محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رۆژی 29/3/2023 بەشداری لە کۆڕبەندی (لەپێناو دیموکراسی) کرد و تێیدا باسی لە دوایین پێشهاتەکانی عێراق کرد و هەنگاوەکانی داهاتووی وڵاتەکەی خستەڕوو. سوودانی لە رۆژی دووەم دا بەشداری کۆڕبەندەکە بوو و باسی لە چەندین بابەتی جیاواز سەبارەت بە دیموکراسی لە عێراق و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پارێزگاکان و وەبەرهێنان لە کەرتی گاز کرد. رۆژی 28/3/2023 کۆڕبەندەکە دەستیپێکرد و بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت. کۆڕبەندەکە لەلایەن ئەمریکاوە رێک دەخرێت و بەشداربووانیش لەلایەن سەرۆکی ئەو وڵاتەوە بانگهێشت دەکرێن. لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست تەنیا سەرۆکوەزیرانی عێراق و ئیسرائیل بانگهێشت کرابوون.
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە گوتارەکەیدا ئاماژەی بە هەوڵەکانی عێراق کرد بۆ بەدیهێنانی دیموکراسی و جەختی لەوە کردەوە وڵاتەکەی هەوڵی "فراونترکردنی ئازادی رادەبڕین بەپێی یاسا" دەدات. هەروەها باسی لە ئامادەکاری عێراق کرد بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاکان. لەلایەکی دیکەوە هەوڵەکانی حکومەتەکەی بۆ رازیکردنی عێراقییەکان و دروستکردنەوەی متمانەی عێراقییەکان بە سیستەمی سیاسی ئێستای وڵاتەکە کرد لە رێگەی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و پێشکێشکردنی خزمەتگوزاری باشتر.
سوودانی باسی لە بڕیارێکی زۆر گرنگی حکومەتەکەی کرد کە ئەمریکا دەمێکە چاوەڕێیەتی و گوتی "حکومەتەکەمان هەوڵی خێرای داوە بۆ پەرەپێدانی کەرتی وزە و هەنگاوی راستەقینەمان ناوە بۆ وەبەرهێنان لەو گازەی لەگەڵ دەرهێنانی نەوت بەرهەم دێت. ئەمەش بە ئامانجی وەستاندنی زیانەکانی ئەم سامانە گرنگە بۆ نەوەکانی داهاتوو، بەدەستهێنانی سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ کارپێکردنی وێستگەکانی کارەبا، سێیەم، و لە هەمووی گرنگتر، کەمکردنەوەی بارگرانی پیسبوونی ژینگە". [1]
ئەمە لە کاتێکدایە وەبەرهێنان لە کەرتی نەوت و گازی عێراق بووەتە جێگەی سەرنجی چەندین کۆمپانیای وەک تۆتاڵی فەرەنسی، قەتەر ئینرجی، بەیکەر هیوز ئەمریکی و چەند کۆمپانیاییەکی دیکە. ئامانجی سەرەکی ئەو کۆمپانیانە وەبەرهێنانە لە گازی هاوەڵ لە بەرهەمهێنانی نەوت دا. ئەمریکا ماوەیەکی زۆرە چاوی لەسەر وەبەرهێنانە لە بابەتی گازی هاوەڵ و چەندین بابەتێکی دیکە.
هەوڵەکانی ئەمریکا و وڵاتانی دیکە بۆ کەمکردنەوەی سووتانی گازی هاوەڵ لە بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق دا
چەندین ساڵە ئەمریکا هەوڵی وەستاندنی سووتانی ئەو گازە دەدات کە لەگەڵ دەرهێنانی نەوت دا لە عێراق دەردێت. لە ماوەی ساڵێک دا باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق چەندین جار جەختی لەم پرسە کردەوە و هەروەها لە سەردانەکەی د.فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق بۆ واشنتن لەلایەن ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دووبارە جەخت لەسەر ئەم پرسە کرایەوە [2]و لە کۆنفراسی میونشن دا جارێکی دیکە بلینکن لەگەڵ سوودانی باسی لێ کردەوە [3]، لە رۆژی 19/3/2023 باڵیۆزی ئەمریکا دووبارە لە پەیامێیکی ڤیدیۆییدا لە چوارچێوەی بەشداریکردنی لە کۆنفراسی نێوەدەوڵەتی بەغدا بۆ گفتوگۆ ئامادەیی ئەمریکای بۆ پرسەکە دووپاتکردەوە [4]. هەوڵەکانی ئەمریکا لەم بابەتەدا ساڵ دوای ساڵ چڕتر دەبێتەوەو، وادیارە ئەمریکا سوورە لەسەر دەستپێکردنی ئەو پرۆسەیە بە زووترین کات. ئەمریکا بەم هەنگاوە دەتوانێت چەندین ئامانج بە یەک هەنگاو بەدیبێنێت بۆیەش هەر سوورە لە دەستپێکردنی.
لە پاش رووسیا عێراق خاوەن پلەی دووەمە لە سووتاندنی گازی هاوەڵی دەرهاتوو لەگەڵ نەوت دا و، بەپێی پێویست سوود لەو گازە وەرنەگیراوە. بگرە چەندین ساڵە عێراق کە دەبووایە هەناردەکار بووایە لەجیاتی هاوردەکردنی گاز، بەهۆی هەبوونی سەرچاوەیەکی بێشووماری گازەوە، کەچی عێراق رۆژانە نزیکەی 16 ملیار مەتر پێ سێجا گازی هاوەڵ بەخۆڕایی دەسووتێنێت کە دەکاتە 0.5٪ لە بڕی رۆژانەی بەرهەمهێنراو لە جیهان دا [5]. هاوکات عێراقی خاوەن 132 ترلیۆن پێ سێجای گاز، یەکێکە لە سەرەکیترین کڕیارەکانی گازی ئێران و رۆژانە 20 ملیۆن مەتر پێ سێجای گاز لە وڵاتە هاوردە دەکات [6].
هەروەها، عێراق هەوڵەکانی بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی کارەبا چڕکردەووە. لە چوارچێوەی ئەو هەوڵانەش واژۆکردنی گرێبەست بوو لەگەڵ هەر یەک لە کۆمپانیای جینراڵ ئەلکیتریکی ئەمریکی بە ئامادەبوونی باڵیۆزی ئەمریکا و سیمینزی ئەڵمانی لەکاتی سەردانەکەی سوودانی بۆ ئەڵمانیا. بەپێی پلان و رێککەوتنەکەش ئەو دوو کۆمپانیایە کار لەسەر دروستکردنی وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە رێگەی گازەوە دەکەن. ئەمەش پێداویستییەکانی عێراق لەڕووی گازەوە زیاتر دەکات.
جگە لە زیانە دارایی سووتاندنی ئەو گازە، کاریگەرییەکی یەکجار خراپی لەسەر ژینگەی عێراق هەیە. هەروەها بەپێی ئەو بەڵێننامەی بانکی جیهانی کە عێراق لە 2017 واژۆیکردووە و بەڵێنیداوە تاوەکو ساڵی 2030 سووتاندنی گازی هاوەڵ کۆتایی پێبێنێت [7].
ئەمریکا و ڵاتانی رۆژئاوا لە کابینەی حەیدەر عەبادییەوە بە چڕی کارەیان لەسەر ئەم پرسانە کردووە و لە کابینەکەی کازمی گەیشتنە قۆناخی رێککەوتن و دواتر لە حکومەتەکەی سوودانیش دەست بە واژۆکردنی ئەو رێککەوتنانە کرا کە هەندێکیان هەوڵی پەکخستنیان بۆ دەدرا. رێککەوتن و وەبەرهێنانی عێراق لەم بابەتەدا پرسێکی زۆر گرنگە و کاریگەرییەکی یەک جار زۆری لەسەر داهاتووی عێراق لە زۆر رووەوە دەبێت. ئەگەر ئەو کۆمپانیانە سەرکەوتووبن و بتوانن سووتانی گازی هاوەڵ نەهێڵن یان کەمی بکەنەوە، کاریگەرییەکی یەک جار زۆر ئەرێنی لەسەر ژینگەی وڵاتەکە دەبێت. هەروەها پشتبەستنی عێراق بە گاز و کارەبای ئێران بەشێوەیەکی یەکجار زۆر لە ماوەیەکی نزیکدا کەم دەکاتەوە. بگرە نیازەکانی عێراق لەوە زیاترە و پلانی هەناردەکردنی گازیان بۆ ئەوروپا هەیە.
وەبەرهێنەرانی گازی هاوەڵ و پەرەپێدەرانی کێڵگە گازییەکان لە عێراق کێن؟
ئێستا هەر یەک لە شێڵی بەریتانی، میستیبۆشی ژاپۆنی و کۆمپانیای گازی باشوور لە چوارچێوەی کۆمپانیای گازی بەسرە کار لەسەر وەبەرهێنان لەو گازەدا دەکەن. هەروەها لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا سوودانی لەسەردانەکەی بۆ فەرەنسا تاوتوێی چەندین پڕۆژەی لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا کرد و یەکێکیش لەو پڕۆژانە پەیوەستە بە کۆمپانیای تۆتاڵی فەرەنسی کە بڕکەی دەگاتە 27 ملیار دۆلار. پڕۆژەکەی تۆتاڵ چەندین ساڵە پەکدەخرێت، بەڵام پێشبینی دەکرێت بەم زووانە تۆتاڵ پڕۆژەکە بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای قەتەر ئێنرجی وەربگرێت و دواتر گرێبەستەکەیان لەگەڵ عێراق واژۆبکەن. هەروەها رێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیای بەیکەر هیوز ئەمریکی بۆ کارکردن لە کێڵگەکانی ناسرییە و غەراف بەم نزیکانە واژۆ دەکرێت. لەلایەکی دیکەشەوە عێراق لەگەڵ چەند کۆمپانیاییەکی چینی هیشتا لە گفتوگۆدایە. جگە لەوە لە رۆژی 22/2/2023 عێراق گرێبەستێکی 5 ساڵەی لەگەڵ کۆمپانیای کرێست پترۆلیۆمی ئیماراتی واژۆکرد بۆ وەبەرهێنانی نەوت و گازی سرووشتی لە هەر یەک لە پارێزگاکانی دیالە و بەسرە. کرێست پترۆلیۆم بە تەنیا ئەم پڕۆژەیەی وەرنەگرتووە و بگرە هاوشێوەی تۆتاڵ ئەویش هاوبەشی هەیە. کۆمپانیای جیۆ جەیدی چینی و یونایتد ئێنرجی گرووپی پاکستانی هاوبەشی کرێستن لە پڕۆژەکەدا [8].
دریژەدان بەم وەبەرهێنانە کارێکی ئاسان نابێت بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق و پێدەچێت بەم نزیکانە سەردانێکی واشنتن بکات و لەسەر ئەم بابەتە چەندین گرێبەست و رێککەوتننامە لەو وڵاتە واژۆبکات. ئەو پرسانەش کە بەلای ئەمریکاوە گرنگن رێککەوتنیان لەگەڵ عێراق لەسەر بکات، بریتین لە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، پارە سپیکردنەوە، وزە، گۆڕانکاری کەشوهەوا، کێشەی ئاو و شەڕی دژی داعش.
دەستپێکردنی ئەو پڕۆژانە و واژۆکردنی ئەو گرێبەستانەی هێشتا واژۆنەکراون دەبنە خاڵێکی وەرچەرخان نەک تەنیا لە ئابووری عێراق، بەڵکو لە نەخشەی وزەی جیهانیشدا. ئەمەش بێگۆمان کاریگەرییەکی راستەوخۆی لەسەر پەیوەندییە ئابووری و سیاسییەکانی عێراق لەگەڵ ئێران و وڵاتانی رۆژئاوا دەبێت. بە شێوازێک پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی کەنداو و رۆژئاوا بەهێزتر دەکات. عێراقیش لە هاوردەکارێکی گازی ئێرانییەوە دەبێتە بەرهەمهێنەرێکی گاز، لەکاتێکدا ئەوروپا و ناوچەکە پێویستی بە گازەکەی هەیە. لە هەمووی گرنگتریش وەک ئەوەی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی پێدا و ئەمریکا چەندین جار باسی لێکرد، نەهێشتنی سووتانی گاز کاریگەری دەبێت لەسەر کەمکردنەوەی پیسبوونی ژینگەی عێراق.
[1] https://www.youtube.com/watch?v=siZJtckWX3w
[2] https://iq.usembassy.gov/joint-statement-on-the-u-s-iraq-higher-coordinating-committee/
[3] https://www.state.gov/secretary-blinkens-meeting-with-iraqi-prime-minister-al-sudani/
[4] https://twitter.com/USAmbIraq/status/1637418488531697664
[5] https://epc.ae/en/details/featured/gas-flaring-in-iraq-structural-issues-geopolitical-players-and-policy-implications
[6] https://www.alarabiya.net/aswaq/oil-and-gas/2022/10/09/%D8%A7%D9%84%D8%B9%D8%B1%D8%A7%D9%82-%D9%8A%D8%B9%D9%84%D9%86-%D8%B9%D9%86-%D9%85%D9%81%D8%A7%D9%88%D8%B6%D8%A7%D8%AA-%D9%84%D8%B2%D9%8A%D8%A7%D8%AF%D8%A9-%D9%88%D8%A7%D8%B1%D8%A7%D8%AF%D8%A7%D8%AA-%D8%A7%D9%84%D8%BA%D8%A7%D8%B2-%D9%85%D9%86-%D8%A7%D9%8A%D8%B1%D8%A7%D9%86
[7] https://www.swissinfo.ch/ara/afp/%D8%A7
[8] https://www.agenzianova.com/en/news/iraq-lemiratina-crescent-petroleum-awarded-three-oil-and-gas-contracts/