بەشەکان
پوخت
ئەم لێکۆڵینەوەیە هەوڵدەدات دڵی عێراقی شیعە و کارلێکە سیاسیيەکانی تاوتوێ بکات بەو پێیەی کە یەکێکە لە گرنگترین هەرێمە جوگرافییەکانی سەر نەخشەی ئەم وڵاتە. ئەم چوارچێوەیە بەچەند لایەنێکی گرنگ دەور دراوە و بەهۆی پێگە جوگرافییەکەی و سنوورە هاوبەشەکەی لەگەڵ گرنگترین دەوڵەتی ناوچەکە-ئێران- کە کاریگەری دەکاتە سەرسروشتی ئەو پێشهاتانەی لە چوارچێوەی شوناسی شیعەدا دەگوزەرێن و کاریگەریشی لەسەر بەرهەمهێنانی گۆڕانکارییە سیاسییەکان و سیستەمی حوکم لە ساڵی ٢٠٠٣ وە هەیە. بەشێکی زۆری تەوەرەکانی ئەم بابەتە لەو گرنگیە دەکۆڵێتەوە کە ئەو رێچکانە نوێنەرایەتی دەکەن هێزە سیاسی ، ئایینی و ناڕەزاییەکان پێکیدێنن و ئەو رێبازە دروست دەکەن کە دڵی شیعە لە بنیاتی دەوڵەتی عێراقیدا لەخۆی دەگرێت. بۆ گفتوگۆکردنی رێچکەکان جەخت لەسەر گوتاری دەوڵەت، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و دژایەتیکردنی ئەکتەرەکانی سەرووی دەوڵەت دەکرێتەوە کە لە رێگەیدا سیستەمێک دەخولقێنێ بۆ هارمۆنیەتی زیاتر لە دیاریکردنی سروشتی ریفۆرمی سیاسی و شێوەی حکومەت کە پێکهاتەی شیعە –بە حوکمی ئەوەی زۆرجار دەبێتە گەورەترین کوتلە لە هەڵبژاردنەکاندا- بە هاریکاری و تەوافوق لەگەڵ هێزە سیاسییەکانی تری عێراقدا حکومەت پێکدێنێ. ئەم لێکۆڵینەوەیە دەگاتە ئەوەی کە ململانێی ئەم رێچکانە لە شارە سەرەکییەکان لە دڵی عێراقی شیعەدا ، دەبێتە هۆی لاوازکردنی رۆڵی سەرۆکوەزیران و تووشکردنی تەواوی کابینەکەی بە کێشە. لە هەر رووبەڕووبوونەوەیەکی حکومەتدا دەبێت بیر لە چۆنیەتی کارکردن لەسەر درووستکردنی جۆرێک لە هاوسەنگی لە نێوان ئەوهێزانە بکرێتەوە کە ئەم جۆرە کاریگەرییەیان لە ناوچەکانی باشووری عێراقدا هەیە. ئەم ئەرکە ئەستەم نییە لە حاڵەتێکدا ئەگەر تیمێکی حکومیی گونجاو بەپێی ئەم ئەولەویەتە کاربکات.
پێشەکی
ئەم لێکۆڵینەوەیە ناوچەی دەشتایی بەپیت تاوتوێ دەکات- بە تایبەت باشووری عێراق کە بەشێکی گەورەی پێکدێنێ- بەو مانایەی کە چوارچێوەیەکی جوگرافی باڵایە و لەسەر نەخشەی عێراق گرنگیی خۆی هەیە. ئەم چوارچێوەیە بە بڵاوبوونەوەی زۆرینەی پێکهاتەی شیعە لە شارە سەرەکیەکەی دیاریکراوە، کە دیاردەیەکی گرنگ لەسەر ئاستی لێکدانەوەی مەنهەجی پێکدێنێت بۆ رۆڵی ئەم چوارچێوەیە لەناو ئەو کارلێکردنانەی بەشێوەیەکی هەڵبژێردراو و لەناو کۆمەڵگادا لە سیاسەتی عێراقی دوای ٢٠٠٣دا بەرهەم دێن.
ئەم لێکۆڵینەوەیە هەوڵدەدات بەدواداچوون بۆ گرنگترین رێچکەکان بکات کە لە سەر ئەم شانۆ جوگرافیە کاریگەری درووستدەکەن و عادەتەن بە سرووشت فرەڕەنگن و شێوەی سەرەکی لە تایبەتمەندێتیە دینی و مەدەنییەکان وەردەگرێت کە بواری فراوانی زیندوو و بەیەکداچوو لە بنیاتی شارە گەورەکان درووستدەکەن کە سرووشتی گۆڕانەکان لەم جوگرافیا سیاسیە فراوانە دیاریدەکەن. بۆیە هەوڵدەدەین لە بۆچوونی ئەکتەرە سەرەکیەکانی ئەوێ تێبگەین و بزانین چۆن ئەم مەساحە سیاسیە- کۆمەڵایەتیە هاوبەشە درووستدەکەن کە ئامادەییەکی روونی لە دیاریکردنی سرووشتی حکومەت و شێوازی مامەڵەکردنی لەگەڵ تایبەتمەندییە عێراقییەکان لە ئیدارەدانی حوکمدا هەیە. رێچکەی سیستانی لەسەرەتای رێچکەکان دێت. چونکە قورساییەکی راستەقینەی هەیە لە بەیانکردنی کاریگەری عەقیدەیی کە خۆی لە دەسەڵاتی مەرجەعیەتی نەجەفدا دەبینێتەوە و هەروەها لە بەشداریکردنی درووستکردنی رووداوەکان لە مێژووی سیاسی عێراقیشدا كاریگەری هەیە و ئەمڕۆش، گۆڕانی گرنگ لە عێراقی دوای ٢٠٠٣ دا درووست دەکات. ئەوەی پێویستە بزانرێت ئەوەیە لە دڵی عێراقی شیعەدا، لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقی و شوناسی نیشتیمانی پێکهاتەی شیعەدا چی دەوێت و مەودای بەیەکگەیشتن و دابڕانی لەگەڵ رێچکەکانی تردا چۆنە و ئەم ئەکتەرە- کە لەپێکهاتەیدا ئاڵۆزە- لە داهاتووی عێراقدا چۆن بەشداری دەکات.
ئەم لێکۆڵینەوەیە لەو گریمانەیەوە سەرچاوەی گرتووە کە تەئکید دەکاتەوە لەسەر ئەوەی ناکۆکیی رێچکەکان لە دڵی عێراقی شیعەدا پەیوەستە بەو تێڕوانینەی بۆ ئەرکێک کە پێویستە ئەم بەشەی عێراق کاری پێبکات. ئەم جیاکردنەوەیە پاڵنەری نێوخۆیی هەیە کە پێوەندیی ئەندامی لەگەڵ رۆڵی ئێران لە عێراق و چۆنیەتی گۆڕانکارییەکان لە میزاجی سیاسی و شەعبی لەلای نوخبەی گەنج لەم جوگرافیایەدا هەیە. زۆر لە رێچکەکان پێیانوایە كە پێویستە جارێکی دیكە پێوەندی لەگەڵ ئێرانی هاوپەیماندا رێکبخەنەوە و سرووشتی گۆڕانکارییە نوێیەکان لە عێراقدا لەبەرچاو بگیرێن.
ئەمە هەمووی سێبەرێک لەسەر ئەو کێبڕکێیانە درووستدەكات کە لەنێوان هێزە سیاسیەکان لە شارە سەرەکییەکانی ئەم دڵەدا روودەدەن. هەموو هەوڵدەدەن لەسەر حسابی نەیارەکەیان لەڕووی هەڵبژاردن و کۆمەڵایەتی و سیاسیەوە گەورەتر بن، کە ئەمە حاڵەتی نەهێشتنی پێکەوەگونجان لە باشووری عێراق درووستدەکات – لە حاڵەتی نەبوونی کۆنترۆڵ بەسەر کارلێکردنەکانەوە- دەبێتە هۆی پێکدادانی چەکداری کە کۆنترۆڵکردنی ئەنجامەکانی بەسەر دەوڵەتی عێراقیەوە قورس دەبێت. بەدڵنیاییەوە هەموو ئەم پێدراوانە پێوەندییەکی گرنگیان بە ناکۆکیەکانی نێوان ئەم هێزانەوە هەیە لەسەر دیاریکردنی شوناسی سەرۆکوەزیران و بەرنامەی حکومی و کابینە وەزاریەکەی کە سەرۆکایەتی دەکات.
یەکەم: دڵی عێراقی شیعە
عێراق لە رووی جوگرافییەوە –لە رووی سروشتییەوە- بۆ چوارهەرێمی جیاواز لە رووی تایبەتمەندیی تۆپۆگرافی دابەش دەبێت کە هەرێمی چیای ئیلتیوائی نوێ بە ڕێژەی ٥،٢% لە رووبەری گشتیی عێراق لە باکوور و باکووری رۆژهەڵاتی عێراق لە خۆدەگرێت، ناوچەی شەپۆلاوی (ناوچەی دەریا) کە دەکاتە رێژەی ١٤،٨%، هەرێمی دەشتاییە بەپیتەکان لە باشوور کە رێژەی ٢٠،٥% پێکدێنێت، دواجاریش هەرێمی بەرزاییەکانی سەحراوی لە رۆژئاوای عێراق کە رێژەی ٥٩،٥% لە هەموو رووبەری عێراق پێکدێنێ.(شەلال،١٩٦٨) جوگرافیای عێراق وەکو حەوزێکی گەورە وایە کە دەشتی بەپیت پێگەیەکی گرنگتری تێدا هەیە (فرێنکین،٢٠٠٨).
ئەوەی لێرەدا پێویستە ئاماژەی بۆ بکرێت، ئەوەیە كە هەندێک لە سەرچاوەکان دیمەنە سروشتیە-تۆپۆگرافیەکانی عێراق دابەشدەکەن بۆ چەند بەشێکی ئاڵۆزتر! بەڵام لە چوارچێوەی قسەکردن لەسەر هەرێمە سروشتییەکانی رابردوو دەمێننەوە لەگەڵ ئاماژەدان بە لق و بەشەکانیان بەپێی درێژبوونەوە جوگرافیەکانیان ( سەیری نەخشەی ژمارە یەک بکە) کە بە روونی دیارە ناوچەی باشووری عێراق بەشێکی گەورەیە لە جوگرافیای ئەم دەشتە، بەهۆی ئەمەوە عێراق ناوێکی مێژوویی وەك (زەویی رەشایی) پێدرا بەهۆی چاندنی زۆری دارخورما لەو بەشانەدا، کە بووە سەرچاوەی گەشەکردن و بەپیتی لە شارستانیەتی دۆڵی رافیدەیندا.
لەگەڵ ئەوەشدا کە سەرچاوەکان بۆ دیاریکردنی سنوورە جوگرافییەکانی ناوچەی دەشتی بەپیت جیاوازن، بەڵام جەخت کراوەتەوە لەسەر ئەوەی سنووری باکووری ئەم دەشتە لە هێڵی خەیاڵی درێژدەبێتەوە و بە باکووری شاری بەلەد بۆ باشووری سامەڕا- لەسەر رووباری دیجلە بۆ باشووری شاری هیت لەسەر رووباری فورات دەڕوات. لەکاتێکدا سنووری رۆژهەڵاتی بەئاڕاستەی خاکی ئێران درێژدەبێتەوە، سنووری رۆژئاوای بەئاراستەی سنووری بەرزاییەکان و سنووری باشووریشی بەرەو کەنداوی عەرەبی درێژ دەبێتەوە (سەعدی،٢٠٠٨). لەم چوارچێوەیەدا بەشێکی زۆری خاسیەتەکانی هێزی جوگرافیای عێراقی تێدا چڕبووەتەوە کە رووباری دیجلە و فوراتی پێدا تێپەڕدەبێت. هەروەها زۆربەی سامانی نەوتی عێراق لەوێدا کۆبووەتەوە. ئەمە لە قورسایی دانیشتووانی ئەم ناوچەیەدا رەنگیداوەتەوە کە هەندێک لێکۆڵینەوە دەڵێن چڕیی دانیشتووان تیایدا سێبەشی رێژەی گشتی دانیشتووانی عێراق پێکدێنێ.( لیژنە، ٢٠١٢)
ئەمەش ئەوە دەردەخات کە چۆن ئەم بەشە جوگرافیە- بە بەراورد بە رووبەری گشتیی عێراق- چڕیی زیاتری دانیشتووان پێکدێنێ و رێگە بە بەرهەمهێنانی هاوکێشەی سیاسی گرنگ لە چوارچێوەی کارلێکە جیۆپۆلەتیکیەکان دەدات کە لە نێوخۆی عێراق لە ٢٠٠٣ بەدواوە روویانداوە و گۆڕینی بۆ سیستمێک کە باوەڕی بە هەڵبژاردنەکان و درووستکردنی حکومەت وپەرلەمانەکان هەبێت. فاکتەری دانیشتووان رۆڵێکی گەورە دەبینێت لە دیاریکردنی ئاڕاستەی جوگرافیی هەڵبژاردن و نەخشەی هاوپەیمانێتیەکانی نێو پەرلەمان و لێکەوتنەوەی ئەو چەمکانەی ئەو لایەنە دیاریدەکەن کە زیاتر بەسەر بنەماکانی پێکهێنانی حکومەت و بەتایبەتیش هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیراندا زاڵ دەبێت.
لەم بەشەی عێراقدا بەشێکی زۆری زەوی کشتوکاڵیی بەپیت هەیە کە بەدرێژایی رووباری دیجلە و فورات دەڕوا و ناوچەیەکی بەپیت بۆ هەموو هەرێمەکانی عێراق درووستدەکات. ئەمە بووە هۆی هاندانی ئەوەی حکومەتەکانی عیراق ئەم بەشە بگۆڕن بۆ بەشێکی گرنگی پیشەسازی ئاسایشی خۆراکی. ئەمە وایکرد حکومەتەکانی عیراق دەست بکەن بە جێبەجێکردنی سیاسەتی توند لەپێناو مسۆگەرکردنی زاڵبوونی تەواو لەسەر ئەم جوگرافیایە بۆ ئەوەی ئەم ناوچەیە لە گوێڕایەڵیکردن بۆ دەسەڵاتە مەرکەزییەکانی بەغدا لانەدات.
لەڕێگەی ئەم هەرێمە جوگرافیەوە عێراق دەتوانێت لەڕێی دەریاوە پەیوەندی لەگەڵ ناوچەی کەنداو و باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا لەڕێی ئاوەکانی شەتوڵعەرەب بکات، کە هۆکاری درووستبوونی یەکێک لە ناکۆکییە خوێناوییەکان بوو لە مێژووی تازەی عێراقدا لە ساڵانی هەشتاکان و تائێستاش لە سروشتی کارلێکی عێراقی- ئێرانی بەرامبەر باشووری عێراق ئامادەیە.
لە جوگرافیای سەربازیی عێراقدا، ئەم دڵە هەمیشە سەرچاوەی نیگەرانیی حکومەتەکان بووە و بەهۆی تۆپۆگرافیەکەیەوە، هەمیشە لای بڕیاربەدەستان قورساییەکی گەورەی هەبووە و نیگەران بوون لەوەی چۆن لە هەر رۆڵێکی ناوچەیی، بەتایبەتی ئێران و دەوڵەتانی کەنداو بیپارێزن.
لەوبارەیەوە هەندێک لە بەڵگەكانی ئاژانسی هەواڵگریی ئەمریکا ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە باشووری عێراق لە رووی جیۆپۆلەتیکەوە چەند گرنگە. هەروەها کاریگەریی سیاسەتەکانی بەعس و دەرفەتی مومارەسەکردنی سیاسەتەکان کە کار بکاتە سەر پێکهاتەی شیعە و لە رووی سیاسی و کۆمەڵایەتیەوە بیانخاتە ناو سیستمی دەوڵەت و بەگشتی کاریگەری دابنێت بۆ ئەوەی عێراقێکی بەهێز دروست ببێت کە بەسوودبێت بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆرئاوا و توانای رووبەڕووبوونەوەی بڵاوکردنەوەی بیرۆکەی شۆڕشی ئیسلامی کە لە ١٩٧٩ لە ئیران سەریهەڵدا. یەکێک لە بەشەکانی ئەم راپۆرتە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە دوژمنایەتیکردنی پێکهاتەی شیعە بۆ دەسەڵات لە بەغدا یەکێکە لەو خاڵە گرنگانەی پێویستە حکومەتی بەعس بەسەریدا زاڵبێت لەکاتی پێکدادانیدا لەگەڵ ئێران. سی ئای ئەی،٢٠١٢)
ئەگەر عێراق بەهۆی ئاڵۆزی نەخشەی جوگرافیەوە لە رووی سروشتییەوە شوناسی بۆ دروست بووبێت، جوگرافیای مرۆڤ لەم وڵاتەدا وا دەردەکەوێت کە ئاڵۆزتر بێت. ئەمەیان وێنەیەکی هەمەڕەنگە لە خەڵک بە پێکهاتەی دینی، تایفی و ئیتنییەوە کە رۆڵێکی گرنگی هەیە لە وێناکردنی خەسڵەتە سەرەکییەکانی ئەم جوگرافیایە. زۆر لە لێکۆڵەرانی تایبەتمەند لە کاروباری عێراق، جوگرافیای عیراق دابەش دەکەن بۆ سێ هەرێمی دانیشتووانی گرنگ، بە تایبەت لە دوای سەرکەوتنی گروپە تایفی و ئیتنیەکان لە سیاسەتی عێراقی دوای ٢٠٠٣ دا بۆ سێ شوناسی عێراقی، ئەو ناوچانەی پێکهاتەی عەرەبی-جەعفەری ” دوانزە ئیمامەکەی شیعە” یان تێدایە، ئەو ناوچانەی پێکهاتەی عەرەبی- سوننەیان تێدایە، دواجاریش ئەوەی کە کوردی تێدایە (سەیری نەخشەی ژمارە ٢ بکە) ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت نکۆڵی لە بوونی ژمارەیەک شاری گەورە بکەین کە لەرووی دانیشتووانەوە تێکەڵە لە هەموو ئەم پێکهاتانە، بەڵام ئەو دابەشکارییەی لە سەرەوە ئاماژەی بۆ کراوە لەسەر ئەساسی ئەوەیە کە چ جۆرە پێکهاتەیەک زۆرینەیە لەهەر یەکێک لەو ناوچانەدا.
سەبارەت بە رێژەی پێکهاتەی شیعە لە عێراقدا ناجێگیرییەکی کەم هەیە لە سەرچاوەکاندا، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی سەرژمێریی ورد و ئاشکرای دانیشتووان کە قەبارەی پێکهاتەکان دەربخات، بۆیە دەسەڵاتدارانی عێراق- لە دروستبوونیەوە لە ١٩٢٠- نایانەوێت قسە لەسەر راستیەکانی ژمارەی دانیشتووانی عێراق بکەن بەشێوەیەکی روون و ئاشکرا بەبیانووی نا بۆ ورووژاندنی تایفیەت. ئەم قەیرانە گەورەتر و خراپتر بوو لە سەردەمی دەسەڵاتی سەربازی و رژێمی بەعس بەدرێژایی سێ دەیە تا دواتر لە ٢٠٠٣ دا تەقییەوە و ئەوە دەرکەوت کە مامەڵەنەکردن و نەدانی ژمارە لەسەر پێکهاتەیەکی گرنگ چەندە هەڵەیەکی گەورە بووە.
هەندێک سەرچاوە ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن پێکهاتەی شیعە ژمارەیان دەگاتە ٥٥% کە زۆرینەن لە ناو پێکهاتەکانی عێراقدا (عەلەوی،١٩٩٠) هەندێک سەرچاوەی دیکە دەڵێن رێژەیان لە نێوان ٦٠-٦٥%.
بەگەڕانەوە بۆ نەخشەکان (ژمارە ١-٢) دەبینین هاوشێوەیی گەورە هەیە لەنێوان شارەکانی دەشتایی بەپیت- باشووری بەغدا- و ناوچەکانی زۆرینە شیعە لە دانیشتووانی ئەم وڵاتە، شیعە تایبەتمەندیی گرنگ بەم دڵە جوگرافیە دەبەخشێ لە دیاریکردنی خەسڵەتە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان کە لە مێژوودا کاریگەریی گرنگیان هەبووە لە پێکهاتەی شوناسی عێراقی و ئەوەی لە سروشتی ئەم ناوچەیەدا روودەدات کە بەبێ پێکهاتەی شیعە شتێک نەدەبوو بە ناوی ”دەوڵەتی عێراق”. لێرەدا ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە جوگرافیای سیاسی لۆکاڵی دەبێتە هۆی دیاریکردنی تایبەتمەندییەکانی ئەوەی لە تەواوی ئەم هەرێمەدا روودەدەن. کاریگەریش دەکاتە سەر سروشتی میزاجی سیاسی شەعبی بە گشتی، بۆیە ئەو ئالیەتانە دیاریدەکات کە پێکهاتەی شیعە رۆڵی پێدەبینن لە دیاریکردنی داهاتووی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا.
لە دوای شکستی رژێمی بەعس لە ٢٠٠٣، دەرگای فراوان لەبەردەم بۆشاییەکی گەورە لە مەسەلەی سەرکردایەتیکردنی وڵات کرایەوە کە هاوکات بوو لەگەڵ دەرکەوتنی تایفەکان لە عێراقدا ( ئەلمەراشی، ٢٠١٨) پێکهاتەی شیعەش لەم کێشە تایبەتە بەدەر نەبووە، بەتایبەت کە قەبارەی گەورەی دانیشتووانی هەبووە و دواتریش جیاوازی لە بۆچوونی سیاسی و پرۆژەی حزبی بەدوادا هات، ئەمانە هەموو بوونە هۆی دروستکردنی دۆخێک کە دیمەنێکی باڵای ئاڵۆزی لەم جوگرافیایەدا لێکەوتەوە.
بیرۆکەی دروستکردنی هەرێمی پێکهاتەکان لە بۆشاییەوە نەهات. بەڵکو هاوکات بوو لەگەڵ بیرۆکەی ناکۆکیی پێکهاتەکان لەسەر دەسەڵات لەو ماوەیەدا (مەسعود، ٢٠٠٦). ئەوەی کە زۆر مەترسیدارترە ئێستا- دوای پاشەکشەیەکی گەورە لە ناکۆکی پێکهاتەکان- لە ئیمکانیەتی گواستنەوەی پێکدادانەکەدایە بۆ قۆناغێکی نوێ کە مەترسیدارترە لەسەر داهاتووی عێراق، ئەویش ئەگەری روودانی پێکدادانە لەناو هەریەکێک لە پێکهاتەکاندا. ئەوەی ئێستا لە دڵی عیراقی شیعەدا خراپتر دەردەکەوێت، ئەوەیە ئەگەر قۆناغی رابردوو لە عێراقی سەردەمی سەدامدا گریمانە لەسەر ئەوە بووبێت بە هاندان و ترساندن پێکهاتەی شیعە رابکێشێت- دۆخی عێراق لە دوای ٢٠٠٣ زۆر لەم هاوکێشانەی گۆڕی، پرسیارەکە ئەوەیە ” کێ لە هێزە سیاسیە شیعیەکان دەتوانێت سیاسەتی راکێشان پیادە بکات؟ لە بەدەستهێنانی ئەقڵ و دڵەکان لەم جوگرافیایەدا (ناوچە شیعیەکان لە باشوور) و چۆن رەنگدانەوەی لەسەر داهاتووی دەوڵەتی عێراق دەبێت؟”
دووەم: رێچکە سەرەکیەکان لە دڵی عێراقی شیعەدا
ئەوەی لە جوگرافیای شیعە و لە ٢٠٠٣ وە دەگوزەرێت، پرۆسەی پێکهێنانی رێچکە سەرەکیەکانە کە بەشدارن لە ئاراستەکردنی هەڵوێستەکانی کۆمەڵگا لەناو ئەم جوگرافیایە لە چەندین مەسەلەدا کە پەیوەندی راستەوخۆیان بە تێڕوانینی بیرۆکەی دەوڵەت و بەرگریکردن لێی هەیە، دواتریش بە یەکبوون و لەتبوونەوە لە پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتەکان لە دوای ٢٠٠٣ وە هەیە. ئەم دیمەنە بەشێوەیەکی کاریگەر بەردەوام ئامادەیی دەبێت لە ساڵانی داهاتوودا لە تەمەنی- ئەزموونی سیاسیدا- ئەگەر بەردەوام بێت لەسەر هەمان ئەو بنەمایانەی خەسڵەتەکانی پێداڕێژراوە لەرێگەی رێککەوتنی حزبەکان کە خۆیان بە نوێنەری شەرعی و هەڵبژێردراوی تایفەکان و ئیتنیکەکان ناساندووە لە عێراقدا.
لەمبارەیەوە زۆر لە شارەزایانی شیعیزم لەعێراقدا پێیانوایە ئەم پێکهاتەیە – لە رووی مێژووییەوە- رۆڵێکی گرنگی گێڕاوە لەوەی بەرگریکردنی لە شوناسەکەی لە چوارچێوەی جوگرفیا ناوچەییەکەی شیعیزمدا نەبووە، بەڵکو لە چوارچێوەی شوناسی عێراقیدا بووە بەدەر لەوەی رووبەڕووی توندوتیژی و پێشێلکاری بووەتەوە لەلایەن رژێمە دەسەڵاتدارەکانی عیراقەوە.
رێچکەی سیستانی
دەسەڵاتی سەردەمی بەعس، باش لە پێوەندیی بەهێزی نێوان جوگرافیای شیعە و مەرجەعیەتی نەجەف تێگەیشتبوو. لەبەر ئەوەش گشت ئامرازەکانی بەردەستی بۆ کەمکردنەوەی رۆڵی نەجەف لە کارلێکەکانی ئەو ناوچەیەدا تەرخانکرد. قۆناخی پاش ٢٠٠٣، هاوکێشەکانی بەڕادەیەکی زۆر هەڵگێڕایەوە و ئەمڕۆ مەرجەعیەت دیارترین رۆڵ لە داڕشتنی دیمەنی رووداوەکان لەو سنوورە جوگرافییە گرنگ و خاوەن قورساییە لە داڕشتنی دۆخی عێراقدا بەگشتی دەگێڕێت. لێرەدا سیستانیزم رۆڵێکی کاریگەری لە داڕشتنی پێناسی شیعەی نیشتمانی هەروەها لە ئاراستەکردنی سیستمی سیاسی لەم سەردەمەدا هەیە. سەرباری ئەو رەخنە و تۆمەتانەش کە لەلایەن هەندێکەوە ئاراستەی ئەم رۆڵە دەکرێن، ئەو گرنگییەی خۆی پاراستووە.
ئەمە قۆناخێکی نوێی لە مێژووی سیاسیی عێراق لە چوارچێوەی مامەڵەکردنی دەوڵەت لەگەڵ کۆمەڵگەدا بەرهەمهێناوە. یەکێک لەو تایبەتمەندییە بنەڕەتییانەی بوونی سیستانی لە دیمەنی عێراقی پاش ٢٠٠٣ دا بەرهەمی هێناوە، لە سیمبۆلیزمی گرنگی ئەودا خۆی وێنا دەکات، کە تاڕادەیەکی زۆر بەشداریی لە کارکردنە سەر بنیاتی کۆمەڵایەتی – سیاسیی زۆرینەی رۆڵەکانی ئەم پێکهاتەیەدا هەبووە. ئەمەش بووە مایەی زیندووکردنەوەیەکی کاریگەری چەمکی سەرکردایەتیی ئاینی کە لەڕووی مێژووییەوە لەم هەرێمە جوگرافییەدا کاریگەر بووە (مار، ٢٠٠٦).
سیستانیزم، لەسەرەتاوە هەوڵی پاڵنانی کۆمەڵگەی شیعەی بەرەو کارکردن بۆ پێڕەوکردنی هەڵسوکەوتی پەیوەست بە سیستەمێکی هەڵبژاردنی پەرلەمانی بۆ بەڕێوەبردنی عێراق داوە، کە لەگەڵ ئاڵۆزییە نێوخۆییەکانی ئەو کۆمەڵگەیە گونجاو بێت. بەمەش هەوڵی دامەزراندنی هەندێ بنیاتی کۆمەڵایەتیی داوە کە بەهاکانی ئەو بەسەر کەشی سیاسیی شیعەدا بسەپێنن، بەڵام زۆربەی جاران رووبەڕووی کۆمەڵە سیاسییەکی گەندەڵ بووەتەوە کە لەسەر حیسابی بەرژەوەندی گشتی و لەڕێی قۆستنەوەی بیرکردنەوەی سادە و سۆزی ئاینیی خەڵکەوە هەوڵی گەیشتنیان بە دەسکەوتی تایبەت داوە.
رێچكەی سیستانی شانبەشانی گەڕانەوە بۆ مەرجەعیەتەکانی نەجەف لە کاروباری ئاینیدا، هەوڵی جۆشدانی کۆمەڵگەی بە بیرۆکەی بڕواهێنان بە رۆڵی دەوڵەت داوە ئەگەر دادوەر بێت. هەرچەندە لە زۆر بۆنەدا جەختی لەوە کردووە کە خوازیاری دەوڵەتێکی نادەستووری نییە و نایەوێت لە عێراقدا دەوڵەتێکی ئاینی هەبێت کە بەپێی مەزهەبی جەعفەری حوکمڕانی بکات، لەبەر ئەوەی ئەم وڵاتە لەڕووی پێکهاتەی ئاینی و ئاینزاییەوە خاوەن پێکهاتەیەکی زۆر ئاڵۆزە. لە بەرامبەردا جەختی دەکردە سەر ئەوەی نابێت بەهاکانی دەستوور بەڕادەیەکی زۆر لەگەڵ کۆمەڵگای عێراق و ئایدیۆلۆژیا جۆراوجۆرەکانیدا دژبەر بن (رەحیمی، ٢٠٠٧)، بەمەیش زۆرجار پێناسی نیشتمانیی عێراقی دەخستە سەرووی ئەو ئیعتبارانەی پێناسی ئیسلامی و شیعەی خاوەن مەودای جوگرافیایی سنووربڕ(ریڤیو، ٢٠١٤). بەمەیش ویستوویەتی – ئەگەر بەئاشکرایش نەبێت – بیسەلمێنێ کەمینەی شیعە لە جیهانی موسڵماندا دەتوانێت لە پێگەی خۆیەوە لە عێراقدا – وەک زۆرینە – بەرهەمهێنی نموونەیەکی دیموکراسییانەی دەوڵەتێک بێت کە ئەوی دیکە لەخۆ بگرێت نەک رەتیبکاتەوە. ئەم نموونەیە ئەگەر لە واقیعدا سەرکەوتنی بەدەستبهێنایە – دەیتوانی ببێتە خاڵێکی وەرچەرخان و مایەی شەرمەزارکردنی سیستمی حوکمڕان لەم سنوورە ئیسلامییەدا کە بەزۆری ئەم جۆرە رێکخستنی پێوەندییەی لە بوارەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی تێدا ونە، بەتایبەتیش لەو وڵاتانەی كە لەڕووی ئاینزا و نەتەوەوە خاوەن پێکهاتەی دانیشتووانی جۆراوجۆرن.
هەروەها، رێچكەی سیستانی بە گرنگییەوە جەختی لە کەمکردنەوەی گرژیی شیعە – سوننەی عەرەب – کورد دەکردەوە بەتایبەت لە قۆناخی شەڕی تایەفەگەری لە ساڵانی ٢٠٠٦-٢٠٠٧دا. لە هەڵوێستە جیاجیاکانیدا هەوڵی بەرهەمهێنانی هەڵسوکەوتی کۆمەڵایەتیی نێو جوگرافیای شیعەی بەشێوەیەک دەدا کە بەهۆیەوە رووبەڕووی رادیکاڵیزمی شیعەی روو لە گەشە ببێتەوە. ئەم رادیکاڵیزمە وەک کاردانەوە بەرامبەر تاوانە گەورەکانی رێکخستنی قاعیدە دەردەكەوت کە ناونیشانی تایەفەگەرانەی رووتیان هەبوو. (رەحیمی، ٢٠٠٧). ئەو لەوکاتەدا پێداگری دەکرد لەوەی پێویستە دەوڵەت ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات بۆ پاراستنی هەموو کۆمەڵگە لە کاریگەریی تەشەنەكردنی بزووتنەوە رادیکاڵە – ئاینزاییەکان کە دەتوانن هەموو عێراق راماڵن و لەتوپەتی بکەن. ئەمەیش لە ناوەڕۆکدا پاڵپشتییەکی گرنگ بوو بۆ مەرجەعیەتی دەوڵەت لەسەر حیسابی هەستی کاردانەوەی کۆمەڵگا بەرامبەر بەئامانجگرتنی توندی رۆژانەی گەلێک لە شارە زۆرینە شیعییەکاندا.
سیستانیزم توانای نەبوو – تەنانەت ئارەزووشی نەدەکرد – خۆی بەسەر دیمەنی سیاسیی شیعەدا بسەپێنێت. ئەوەتا دەبینین گەلێ بۆچوون و رێنوێنی كە بە هێزە سیاسییەکانی دابوون، بەتایبەت ئەوانەی پەیوەستن بە شەڕی گەندەڵی و کاراکردنی میکانیزمی گونجاو بۆ چاکسازی لە سیستم و بەدەستهێنانی رەزامەندیی جەماوەری عێراق بەگشتی، وەڵام نەدرانەوە و زۆرجار بەتەواوی لەلایەن ئەو هێزانەوە پشتگوێ خران کە بەڕوونی لە هەوڵدان بۆ دەستگرتن بەسەر کۆمەڵگای شیعەدا. ئەمانە سیستانیزم بە کۆسپی سەر رێگای بەدیهێنانی ویستەکانیان دەزانن، لەبەرئەوەیش بەهەموو شێوەیەک – لەگەڵ جەختکردنە سەر نەورووژاندنی جوگرافیای شیعە – هەوڵی تەریککردنی ئەم هێزەیان داوە.
یەکێک لەو رێچكە گرنگانەی لەم ماوەیەی دواییدا پێگەی سیستانیزمی بەهێز کرد، هەڵوێستەکەی بەرامبەر بەکارهێنانی هێز بۆ سەپاندنی هەژموون بەسەر دەوڵەتدا بوو. لەمڕووەوە، مەرجەعیەتی نەجەف جەخت دەکات لەوەی هەرگیز لەگەڵ هیچ لایەنێکی شیعە هاوسۆز نییە کە بیەوێت چەکی دەوڵەت وەک دەروازەیەک بۆ سەپاندنی هەژموون بەسەر دەوڵەتدا بەکاربهێنێت. بۆ ئەمەیش ئەو مەرجەعیەتە جەخت دەکات لەوەی: “هەندێک لەو لایەنانەی لەماوەی شەڕی داعشدا دەرکەوتن، ئێستا هەوڵدەدەن بوونی خۆیان بەهێز بکەن و دەسکەوتی تایبەت بەخۆیان بەدەستبهێنن و رەنگە ئەمەیش رێخۆشکەر بێت بۆ بەرهەمهێنانی کێشەی نوێ و دەشێت هانی گەڕانەوەی داعش بدات.” (خەلیل، ٢٠١٩).
لەڕاستیدا، رێچكەی سیستانی لێرەدا لە هەوڵی دوورخستنەوەی عێراق و جوگرافیای شیعەدایە – بەتایبەتی – لە کارلێکە نەرێنییەکانی گەمەی ململانێی ناوچەیی کە مەبەستیەتی ناوەندی شیعە بەرەو ئاراستەیەک لە قازانجی ئێران پەلکێش بکات و لە بەرامبەردا ناوەندی سوننە بۆ خزمەتی بەرژەوەندی سعودی بەکاربهێنێت. ئەمە گەمەیەکی ترسناکە و رەنگە عێراق و داهاتووی عێراق بەرەو لێواری هەڵدێر پاڵ بنێت، لەبەر ئەمە نەجەف بەپێی تواناکانی و بەمەبەستی پاراستنی چەمکی دەوڵەتی عێراقی، هەوڵدەدات جۆرە پێناسێکی جیاوازی شیعەی نیشتمانی دوور لە پێناسی نێونەتەوەیی شیعە درووستبكات.
جێی ئاماژەیە کە رێچكەی سیستانی سەبارەت بە بابەتی حەشدی شەعبی و گرووپە چەکدارە شیعەکانی دەرەوەی ئەم دامەزراوەیە، ئاماژە بۆ هەڵوێستگەلێکی دژبەری هەندێک لە فەرماندەییە گرنگەکانی ئەم سیستەمە دەکات کە وەلائیان لەڕووی مەرجەعیەتەوە بۆ قومە نەک بۆ نەجەف.
ئەگەرچی حەشدی شەعبی بە فتوای سیستانی درووست بوو، بەڵام ئێران هەوڵیدا کاریگەری بخاتە سەر گرنگترین پێکهاتەکانی وەک رێکخراوی بەدر و عەسایبی ئەهلی حەق و کەتایبی حزبوڵڵا کە بەهێزترین گرووپەکانی نێو ئەم سیستەمەن (ئەلساڵحی، ٢٠٢٠).
لەکاتێکیشدا هێشتا گرووپەکانی سەر بە شوێنە پیرۆزەکانی کەربەلا بەردەوامن لە دەربڕینی وەلای خۆیان بۆ مەرجەعیەتی نەجەف – وەک لیوای ئەبولفەزڵی عەباس و لیوای ئیمام عەلی و لیوای پشتیوانانی مەرجەعیەت و لیوای عەلی ئەکبەر – و جەخت دەکەن لەوەی پابەندی رێنوێنییەکانی نەجەفن کە داوایان لێ دەکەن بەتەواوی لە سیستەم و دامەزراوەکانی دەوڵەتی عێراقدا بتوێنەوە و پابەندی فەرمانەکانی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان بن. ئەمەیش لە هەندێ بۆنەدا وای لێکردن هەڕەشەی کشانەوە لە دەستەی حەشدی شەعبی بکەن ئەگەر حکوومەت لە کارکردنی بۆ کەمکردنەوەی کاریگەری دەرەکی لەسەر ئەم دامەزراوە حکوومەتییە شکستی خوارد (ئەلساڵحی، ٢٠٢٠).
سیستانیزم ترسی لەوە هەیە هەندێک گرووپی شیعە لە ململانێی نێوخۆیی نێو جوگرافیای شیعەدا بەکاری بهێنن. ئەمەیش دیمەنێکە پەلدەکێشێت بەرەو بڵاوبوونەوەی پاشاگەردانی لە پانتاییەکی فراوانی عێراقدا و هەڕەشە لە تەواوی چەمکی دەوڵەت دەکات. بۆیە دەبینین نەجەف بەردەوام هەوڵ بۆ بەهێزکردنی چەمکی سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت بەسەر بڕیار و جووڵەی ئەو گرووپانەدا دەدات، ئەمەیش دەیخاتە گۆڕەپانی دژ بەو بەرەیەی هەندێ گرووپ لەڕێگایەوە دەیانەوێت ئامادەیی خۆیان لە دیمەنی سیاسی و سەربازیدا بەهێز بکەن.
رێچكەی سیستانی لەبارەی حەشدی شەعبییەوە لەسەر چوار کۆڵەکەی بنەڕەتی و گرنگ بنیاتنراوە: “هەموو ئەو هێزانە لەژێر فەرمانی دەوڵەتی عێراقدا بن، دووربن لە گشت شێوەکانی گەندەڵی، دووربن لە کارکردن لە بواری ئابووری و تێکەڵ بە ئەجێندا ناوچەییەکان نەبن.” (ئەلساڵحی، ٢٠٢٠)
کار لەم بابەتەدا بەشێوەیەک گەشەی کرد تا وای لە هەندێک کرد باسی دوو جۆر حەشد بکەن: حەشدی مەرجەعیەت – وەک ئاماژەیەک بۆ نەجەف – و حەشدی وەلائی – وەک ئاماژەیەک بۆ قوم – ئەوە بوو لایەنەکانی سەر بە گرووپی یەکەم لە ١٨ی ئاداردا بەفەرمی جیابوونەوەی خۆیان لە دەستەی حەشدی شەعبی و چوونەپاڵ وەزارەتی بەرگریی عێراق راگەیاند. لەم بارەیەوە نوێنەری مەرجەعیەت لە کەربەلا – سەید ئەحمەد سافی – رایگەیاند: “پێویستە ئایدیۆلۆژیا و میکانیزمی کارکردنی حەشدی شەعبی لەسەر بنەمایەکی نیشتمانی بنیات بنرێت.” (ئالاکا، ٢٠٢٠) ئەمەیش وەک پشتڕاستکردنەوەی قەبارەی ناکۆکیی نێوان هەردوو حەوزەی نەجەف و قوم لەسەر بابەتی حەشدی شەعبی وێنا کرا.
ئەم بابەتە پێوەندی راستەوخۆی بە سروشتی ناکۆکیی نێوان ئەو دوو مەرجەعیەتە لەسەر شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ سیاسەت لە جوگرفیای نێوخۆیی و ناوچەیی شیعە هەیە. مەرجەعیەتی قوم بڕوای بە چەمکی ویلایەتی رەهای فەقی هەیە و پێیوایە دەسەڵاتی ئاینی پێویستە لەڕێی ئامرازە سیاسییەکانەوە ئامادەیی هەبێت، لەکاتێکدا مەرجەعیەتی نەجەف جیاکردنەوەی کاروباری ئاینی لە بابەتەکانی پەیوەست بە سەرکردایەتیی دەوڵەت لەڕووی سیاسییەوە بەلاوە پەسەندترە (ئالاکا، ٢٠٢٠).
کوشتنی ئەبومەهدی موهەندیس و قاسم سولەیمانی دەروازەیەکی دیکە بوو بۆ کردنەوەی دەرگای قسە لەسەر رێکنەکەوتنی نەجەف و قوم لەسەر کارەکانی پاش ئەو رووداوە. ئەوە بوو گرووپە وەلائییەکانی نێو حەشد سور بوون لەسەر ئەوەی عەبدلعەزیز ئەلمحەمەداوی – ناسراو بە ئەبو فەدەک و سەر بە کەتائیبی حزبوڵڵا – پۆستێکی باڵا لە فەرماندەیی حەشدی شەعبی وەربگرێت، لە کاتێکدا گرووپەکانی حەشدی مەرجەعی ئەو پۆستەیان بۆ خۆیان دەویست بەمەبەستی چەسپاندنی دیدگەی خۆیان لەبارەی میکانیزمەکانی چاکسازی لە سیستەمی حەشدی شەعبی و بۆ ئەوەی بەتەواوەتی بیخەنە ژێر چەتری نیشتمانیی عێراقەوە (ئالاکا، ٢٠٢٠).
رێچكەی سیستانی جەخت لە پێویستیی دەستوەرنەدانی هێزی دەرەکی لە بابەتی هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیرانی عێراق و ئەندامانی کابینەکەی دەکات (نیوز، ٢٠١٩). بەڵام ئەمە ئەو بۆچوونە رەتناکاتەوە کە دەڵێت هەر کاتێک نەجەف کەسێکی پاڵێوراو بۆ ئەم پێگەیە لەبەر هەر هۆکارێک رەتبکاتەوە، بەبێ دوودڵی ڕەخنە لە هەڵسوکەوت و بڕیارە سیاسییەکانی دەگرێت و ئەمە بەڕوونی لە گەلێ حاڵەتدا روویداوە، لەوانەیش رەخنەگرتن لە حکوومەتەکەی عادل عەبدلمەهدی.
نەجەف دڵنیایە لەوەی وەڵامی ئەمەریکا بۆ حکوومەتێک کە ئێران دایمەزراندووە، بەشێوەیەک دەبێت کاریگەریی نەرێنی لەسەر بەرژەوەندیەکانی عێراق دەبێت و دەیخاتە چەقی گەردەلوولەکە. هەروەها ئاگادارە لەوەی واشنتن ناتوانێت پرۆژەیەکی لەم شێوەیە تێپەڕێنێت بەبێ ئەوەی بیانوو بە تاران بدات بۆ سەپاندنی زیاتری هەژموونی خۆی بەسەر دیمەنی سیاسیی عێراقدا، بەوپێیەی ترسی هەیە لەوەی ئەم جۆرە حکوومەتە لەمەودای دووردا عێراقێکی تەواو دژ بەئێران بەرهەم دەهێنێت. لەبەر ئەمە، نەجەف جەخت لە پێویستیی دەرکردنی عێراق لەم جۆرە دیمەنە دەکات، ئەویش لەڕێی ئامۆژگاریکردن بەوەی بژارەکە تەواو عێراقی بێت، کە ئەزموونەکانی پاش ٢٠٠٣ سەختیی ئەم بژارەیەیان سەلماندووە و لەسایەی کێشمەکێشی نێوان تاران و واشنتن زیانی زۆر بە دۆخی عێراق گەیشتووە.
بۆیە دەبینین نەجەف راشکاوانە رەخنەی ئاراستەی تێکهەڵکێشە نەرێنییە ئێرانی – ئەمەریکاییەکان لەسەر خاکی عێراق کردووە (میۆ، ٢٠٢٠) ئەمەیش ئامادەیی نەجەف لە گۆڕەپانێکی هاوبەش لەگەڵ بەشەکانی تری شەبەنگی نیشتمانیی شیعە و کاریگەریی لەسەر رەوتی دەوڵەت و میکانیزمەکانی دەستنیشانکردنی حکوومەت بەهێز دەکات ، بەتایبەت لەو کاتانەی بواری دۆزینەوەی رێچكەی دیکەی کاریگەری لە چەقی عێراقی شیعەدا هەبێ کە لەم بۆچوونەدا هاوبەشیی بکەن.
لە ئەنجامی ئەم باسەدا ئاماژە بۆ بۆچوونێکی گرنگ دەکەین كە لەلایەن توێژەر (حارس حەسەن) باسكراوە و ئاماژە بۆ بەیەکگەیشتنی مەرجەعیەتی نەجەف و رژێمی ئێران دەکات لە بابەتی گێڕانەوەی بەها بۆ رۆڵی سیاسی و کۆمەڵایەتیی پێکهاتەی شیعە لە دوای ٢٠٠٣، بەڵام رەتی ناکاتەوە کە ناکۆکیی ریشەیی لەنێوانیاندا سەبارەت بە سرووشتی قوتابخانەی شیعەگەرایی هەیە و پێویستە وەک بەشێک لە کێبڕکێی نەریتیی نێوان هەردوو حەوزەی نەجەف و قوم هەڵوەستەی لەسەر بکرێت (حەسەن، ٢٠١٨)، ئەمەیش دەشێت ببێتە مایەی ململانێیەکی گرنگ کە دەکرێت لە قۆناخی داهاتوودا بۆ بەرهەمهێنانەوەی چەمکی دەوڵەتی نیشتمانی سوودی لێ وەربگیرێت، بەڵام ئەمجارەیان بە پاڵپشتیی نەجەف خۆی.
رێچكەی سەدر
لە ٢٠٠٣وە دیاردەی سەدر لەڕووی هێز و ئامادەیی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە چەقی عێراقی شیعەدا گەشە دەکات، تا وای لێهات ئەمڕۆ خۆی وەکو یاریکەرێکی کاریگەر لە دەستنیشانکردنی زۆر ئاراستەی ئەم جوگرافیایە لەڕووی کۆمەڵایەتی و هەڵبژاردنەوە بسەپێنێ. رێچكەی ئەم یاریکەرە – بە بەراورد لەگەڵ رێچكەی سیستانی – نوێنەرێکی راستەوخۆی چەمکی بەشداریی ئیسلامی سیاسیی شیعەیە لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا و، بەڕادەیەکی زۆر لەو هەوڵەیدا پشت بە میراتی (محەممەد سادق ئەلسەدر) دەبەستێ بە گۆڕینی بۆ رەوتێکی خاوەن کاریگەری لە پرۆسەی سیاسیدا. ئەمە تا ئاستێکی زۆر لەو هەرێمە جوگرافییەدا رەنگی داوەتەوە کە رەوتی سەدر بە مەڵبەندی قورسایی هەڵبژاردن و سیاسیی خۆی دادەنێت. ئەمە لە ئەنجامدا هەڵوێستگەلێکی پەیوەست بە ململانێ لەسەر ئەم جوگرافیایەی لێکەوتەوە، دواتر بووە مایەی ئەوەی سەدر خۆی هەڵوێستی وا وەرگرێت کە بەڕوونی نەک تەنیا کاریان کردە سەر پێکهێنانی حکوومەتەکان، بەڵکو کاریگەرییان لەسەر پێناسی نیشتمانیی عێراق و میکانیزمەکانی گەمە جیۆپۆلیتیکیەکە لە نێوخۆدا هەبوو.
زۆر لەو توێژەرانەی گرنگی بە بابەتی سەدر لە عێراقدا دەدەن، ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە بەهۆی گۆڕانە خێرا و لەناکاوەکانی هەڵوێستی رەوتەکە لە قۆناخی جۆراوجۆردا، تا ئێستا سەدر و رەوتە گرنگەکەی جێی پرسیارن. تەنانەت هەندێکیان سەرکردەی ئەم رەوتەیان بەوە تۆمەتبار کردووە کە هێشتا بەشێکە لە کەمینەی شیعەی حوکمڕان زیاتر لەوەی دەوڵەتمەدارێکی راستەقینە بێت.
لەسایەی ئەم گۆڕینی هەڵوێستانەدا، هەندێكجار لە گفتوگۆكانی سەدرییەکاندا رەخنە سەبارەت بە شێوازی سەرکردایەتی سیاسیی بزووتنەوەکەیان دەردەکەوێت. ئەمەیش بووەتە مایەی لەتبوونی گرنگ لەسەر ئاستی بنکەی جەماوەریی رەوتەکە و جۆرێک لە رووبەڕووبوونەوەی بۆ سیمبولیزمی سەرکردایەتییە ئاینییەکەی موقتەدا سەدر لێکەوتووەتەوە.
لەمڕووەوە، نووسەر پاتریک کۆکبێرن ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە لەم بابەتەدا دژبەری راستەقینە نییە و لە میانی جەختکردنی لەسەر ئەمە دەڵێت: “لە سیاسەتی عێراق و مەڵبەندە جیاجیاکانی هێزی پەیوەست بەو سیاسەتەوە لە ناوەوە و دەرەوەشدا، موقتەدا سەدر و باوکیشی رێچكەیەکی دیاریکراوی هاوشێوەی سەرکردە ئاینییە نیشتمانی و پۆپۆلیستەکانیان گرتووەتە بەر. بەو واتەیەی نە دۆستی بەردەوام هەیە و نە دوژمنی بەردەوام… ئەم دژبەرییە ئێستا زیاتر تەشەنە دەکات لەبەرئەوەی موقتەدا سەدر لە هەمانکاتدا سەرکردەی گەورەترین فراکسیۆنی براوەی هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٨یە و، شوێنکەوتووانی رۆڵی گەورەیان لە بزووتنەوەی ناڕەزاییدا هەیە (کە ژمارەیەکی زۆری شارە شیعەنشینەکانی گرتووەتەوە)… بۆیە ئەگەر کێشەی دۆخی ئێستای عێراق چارەسەرێکی هەبێت، موقتەدا سەدر دەبێتە تەوەرێکی ناوەندیی ئەو چارەسەرە.” (میر، ٢٠١٩)
پاش داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمەریکاوە لە ٢٠٠٣، سەدر هێزێکی چەکداری بە ناوی “سوپای مەهدی” درووستکرد. دواتر ئەم هێزە لە چەند شەڕێکی بەرفراواندا کە تەوەری سەرەکییان جوگرافیای شیعەی نێوەڕاست و باشووری عێراق بوو، رووبەڕووی ئەمەریکاییەکان بووەوە و، لەو شەڕانەدا شەڕەکانی نەجەف تەوەرێکی سەرەکی بوون. هەروەها ئەم گرووپە بەناوی بەرگری لە پێکهاتەی شیعە و، لە ژێر ناونیشانی رووبەڕووبوونەوەی مەترسیی رێکخراوە تیرۆریستەکە – قاعیدە – کە ناوچە شیعەکانی کردبووە ئامانج، دەستی لە توندوتیژییە تایەفەگەراییەکانی ساڵانی ٢٠٠٦-٢٠٠٧ی بەغدادا هەبوو. ئەمانە رەوتی سەدریان بۆ رۆڵێکی گرنگ لە گەڕەکە شیعە هەژارەکاندا ساز کرد تا گەیشتە بەرپاکردنی رۆڵێکی ناوەندی لە پەلکێشکردن بەرەو سیستمە باوەڕدارییەکەی و بەمەیش تۆڕێکی کارلێکی کۆمەڵایەتی و ئاینیی بەرفراوانی گرنگ و ئامادەی لەم گۆڕەپانە گرنگە دامەزراند. هەر ئەمە دواتر پاڵنەری بوو بۆ بیرکردنەوە لە چۆنیەتیی وەبەرهێنان لەو ئامادەییە بەشێوەیەکی جیاوازو لەپێناو بەرژەوەندی رێچكەی سەدر.
نووسەر کینیت کاتسمان ئاماژە بۆ مانۆڕەکەی ساڵی ٢٠٠٥ی رەوتی سەدر دەکات – پاش رووبەڕووبوونەوەی لێکەوتەکانی شەڕی راستەوخۆ لەگەڵ ئەمەریکاییەکان – کە وایکرد جەخت بکاتە سەر سیاسەتی هەڵبژاردن لەپێناو بەهێزکردنی پێگەی خۆی لە سیاسەتی عێراقدا (پان، ٢٠٠٥).
ئەم بۆچوونە تاڕادەیەکی زۆر راست دەرچوو، رەوتی سەدر رووی بەرەو بەهێزکردنی خۆی لە پەرلەماندا وەرگێڕا و کاری سەربازیی راگرت. بەمەیش گرنگیی زیاتری دا بە پرۆسەی هەڵبژاردن لە ناوچە جوگرافییە جۆراوجۆرەکاندا، هەروەها بایەخی بە چۆنیەتیی بەکارهێنانی ئەوە بۆ بەرهەمهێنانی بنکەیەکی پاڵپشتی دا کە بەردەوام دەنگەکانی لە هەڵبژاردندا لەسەر حسابی کێبڕکێکەرانی لە نێو پێکهاتەی شیعەدا رووی لە بەرزبوونەوە بوو. دواتر بەرهەمی ئەم گۆڕانکارییە بەڕوونی لە زیادبوونی هێزی دەنگدەری رەوتی سەدردا لە گشت هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکانی عێراقدا دەرکەوت تا گەیشتە ئەوەی لەڕێی هاوپەیمانی لەگەڵ چەند هێزێکی مەدەنی و، لە هەنگاوێکدا کە خوێندنەوەی دروستی دیمەنی جوگرافیایی – کۆمەڵایەتی و کاریگەریی لەسەر هەڵسوکەوتی دەنگدان لە چەقی عێراقی شیعەدا پێوە دیارە، ببێتە گەورەترین براوەی هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٨.
رەوتی سەدر بۆی دەرکەوت بەرژەوەندی لە چارەسەرکردنی هەڵەکانی ساڵانی رابردوودایە، کاتێک ئەویش تێکەڵ بە گوتاری بەناپاکناساندنی رەوتە مەدەنییەکان بوو. سەدر گەیشتە بڕوایەک سەبارەت بە دابەشبوونی جوگرافیایی لاوانی کاریگەر بە گوتاری هێزە چەپەکان. ئەم گوتارەش ئێستا ئامادەیی سەرنجڕاکێشی لە جوگرافیای شیعەدا هەیە، دژی هێزە سیاسییە شیعە تۆمەتبارەکانە بە گەندەڵی و خۆدەوڵەمەندکردن لەسەر حسابی سامانی گشتی و نەبوونی پرۆژەی دەوڵەت – کە ئەمانە هەموویان بە بۆچوونی سەدر رێچكەی گرنگ پێکدەهێنن و لە زیاتر لە یەک بواردا لەگەڵیاندا یەکدەگرێتەوە. لەبەر ئەمە بۆ سەدر روون بوو کە مێژووی چەپگەرایی عێراق مەڵبەندی گرنگ و خاوەن قورسایی گەورەیە لە جوگرافیای شیعە و بەتایبەت لە دەوروبەری شارە گەورەکاندا (بەتاتۆ، ٢٠٠٣)، ئەمانەش لە بنەڕەتدا هەمان ئەو سنوورانەن کە چەقی ئامادەیی رەوتی سەدر پێکدەهێنن. بۆیە هەنگاوێکی دەستپێشخەرانەی گرنگی نا بۆ بەرهەمهێنانی هاوکێشەیەکی هەڵبژاردن کە مایەی سەرسامیی زۆر لە رکابەرە شیعەکانی بوو. بەتایبەتی کە گەلێ گوتاری هێزە مەدەنییەکان هاوڕابوون لەگەڵ ئەو بۆچوونەی دەڵێت سەدر لە قۆناخی داهاتوودا، بە دیاریکراوی لە ناوەندە شیعەکاندا دروستکەری پاشایان دەبێت. ئەم بڕوایە بووەتە یەکێک لە گرنگترین هێماکانی سیاسەتی سەدر لەنێو جوگرافیای شیعەدا.
هەر لەبەر ئەمە لە ساڵی ٢٠١٦دا پێشەوایەتی یەکێک لە گەورەترین خۆپیشاندانەکانی ناڕەزایی لە عێراقدا کرد، دوای ئەوەی بەباشی لە چەقی عێراقی شیعەدا خەڵکی بۆ جۆش دا و، لە گۆڕەپانی تەحریری بەغداوە بەرەو ناوچەی سەوز – مەڵبەندی حکوومەتی عێراق – کەوتە رێ و سەرزەنشتی گەندەڵیی چینی حوکمڕانی کرد (نەسراوی، ٢٠١٦). شانبەشانی ئەمە بەردەوام جەختی لە پێویستیی جەختکردن لە بلۆککردنی کاری سوپای مەهدی و قەتیسکردنی چەک لە دەستی دەوڵەت دەکرد وەک هەوڵێکی ئاشکرای ئەو بۆ پووچکردنی رۆڵی روو لەگەشەی گرنگترین رکابەرەکانی لە باشووری عێراقدا – گرووپە چەکدارە شیعەکانی کە بە فەرمی بە حەشدی شەعبی دەناسرێن.
دەبێت ئاماژە بۆ ئەوەیش بکرێت کە لە کاتێکدا زۆرینەی لاوان لە چەقی عێراقی شیعەدا تووڕەیی و بێئومێدی لە سیستەمی سیاسی و هێزە شیعەکان دەردەبڕن، جەخت دەکەن لەوەی هێشتا بزووتنەوەی ناڕەزاییان شیاوی قووتدان لەلایەن رەوتی سەدرەوە نییە، ئەمە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی٢٠١٥ ئاماژە بۆ وەرچەرخانێکی گرنگ لە پێگەی جەماوەریی رەوتەکە دەكات (مەنسوور، ٢٠٢٠) هۆکاری ئەمەیش هەندێک وەرچەرخانی لەناکاوی هەڵوێستی رەوتەکە – لەبەر گەلێک هۆکاری نێوخۆیی و دەرەکی – بەرامبەر بە ناڕەزایەتییەکان بوو.
لەم مانگانەی دواییدا، چەقی عێراقی شیعە – هاوکات لەگەڵ شەپۆلی ناڕەزاییەکانی کە لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ دەستیانپێکرد – گرژییەکی مەترسیداریان لە پێوەندیی نێوان رەوتی سەدر و گرووپە چەکدارەکاندا بەخۆوە بینی، بەتایبەتی لەگەڵ عەسائیبی ئەهلی حەق، تا گەیشتە ئاستی تۆمەتبارکردنی رەوتی سەدر لەلایەن ئەم گرووپەوە بە ئەنجامدانی تیرۆری سەرکردە و کەسایەتییە گرنگەکانی گرووپەکە لە باشووری عێراق، ئەمەش هەڕەشە بوو لە لەدەستدەرچوونی دۆخی باشوور بەشێوەیەک کە کۆنترۆڵکردنی سەخت بێت، ئەگەر لە داهاتووشدا گەشەی کرد، دەبێتە مەترسیدارترین هەڕەشە لە کۆی پرۆسەی سیاسی عێراق.
پێوەندیی ناجێگیری نێوان سەدر و ئەم گرووپانە لە بڕوای رەوتی سەدرەوە سەرچاوە دەگرێت و ئاماژەیە بۆ ئەوەی سەدر و رەوتەکەی هێشتا هەست بەوە دەکەن هێزە شیعەکانی دیکە هەوڵی سەپاندنی هەژموونی خۆیان بەسەر چەقی عێراقی شیعەدا دەدەن، پێیوایە ئەمە بەدی نایەت مەگەر ئەو هێزانە سیاسەتێک پەیڕەو بکەن کە لە کۆتاییدا رەوتی سەدر پەراوێز بخەن، بەشێوەیەک ببێتە هۆی کەمکردنەوەی کاریگەریی تۆڕی فاکتەرە کۆمەڵایەتییەکانی ئەو رەوتە كە لە رێکخستنی لایەنگرانی خۆیدا پشتیان پێدەبەستێ.
بە بۆچوونی هەندێ توێژەر، سەدر کاری بۆ وەبەرهێنان کردووە لە رووداوی کوشتنی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیسدا لەڕێی ویستی پڕکردنەوەی بۆشاییەکەوە، تاوەکو خۆی و رەوتەکەی ببنە پێشەوای گشت گرووپە چەکدارەکانی دیکە و لەو رێیەوە بتوانێت هاوکێشەکانی عێراقی شیعە دابڕێژێتەوە.
هەر بۆیە بەم دواییە لە شاری قومی ئێران بەمەبەستی گونجاندنی هەڵوێستەکانیان بەرامبەر بوونی ئەمەریکا لە عێراق، لەگەڵ گرووپەکانی حەشدی شەعبی کۆبووەوە و، جەختی لە بەردەوامبوونی لەم ئاراستەیە لەڕێی بژارەی سیاسی نەک سەربازی کرد (رواندزی، ٢٠٢٠) و، بۆ گفتوگۆ لەسەر میکانیزمەکانی دەرکردنی هێزە ئەمەریکاییەکان لە عێراق دوای ئەوەی ئەمەریکاییەکان بنکەکانی حەشدی شەعبییان لە نێو خاکی عێراقدا بۆردومان کرد (مۆنیتۆر، ٢٠١٩).
بەڵام ئەم جۆرە پرۆژانە هەرزوو دەکەونە بەر رەشەبای ململانێ لەسەر رۆڵ و هەژموون و هەروەها ئایدیۆلۆژیا ئاینی و نیشتمانییەکان. لەوبارەیەوە بەرەی سەدر دژبەری حەشدە و تاڕادەیەکی زۆر لە لایەنی دیکەی عێراقی، وەک نەجەف و بزووتنەوەی ناڕەزایی، نزیکە. لەبەر ئەمە توانای سەدر بۆ بەشداریی ئەم هێزانە لە تەبەننیکردنی چەقی نوێی ئاراستەکردنی ئەو قورساییەی چەقی عێراقی شیعە نوێنەرایەتی دەکات بۆ بەرهەمهێنانی دەوڵەتی نیشتمانی، تا ئاستێکی زۆر لە دیاریکردنی داهاتووی دۆخی عێراقدا فاکتەرێکی یەکلاکەرەوە دەبێت (ساڵح، ٢٠١٨).
رێچكەی حەشد
حەشد دەیەوێت لە داڕشتنی وێنەی چەقی عێراقی شیعەدا یاریکەرێکی کاریگەر بێت. لە یەکێک لە لایەنەکانیشیدا، رێچكەی حەشد لەسەر دوورهێشتنەوەی ئەم ناوچەیە لە حیساباتی ئیدارەی ئەمەریکا سەبارەت بە بیرۆکەی بڵاوکردنەوەی بنکە سەربازییەکانی بنیاتنراوە. هەروەها کارکردن بۆ دابینکردنی ئەم بەرەیە بەمەبەستی بەرهەمهێنانی جوگرافیایەکی سەربازیی روون لە عێراقدا، کە ئەم رێچكەیە بەهۆی ئەو جوگرافیا سەربازییەوە بڵاوبوونەوەی ئەو بنکانە تێکبدات و پاڵیان پێوە بنێت بەرەو شوێنانی دیکە کە لەژێر رەحمەتی هێرشی حەشددا بن. ئەمە تەنیا بە هەڕەشەکردن لە گشت پرۆژەیەکی گریمانەیی ئامادەیی سەربازیی ئەمەریکا لەم جوگرافیایەدا ناوەستێ، بەڵکو هەڕەشە لە ئامادەیی دیپلۆماسیشی دەکات وەک ئەو هێرشانەی چەندان جار کراونەتە سەر باڵیۆزخانەکەیان لە بەغدا و کونسوڵخانەکەیان لە بەسرە.
پاش ئەو هێرشەی ئەمەریکا کە گرنگترین فەرماندەی کاریگەری لە بڕیاری ئەمنی و سەربازیی حەشددا کوشت، حەشد توانی جەماوەری خۆی لە گرنگترین مەڵبەندی چەقی شیعە – بەغدا – جۆش بدات. دواتر جەماوەری حەشد چوونە ناو ئەو کۆمەڵگەیەی ناوچەی سەوز كە باڵیۆزخانەی ئەمەریکای تێدایە و دروشمی دژ بە ئیدارەی ئەمەریکا و مەرگ بۆ ئەمەریکایان گوتەوە و داوای کشانەوەی تەواوی هێزەکانی ئەمەریکایان لە عێراق کرد (حەسەن، ٢٠١٩).
چەقی عێراقی شیعی بە بنکەیەکی گرنگی حەشد دەژمێردرێت لە بواری ئەو گۆڕانکارییە سەربازییانەی لەم بەشە ستراتیژییەی عێراقدا پێکدێن. حەشد چەند جارێک بە بەکارهێنانی سەکۆی مووشەکهەڵدان بۆ بەئامانجگرتنی بەرژەوەندیەکانی ئەمەریکا و کەنداو تۆمەتبار کراوە کە ئەو مووشەکانە لە شارێکی باشووری عێراقەوە هەڵدرابوون. ئەمەش مایەی ورووژاندنی پرسیاری زۆرە لەسەر میکانیزمی مامەڵەکردنی حەشد لەگەڵ ئەم ناوچە گرنگەی عێراق. چونکە ئەگەر حەشد لەو روانگەیەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم ناوچەیەدا بکات کە پێگەیەکی جوگرافیایی نزیکە لە وڵاتانی کەنداو و بەتایبەتی لە سعودیەوە، ئەوە عێراق و ئەم چەقە جوگرافییە تووشی کێشەیەکی گەورە دەکات سەبارەت بەو وێنەیەی لای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەر ئەم بەشە گرنگەی عێراق و رۆڵی دەسەڵات لە کۆنترۆڵکردنی هەڵسوکەوتە ئەمنی و سەربازییەکانی ئەم ناوچەیە دەکێشرێت و کاریگەری لەسەر بایکۆتکردنی ناوچەکە لەلایەن کۆمپانیا وەبەرهێنەکان دەبێت، ئەمەش بەڕادەیەکی زۆر کار دەکاتە سەر ژیان و ئابووریی هاووڵاتیان نەک تەنیا لە چەقی عێراقی شیعەدا، بگرە لە تەواوی عێراقدا.
مەترسیی بوونی حەشدی شەعبی بە بەشێکی بنەڕەتیی هەر ململانێیەکی چاوەڕوانکراوی نێوان واشنتن و تاران لەسەر خاکی عێراق تا دێت زیاتر دەبێت. بەمدواییە ئیدارەی ئەمەریکا جەختی کرد لەوەی کە کەشتییە جەنگییەکانی خۆی بۆ ناوچەکە ناردووە بۆ ئەوەی بۆ هەر هەڕەشەیەکی ئێران وهاوپەیمانەکانی بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا ئامادە بێت. ئەمە عێراق دەکاتە گۆڕەپانی نموونەیی بۆ ئەو لایەنانەی دەیانەوێت کێشەکانی خۆیان یەکلا بکەنەوە، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت حەشدی شەعبی وەک رێخۆشکەر بۆ ئەم سیناریۆیە لە بەکارهێنانی میکانیزمی جۆشدانی لاوانی شیعە بەردەوام ببێت (گیگلیۆ، ٢٠١٩).
عێراق ئەمڕۆ – بە سێ هەرێمە تایفییەکەیەوە – وەک تەختەی شەترەنجێک دەکەوێتە بەرچاو کە هەردوو یاریکەری ئەمەریکایی و ئێرانی گەمەی لەسەر دەکەن. لەم گەمەیەدا، هەریەکێکیان کار بۆ بەرهەمهێنانی هەرێمی جوگرافیایی خۆی دەکات بۆ ئەوەی بیکاتە سەرچاوەیەک بۆ پشتیوانیی خۆی لە بەرهەمهێنانی تۆڕێکی فراوانی هاوپەیمانی هاوکار بۆ بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی. لەبەر ئەوە دەبینین لە کاتێکدا ئێران پێیوایە لایەنی ئەمەریکایی هەوڵدەدات هەردوو هەرێمی کورد و سوننە بکاتە هاوپەیمانی خۆی، هەوڵدەدات پێوەندییەکی بەهێز لەگەڵ حەشدی شەعبیدا دروست بکات بەو پێیەی حەشد ئەو دژبەرە جۆرییەیە کە دەتوانێت گەمەکە هاوسەنگ بکات و رێگری لە پاشەکشەی رۆڵی ئێران لە کۆنترۆڵکردنی دەرهاوێشتەکانی دیمەنەکە بکات. ئەوەی مایەی نیگەرانیی ئێرانە لەم گەمە جیۆپۆلیتیکییەی لە عێراقدا دژ بە بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا دەیکات، ئەوەیە چەقی عێراقی شیعە لەڕووی سیاسی و کۆمەڵگەییەوە لەهەمبەر گوتاری حەشدی شەعبی بەیەکگرتوویی نەماوە.
هەندێک جەخت لەوە دەکەن حەشدی شەعبی لەڕووی جوگرافیاوە بەو ناوچانەی ململانێی عێراقدا بڵاوبووەتەوە کە قۆناخی شەڕی دژ بە داعش نوێنەرایەتی دەکردن. لەگەڵ جەختکردن لە هاوشێوەییەکی گرنگی شوێن لەگەڵ ئەو ناوچەیەدا کە حەشدی شەعبی هەوڵدەدات رەگ و ئامادەیی کۆمەڵایەتی و سیاسی و هەڵبژاردنی تێدا هەبێت شانبەشانی پرۆسەی کۆکردنەوەی لایەنگری زیاتر لە هەرێمی باشووری عێراق. حەشدی شەعبی لێرەدا جەخت لە گوتارە ئاینییەکەی دەکات و لە سایەی روونیی هەڕەشە ئاشکراکانی هێزە رادیکاڵەکاندا، خۆی وەک فاکتەری پاراستنی مەزارە ئاینییە پیرۆزەکانی شیعە پێشاندەدات (سمیت، ٢٠١٩).
جێی ئاماژەیە هەندێک لایەنی عێراقیی گرنگ هەن – لەنێویاندا هێزی شیعە هەن – حەشدی شەعبی بە خاوەنداریی پرۆژەیەک تۆمەتبار دەکەن، لە کاتی دەستکردنی بە کار لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەتی عێراق بەتایبەتی لە ناوچە شیعەکاندا، بوونەتە سەرچاوەیەکی گرنگی دابینکردنی هێزی گەنجی گرنگ لە بنیاتی دانیشتووانی باشووری عێراق، کە بەبێ ئەو هێزە حەشدی شەعبی توانای بەدەستهێنانی ئەو ژمارە زۆرەی هێزی سەربازی نەدەبوو، هەندێ لێکۆڵینەوە باس لە نزیکەی ٢٣٠٠٠ چەکداری حەشدی شەعبی لە عێراقدا دەکەن (عەبدو، ٢٠١٩).
لەمڕووەوە، ئیدارەی ئەمەریکا بۆ ئاوارتەکردنی حەشدی شەعبی و هەڵوەشاندنی پێوەندی بە چەقی عێراقی شیعەوە هەوڵی قایلکردنی عێراقییەکان دەدات بەوەی هەر ململانێیەک لەنێوان واشنتن و بەغدا هەڵگیرسێت ئەنجامەکەی لە بەرژەوەندی بەغدا دەبێت، بەو پێیەی سەربەخۆیی بڕیاری عێراق بەهێز دەکات. بەڵام پێدەچێت ئەم بۆچوونە هەوڵی بازدان بەسەر بیرۆکەی قەبارەی دوژمنایەتیی پێکهاتەی شیعە بۆ مێژووی پێوەندییەکانی ئەمەریکا لەگەڵیاندا پشتگوێ بخات کە بێمتمانەیی بە لایەنی ئەمەریکایی – بە گەل و بە سیاسەتیشەوە – درووستکردووە و شیعەی لە بەرامبەر ئەم بۆچوونە دابەشکردووە، چونکە چاوەڕوان دەکرێت بەشێکیان، کە کەم نین، لە کاتی هەڵگیرسانی ئەو ناکۆکییەدا پشتیوانیی حەشدی شەعبی بکەن.
حەشدی شەعبی لە شەڕەکانی رزگارکردنی عێراق لە هەژموونی داعش قوربانیی زۆری دا، ئەمەیش لە کاتی باسکردنی رۆڵی حەشدی شەعبی لە دوورخستنەوەی دێوەزمەی دروستبوونی دەوڵەتێکی رادیکاڵی بەدناوی وەک داعش لە ناوچەکەدا ناکرێت نادیدە بکرێت. لە بەرامبەردا و لە کاتی باسکردنی رۆڵی حەشدی شەعبیدا، ئەم راستییە رێچكەی حەشدی شەعبی سەبارەت بە دەوڵەت و جوگرافیای شیعە رەتناکاتەوە. بۆیە هەوڵدان بۆ ناسینی بڕوای جیۆپۆلیتیکیی حەشدی شەعبی و رەخنگرتن لێی دژبەری داننان بە قوربانیدانی ئەو لەو شەڕەدا نییە.
پرسیاری گرنگ لەم قۆناخەدا بریتییە لە چۆنیەتی گۆڕانی حەشدی شەعبی – کە هەندێ سەرچاوە دەڵێن ژمارەی چەکدارەکانی خۆی لە ١٢٠ هەزار چەکدار دەدات – بۆ سەرچاوەیەکی سەرەکیی پشتیوانیی دەوڵەتی عێراق نەک رێگر لە هەڵسانەوە و کاری ئەم دەوڵەتە. وەڵامی ئەم پرسیارە دەبێتە مایەی قسەکردن لەسەر میکانیزمەکانی بەکارهێنانی حەشدی شەعبی لەناو بنیاتی فەرمیی دەوڵەتی عێراقدا بەشێوەیەک کە ئاسایشی لەرزۆکی بەهێز بکات، بەتایبەت لە ناوچەی چەقی عێراقی سوننەدا (ساڵح، ٢٠١٩) بەبێ ئەوەی ئەمە ببێتە مایەی ترس بۆ دانیشتووانی ئەم ناوچەیە و سەرلەنوێ گرژییە تایفییەکان بگەڕێنێتەوە.
گەلێ لایەنی عێراقی مەترسیی راستەقینەیان لەوە هەیە حەشدی شەعبی وردە وردە بەرەو بوون بە هاوپەیمانی ئێران بچێت زیاتر لەوەی لە بەرژەوەندی دەوڵەتی عێراق کار بکات، لەبەر ئەمە رەنگە ببێتە نموونەیەکی هاوشێوەی پاسدارانی ئێران یان حزبوڵڵای لبنان. ئەمەش تۆمەتێکە فەرماندە باڵاکانی حەشدی شەعبی، وەک هادی عامری، رەتی دەکەنەوە.
ئەو لایەنانە جەخت دەکەن لەوەی رێچكەی حەشد – لە یەکێ لە بنەماکانیدا – لەسەر هەڵکشان بەرەو ئەو ناوچانەی بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکایان تێدا هەیە لە رۆژئاوای عێراق و نزیک سنووری نێوان عێراق و سووریا بنیات نراوە و، ئەمەیش هۆکاری جیۆسیاسیی خۆی هەیە و ئەم ناوچەیە دەکاتە تەوەرێک کە تیایدا حەشدی شەعبی رۆڵی کاریگەر لە دەستنیشانکردنی داهاتووی سەقامگیری و ئاسایشی کۆمەڵگەدا بگێڕێت.
بەمەیش واشنتن ترسی زۆری هەیە لە سەرهەڵدانی ناکۆکی لەگەڵ تاران کە رەنگە پاڵ بە حەشدی شەعبییەوە بنێت بۆ ئەوەی کار لە بەرژەوەندی ستراتیژیی خۆی لەگەڵ ئێراندا بکات، بەمەش بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا دەکەونە ژێر رەحمەتی سیستەمی مووشەکیی حەشدی شەعبی. بۆیە دەبینین هەندێک مەترسیی راستەقینەیان هەیە لەوەی حەشدی شەعبی خۆی دەوڵەت بێت یان بەلای کەمەوە لە رۆڵی دەوڵەت لە داهاتوودا رێگربێت ، چونکە توانای هەیە ببێتە کێبەڕکێکارێکی گرنگی ئابووری و سیاسی بۆ رۆڵی دەوڵەت (ئینگڵاند، ٢٠١٨).
ئەمە وایکرد مەرجەعیەتی نەجەف بەردەوام دژی ئەو هۆکارانە بێت کە ئەم ئاراستەیە بەرهەم دەهێنن و، رەوتی سەدریش لەمەدا پشتیوانی بووە. هەر ئەمەیش فاکتەرێکی پاڵەپەستۆ و کاریگەری نێوان ئەم سێ هێزە بووە لە بابەتی هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیران و بەرهەمهێنانی حکوومەتێک بەپێی پێوەرگەلێک کە پێوەندیی زۆریان بە دەستنیشانکردنی داهاتووی کارلێکەکانی نێوان دەوڵەت و حەشدی شەعبییەوە هەیە. گشت ئەمانە چەقی عێراقی شیعە دەکەنە سەرچاوەیەکی گرنگی پشتیوانیی هەڵوێست و بۆچوونەکانی لەڕێی ئەو قورساییە سیاسییەوەی لە پەرلەمان هەیەتی و دەرەنجامی راستەوخۆی پرۆسەی هەڵبژاردنە.
خاڵێکی دیکەی ناکۆکی لەنێوان ئەم لایەنانەدا خۆی لە دیدگایان بۆ ئەرکی چەقی عێراقی شیعە دەنوێنێ، حەشد بە بڕوابوون بە پێناسی نێونەتەوەیی شیعەگەرایی، تۆمەتبارە بەوەی ئەم ناوچە جوگرافییە لە پرۆژەیەکدا کورت دەکاتەوە کە بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ ویستی دەوڵەتی عێراق یەکناگرێتەوە، ئەمەش دژبەری رێچكەی سیستانی – سەدرە کە لە هەوڵی هێشتنەوەی ئەم چەقەدان لەنێو رەوتی کارلێکە فەرمییەکانی دەوڵەتی عێراقدا.
رێچكەی ناڕەزایی
ئەو بزووتنەوەی ناڕەزاییەی بەمدواییە لە عێراق دەركەوت – کە ناوی بزووتنەوەی ناڕەزایی تشرینی لێ نرا – گرنگترین بزووتنەوەی کۆمەڵایەتیی دژ بە دەسەڵاتە لە عێراقی پاش ٢٠٠٣ دا. چاوەڕوانیش دەکرێت ئەم رووداوە کاریگەریی گرنگی لە سروشتی کارلێکە سیاسی، کۆمەڵایەتی و هەڵبژاردنەکانی چەقی عێراقی شیعەدا هەبێت، چونکە ئەم یاریکەرە بووە خاوەن ئامادەیی کاریگەر و روولەزیادبوو لە گۆڕەپانی عێراقیدا، بەتایبەت کە وای لێهات حەز لە سەپاندنی گوتەی خۆی– بە بەشداری و هاوپەیمانیگرتن لەگەڵ ئەوانی دیکە – بەسەر دیمەنی هەڵبژاردنی حکوومەت و سیستمی سیاسیدا بکات.
ناڕەزاییەکان بەخێرایی لە زۆر شاری باشووری عێراقدا بڵاوبوونەوە (بڕوانە نەخشەی ژمارە ٣) لەبەر ئەوەی تەبەننی کۆمەڵە دروشمێکیان کرد و جەختیان لە رەخنەگرتن لە گەندەڵیی دەسەڵات و پاشەکشەی خزمەتگوزارییەکان دەکرد. جگە لە رەخنەگرتنی ئاشکرا لە رۆڵی ئێران لە عێراقدا و بەئامانجگرتنی بارەگای گرووپەکانی حەشدی شەعبی لە شارەکانی ناسرییە و بەسرە و میسان. ئەمەش خاڵێکی وەرچەرخانی لە ئاشتی و ئاسایشی کۆمەڵگەیی لە چەقی عێراقی شیعەدا پێکهێنا (لیتلی، ٢٠١٩).
لە کاتی ئەو رووداوانەدا باشووری عێراق لە دۆخی گرژییەکی بەرزی نێوان ئەم دوو لایەنەدا بوو (بەدیاریکراوی بزووتنەوەی ناڕەزایی و حەشدی شەعبی)، کە سەلمێنەری ئەوەیە شەبەنگێکی فراوانی لاوانی ئەو ناوچانە چی دیکە بڕوایان بەو دیدگە نەریتییانە نەماوە کە چاوگی گرنگی بنیاتنانی پێگەی سیاسیی زۆر لە هێزەکان بوون، هەر ئەمەش بزووتنەوەی ناڕەزایی دەکاتە خاوەن توانای بوون بە فاکتەرێکی کاریگەر لە جوگرافیای سیاسیی باشووری عێراق و، چاوەڕوان دەکرێت ئەم بزووتنەوەیە لە داهاتوودا زیاترهەڵبکشێت.
هەروەها تێبینی دەکرێت زۆر کاری بزووتنەوەی ناڕەزایی ئاراستەی بارەگای حزبانێکی سیاسی بن کە خۆیان وەک هاوپەیمانی ئێران لە عێراقدا دەناسێنن. ئەمەیش ئاماژەیە بۆ گۆڕانی گرنگ لە میزاجی گەلی عێراقی شیعەدا بەشێوەیەکی پێچەوانەی ئەو نموونە ئێرانییەی رۆژێک لە رۆژان پێیوابوو لەڕووی جوگرافیا و بیروباوەڕەوە هەر بە نزیکی لە پێکهاتەی شیعەی عێراق دەمێنێتەوە.
رەوتی بزووتنەوەی ناڕەزایی پێشکەوتنی گرنگی بەخۆوە دی و، بەرەو شارە ئاینییە پیرۆزەکانی چەقی عێراقی شیعە – نەجەف و کەربەلا – هەڵکشا پاش ئەوەی گۆڕەپانەکانی ئازادی لەو شارانەدا بوونە بنکەی کۆبوونەوەی خەڵکی ناڕازی و سیمبوڵی کاریگەر لە دیاریکردنی داهاتووی مامەڵەکردن لەگەڵ سیاسەتی عێراقیدا. خۆپێشاندەران داوایان لە لایەنی ئێرانی و هاوپەیمانەکانی لە عێراق دەکرد گۆڕانکاری لە ئاراستەی سیاسەت و پێوەندییەکانیان لەگەڵ دەوڵەتی عێراق بکەن. ئەمەیش ئەو بیرۆکەیە پووچەڵ دەکاتەوە کە میدیای عەرەبی و کەنداو بانگەشەیان بۆ دەکرد گوایە چەقی عێراقی شیعە گۆڕەپانێکی رەهای هەژموونی ئێرانە (فرانس، ٢٠١٩).
بزووتنەوەی ناڕەزایی بڕوای وایە باشووری عێراق سەرچاوەی سەرەکی پشتیوانیی شەرعیەتی حوکمڕانیی هێزە شیعەکانە و- کاتی هاتووە لەڕێی راگرتنی پشتیوانیکردنی و کارکردن بۆ بەرهەمهێنانی گۆڕانێکی فراوان لە سروشتی دەوڵەتی عێراق، کۆتایی بە گەندەڵیی چینی دەسەڵاتدار بهێنرێت. بە واتای گۆڕینی باشووری عێراق بۆ سەرچاوەیەکی نوێی چاکسازیی سیستمی سیاسی. لەبەر ئەمە هەندێک چاوەڕوانن بەردەوامیی ئەم تووڕەییە ببێتە هۆی بەرهەمهێنانی هاوکێشەیەکی نوێی سیاسی لە عێراقدا (کەنینگهام، ٢٠١٩).
هەرچەندە لە قۆناخەکانی دواییدا ناڕەزاییەکان رووە و توندوتیژی چوون – کە بەڕادەیەکی بەرفراوان سەرکۆنە کراوە – بەڵام ئەمە رەتیناکاتەوە کە بزووتنەوەی ناڕەزایی بووەتە سەرچاوەیەکی نیگەرانی بۆ ئەو هێزە سیاسییە نەریتییانەی وجودی خۆیان لە چەقی عێراقی شیعەدا سەپاندبوو (سەباح، ٢٠١٩) و، دواتر بووە مایەی دەرەنجامی گرنگ، لەوانە دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی و کارکردن بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت، بەتایبەتی دوای ئەوەی بزووتنەوەی ناڕەزایی و داوا رەواکانی و چالاکییە جۆراوجۆرەکانی پشتگیرییەکی گەورەی مەرجەعیەتی نەجەفیان بەدەستهێنا.
ئاشکرایە بزووتنەوەی ناڕەزایی پەیامێکی روون ئاراستەی چینی سیاسی دەکات – بەگشتی نەک تەنیا شیعەکان – نێوەڕۆکەکەی دەڵێت دانیشتووانی چەقی عێراقی شیعە چی دیکە تاران و هاوپەیمانەکانی بە سەرچاوەی بەرهەمێنانی ئەو داهاتووە نازانن کە لاوانی شارەکانی باشوور خەونی پێوە دەبینن، هەروەها ئاماژە دەکات بۆ ئەوەی ناڕازییەکان دوور لە پێوەندیی ئاینزایی لەگەڵ ئێراندا کار لەسەر بزووتنەوەکەیان دەکەن و جەخت لە رەتکردنەوەی هەموو دەستوەردانێکی دەرەکیی ئەمەریکا یان ئێران لە کاروباری وڵات دەکەن (ئیبراهیم، ٢٠١٩).
ناڕەزایان بەم هەوڵەیان دەیانەوێت بیسەلمێنن کە بزووتنەوەکەیان بزووتنەوەیەکی چاکسازیی ناتایفییە و دوورە لەو پێناسە شیعەیەی نیشانەی جیاکەرەوەی بزووتنەوەکانی ناڕەزایی ساڵی ١٩٧٩ی ئێران و ئەوانەیشی لە چەقی عێراقی شیعە لە ١٩٩١دا روویان دا، بۆیەش ئەمڕۆ دژی ناساندنێتی وەک بزووتنەوەیەک کە هەوڵی لاساییکردنەوەی نموونەی ئێران دەدات (ئەلشەممەری، ٢٠١٩).
لەم چوارچێوەیەدا، زۆر لە توێژەران تێبینی دەکەن داواکارییەکانی بزووتنەوەی ناڕەزایی پەیوەست نەبوون بە پێکهاتەی شیعە لەڕووی تایەفەگەرییەوە یان بە چەقی عێراقی شیعەوە، بەڵکو داواکاریی گشتی بوون بۆ گشت عێراقییەکان و لەپێناو چاکسازی لە دەوڵەت و سیستەمی سیاسی، ئەمەیش دەتوانێت لە زیندووکردنەوەی پێناسی نیشتمانیی – عێراقی دوور لە دەستوەردانی دەرەکی بەشدار بێت (ئەلجەزیرە، ٢٠١٩).
لەئەنجامدا دەشێت بگوترێت بزووتنەوەی ناڕەزایی – سەرباری هەموو ئەو رەخنانەی ئاراستەی کراون – هێشتا گرەو لەسەر روودانی گۆڕانکاری لە هەڵوێستی رەوتی سەدر بە ئاراستەی پشتیوانیکردنی دەکات – ئەمەش پاش تۆمەتبارکردنی کڵاوشینەکانی سەر بە رەوتەکە بە هێرشکردنە سەر خۆپێشاندەران و دواتر راگرتنی کاری ئەو گرووپە بە فەرمانی موقتەدا سەدر – تاوەکو ئاوێتەی پشتیوانیی نەجەف ببێت و بەیەکەوە ببن بە سەرچاوەیەکی گرنگی بەرهەمهێنانی هاوسەنگیی نوێی هێز لە چەقی عێراقی شیعە کە لە داهاتوودا کاریگەری لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و پێکهێنانی حکوومەت و چاکسازی لە سیستەمی دەوڵەت دادەنێت.
سێیەم: شارەکانی ململانێ لە چەقی عێراقی شیعەدا
چەقی عێراقی شیعە بە کۆمەڵە شارێکی سەرەکی جیا دەکرێتەوە کە بە ئاراستەکەری رووداوەکانی ئەم ناوچەیە دادەنرێن. ئەم شارانە مۆرکێکی سیاسیی دیاریکراویان نییە بەهۆیەوە بدرێنە پاڵ لایەنێکی سیاسیی دیاریکراو، لەبەر ئەوەی تێکهەڵکێشییەکی گەورە لە پانتایی هەژموونی هێزە سیاسییەکانی ئەوێدا هەیە كە بەهۆیەوە داڕشتنی نەخشەکانی هەڵبژاردن بۆ هێزە کاراکان لە داڕشتنی دیمەنی رووداوەکان کارێکی سەختە.
بۆ نموونە کاتێک هێزێکی سیاسی لە ئەنجوومەنی پارێزگای یەکێک لەو شارەکاندا زاڵ دەبێت، دەبینین هێزی دیکە هەن بەسەر شەقامدا زاڵن و قسە و قورسایی خۆیان دەسەپێنن و رەنگە دواتر سروشتی هاوپەیمانییە سیاسییەکانی حوکمڕانیی شارەکە بگۆڕن. بۆیە لەم دۆخەدا باشترە پەنا ببرێتە بەر دەستنیشانکردنی ململانێکان لەو شارانەدا (بەغدا، بەسرە، نەجەف، زیقار).
بەگوێرەی خەمڵاندنەکانی دانیشتووانی پارێزگا جیاجیاکانی عێراق، بۆمان دەردەکەوێت شارەکانی باشووری عێراق ٥٩ لە سەدی کورسییەکانی پەرلەمانیان بەردەکەوێت – دەکاتە ١٩٤ کورسی لە کۆی ٣٢٩ کورسی – بەڵام ئەمە رەتیناکاتەوە کە شاری تێکەڵاو نین و لایەنەکانی دیکە پشکیان لە کورسییەکاندا نییە. بەپێی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، شاری بەغدا لە پێشەوەی ئەم شارانەیە بە ٧١ کورسی و، بەسرە دووەمە بە ٢٥ و، زیقار سێیەمە بە ١٩ کورسی. ئەمە پۆلێنکردنێکی گرنگە و قەبارەی کێبڕکێی راستەقینەمان لەم سێ شارەدا بۆ دەردەخات، کە دەشێت – بەگوێرەی ئەم پێوەرە – بڵێین گرنگترین ناوچەی شارنشینن و کاریگەرییان لەسەر تەواوی عێراقی شیعی هەیە.
ئەنجامەکانی دوایین هەڵبژاردن لە ٢٠١٨، پێشانی دەدەن کە هاوپەیمانیی سائیرون – هاوپەیمانییەکی هەڵبژاردنی نێوان رەوتی سەدر و رەوتی مەدەنیی تا ئاستێکی زۆر پەیوەست بە بزووتنەوەی ناڕەزایی – لە بەغدا زۆرترین کورسیی بەدەستهێناوە، ١٧ کورسی و، هاوپەیمانیی فەتحی سەر بە حەشد لە بەسرە زۆرترین ژمارەی کورسیی بەدەستهێناوە كە ٦ کورسین، لە زیقار سائیرون زۆرترین ژمارەی کورسیی بەدەستهێناوە. ئەم هاوکێشەیە پێشانمان دەدات کە جیاوازییەکی کەم لە ژمارەی کورسییەکانی سائیرون و فەتح لە بەسڕە و زیقار هەیە كە نزیکەی یەک کورسییە.
ئەمە ئاشکرای دەکات کە کێبڕکێیەکی بەرفراوان لەسەر گۆڕەپانی کۆمەڵایەتی – هەڵبژاردن لە نێوان ئەم هێزانە لە شارە سەرەکییەکاندا هەیە و خۆی بە شێواز و میکانیزم و گوتاری جۆراوجۆر دەنوێنێت. چاوەڕوانیش دەکرێت ئەمە بەگشتی هاوکێشەی نوێی هەڵبژاردن لە قۆناخی داهاتوودا بەرهەم بهێنێت. ئەمەش لەگەڵ چەمکی ململانێی نێوان رێچكە جیاوازەکانی شیعە بەرامبەر بەم ناوچە جوگرافییە گرنگە هاوشان دەبێت و، بێگومان لە بەرهەمهێنانی تایبەتمەندییەکی روونتری هەڵبژاردن لە شارە سەرەکییەکانی باشووری عێراق بەشدار دەبێت، بەتایبەت ئەگەر هاوپەیمانییەکی گەورە پێکبهێنرێت – کە تا ئاستێکی زۆر چاوەڕوانکراوە بەلای ئێمەوە – هێز و کەسایەتیی گونجاو لەگەڵ ئەو رێچكە سەرەکییە ناوەندگیرانەی جەخت لە گوتاری دەوڵەت و پێناسی نیشتمانی و دادوەریی کۆمەڵایەتی دەکەن، لەخۆ بگرێت.
لەم چوارچێوەیەدا، دەشێت بڵێین تا ئێستا دوو تەوەر لە سێگۆشەی بەغدا – بەسرە – زیقاردا ململانێ دەکەن، سائیروون نوێنەرایەتیی تەوەری یەکەم دەکات و لە بەرەی دژبەری هاوپەیمانیی فەتحە. تەوەری یەکەم هەوڵدەدات پێوەندی نەریتیی خۆی لەگەڵ رەوتی مەدەنی بەهێزتر بکات و زیاتر لە رەوتی بزووتنەوەی ناڕەزایی نزیک ببێتەوە، لە کاتێکدا حەشد لە قۆناخی دابەشبوون بەسەر حەشدی مەرجەعی و حەشدی وەلائیدا دەبێت و ئەمەش کاریگەریی زۆری لەسەر پێگەی هەڵبژاردنی ئەو دەبێت. لەگەڵ ئەوەیشدا لە بواری دەستنیشانکردنی پێناسی هەڵبژادنی شارەکان بابەتەکە بەبێ هەڵوێستی ناڕاشکاوی نەجەف یەکلا نابێتەوە. پشتیوانیی ئاکارییانەی نەجەف بۆ بزووتنەوەی ناڕەزایی – وەک چاوەڕوان دەکرێت – بە شێوەیەکی بەرفراوان لەلایەن سائیروونەوە بۆ بەدەستهێنانی دەنگی زیاتر بەکاردەهێنرێ، بەتایبەتی کە چاوەڕوانکراوە ئەمە لەگەڵ هەڵکشانی شوێن لە سرووشتی هاوپەیمانیی سائیرووندا بەرەو حەشدی مەرجەعی هاوشان بێت. هەموو ئەمانە دەبنە مایەی تەنگژەی راستەقینە بۆ لایەنەکانی دیکە – حەشد بە ئاسانی ئەم دۆخەیان پێ قبووڵ ناکرێت. ئەمەیش ئەو شارانە دەکاتە سەرچاوەیەکی گرنگی دەستنیشانکردنی ئاراستەی چەقی عێراقی شیعە. پێدەچێت هاوکێشەی یەکەم نزیکتر بێت لە بەرهەمهێنانی جۆرە سەقامگیرییەکی سیاسیی رێژەیی و رێگە بە گۆڕانی ئاراستەی هەڵبژاردن و گەیشتنی کەسایەتیی نوێ بە ریزی پێشەوەی دیمەنەکە بدات.
سازانی ئەم رێچکانە کار دەکاتە سەر توانای ئەو حکوومەتەی سەرۆکوەزیرانێکی شیعە بەڕێوەی دەبات بۆ گرتنەبەری رێگایەک خواستی جەماوەر بەدی بهێنێت. ئەمەیش لە ئاکامدا دەبێتە مایەی هەژمارکردنی ئەو سەرۆکی حکوومەتە لەسەر یەکێک لە لایەنەکانی ئەو رێچکانەی ئامادەییان لە چەقی عێراقی شیعەدا هەیە، هەر کە ناکۆکی لە دیدی ئەم سەنتەری هێزانەدا دەرکەوت، حکوومەت بەرەو لەدەستدانی هاوسەنگی دەچێت و دواتر بەرەو داڕمان دەڕوات. ئەمە لەگەڵ زۆربەی حکوومەتەکانی پاش ٢٠٠٦ تا ئەمڕۆ روویداوە و، بووەتە هۆکاری رووخاندنی حکوومەتەکەی عادل عەبدلمەهدی و، رۆڵی گەورەی لە رێکنەکەوتن لەسەر جێگرەوەیەک بۆی لە ماوەی زیاتر لە شەش مانگدا هەبوو.
کاتێک پاش هەڵبژاردن دیدگای سائیروون و فەتحی سەر بە حەشد نزیک بوونەوە، حکوومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی بەرهەمهات، کە هاوپەیمانییە شڵۆقەکەشیان هەڵوەشا، حکوومەتەکە زیانی بەرکەوت. هاوپەیمانیی سائیروون هەستی بە جۆرێک نائومێدی کرد کاتێک سەرەتا هاوپەیمانیی فەتح دژی هەڵبژاردنی پێشوەخت هەڵوێستی نواند، بۆیە موقتەدا سەدر گوتی: “چیدی هاوپەیمانیمان لەگەڵ فەتح بەردەوام نابێت… بەردەوامیی ئەم حکوومەتەی ئێستا و پشتیوانەکانی لە هەمان ئەو رێچكەیە، عێراق لە هەمان دۆخ و کێشەدا دەهێڵێتەوە کە سووریا لەم ساڵانەی دواییدا بەدەستیانەوە ناڵاندوویەتی” (رواندزی، ٢٠١٩). لە بەرامبەر ئەمەدا ئێران ئامۆژگارییەکی گرنگی پێشکەشی عێراق کرد کاتێک عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێران گوتی: “زیانی گەورە کە ئەمەریکای دوژمن دەتوانێت بە هەر وڵاتێکی بگەیەنێت، لەڕێی تێکدانی ئاسایشی ئەو وڵاتەوە دەبێت” (تیڤی، ٢٠١٩).
ئەو لێرەدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە دۆخی ئاسایشی وڵاتانی وەک عێراق و لوبنان بەندە بە رۆڵی سەربازیی هاوپەیمانانی تارانەوە، حەشدی شەعبی و حزبوڵڵا، ناکرێت بە هیچ شێوەیەک باز بەسەر ئەم هاوکێشەیەدا بدرێت. لێرەدا پێویستە بەغدای پێش ٢٠١٧ بخەینەوە بیری خۆمان، کاتێک رۆژانە هەندێكجار پێنج تەقینەوەی تیرۆریستانە روویاندەدا. بۆیە هەندێک جەخت دەکەن لەوەی حەشد رۆڵی باڵای لە گۆڕینی دیمەنی ئاسایشی پایتەخت لە پاش ٢٠١٧ هەبووە. بەڵام ئەو کێشە راستەقینەیەی هێشتا لە هەمووان دیارە، ئەوەیە کە تا چەندە حەشد دەخوازێت ئەم لایەنە باشەی خۆی، لەڕێی تێکەڵبوونی بێمەرج بە دەوڵەت بەهێز بکات و نەبێتە دژبەری دەوڵەت.
لە کۆتاییدا دەشێت لەڕێی ئەمەی پێشتر باسمان کرد، بگەینە ئەو دەرەنجامەی كە دەڵێت نزیکبوونەوەی دیدگەی نەجەف و رەوتی سەدر و بزووتنەوەی ناڕازی لەمەڕ هەندێ بابەت کە دەبنە مایەی هێورکردنەوەی شەقام – لەوانە هەڵبژاردنی پێشوەخت و دەستلەکارکێشانەوەی حکوومەتی ئێستا و شەڕی گەندەڵی و دەستنیشانکردنی کۆمیسیۆنێکی نوێی هەڵبژاردن – رۆڵی گرنگیان لە ناچارکردنی هاوپەیمانیی فەتح – حەشد بۆ دەستبەردان لە پاڵپشتیکردنی حکوومەتی عادل عەبدولمەهدی هەبوو. ئەمەیش وانەیەکی گرنگە بۆ تێگەیشتنی سروشتی کارلێکە جیۆپۆلیتیکییەکانی چەقی عێراقی شیعە و شێوەی کاریگەرییەكەی لەسەر سەقامگیریی هەر حکوومەتێكی داهاتوو. بۆیە سەرۆکی ئەم حکوومەتە رووبەڕووی تەحەدایەکی نێوخۆیی گرنگ دەبێتەوە كە بریتییە لە چۆنێتیی تەبەنناکردنی میکانیزم و سیاسەتگەلێک، رێ بە خۆی و بە حکوومەتەکەی بدەن سازان لەنێوان ئەم هێزانە درووستبکەن – یان هەر نەبێت لەگەڵ کاریگەرترین هێزەكاندا رێكبكەون – بۆ ئەوەی حکوومەتەکەی بەردەوام بێت و ڕووبەڕووی هەمان چارەنووسی حکوومەتەکەی پاش هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٨ نەبێتەوە.
سەرچاوەکان:
- Abdo، g. (2019، July 8). Iran and the United States Battle It Out in Iraq. Retrieved April 13، 2020، from Foreign Policy: https://foreignpolicy.com/2019/07/08/iran-and-the-united-states-battle-it-out-in-iraq/
- Alaca، M. (2020، April 3). Sistani versus Khamenei on Iraq’s Hashd al-Sha’abi. Retrieved April 7، 2020، from LSE: https://blogs.lse.ac.uk/mec/2020/04/03/sistani-versus-khamenei-on-iraqs-hashd-al-shaabi/
- al-jazeera. (2019، November 4). Analyst: Iraq protests have ‘overcome sectarianism’. Retrieved April 16، 2020، from al-jazeera: https://www.aljazeera.com/news/2019/11/analyst-iraq-protests-overcome-sectarianism-191104190411464.html
- al-Marashi، I. (2018، October 24). Does an Iraqi “Sunnistan” Really Exist ? Retrieved April 2، 2020، from Oasis: https://www.oasiscenter.eu/en/sunni-muslims-isis-iraq
- al-salhy، S. (2020، Mrch 16). Iran and Najaf struggle for control over Hashd al-Shaabi after Muhandis’s killing. Retrieved April 10، 2020، from Middle East Eye: https://www.middleeasteye.net/news/iran-and-najaf-struggle-control-over-hashd-al-shaabi-after-muhandis-killing
- Alshamary، M. (2019، ecember 14). Iraqi protesters are mostly Shiite. And this identity is shaping how they protest. Retrieved April 16، 2020، from The washington Post: https://www.washingtonpost.com/politics/2019/12/14/iraqi-protesters-are-mostly-shiite-this-identity-is-shaping-how-they-protest/
- CIA. (2012). Iraq Shias. Newyourk: Director of Intelligence. Retrieved April 8، 2020
- Commission، I. N. (2012). Iraq Population Situation. Baghdad.
- Cunningham، E. (2019، December 19). Iraq’s Shiites helped boost the political elite in Baghdad. Now they want to bring it down. Retrieved April 15، 2020، from The Washungton Post: https://www.washingtonpost.com/world/middle_east/iraqs-shiites-helped-boost-the-political-elite-in-baghdad-now-they-want-to-bring-it-down/2019/12/28/7768d0e0-20da-11ea-b034-de7dc2b5199b_story.html
- England، A. (2018، July 31). Iraq’s Shia militias: capturing the state. Retrieved April 14، 2020، from Financial Times: https://www.ft.com/content/ba4f7bb2-6d4d-11e8-852d-d8b934ff5ffa
- France. (2019، November 14). In Shiite holy city of Karbala، Iraqis protest against Iranian ‘meddling’. Retrieved April 15، 2020، from France 25: https://www.france24.com/en/20191114-in-shiite-holy-city-of-karbala-iraqis-protest-against-iranian-meddling
- Frenken، K. (2008). Iraq: GeoGraphy، clImate and populatIonGeography. Rome: FAO.
- GIGLIO، M. (2019، Mrch 8). The Flash Point Between America and Iran Could Be Iraq’s Militias. Retrieved April 12، 2020، from The Atlantic: https://www.theatlantic.com/politics/archive/2019/05/iraq-militias-flash-point-between-united-states-and-iran/589003/
- Hassan، F. (2019، December 31). Protesters Attack U.S. Embassy in Iraq، Chanting ‘Death to America’. Retrieved April 15، 2020، from new York Times: https://www.nytimes.com/2019/12/31/world/middleeast/baghdad-protesters-us-embassy.html
- Ibrahim، A. (2019، November 29). Why are Iraqi protesters targeting Iranian buildings ? Retrieved April 15، 2020، from Al-Jazeera: https://www.aljazeera.com/news/2019/11/iraqi-protesters-targeting-iranian-buildings-191128173736467.html
- Khalil، L. (2019، December 6). Sistani: The (not-so) hidden hand behind Iraqi politics. Retrieved April 8، 2020، from the Interpreter: https://www.lowyinstitute.org/the-interpreter/sistani-not-so-hidden-hand-behind-iraqi-politics
- Leathley، S. (2019، October 25). Iraq’s Shi’a Protests Resume: Interim Summary. Retrieved April 16، 2020، from ISW: http://www.iswresearch.org/2019/10/iraqs-shia-protests-resume-interim.html
- Mansour، R. (2020، November 12). After Latest Turn، Is Muqtada al-Sadr Losing Influence in Iraq ? Retrieved April 12، 2020، from Chatam House: https://www.chathamhouse.org/expert/comment/after-latest-turn-muqtada-al-sadr-losing-influence-iraq
- Masud، E. (2006، October 14). Iraq: Divide and Rule، ‘Ethnic Cleansing Works. Retrieved April 5، 2020، from The Milli Gazette: http://www.milligazette.com/dailyupdate/2006/20061014_Iraq_war_ethnic_cleansing.htm
- MEO. (2020، January 10). Iraq، Sistani condemns US-Iran confrontation in. Retrieved April 7، 2020، from Middle East Online: https://middle-east-online.com/en/sistani-condemns-us-iran-confrontation-iraq
- Monitor، M. E. (2019، December 31). Iraq’s Sadr ready to work with Iran-backed PMF to oust US. Retrieved April 10، 2020، from MEM: https://www.middleeastmonitor.com/20191231-iraqs-sadr-ready-to-work-with-iran-backed-pmf-to-oust-us/
- Muir، J. (2019، December 20). Moqtada al-Sadr: The firebrand cleric who could calm Iraq. Retrieved April 11، 2020، from BBC news: https://www.bbc.com/news/world-middle-east-50850319
- Nasrawi، S. (2016، March 1). What are the reasons behind Muqtada al-Sadr’s return ? Retrieved April 9، 2020، from al-Jazeera: https://www.aljazeera.com/news/2016/03/reasons-muqtada-al-sadr-return-isis-160301065727884.html
- NEWS، I. (2019، December 6). Sistani Says No Foreign Meddling To Choose New Iraq PM، In Nod To Iran. Retrieved April 9، 2020، from Radio Frda: https://en.radiofarda.com/a/sistani-says-no-foreign-meddling-choose-new-iraq-pm-iran/30311537.html
- Pan، E. (2005، January 27). IRAQ: Al-Sadr’s Political Ambitions. Retrieved April 15، 2020، from Council on foreign relations: https://www.cfr.org/backgrounder/iraq-al-sadrs-political-ambitions
- Rahimi، B. (2007). Ayatollah Sistani and the Democratization of Post-Ba‘athist iraq. Washington: Unites States institute of peace. Retrieved 4 6، 2020، from United States institute of peace: https://www.usip.org/sites/default/files/sr187.pdf
- Review، T. M. (2014، January 7). Who can end Iraq’s Sunni-Shiite violence ? Retrieved April 6، 2020، from The Christian science monitor: https://www.csmonitor.com/Commentary/the-monitors-view/2014/0107/Who-can-end-Iraq-s-Sunni-Shiite-violence
- Rwanduzy، M. (2019، October 30). Sadr issues dire warning of internal conflict if Abdul-Mahdi not ousted. Retrieved April 16، 2020، from Rudaw: https://www.rudaw.net/english/middleeast/iraq/30102019
- Rwanduzy، M. (2020، January 14). Muqtada al-Sadr receives PMF leaders in Qom to discuss US troop presence in Iraq. Retrieved April 10، 2020، from Rudaw: https://www.rudaw.net/english/middleeast/14012020
- Sabah، D. (2019، December 3). Violence hits Iraq’s Shiite shrine cities amid unrelenting protests. Retrieved April 16، 2020، from Daily Sabah: https://www.dailysabah.com/mideast/2019/12/03/violence-hits-iraqs-shiite-shrine-cities-amid-unrelenting-protests
- Salih، D. (2018، June 18). Sadr’s path to power. Retrieved April 14، 2020، from Iraqi Thoughts: https://1001iraqithoughts.com/2018/06/18/sadrs-path-to-power/
- Salih، D. (2019، June 5). Iraq’s Security Heartland. Retrieved April 16، 2020، from The Geopolitics: https://thegeopolitics.com/iraqs-security-heart-is-still-troubled/
- Smyth، P. (2019، May). The Shia Militia Mapping Project. Retrieved April 12، 2020، from The washington Institute: https://www.washingtoninstitute.org/policy-analysis/view/the-shia-militia-mapping-project
- Tv، T. p. (2019، October 30). Leader: US، West spy services inciting unrest in regional states. Retrieved April 16، 2020، from The press Tv: https://www.presstv.com/Detail/2019/10/30/609943/Iran-Leader
35- السعدی، ع. ف. (2008). جغرافیە العراق. بغداد: الدار الجامعیە للگباعە و النشر.
36- العلوی، ح. (1990). الشیعە و الدولە القومیە فی العراق 1914-1990. قم: دار الپقافە للگباعە و النشر.
37- بگاگو، ح. (2003). العراق: الگبقات الاجتماعیە و الحركات الپوریە من العهد العپمانی حتی قیام الجمهوریە (الگبعە الپالپە ed.، Vol. الجزء الپالپ). بیروت: مۆسسە الابحاپ العربیە.
38- حسن، ح. (2018، 9). العلاقات الشیعیە فوق الوگنیە والدولە الوگنیە فی العراق. سیاسات عربیە(34)، 32.
39- شلال، م. ح. (1968). الجغرافیە العسكریە. بغداد: مگبعە الارشاد.
40- مار، ف. (2006). تاریخ العراق المعاصر. (م. ن. احمد، Trans.) بغداد: المكتبە العصریە.
نەخشەی ژمارە ١
تۆپۆگرافیای عێراق
سەرچاوە:
Varoujan K. Sissakian and Mawahib F. Abduljabar، classifaction of the alluvial fans in Iraq، Iraqi bulletin of geology and mining، Vol.10، No.3، 2014، p 46.
نەخشەی ژمارە ٢
دابەشبوونی جوگرافیایی پێکهاتەکانی عێراق
سەرچاوە: https://www.vox.com/a/maps-explain-crisis-iraq
نەخشەی ژمارە 3
دابەشبوونی جوگرافیایی بزووتنەوەی ناڕەزایی تشرین
سەرچاوە:
Samantha Leathley and Brandon Wallace، Iraq’s Shi’a Protests Resume: Interim Summary، Institute for the study of war، 25 October، 2019.