لێکۆڵینەوە

كوردستانی پاش كۆرۆنا; كاریگەرییە سیاسی و ئەمنییەكانی كۆرۆنا لەسەر كوردستان

30-03-2020


پوخته‌

بڵاوبوونەوەی خێرای كۆرۆنا وه‌ك گه‌وره‌ترین هه‌ڕه‌شه‌ی مانه‌وه‌ی مرۆیی له‌ جیهان له‌ نیوه‌ی یه‌كه‌می ساڵی 2020دا، وایكرد مرۆڤه‌كان له‌ماڵه‌وه‌ خۆراك بۆ كاتی ته‌نگانه‌ هه‌ڵگرن و هه‌وڵی خۆپارێزی بده‌ن. به‌هه‌مانشێوه‌، ده‌وڵه‌تانیش كۆنترۆڵیان له‌سه‌ر سنووره‌كانیان زیاتركرد وهاتوچۆ، ئاڵوگۆڕی بازرگانی و پێوه‌ندیی دیپلۆماسیشیان كه‌مكردۆته‌وه‌. تاك و ده‌وڵه‌ت لە سەرتاسەری دنیا ته‌قه‌لای مانه‌وه‌ ده‌دە‌ن. ئه‌مه یه‌كه‌مجار نییه‌ مرۆڤایه‌تی تووشی په‌تایه‌كی عاله‌مگیر بێت‌ به‌ڵام، رەنگە هیچ وه‌ختێ وه‌ك ئه‌مه‌ی كۆرۆنا ترسێكی گشتگیری درووستنه‌كردبێت. به‌شێكی ئه‌مه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ جاری جاران به‌كارهێنانی میدیا و سۆشیاڵمیدیا ئه‌وه‌نده‌ی ئیستا باو نه‌بووه‌ هەتا مرۆڤەكان، بە ئاسانی هەواڵی شوێنەكانی دیكەیان پێبگات.‌ له‌وه‌ش بترازێ، كۆنترۆڵی كه‌متر به‌سه‌ر جووڵه‌ی زانیارییه‌كان ماوه‌. ئێستا هه‌رتاكێك ده‌توانێت سه‌رچاوه‌یه‌كی زانیاری بێت كه‌ بێگومان، كۆنترۆڵكردنیان له‌لایه‌ن دامه‌زراوه‌ی دەوڵەتەوە‌ كارێكی ئاسان نییه‌.

دنیای سیاسی له‌دوای كۆرۆنا چۆن ده‌بێت و لەوەش گرنگتر كوردستانی پاش كۆرۆنا چۆن دەبێت؟ ئه‌م پرسیاره‌ له‌ دۆخی ئێستادا،‌ كه‌ دنیا هه‌ڵه‌وگیری كۆرۆنا بووه‌ و خەمیی سەرەكیی تووشنەبوون و چاكبوونەوەیە، پرسیارێكی گه‌شبینانه‌یه.‌ به‌ڵام ئه‌زموونه‌كانی رابردووش ده‌ریانخستووه‌ كه‌ توانای مرۆڤ بۆ زاڵبوون به‌سه‌ر ئافات و گرفته‌ سرووشتییه‌كانی وه‌ك پەتا گشتگیرەكان كه‌م نییه‌. ئەگەر بمانەوێ سەرەداوێكمان لەبارەی داهاتوو دەسكەوێت دەبێ لانیكەم دوو فاكتەری گرنگ لە پێشچاو بگرین: یەكیان ركابەری و پێوەندییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكانە و ئەوی دیكەشیان ئەو گۆڕانكارییانەیە كە لەوانەیە لە ئاستی دەوڵەت- وڵاتێكدا رووبدەن. بێگومان تیگەیشتن لەوانەش دیمەنی كوردستانی پاش كۆرۆنامان بۆ روونتر دەكاتەوە.

رووداوه‌ ده‌گمه‌نه‌كانی ژیانی مرۆڤ له‌ جه‌نگه‌وه‌ بگره‌ هه‌تا قه‌یرانی ئابووری، داهێنانی ته‌كنه‌لۆژیایەكی بنەڕەتی و ته‌نانه‌ت كاره‌ساته‌ سرووشتییه‌كانیش دەتوانن وەرچەرخانیك لە ژیانی مرۆڤایەتی و دنیا سیاسییەكەیدا درووستبكەن. ئه‌م بابه‌ته‌ له‌و ده‌لاقه‌یه‌وه‌ ته‌ماشای كۆرۆناش ده‌كات و‌ پێیوایه كاریگه‌رییه‌كانی ئه‌م په‌تا گشتگیره‌ ته‌نها به‌ ته‌ندرووستی مرۆڤه‌كان و ژماره‌ی دانیشتوانی گۆی زه‌ویوه‌ سنوودارنامینێت. كۆرۆنا سیاسه‌تی دنیاش به‌ره‌و گۆڕانكاری ده‌بات هه‌رچه‌ند كه‌ له‌وانه‌یه،‌ كاریگه‌رییه‌كه‌ی له‌سه‌ر هه‌موو ده‌وڵه‌تانی جیهان وه‌ك یه‌ك نه‌بێت.

ئه‌م بابه‌ته‌ له‌لایه‌ك هه‌وڵیداوە تایبه‌تمه‌ندییه‌ گشتییه‌كانی ئه‌و وەر‌گۆڕانه‌ پیشانبدات كه‌ له‌وانه‌یه‌ له‌ قۆناخی پاش كۆرۆنا بێنه‌ دی و له‌لایه‌كی دیكه‌ش، هەوڵیداوە ئەوە دەرخات كە چۆنچۆنی لاوازیی سیستەمی تەندرووستی، وابەستەیی ئابووری و نوقسانی سیستەمی پەرەوەردەیی لە عێراق و كوردستان، دەتوانن ببنە هەڕەشەیەكی ئاسایشی نیشتمانی. بێجگە لەوە، وایداناوە كە هەڕەشەكانی ئاسایشیی زیاتر بۆ كوردستان درووستدەبن و گه‌شه‌كردنی ده‌سه‌ڵاتگه‌رایی، ئیسلامگه‌رایی سیاسی له‌ كوردستان كە بەرلە كۆرۆناش هەبوون، خێراتر ده‌بن. هه‌رچه‌ند هه‌ندێكجار قه‌یرانه‌كان رۆڵیان له‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی ناكۆكییه‌كاندا هه‌یه‌ به‌ڵام كۆرۆنا، گۆڕانكارییه‌كی ریشه‌یی له‌ سرووشتی ململانیی كوردی – كوردی درووستنەكردووە و وادیارە هێزە كوردییەكان لەو شوێنەی كە مابوون درێژە بە ناكۆكییەكانیان دەدەن.

لینکی تەواوی لێکۆڵینەوەکە:

كوردستانی پاش كۆرۆنا

Share this Post

لێکۆڵینەوە