لێکۆڵینەوە

هەڵبژاردن و بازنەی دیموكراسی و دەسەڵاتگەرایی لە كوردستان

20-08-2018


 

RRC |

زریان رۆژهەڵاتی |

 

هه‌ڵبژاردن به‌ كۆڵه‌كه‌یه‌كی گرنگی دیموكراسییه‌كانی ئه‌مڕۆی جیهان هه‌ژمارده‌كرێت، به‌ڵام تاقه‌ فاكته‌ری دیموكراتیزه‌بوونی هیچ وڵاتێكیش نییه‌. كۆتایی دنیای دووجه‌مسه‌ری، ده‌رفه‌تی له‌به‌رده‌م گه‌شه‌كردنی دیموكراسی له‌ سه‌رتاسه‌ری جیهان كرده‌وه‌. پێشكه‌وتنه‌كانی بواری ته‌كنه‌لۆژیای گه‌یاندن و زانیاریش وایانكرد، هه‌تا نۆرم و پێوه‌ره‌كانی دیموكراسی به‌جۆرێك عاله‌مگیربن كه‌ ته‌نانه‌ت زۆرێك له‌ رژیمه‌ نالیبراڵه‌كانی دنیای ئه‌مڕۆش، له‌ مۆنارشییه‌كانه‌وه‌ بگره‌ هه‌تا رژێمه‌ ئۆتۆریته‌ره‌كان، هەڵبژاردن بكەن و به‌شێوه‌یه‌كی رواڵه‌تی ده‌م له‌ دیموكراسی بكوتن. ته‌نانه‌ت ده‌سته‌واژه‌ی هاوته‌ریبی جۆراوجۆریشی بۆ داتاشن! له‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ دیموكراسیدا، چۆنییه‌تی تێگه‌یشتن و پێناسه‌كردنی ئه‌م چه‌مكه‌ هۆكارێكی گرنگه‌ بۆ ئه‌وه‌ی رێگای ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ رژیمه‌ سیاسییه‌كانی ئه‌مڕۆ له‌یه‌كتر جیابێته‌وه‌. ده‌سته‌یه‌كی زۆر، روانگه‌یه‌كی مینیمالیستانه‌یان بۆ دیموكراسی هه‌یه‌ و ئه‌م چه‌مكه‌ زیاتر له‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن وهەبوونی چانسی تەنانەت كەمیی ئۆپۆزیسیۆن بۆ سەركەوتن كورتده‌كه‌نه‌وه‌. گرووپی به‌رامبه‌ریش زیاتر له‌وه‌ ده‌كۆڵێته‌وه‌، كە تاچه‌ند ماف و ئازادییه‌ سیاسی و مه‌ده‌نییه‌كان له‌ سیسته‌مێكی سیاسیدا ریالیزه‌ ده‌بن و به‌وه‌ش دیدگایه‌كی ماكسیمالیستانه‌ بۆ دیموكراسی فورموله‌ ده‌كه‌ن. بەڵام لە هەردوو دیدگاكەشدا، هەڵبژاردن و چۆنییەتی ئەنجامدانی هەڵبژاردن بنەمای گرنگن بۆئەوەی، رژیمێكی دیموكرات و نادیموكرات لێك جیابكرێنەوە.

هەرێمی كوردستان یەكەیەكی سیاسی تایبەتە. هەندێك بنەمای دەوڵەتبوونی هەیە بەڵام دەوڵەت نییە. لە هەمانكاتدا ناتوانین وەكوو یەكەیەكی تەواو وابەستەی دەوڵەتی عێراقیش تەماشای بكەین. هەرسێ پارێزگاكەی هەرێم خاوەنی حكوومەت و دامەزراوەی هاوبەشن، بەڵام هێشتا ئاسەوارەكانی دوو ئیدارەیی و دوو سیستەمیش لەناو ئەم یەكە سیاسیەدا ماون. بۆیە كاتێك دەمانەوێت لە كاریگەرییەكانی هەڵبژاردن لەسەر سیستەمی سیاسی هەرێمی كوردستاندا بكۆڵینەوە، پێویستە ئەو تایبەتمەندییانە لە پێشچاو بگرین. چوونكە ئەوانە راستەوخۆ كاریگەری لەسەر رۆڵی هەڵبژاردن دادەنێن. هەرێمی كوردستان هێشتا بێدەوڵەتە و ئەمەش وادەكات كە زۆرێك لە رووداوەكانی جوگرافیاكەی لەژێر كاریگەری سیستەمی سیاسی لە عێراق و سیاسەتی نێودەوڵەتی بێت كە بێشك هەڵبژاردنیش یەكێك لەوانەیە. هەڵبەت لەگەڵ ئەو سنوورانەی كە نەبوونی دەوڵەت بۆ هەرێمی كوردستانی درووستكردووە، دەرفەتی جووڵەیەكی ئۆتۆنۆمیشی هەیە و دەتوانێت وەك ئەكتەرێكی مابەینی لە نێوان ئەكتەری دەوڵەتی و ئەكتەری نادەوڵەتیدا، سیستەمە سیاسییە تایبەتەكەی خۆی رێكبخات. دوای دەستنیشانكردنی ئەو سنوورانەی كە رەنگە فاكتەری بێدەوڵەتبوون لەسەر كاریگەریی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان داینێت، پێویستە وەڵامی ئەو پرسیارە بدرێتەوە كە داخۆهەڵبژاردن چ كاریگەرییەكی لەسەر سیستەمی سیاسی هەرێمی كوردستان داناوە؟ ئەم بابەتە، لە میانی گەڕان بۆ دۆزینەوەی كاریگەرییەكانی هەڵبژاردن لەسەر سیستەمی سیاسی هەرێمی كوردستان ئەم گریمانەیە تاقیدەكاتەوە: هەڵبژاردن نەیتوانیوە دیموكراسییەكی بەردەوام لە هەرێمی كوردستان بنیات بنێت. بەڵام، رێگەی بۆ گەشەكردنی جۆرێك پلۆرالیزمی سیاسی خۆشكردووە.

ئه‌م بابەتە له‌ روانگه‌یه‌كی مینیمالیستانەوە‌ بۆ دیموكراسی له‌ كاریگه‌رییه‌كانی هه‌ڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان ده‌كۆڵێته‌وه وبه‌دوای وه‌ڵامی پرسیارەكەیدا ده‌گه‌ڕێت. بەواتایەك، ئەنجامدانی هەڵبژاردن وهەبوونی چانسێك بۆ ئۆپۆزیسیۆن كە سەركەوتن بەدەستبهێنیت، تەنانەت ئەگەر كەمیش بێت، وەك پێوەرێك بۆ جیاكردنەوەی سیستەمێكی دیموكراتیك و نادیموكراتیك لە یەكتری سەیركراوە.  وردبوونەوە لە كاریگەرییەكانی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان لەدوو روانگەوە بایەخی هەیە. یەكەمیان ئەوەیە كە لە واقعی هەرێمی كوردستانەوە، بزانین كاركردن و كاریگەریی هەڵبژاردن وەك كۆڵەیەكی گرنگی دیموكراسی لەلای ئەو نەتەوە بێدەوڵەتانەی كە جۆرێك دەسەڵاتی ناسەربەخۆی وەك ئۆتۆنۆمی یان فیدراڵییان هەیە چ جۆرێكە. خاڵیكیتریش ئەوەیە كە وردبوونەوە لە كاریگەرییەكانی هەڵبژاردن، دەتوانێت تیشكی زیاتر بخاتەسەر ئەو ئاستەنگانەی كە لەبەردەم پرۆسەی جێگیركردنی دیموكراسی(Democratic consolidation) لە هەرێمی كوردستاندا قوت دەبنەوە.

لینکی تەواوی توێژینەوەکە:

هەڵبژاردن و بازنەی دیموکراسی ودەسەڵاتگەرایی لە هەرێمی کوردستان

Share this Post

لێکۆڵینەوە