۆ زیندووکردنەوەی میحوەری موقاوەمە، بە بێئەوەی کە دەسەڵاتی شامیش زۆر بەهێز بێت. هەروەها دەتوانێت رێ لە بەهێزبوونەوەی داعش بگرێت کە لەدوای کشانەوەی ئێران و گرووپە پرۆکسییەکانی، نەمانی چاودێری و هێرشی ئاسمانی رووسیا، دەرفەتێکی کەم وێنەی بۆ رەخساوە. تورکیا چەندجاریک ئەوەی راگەیاندووە کە ئامادەیە لە پرسی شەڕی داعش و بابەتی داعشییە بەندکراوەکاندا لەگەڵ ئەمریکا رێکبکەوێت کە بابەتێکی سەرەکیی هاوکاریی ئەمریکا و هەسەدەیە. کاتی خۆیشی لە ٢٠١٩دا ترەمپ هەر لەسەر ئەو بنەمایە بڕیاری کشانەوەی لە سووریا دابوو، بەڵام دواتر لە ژێر کاریگەری ناڕەزاییەکاندا پاشەکشەی لێکردبوو. ئا لێرەوە، ئەگەر پەیامەکەی ئۆجالان کاریگەر دەربچێ و گوێی لێ بگیردرێ، رەنگە ئەمریکا بتوانێ زەمینەی ئەوە خۆش بکات کە تورکیا و بەپرسانی هەسەدە بەئاشکرا گفتوگۆبکەن وەک ئەو رۆڵەی کە لە گفتوگۆی کۆبانی – جۆلانی دا گێڕای.
وادایارە کە ئیسرائیل بابەتی کورد زیاتر وەک کارتێکی گوشار ئەویش لە ئاستی گوتاردا لەبەرامبەر تورکیا بەکاردەهێنێت. هەرچەند مانەوەی پەکەکە و هەسەدە لە قازانجیدایە چونکە بە ئەگەری زۆر بەهێزبوونی لە رادەبەدری تورکیا بژارەیەکی باش نییە بۆی. ئیسرائیل لەماوەی شەڕی تورکیا- پەکەکەدا لەنێوان ١٩٨٤-٢٠٢٢دا زیاتر لە ٢٢ ساڵ پاڵپشتی تورکیای کردووە وئەگەر دەرفەتی رێککەوتنی جیاوازتری بۆ بڕەخسێت، رێککەوتنی لەگەڵ ئەنقەرە پێ باش دەبێت. بەڵام دەشێ چاوێکی لە قسەکانی ئۆجالان بیت تا بزانێت کە چ کاریگەرییەکی لەسەر دۆخی سووریا و هاوسەنگییە هێزدارییەکانی نێوان ئیسرائیل و تورکیا دەبێت.
بەئەگەری زۆر جۆلانیش یەکێک لەوانەیە کە بەپەرۆشەوە چاوێکی لەوەیە کە بزانێ کاریگەری پەیامەکەی ئۆجالان لەسەر سووریا چی دەبێت، ئەویش لەکاتێکدا یەکلاکردنەوەی پرسی هەسەدە بەشەڕ دەتوانێت گرفتی بۆ دروست بکات هاوکات لەگەڵ ئەوەی کە گوشارەکانی تورکیاش دەردیسەری بۆ دروستدەکات. ئەو ئێستا لە باشوورەوە ڤیتۆیەکی رانەگەیەنراوی ئیسرئیلی لەسەرە بۆ یەکلاکردنەوەی تەگەرەی دورزییەکان و بەرەی باشوور. لە رۆژهەڵاتیشەوە بۆ پرسی هەسەدە ڤیتۆی ئەمریکای لەسەرە و لە باکووریشەوە گرووپە چەکدارەکانی نزیکی تورکیا گرفتن بۆی، کە لە ساڵانی رابردوودا لانیکەم سێ جار شەڕی یەکتریان کردووە. لە ناوەڕاستیش هەندێک گرووپی ئیسلامی دیکە هەن کە بە ئاسانی ملی بۆ نادەن. لە راستیدا ئەو هێشتا دەسەڵاتی بەسەر هەموو سووریادا ناشکێ. سەرەڕای ئەو بانگەوازانەی کە گوایە هەموو گرووپە چەکدارەکان لە سوپای نوێی سوریادا جێ دەگرن، هێشتا هیچیان بە کردەنی چەکیان بەرنەداوە و ، لە سەر ئەرزی واقع هەریەکەو لە هەوڵی بەهێزکردنی پێگە و ناوچەی نفوزی خۆیدایە. چونکە بەشێوەیەکی سروشتی ئەوە واتای دەسکەوتی زیاتریان بۆ دەدات. بۆ نموونە لە شوێنیكی وەک غوتەی شەرقی ئەوەی دەسەڵاتی زۆرە جەبهەتولئسلامییەیە کە نزیکە لە سعودی. هێشتا لە ناوچەکانی کەناری حومس و حەما کێشەی ئەمنی زۆر هەیە و لە ناوچەکانی ساحل( بە تایبەت ناوچە عەلەوی نشێنەکان) ماتەوزەی دەرکەوتنی گرووپی چەکداری نوێ هەیە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە جۆلانی بەشێوەی رێژەیی تەنیا ٢٥ هەزار جەنگاوەری هەیە کە دەتوانێ پشتیان پێ ببەستێ. ئەمەش ئەو دەردەیە کە جۆلانی هەیەتی: جوگرافیای زۆر و خەڵکی متمانەپێکراوی کەم بۆ بەڕیوەبردن! ئا لەبەر ئەو هۆیەشە کە لەوانەیە جۆلانیش چاوی لە ئیمرالی بێت تا بەشکەم پەیامەکەی ئۆجالان کاریگەرییەک لەسەر دۆخی هەسەدە و پرسی مانەوەی پەکەکە لە سووریا دروست بکات و چارەسەری کێشەیەکی بۆ ئاسان بکات.
ئێرانیش چاوی لەوەیە کە بزانێ ئۆجالان چی دەڵێ و چۆن لەگەڵ دەوڵەت رێککەوتووە. پرسی یەکەم بۆ ئێرانییەکان ئەوەیە کە ئەگەری کۆتاییهاتنی شەڕی ٤٠ ساڵەی پەکەکە واتای بەهێزبوونی زیاتری تورکیای رکابەری دەدات. تاران نیگەرانە لە رۆڵی تورکیا لەباشووری قەفقاسیا و ئاسیای میانەو پێیوایە، ئەگەر پرۆژەی رێگەی زەنگەزۆر کە ئازەربایجان و و نەخجەوان پێکەوە دەبەستێتەوە سەربگرێت، ئەوسا داڵانێکی( کۆریدۆر) تورکی- تورانی دروست دەبێت کە ئامانجەکەی داخستنی دەروازەکانی ئێرانە بەرەو ئەرمینا و لەوێشەوە بۆ ئەورووپایە. پەیوەندییەکانی تورکیا- ئەفغانستان و تورکیاو پاکستانیش چینێکی دیکە بە ترسەکانی ئێران لە زیادبوونی نفوزی ناوچەیی تورکیا زیاتر دەکەن، بەڵام ترسی هەرە گەورەی تاران لە سووریا و عێراقە. ئێران سەرروی ٥٠ ملیار دۆلاری لە ساڵانی رابردوودا لە سووریا خەرج کرد بەڵام هاتنەکەی جۆلانی هەمووی بەبا دا و مەیدانی بۆ نفوزی ناوچەیی تورکیا خۆشتر کرد. ئەمە بێجگە لەوەی کە تورکیا خەریکە لە پرسی فەلەستینیشدا شوێنی ئێران لێژ دەکات کە زیاتر لە چل ساڵە کاری بۆ دەکات. بەڵام لە هەموو ئەوانە گرنگتر ئەو نیگەرانییەیە کە لەوانەیە ئێران لە زیادبوونی رۆڵی تورکیا لە عێراق هەیبێت کە وەک دوایین سەنگەرێکی نفوزی ناوچەیی، بایەخی بۆ تاران زیاتر بووە و دەیەوێ هەرجۆرێک هەیە دەستی پێوە بگرێت. ترسی ئێران- بەغدا لەوەی کە داواکارییەکانی کورد و سوننە زیاتر ببن یان شەپۆلێکی دیکەی بەرەنگاربوونەوەی سوونی بە ڤێرژنێکی نوێی داعش یان ئەلقاعیدەوە سەرهەڵبداتەوە، مەتەڵێکی ئەمنی- سیاسی نوێی بۆ تاران دروستکردووە. هەڵوێستی سوننەکان سەبارەت بە راگرتنی یاسای لێبوردنی گشتی و دواتر پاشەکشەی دادگای فیدراڵی لە بڕیارەکەی، نیشانەیەکی ئاشکرای ئەم قۆناخە تازەیەی عێراقە. بۆ ئێران بابەتی پەکەکە تەنیا فاکتەرێک نییە کە لە باڵانسی هێزدارییەکەی خۆیدا لەگەڵ تورکیا بەکەڵک بیت بەڵکو پرسی ئاسایشی سنوریشە. بە درێژایی ساڵانی رابردوو مانەوەی پەکەکە لە قەندیل و ناوچە سنوورییەکان وەک بەربەستێک لە بەردەم جێگیربوونی گرووپی چەکداری نەیاری تاران لەو ناوچە سەختە شاخاوییە دەوری گێڕاوە کە ئەستەمە بە هیزێکی دەوڵەتی کۆنترۆڵ بکرێت. ئەمە بێجگە لەوەی کە ئەگەر تورکیا لە دوای چەکدانانی پەکەکە کرانەوەیەکی کوردی بکات ئەوسا تارانیش ناچار دەبیت لەبارەی پرسی کوردەوە هەنگاوێک بنێت کە تا ئێستا خۆی لێ بواردووە.
لەلایەکی دیکەوە کارتی کوردی بۆ بەرەنگاربوونەوەی پرۆژەی تورکی وەک بابەتێک لە ناوخۆی ئێران قسەی لەسەر دەکرێت، بەڵام ئەمە چەندەی سەرنجڕاکێش بێت ئەوەندەش بۆی مەترسیدارە. ئێران لە ماوەی ساڵانی نێوان ١٩٨٦-١٩٩١ ، هەروەها لە ساڵی ١٩٩٥، ١٩٩٧ و دواجاریش لە ساڵی ١٩٩٩ دا بە شیوەیەکی کاریگەر لەدژی تورکیا یارمەتی پەکەکەی داوە، بەڵام ئێستا ئەو کارە وەک جاران ئاسان نییە. لە ماوەی رابردووشدا هاکان فیدان بەشێوەیەکی راشکاوانە داوای لە تاران کرد کە پاڵپشتی پەکەکە- هەسەدە نەکات و وگوتی خۆ ئێمە یارمەتی نەیارەکانی ئێران نادەین! ئەمەش لەوانەیە لە تاران بەوجۆرە تەرجەمە بکرێتە کە ئێمەش یارمەتی نەیارەکانت دەدەین ئەگەر لە سیاسەتی خۆت بەردەوام بیت. بەڵام هاوکات لەگەڵ ئەوەشدا تورکیا دەزانیت کە ئەگەر ئێران سووربیت لە یارمەتیدانی پەکەکە- هەسەدە، دەتوانێت سەرئێشەی گەورەی بۆ دروست بکات، بۆیە هاوشانی ئەوە، فیدان سەردانی بەغدای کرد کە دڵنیایی بداتە شیعەکانی عێراق کە پاڵپشتی لە کورد و سووننە ناکات ئەگەر داواکارییەکانیان جێبەجێ بکرێت. ئیبراهیم کاڵن راوێژکاری دەزگای هەواڵگری تورکیاش چووە تاران تا لەسەر "پرسی ئەمنی" رێکبکەون!
بە ئەگەری زۆر ئێران پێی خۆش نابێ پەکەکە چەک بەربدات و ناڕاستەوخۆ هەوڵدەدات ئەوە سەرنەگرێ بەڵام لەم دۆخەدا خۆیشی رووبەڕووی تورکیا ناکاتەوە. چونکە هەم بارەکەی لە عێراق لەنگە، هەمیش هاوکاتە لەگەڵ ئەوەی کە ترەمپ سزاکانی سەر ئێرانی گەڕاندۆتەوە و هەوڵدەدات بە یارمەتی سێ وڵاتە ئەوروپییەکەی دانوستاندنی ئەتومی، سزاکانی ئەنجومدنی ئاسایشی نێودەوڵەتیش بۆ سەر ئێران بگەڕێنیتەوە، بۆیە زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە پێویستی بە دراوسێیەکی وەک تورکیا دەبێت. هەڵبەت ئەگەر دۆخەکە بەرەو شەڕ بڕوات یان هیزێکی وەک چین و رووسیاش یارمەتیی بدەن، بە ئەگەری زۆر ئێران سڵ ناکاتەوە لەوەی کە لە دژی تورکیا یارمەتی پەکەکە بدات.