گرفته ده‌ستوورییه‌كانی سه‌رۆكوه‌زیران له عێراق ناهاوسه‌نگیی ده‌سه‌ڵات و به‌رپرسیاری
20-04-2021
ده‌ستپێك
له‌پاش جێبه‌جێكردنی ده‌ستووری عێراقه‌وه له ساڵی 2005 تا ئێستا، چوار حكومه‌ت به‌پێی ئه‌و ده‌ستووره درووستبوون و لانیكەم یه‌كێكیش شكستیهێنا. ده‌ستووری 2005 یه‌كه‌م ده‌ستووره كه به‌شێوه‌یه‌كی دیموكراسی دانرابێت و لەڕێگەی راپرسیی جه‌ماوه‌رییەوە رێگای چارەسەركردنی بەشێكی زۆری گرفته‌كانی حوكمڕانی دەستنیشان بكات. به‌ڵام به‌هه‌ڵه‌دا دەچین ئه‌گه‌ر پێمانوابێ ده‌ستوور ده‌توانێ گرفتی حوكمڕانی بۆ وڵاتیكی وه‌ك عێراق چاره‌سه‌ر بكات، چونكه واقیعی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی تەنیا بە ده‌قی ده‌ستووری رێكناخرێت.
سەرەڕای ئه‌و بۆچوونه دڵخۆشكه‌رانه‌ی كه باوه‌ڕیان به باشتربوونی پرۆسه‌ی حوكمڕانی له عێراق هه‌یه، به‌شێكی زۆر له ده‌قه‌كانی ده‌ستووری 2005، له‌به‌رده‌م پرۆسه‌ی دروستكردنی حكومه‌ت و پرۆسه‌ی حوكمڕانیدا گرفتی گه‌وره‌ن. ده‌توانین بڵێین به‌شێكی گه‌وره‌ی گرفتی نه‌بوونی حكومه‌تێكی به‌هێز و تۆكمه و خاوه‌ن بڕیاری یه‌كلاكه‌ره‌وه بۆ گرفته ده‌ستوورییه‌كانی به‌رده‌م ئه‌و پرۆسه‌یه ده‌گه‌ڕێته‌وه.
به‌شێكی ئامارەكانی یونامی له عێراق، ئاماژه بۆ خراپبوونی بارودۆخ له‌ڕووی كارگێڕی و فراوانبوونی كاره تیرۆریستیه‌كان، كوشتنی مه‌ده‌نییه‌كان و زیادبوونی ژمارەی قوربانییه‌كان و فراوانبوونی چوارچێوه‌ی گه‌نده‌ڵی دەكەن. به‌پێی راپۆرته‌كانی رێكخراوی شه‌فافیه‌تی نێوده‌وڵه‌تیش له ساڵی 2011 وه تا ئێستا، عێراق له ریزی هه‌ره‌پێشه‌وه‌ی وڵاتانی گه‌نده‌ڵدایه.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی حكومه‌تی عێراق نه‌یتوانیوه ئه‌ركه سه‌ره‌كییه‌كانی سه‌رشانی خۆی، هه‌ر له به‌دیهێنانی ئاسایشێكی تۆكمه بۆ هاووڵاتیان تا رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی له وڵات جێبه‌جێ بكات، بەشێوەیەكی لاواز و له‌رزۆكیش دامەزراوە. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه هه‌میشه رووبه‌ڕووی ناڕه‌زایه‌تی جه‌ماوه‌ری ده‌بێته‌وه. كار گه‌یشته ئه‌وەی له ئۆكتۆبه‌ری ساڵی رابردوودا، گه‌نجانی عێراق بچنه سەر شه‌قامه‌كان وعادل عەبدولمەهدی ناچار بە دەستلەكاركێشانەوە بكەن. خۆپیشاندانه‌كانی عێراق، له‌ڕووی یاسایی و ده‌ستوورییەوە وڵاتیان خستووەته تونێلێكی تاریكه‌وه و ئاسۆیه‌كی روونی سیاسیی لێ دیار نییە.
له چوارچێوه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌دا، تیشكێك ده‌خه‌ینه سه‌ر پێگه‌ی سه‌رۆكوه‌زیران له عێراقی نوێی دوای نووسینه‌وه‌ی ده‌ستوور. هەروەها گرفته ده‌ستوورییه‌كانی به‌رده‌م درووستكردنی حكومه‌تێكی به‌هێز و نیشتیمانی له عێراق و كاریگه‌رییه‌كانی له‌سه‌ر درووستكردنی هاوسه‌نگیی نێوان به‌رپرسیاری و ده‌سه‌ڵات دەخەینە بەرباس.
ته‌وه‌ری یه‌كه‌م:
پێگه‌ی سه‌رۆكوه‌زیران و گرفتی راسپاردن له ده‌ستووری 2005دا
عێراقی دوای 2003 له‌ڕووی سیسته‌می سیاسییه‌وه، له‌گەڵ عێراقی سه‌رده‌می به‌عس ته‌واو جیاوازه. ئه‌و گۆڕانكارییه گه‌ورانەی پاش دانانی ده‌ستووری نوێ و چه‌سپاندنی سیسته‌می سیاسی به په‌رله‌مانی فیدراڵی، له‌ڕووی یاساییه‌وه درووستبوون، سیمای عێراقیان گۆڕی. له ماده‌ی یه‌كه‌می دەستووردا، ده‌وڵه‌تی نوێی عیراق وەک ده‌وڵه‌تیكی په‌رله‌مانی و فیدراڵی ناسێنراوه. شتێكی ئاشكرایه كە ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردنی سیسته‌می په‌رله‌مانی، له دوانه‌ی ده‌سه‌ڵات پێكدێت. له‌به‌رئه‌وه‌ی سیسته‌مەكە كۆماریی په‌رله‌مانیه، ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن له سه‌رۆككۆمار و ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران پێكدێت كە سه‌رۆكوه‌زیرانیش ئه‌ندامێكه تێیدا و به‌ڕێوەی دەبات و سه‌رۆكایه‌تی كۆبوونه‌وه‌كانی دەكات.
مه‌رجه‌كانی سه‌رۆكوه‌زیران هه‌مان ئه‌و مه‌رجانه‌یه كه له ده‌ستووردا هاتوون. پێویسته له‌و كه‌سەدا هەبێت كە بۆ پێكهێنانی كابینە راده‌سپێردرێت. ئەوانیش بریتین لەوەی كە لانیكەم هه‌ڵگری بڕوانامه‌ی زانكۆیی بێت و ته‌مه‌نیشی له 35 ساڵ كه‌متر نه‌بێت. ئەمەش بێجگە لەو مه‌رجانەی سه‌رۆككۆماریش كە پێویستە له سه‌رۆكوه‌زیرانیشدا هەبن. گرنگترینیان بریتین له عێراقیبوون له دایك و باوكه‌وه، ئه‌هلیەتی تەواو لەڕووی یاسایی، ناوبانگی باش، ده‌ستپاكی و …. تاد.
تا ئێره گرفتێكی یاسایی ئه‌وتۆ به‌دی ناكرێت و ته‌واوی مه‌رجه‌كانی دیاریكردنی سه‌رۆكوه‌زیران یاسایین و تاڕاده‌یه‌كی زۆریش له‌ڕووی تیۆرییه‌وه له‌گه‌ڵ ستاندارده جیهانیه‌كاندا گونجاوه.
سه‌رۆكوه‌زیران پاڵپشت به ماده‌ی (76)ی ده‌ستووری عێراقی 2005 دیاریده‌كرێت و ئه‌ركی سه‌رۆك كۆماره له ماوه‌یه‌كدا کە زیاتر نه‌بێت له 15 رۆژ له پاش هه‌ڵبژاردنییەوە، كه‌سێك بۆ ئه‌م پۆسته رابسپێرێت. پێویسته سه‌رۆكوه‌زیرانی راسپێردراویش له ماوه‌یێكدا كه لە 30 رۆژ زیاتر نه‌بێت، كابینه‌كه‌ی درووستبكات. ئه‌گه‌ریش نه‌یتوانی له‌و ماوه‌یه‌دا كابینه درووستبكات، پێویسته سه‌رۆككۆمار كه‌سێكی دیكە رابسپێرێت. پێویستە راسپێردراو بۆ درووستكردنی كابینه‌كه‌ی ناوی ئه‌ندامانی كابینه‌كه‌ی و به‌رنامه‌ی حكوومەتەكەی بخاته به‌رده‌م ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران بۆئه‌وه‌ی متمانه‌ی په‌رله‌مانتاران به‌ده‌ستبهێنێ. هەروەها پێویسته هه‌ر وه‌زیرێك به ته‌نها و به‌رنامه‌ی كابینه‌كه‌یش بخرێته ده‌نگدانه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی متمانه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران به‌ده‌ستبهێنێ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر متمانه‌ی وەرنەگرت، پێویسته سه‌رۆككۆمار كه‌سێكی دیكە بۆ درووستكردنی حكومه ت رابسپێرێ.
به‌پێی ته‌فسیری دادگای باڵای فیدراڵی ژماره (25) كە له 25/3/2010 ده‌رچووه، فراكسیۆنی زۆرینه به‌مجۆرە پێناسە دەكرێت:” بریتیه له‌و فراكسیۆنه‌ی پاش هه‌ڵبژاردن له‌ڕێگه‌ی یه‌ك لیستی هه‌ڵبژاردنه‌وه درووستده‌كرێت كه به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌كانی كردووه و به ناو و ژماره‌یه‌كی دیاریكراوەوە توانیویه‌تی زۆرینه‌ی كورسییه‌كان به‌ده‌ستبهێنێ. یاخود ئه‌و فراكسیۆنه‌ی له‌یه‌كگرتنی دوو لیست یاخود زیاتر درووستدەبێت و ده‌بێته فراكسیۆنێكی نوێ و خاوه‌ن كیانی سه‌ربه‌خۆ و زۆرینه له ناو په‌رله‌مان پێكده‌هێنێ.” به‌پێی ئه‌م بۆچوونه‌ی دادگا بێت، فراكسیۆنی زۆرینه ئه‌وه‌یه كه له‌ناو په‌رله‌ماندا دروستده‌كرێت نه‌ك ئه‌و لیسته‌ی زۆرینه‌ی هێناوه. بەڕای به‌شێك له یاساناسان، ئه‌مه بدعه‌یه‌ك بوو دادگای باڵای فیدراڵی دایهێنا كە بووە هۆی بێبه‌شكردنی لیستی عێراقیه وەک لیستی براوه‌ی هه‌ڵبژاردن كه له هه‌ڵبژاردنی دووه‌می ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌راندا لیستی هاوپه‌یمانیی سوننه‌كان بوو.
لێره‌دا گرفتی سووڕانه‌وه به ده‌وری ماده‌ی 76ی ده‌ستووردا سه‌رهه‌ڵده‌دات. ئەمەش پرسیارێكی یاسایی درووستدەكات سەبارەت بەوەی كه ئایا سه‌رۆككۆمار ده‌سه‌ڵاتی كۆتوبه‌ندكراوه به راسپاردنی ئه‌و كه‌سه‌ی فراكسیۆنی زۆرینه دیاریده‌كات یاخود ده‌سه‌ڵاتی ته‌قدیری هه‌یه و ده‌توانێ ره‌تیبكاته‌وه و بۆ دروستكردنی حكومه‌ت راینه‌سپێرێت؟
له‌ڕاستیدا له‌ڕووی رواڵه‌تیه‌وه ده‌قی (بڕگه‌ی یه‌كه‌می ماده‌ی 76) ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆككۆماری كۆتوبه‌ند كردووه به‌و كاندیده‌ی فراکسیۆنی گه‌وره‌ی په‌رله‌مانی دیاریده‌كات كه زۆرینه‌ی كورسییه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی لایه. به‌ڵام له‌ڕووی پراكتیكی و واقعیه‌وه پێچه‌وانه‌كه‌ی ده‌بینین، چونكه سه‌رۆككۆمار دووجار كاندیدی فراكسیۆنی زۆرینه‌ی ره‌تكردووەته‌وه: یه‌كه‌میان له ساڵی 2006، ئه‌و كاته‌ی سه‌رۆككۆمار خوالێخۆشبوو جه‌لال تاڵه‌بانی ئاماده نه‌بوو كاندیدی فراكسیۆنی زۆرینه كه ئیبراهیم جه‌عفه‌ری بوو، بۆ دروستكردنی حكومه‌ت رابسپێرێت. پاشان كاندیده‌كه‌یان گۆڕی به نوری مالیكی و توانی یه‌كه‌مین كابینه‌ی وه‌زاری به‌پێی ده‌ستوور درووستبكات. دووه‌میشیان ساڵی 2014 بوو ئه‌و كاته‌ی سه‌رۆككۆمار فوئاد مه‌عسوم، ره‌تیكرده‌وه كاندیدی هاوپه‌یمانیی نیشتمانی كه زۆرترین كورسی په‌رله‌مانی هه‌بوو بۆ دروستكردنی حكومه‌ت رابسپێرێت. ئه‌وه بوو سه‌رۆككۆمار، حه‌یده‌ر عه‌بادی راسپارد بۆ دروستكردنی سێیه‌م كابینه‌ی وه‌زاری. ره‌تكردنه‌وه‌ی چەندبارەی كاندیدی فراكسیۆنی زۆرینه به به‌رده‌وامی له‌لایه‌ن سه‌رۆككۆماره‌وه ده‌بێته هۆی سه‌رهه‌ڵدانی دابێكی ده‌ستووریی هه‌مواركه‌ر كە له داهاتوودا ده‌سەڵاتی ئازادیی دیاریكردنی سه‌رۆكوه‌زیران به سه‌رۆككۆمار ده‌دات.
سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌مانه، بابه‌تێكی گرنگ هه‌یه كە پێویسته لێره‌دا بیخه‌ینه‌ڕوو. ئه‌ویش مه‌سه‌له‌ی رێزگرتنه له كاته ده‌ستوورییه‌كان. واتا ئه‌و ماوه ده‌ستووریانه‌ی بۆ پرۆسه‌ی دروستكردنی حكومه‌ت دیاریكراون. به‌تایبه‌ت ئێستا به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كرۆناوه جموجۆڵ تاڕاده‌یه‌كی زۆر وه‌ستاوه و ئه‌مه‌ش ده‌ست و پێی كەسی راسپێرداوی به‌ستووه و ناتوانێ گفتوگۆكانی چڕبكاته‌وه بۆ دروستكردنی حكومه‌ت. چونكه، به‌بێ سازانێكی سیاسیی پێشوه‌خت له‌نێو گرووپه سیاسیه جۆراوجۆره‌كان، به‌تایبه‌ت له‌نێو هێزه شیعییه‌كاندا، زۆر ئه‌ستەمه بتوانێ متمانه‌ی په‌رله‌مان به‌ده‌ستبهێنێ. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش، به‌هۆی ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ی كه‌وا ڤایرۆسی كۆرۆنا درووستیكردوون، گرفتی كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان و چۆنیه‌تی به‌خشینی متمانه‌یش دەركەوتووە. چونكە دوور نییە كۆبوونەوەیەكی گەورەی وەها ده‌رئه‌نجامی مه‌ترسیداری لێبكه‌وێته‌وه. ئەمەش لەوانەیە وابكات حكوومەت له ماوه ده‌ستوورییه‌كه‌ی خۆیدا كه 30 رۆژه، درووست نەكرێت یان ئه‌گه‌ر دروستیش بكرێت كابینه‌یه‌كی تەواو نەبێت. لەوانەیە به پشتبه‌ستن به‌و بارودۆخه نائاساییه‌ی كه جیهان به‌گشتی و عێراق به‌تایبه‌تی پێیدا تێده‌په‌ڕێت، بابەتی ماوە دەستوورییەكان پێشێل بكرێت، هەروەك چۆن چەندینجار بەشێوەی عورفی ئەو ماوانە تێپەڕكراون.
ته‌وه‌ری دووه‌م:
كێشه‌ی ده‌سه‌ڵات و ناهاوسه‌نگی له عێراقی نوێ‌دا
ئه‌گه‌ر به‌وردی سەرنجی ده‌ستووری عێراق بده‌ین، ده‌بینین به‌شێوه‌یه‌كی یه‌كلاكه‌ره‌وه هیچ جۆره ده‌سه‌ڵاتێكی بۆ سەرۆكوەزیران نه‌ژماردووه. له‌وانه‌یه ئه‌مه روویه‌كی دیموكراسی و جیاوازی عێراقی نوێ بێت، به‌ڵام بۆ سیسته‌می په‌رله‌مانی تاڕاده‌یه‌ك كه‌موكورتیه. دەستوور ته‌نها ماده‌ی 78ی بۆ ده‌سه‌ڵاته‌كانی سەرۆكوەزیران تەرخان كردووە. بۆیه لێره‌دا ئه‌و گرفته ده‌ستووریه ده‌خه‌ینه‌ڕوو كه له ده‌سەڵاته‌كانی سەرۆكوەزیراندا هه‌یه و، له پرۆسه‌ی حوكمڕانیدا گرفتێكی گه‌وره‌ی درووستكردووە. گرفتی گه‌وره‌ی ده‌ستووریی سەرۆكوەزیران له عێراقدا ئه‌وه‌یه كە ده‌سه‌ڵات و مه‌ودای بڕیاردانی زۆر دراوە بە سەرۆكوەزیران، بەڵام لە واقیعدا خراپ بەكارهێنراوە و زۆرجاریش تاكڕەوی تێداكراوە. هەروەها هاوسەنگیی سیستەمی پەرلەمانی تێكداوە.
وه‌ك ئاشكرایه ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن تایبەتمه‌نده به جێبه‌جێكردنی یاسا و بڕیاره‌كانی دادگا و رۆڵی په‌رله‌مانیش بریتیه له ده‌ركردنی یاساكان و دادگایش ناكۆكیه یاساییه‌كان یەكلایی دەكاتەوە. به‌ڵام حكومه‌ت رۆڵێكی به‌رده‌وام و نه‌پساوه‌ی هه‌یه، چونكه له جێبه‌جێكردنی سیاسه‌تی گشتیی ده‌وڵه‌ت و دابینكردنی پێداویستیه رۆژانه‌ییه‌كانی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا و تێپه‌ڕاندنی كاره‌كانیان بەرپرسە. بۆیه زیاده‌ڕه‌وی نییه ئه‌گه‌ر بڵێین ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن زۆرترین به‌ریه‌ككه‌وتنی به ژیانی تاكه‌كان هەیە و پێویسته مافه‌كانیشیان بپارێزێت و ئازادییه‌كانیان فه‌راهه‌م بكات .
هه‌ر ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن مه‌له‌فی پێوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییەكان بەڕێوەدەبات كە خۆی له پرۆسه‌ی دانوستاندن و به‌ستنی رێككه‌وتننامه نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا ده‌بینێته‌وه. پارێزگاریكردن له سنووری ده‌وڵه‌ت له هه‌ر هێرشێكی ده‌ره‌كی و زۆرجاریش راگه‌یاندن و به‌ڕێوه‌بردنی جه‌نگ و ئاشتیشی لە ئەستۆدایە. له‌ژێر رۆشنایی ئه‌و ده‌سه‌ڵات و تایبەتمه‌ندییه زۆرانه‌ی كه ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن هه‌یه‌تی، ناتوانین بڵێین له چوارچێوه‌ی ده‌قه‌كانی ده‌ستووردا، ئەوانە به‌شێوه‌یه‌كی ورد و وەك تایبەتمەندییەكی دەسەڵاتی جێبەجێكردن جێگیركراون. ئه‌و هه‌موو ده‌سه‌ڵاتەی له نێوه‌ڕۆكی ده‌ستووردا له‌سه‌ر سه‌رۆكوه‌زیران كۆكراوه‌ته‌وه، بووەته هۆی شێواندنی سیسته‌مه‌كه و رۆڵی ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان بووەتە پاشكۆ. ته‌واوی گرفته‌كه پێوه‌ندی به رێكنه‌خستنی ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆكوه‌زیرانەوە به‌پێی په‌یڕه‌وێكی یاسایی بۆ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران هەیە.
بۆئه‌وه‌ی خۆمان له شیكردنه‌وه‌ی بنه‌ما گشتییه‌كانی یاسای ده‌ستووری به‌دوور بگرین، راسته‌وخۆ دێینه ناو گرفته‌كانی ده‌ستووری 2005ی عێراق. ده‌ستوور سەرۆكوەزیرانی خستووەته تەنگانەیەكی گه‌وره‌وه، به‌جۆرێك به‌رپرسیاری جێبه‌جێكردنی سیاسه‌تی گشتیی ده‌وڵه‌ت و چۆنیه‌تی راپه‌ڕاندنی كاره‌كانی حكومه‌تی خستووەته ئه‌ستۆی به‌بێ رێكخستنێكی یاسایی لەنێو ئەنجوومەنی وەزیران و تایبەتمەندیی پێویست. به‌رپرسیاری وه‌زیره‌كانە له راپه‌ڕاندنی كاره‌كانیان به‌بێ ئه‌وه‌ی بتوانێت لەبەر كەموكوڕی لێیان بپرسێته‌وه و دووریان بخاته‌وه. چونكە لەڕووی واقیعەوە بەهۆی گرفتی پشكپشكێنە ناتوانێ دووریان بخاتەوە. بۆ رێگری لە تاكڕەوی و سەرهەڵدانەوەی دیكتاتۆرییەت، ده‌سه‌ڵاتی فه‌رمانده‌یی هێزه چه‌كداره‌كانی بە رەزامەندیی پەرلەمان پێدراوه. بەڵام لە واقیعدا پەرلەمان هیچ رۆڵێكی لە دیاریكردنی فەرماندە سەربازییەكان و ستراتیژیی سەربازی نییە كە سەرۆكوەزیران دیاریی دەكات و خۆی بەڕێوەی دەبات. هه‌روه‌ها ده‌ستوور په‌رله‌مانی دیاریكردووه وه‌ك لایه‌نی تایبه‌تمه‌ندی ده‌ركردنی یاساكان و پێدان و وەرگرتنەوەی متمانە لە حكومەت به‌بێ ئه‌وه‌ی مافی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی په‌رله‌مان به حكومه‌ت بدات له حاڵه‌تێكدا ئه‌گه‌ر ململانێ یان كێشە له‌نێوان هه‌ردوو ده‌سه‌ڵاته‌كه له‌سه‌ر تێپه‌ڕاندنی یاسایه‌كی گرنگ یان خێرا دروستبوو. ئەمەش دیارترین سیمای سیستەمی پەرلەمانییە، بەڵام لە عێراقدا ئەمە گرفتێكی گەورەی لەبەردەم پرۆسەی سیاسی‌دا درووستكردووە.
ئه‌م گرفتانه‌ی کە ده‌ستووری عێراق بۆ سەرۆكوەزیرانی درووستكردووه، بووەتە هۆی ئەوەی پرۆسه‌ی حوكمڕانی و سیاسی له‌عێراقدا له‌سه‌رخۆ و لاواز ده‌ربكه‌وێت. به‌جۆرێك له‌دوای 2006 وه تا ئێستا حكومه‌تێكی به‌هێز درووست نەبووە كه بتوانێ به‌سه‌ر گرفته ئه‌منی و سیاسی و ئیدارییه‌كاندا زاڵ بێت. بۆ نموونه ئه‌گه‌ر سه‌یری ده‌سه‌ڵاتی سەرۆكوەزیران بكه‌ین بۆ لێپێچینه‌وه و دوورخستنه‌وه‌ی وه‌زیره‌كانی كابینه‌كه‌ی، راسته سه‌رۆكوه‌زیر به‌رپرسه له راپه‌ڕاندنی كاره‌كانی وه‌زیر، به‌ڵام ناتوانێ لایبدات یاخود بیگۆڕێت ئه‌گه‌ر كه‌مته‌رخه‌مییه‌كی كرد، به‌ڵكو پێویستی به ره‌زامه‌ندی په‌رله‌مان هه‌یه. ئەمە له رووه ده‌ستوورییە‌كه‌یه‌وه هیچ گرفتێكی نییه، بەڵام لەڕووی پشكپشکێنەی سیاسی رێگری درووستدەبێت. زۆربه‌ی وه‌زیره‌كان ئه‌وه‌نده‌ی وابه‌سته‌ی ئه‌جێندایه‌كی سیاسین، ئەوەندە دەربە‌ستی به‌رنامه و ستراتیژی حكومه‌ت نابن. لێره‌دا سه‌رۆكوه‌زیران به‌رامبه‌ر هێزه سیاسیه‌كان ده‌ستبه‌ستراو و بێده‌سه‌ڵات ده‌رده‌كه‌وێت و ناتوانێ بریاری گرنگ و ستراتیژی بدات. ئه‌مه له‌وانه‌یه به‌شێكی پێوه‌ندی به‌وه‌وه هه‌بێت كە پێكهێنانی حكومه‌تی ئیئتلافیه و ئەمەش حكومه‌تێكی ته‌مه‌ڵه و ناتوانێت ببێته حكومه‌تیكی به‌هێز، چونكه زۆر ئه‌سته‌مه بتوانێ له‌ناو په‌رله‌مان بۆ دوورخستنه‌وه‌ی وه‌زیرێك كۆده‌نگی درووستبكات. سەرۆكوەزیران دەسەڵاتی پێشنیاركردنی بۆ دیاریكردنی فه‌رمانده باڵاكانی سوپا هەیە، به‌ڵام ناتوانێ به‌بێ ره‌زامه‌ندی په‌رله‌مان، به‌هۆی كه‌مته‌رخه‌میه‌وه فه‌رمانده‌یه‌كی سه‌ربازی دابنێت یاخود لایبدات. بۆیه له دوای 2005 وه تا ئێستا هیچ فه‌رمانده‌یه‌كی سه‌ربازی به فلته‌ری په‌رله‌ماندا تێنه‌په‌ڕیوه، به‌ڵكو هه‌موویان به وه‌كاله‌ت دانراون چونكه ده‌ستوور جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه كە دانانی فه‌رمانده سه‌ربازییه‌كان و به‌تایبه‌ت فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌ق به‌سه‌ره‌وه بە ره‌زامه‌ندی په‌رله‌مان دەبێت. بۆیه‌ش ده‌بینین عێراق رووبه‌ڕووی داڕووخانێكی سه‌ربازی بووه‌وه له یه‌كه‌م تاقیكردنه‌وه‌یدا كه بریتی بوو له شه‌ڕی داعش، بۆیه گرنگترین بابه‌تێك له عێراقدا نه‌بوونی هاوسه‌نگیه له سیسته‌مه‌كه. ئه‌مه سه‌ر‌باری ئه‌وه‌ی كه نه‌بوونی په‌یڕه‌وێكی كاركردن بۆ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران، ئه‌وه‌نده‌ی تر كێشه‌كانی قووڵ كردووەته‌وه. گرفتی دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵات له‌ناو ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیراندا بووەته قوربانیی رێككه‌وتن و هاوسه‌نگیی هێز له‌نێوان لایه‌نه پێكهێنه‌ره‌كانی ناو پرۆسه‌ی حوكمڕانی. پێویسته كاری سه‌ره‌كی سه‌رۆكوه‌زیرانی نوێ بریتی بێت له تێپه‌ڕاندنی په‌یڕه‌وێكی نێوخۆیی بۆ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و ناردنی بۆ په‌رله‌مان تا گرفتی دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵات له‌ناو ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیراندا كۆتایی بێت، چونكه ئێستا سه‌رۆكوه‌زیران به‌شێكی گه‌وره‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كانی بە‌بێ ره‌زامه‌ندی ئه‌نجوومه‌نه‌كه پیادە دەكات و ئه‌وەش گرفتی ناهاوسه‌نگی له‌ناو ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیراندا درووستكردووە.
هه‌موو ئه‌م گرفتانه‌ی به‌رده‌م پۆستی سەرۆكوەزیران له بابه‌تێكی گرنگه‌وه سه‌رچاوه‌یان گرتووه كه ده‌ستووری عێراقی خۆی لێ به‌دوور گرتووه. ئه‌ویش به‌دیهێنانی هاوسه‌نگیی نێوان ده‌سه‌ڵاته‌كانه له سیسته‌می په‌رله‌مانیدا. ئەمەش گرفتێكی گه‌وره‌ی بۆ سەرۆكوەزیران درووستكردووه كه ئه‌سته‌مه به‌بێ هه‌مواركردنی ده‌ستوور و بەدیهێنانی هاوسەنگی و دووركەوتنەوە لە تاكڕەوی لە بەكارهێنانی دەسەڵاتەكاندا بەدیبهێنرێت.
سه‌رچاوه‌كان:
1-د.السید صبری ، حكومە الوزارە ، المگبعە العالمیە ، مصر ، القاهرە ،1953.
2-د. محمد قدری حسن، رئیس مجلس الوزراء فی النڤم البرلمانیە المعاصرە ، رسالە دكتوراه مقدمە الی كلیە الحقوق . جامعە القاهرە،1987.
3-د. عدنان عاجل عبید، حل البرلمان فی العراق بین الافراگ والتفریگ ،مجلە البحوپ و الدراسات العربیە، القاهرە ،2013.
4-د. غازی فیصل مهدی، نصوص د‌ستور جمهوریە العراق لسنە 2005 فی المیزان، موسوعە الپقافە القانونیە ، 2008.
5- احكام و قرارات المحكمە الاتحادیە العلیا فی العراق لعام 2010، المجلد الپالپ ، 2011.
6-تقریر هیئە النزاهە فی العراق لعام 2013.
7-تقریر منڤمە الشفافیە العالمیە للعام 2011.