سەرەتا
یه‌كێتی نه‌ك دوای كۆچی مام جه‌لال، به‌ڵكو له دوای لاوازبوونی هه‌ژموونی مام جه‌لال به‌سه‌ر رێكخستن و دواتریش سه‌رهه‌ڵدانی كێشه نێوخۆییه‌كانی یه‌كێتی كه ده‌گه‌ڕيێته‌وه بۆ سه‌ره‌تاكانی ساڵی 2005، ئەویش كاتێك كە مام جه‌لال به‌هۆی سه‌رقاڵبوونی بە سەرۆکایەتی کۆمار لە به‌غدا نه‌یتوانی ئه‌و دەسەڵاتە یەکلاکەرەوەیەی جارانی هه‌بێت به‌سه‌ر پێكهاته‌كانی نێو یەكێتی و له نزیكه‌وه ئاگاداری گازنده و ناكۆكییه‌كانیان بێت. ئیتر له‌و رۆژه‌وه تاوەکو دەگاتە ئێستاش، یه‌كێتی بەدەست ژمارەیەک گوشاری به‌رده‌وامەوە دەناڵێنێت. هه‌ڵبه‌ته ئه‌م دۆخه تایبه‌تییه‌ی ناو یه‌كێتی نه له به‌رژه‌وەندی یه‌كێتییه و نه له‌به‌رژه‌وه‌ندی كورد‌و هه‌رێمی كوردستانیشه. بەڵکو ته‌نیا له به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ندێك له هێزه هه‌رێمییه‌كانی ناوچه‌كه‌یه. هێزه هه‌رێمییه‌كان هه‌میشه چاویان له‌وه‌یه خاڵی لاوازی پارته كوردییه‌كان بزانن و له به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆیان به‌كاریبێنن. هه‌ڵبه‌ته مه‌به‌ست ئه‌وه نییه بڵێم ته‌نیا یه‌كێتی خاڵی لاوازی هه‌یه، هه‌موو لایه‌نه‌كان هه‌یانه، به‌ڵام كاتێك خاڵی لاوازی هێزێكی وه‌ك یه‌كێتی یان پارتی ده‌كه‌وێته ده‌ست هێزێكی هه‌رێمی، ئه‌وا كاریگه‌رییه‌كانیشی زۆر گه‌وره‌تر و چاره‌نووسسازتر ده‌بن تاوەکو هێزیكی بچووك. بۆیه هه‌ر گوشارێك بۆ سه‌ر ئه‌م دوو هێزه كاریگه‌ری زۆر گه‌و‌ره‌ی ده‌بێت نه‌ك ته‌نیا به‌سه‌ر ئه‌و دوو لایه‌نەوە به‌ڵكو به‌سه‌ر ته‌واوی پرۆسه‌ی سیاسی و حوكمڕانی له عێراق دا.
لێرەدا، جگە لە خستنەڕووی گوشار و دەرئەنجامەکان لەسەر یەکێتی، چۆنیەتی مامەڵکردن لەگەڵ یەکێتی و پرسی دوو ئیدارەیی بەلای یەکێتی، جێگرەوەی یەکێتی، بژاردەکانی بەردەم پارتی و بنەماکانی رێککەوتنێکی نوێ دەخەینەڕوو.
سێ گوشاری بەردەوام لەسەر یەکێتی و دەرئەنجامەکانی
یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە حوکمی مێژوو جوگرافیا و پێكهاتەی حیزبی، هەمیشە لە ژێر کاریگەری سێ گوشاردایە، کە هەندێک جار گوشاری پارتیشی دێتە سەر، بۆیە لە پەیوەندیکردن و سیاسەتکردن لەگەڵ یەکێتیدا گرنگە رەچاوی ئەم گوشارانە بکرێت.
یه‌كه‌م، گوشاری نێوخۆیی یه‌كێتی: كاریگه‌رترین گوشاری سه‌ر یه‌كێتی بریتییه له‌و گوشاره‌ی كه یه‌كێتی له ناوخۆوە له‌سه‌ریه‌تی، چ له‌سه‌ر ئاستی هه‌ڕه‌می سه‌ركردایه‌تی و چ له‌سه‌ر ئاستی كادیرانی خواره‌وه‌ش. له راستیدا به‌شێكی زۆری ئه‌و گوشارانه‌ی دیكە له ناو هه‌ناوی ئه‌و گوشاره‌دا له دایك بوون. ئه‌م هۆکارە وای كردووه دروستبوونی بڕیار له ناو یه‌كێتی پرۆسه‌یەكی فره زه‌حمه‌ت بێـت یان هه‌ندێك جار هه‌ر دروست نه‌بێت. بۆ نموونه له كاتی بڕیاردان له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی گشتپرسی بینیمان ئه‌و پرۆسه‌یه چه‌ند ئاڵۆز بوو و چه‌ندیش خراپ به‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستاندا شكایه‌وه. ئەم گوشارە دوای دەرکردنی لاهوور شێخ جەنگی زۆر کەمبووەتەوە. ئێستا یەکێتی زۆر یەک دەستتر و یەک بڕیارتر و پابەندترە لە یەکێتی پێش 8 تەممووزی 2021.
گوشاری دووەمی سه‌ر یه‌كێتی كه هه‌ندێك جار به ده‌گمه‌ن له‌لایه‌ن دەستەبژێری سیاسی ده‌بینرێت ده‌تونراێت ناوی بنێین گوشاری جیۆگرافی (Geographical Pressure) یانیش گوشاری زۆنی سلێمانی. به‌و واتایه‌ی كه سلێمانی وه‌ك مێژوو و جوگرافیا و سیاسه‌ت له پاڵ ناسنامه (كوردییه) سه‌ره‌كییه‌كه‌ی خاوه‌نی ناسنامه‌یه‌كی لاوه‌كی (Sub-identity) تایبه‌ت به خۆیه‌تی. ئه‌م ناسنامه‌یه هه‌ندێك جار به ئه‌سته‌م سه‌ركردایه‌تی یان روونتر بڵێین ناسنامه لاوه‌كی و جوگرافییه‌كانی دەرەوەی خۆی په‌سند ده‌كات. ئه‌و ململانێ ئاسۆییه به ئاشكرا ره‌نگیداوه‌ته‌وه له‌سه‌ر سیاسه‌تكردن له سنووری سلێمانی، نه‌ك ته‌نیا له‌سه‌ر یه‌كێتی به‌ڵكو به‌سه‌ر پارته‌كانی دیکەی وه‌ك گۆڕان و ئیسلامییه‌كانیشه‌وه به ئاشكرا دیاره، تاوەکو ئاستێك هه‌ندێك جار ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی یه‌ك حیزب گوتاری سلێمانیان له گوتاری هه‌ولێرو بادینان جیاوازتره. بۆیه یه‌كێتی سه‌ره‌ڕای كێشه هه‌ناویه‌كانی، له ژێر گوشارێكی دیکەی لۆكاڵیشدایه كه ناتوانێت سنووره‌كانی ببه‌زێنیت، چونكه هێزی دیکەش هەن. بۆ نموونە بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان لە سەردەمی نەوشیروان مستەفادا خۆیان به‌خاوه‌نداری باشتری ئه‌و ناسنامه لۆكاڵیه‌ی سلێمانی داده‌نا، به‌جورێك ئه‌گه‌ر هۆکاری وه‌ك هێز و سامان نه‌بووایه لە سلێمانی، گۆڕان ده‌مێك بوو له ژێر باری ئه‌م گوشارە جوگرافیەدا ده‌سه‌ڵاتی له یه‌كێتی وه‌رگرتبوو. بۆیە هەرکاتێک یەکێتی یان هەر هێزێکی سەرەکی کە نوێنەرایەتی سلێمانی دەکات هێزی زاڵ و باڵاتر نەبێت لەڕووی سیاسی و کۆلتووریشەوە دەکەوێتە بەر رەخنە و سەرکۆنەکردن. بەشێکی زۆری ئەو کێشەیەی کە یەکێتی ناتوانێت خۆی وەک هێزی دووەم یان هەولێر وەک ناوەندی سەرەکی سیاسەت و بڕیاردان قبوڵ بکات دەگەڕێتەوە بۆ ئەم گوشارە جیۆگرافییە.
گوشاری سێیه‌می سه‌ر یه‌كێتی كه له راستیدا كاریگه‌ری زۆریشی هه‌یه به‌سه‌ر ره‌وتی رووداوه‌كان له هه‌رێمی کوردستان و ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستانیش بریتییه له گوشاری هه‌رێمی .(Regional pressure) دیاره له‌ڕووی تیۆر و شرۆڤه‌كاری سیاسیشه‌وە به‌ڵگه نه‌ویسته كه هه‌ر لایه‌نێك خاڵی لاوازی زۆربێت ئه‌وا گوشاری زۆریشی له‌سه‌ر ده‌بێت و زیاتریش پێویستی به هاوكاری ده‌ره‌كییه. یه‌كێتیش هێزێكە كه حوكمڕانی نیوه‌ی جوگرافیای هه‌رێمی کوردستان ده‌كات و، هێزه هه‌رێمییه‌كان ئه‌و خاڵه لاوازەی ئەویان قۆستووەته‌وه و له‌كاتی هه‌ستیاردا به‌كاری دێنن. نموونه‌ی ئه‌م گوشاره زیاتر له‌كاتی پێكهێنانی حكومه‌تی عێراق و كێشه هه‌رێمییه چاره‌نووسسازه‌كاندا ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌م گوشاره له‌كاتی گشتپرسیدا گه‌یشته لووتكه.
زیاده‌ڕۆیی نییه ئەگه‌ر بگوترێت بەشێكی زۆری سیاسه‌تی یه‌كێتی و پەیوه‌ندییه نێوخۆیی و هه‌رێمییه‌كانیشی ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و سێ گوشاره‌ن كه ئاماژه‌یان پێدرا. هه‌ڵبه‌ته ئه‌مه به‌و واتایه نایێت كه یه‌كێتی وه‌ك رێكخراوێكی سیاسی خۆی ئه‌م دۆخه‌ی به ئه‌نقه‌ست دروستكردووه، نه‌خێر ئه‌مه دۆخێكی ناهه‌مواره زیاتر به‌رۆكی ئه‌و جۆره رێكخراو و پارته سیاسیانه ده‌گرێت كه خاوه‌ن تاقە سه‌ركرده‌یەكی كاریزماتیكن، یان دیسپلینی حیزبیان لاوازه‌و له‌ڕووی دامه‌زراوه‌ییشه‌وه خاوه‌ن بنه‌مایێكی به‌هێز نین. یاخود هه‌ر رێكخراوێكی سیاسی كه سه‌رده‌مانێك هێزێكی گه‌وره‌و كاریگه‌ر بووبێت، به‌ڵام گوتار و قه‌باره‌و كاریگه‌ری ئێستای گوزارشت نه‌كات له سه‌روه‌رییه مێژووییه‌كه‌ی. یانیش لایه‌نگره‌كانی چاوه‌ڕێی به‌رپرسیارێتی زۆری لێده‌كه‌ن، به‌ڵام دوای نه‌مانی سه‌ركرده یان دیسپلینی رێكخراوه‌یی، ئیتر لایه‌نگره‌كانی تووشی جۆرێك له بێ ئومێدی ده‌بن. ئه‌م دۆخه ده‌كرێت وه‌سفێكی گونجاو بێت بۆ ئه‌و قۆناخه‌ی كه له دوای 2005 یه‌كێتی پێیدا گوزه‌ر ده‌كات.
ده‌ره‌نجامی یەکەمی ئه‌و سێ گوشارانه‌ی باسمان كرد له چه‌ند ساڵی رابردوودا به چه‌ندین شێوه دووباره بوونه‌ته‌وه‌و لێكه‌وته‌ی زۆر كاریگه‌ریشیان هه‌بووه به‌سه‌ر پرۆسه‌ی سیاسی، نه‌ك له هه‌رێمی كوردستان دا به‌ڵكو له ته‌واوی عێراق و به‌شه‌كانی دیکەی كوردستانیش. بۆنموونه له كاتی گه‌نگه‌شه‌كردنی یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی کوردستان، كه سه‌ره‌نجام داخستنی په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستانی لێكه‌وته‌وه، یه‌كێتی هیچ هه‌وڵێكی ئه‌وتۆی نه‌دا كه ئه‌م دۆخه روونه‌دات یان گوشار بخاته سه‌ر لایه‌نێك بۆ ئه‌وه‌ی ئاراسته‌ی ململانێ سیاسییه‌كان به‌و دۆخه ناهه‌مواره‌دا ره‌ت نه‌بێـت كه روویدا.
ده‌ره‌نجامی دووه‌می ئه‌و لێكه‌وته‌یه بریتی بوو له له‌بارچوونی پرۆسه‌ی گشتپرسی. یه‌كێتی له‌به‌ر ئه‌و سێ گوشاره‌ی ئاماژه‌مان پێدا نه‌یتوانی له‌گه‌ڵ گشتپرسی بێت و نەیتوانی رێگریشی لێ بكات، ئه‌و ده‌ره‌نجامه‌ی كه له 16 ئۆكتۆبه‌ریش لێیكه‌وته‌وه هه‌ر پەیوه‌ندی به هۆکاری سێ گوشاره‌كه‌وه هه‌بوو به تایبه‌ت هۆکاری هه‌رێمی.
ده‌ره‌نجامی سێیه‌میش بۆ ئه‌و كێشانه‌ی كه یه‌كێتی به ده‌ستییه‌وه ده‌ناڵێنێت له لاوازبوونی پێگه‌ی كورد له به‌غدا ره‌نگیداوه‌ته‌وه، گوشاره‌كانی ناوخۆی یه‌كێتی و گوشاری جوگرافیای سلێمانی و گوشاری هه‌رێمیش هه‌رسێكیان به‌یه‌كه‌وه یه‌كێتیان به‌سه‌ر چه‌ند به‌ره‌یه‌كدا دابه‌شكردووه، ئه‌م دۆخه له راستیدا یه‌كێكبووه له‌و هۆکارانەی كه كاریگه‌ری هه‌بووه به‌سه‌ر لاوازبوونی پێگه‌ی كورد له به‌غدا له چه‌ند ساڵی رابردوودا.
ده‌ره‌نجامی چواره‌می ئه‌و كێشانه‌ی به‌رۆكی یه‌كێتی گرتووه له راستیدا بووەتە هۆی زیادبوونی هه‌ژموونی ئێران به‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستاندا. راسته هێزه هه‌رێمییه‌كان به تایبه‌تیش توركیا و ئێران و ئه‌مریكا هه‌میشه كاریگه‌ریان هه‌بووه به‌سه‌ر ره‌وتی رووداوه سیاسییه‌كان له كوردستاندا و عیراقیشدا، به‌ڵام به‌ڵگه نه‌ویسته كه هێزێك لاواز ده‌بێت، زۆرتر پشت بەهیزه‌كانی دیکە دەبەستێت به تایبه‌تیش هێزه هه‌رێمییه‌كان، چونكه پارته لاوازه‌كان (fragile parties) هه‌میشه به‌دوای پاڵپشتیێكدا ده‌گه‌ڕێن كه له فۆبیای لاوازبوون یان نه‌مان بیانپارێزیت. ئێران له چه‌ند ساڵی رابردوودا ئه‌و رۆڵه‌ی بۆ یه‌كێتی گێڕاوه. له‌وانه‌یه هێزی دیکەش لە داهاتوودا بۆ لایه‌نی دیکە ئه‌و رۆڵه ببینن، به‌ڵام ئه‌و بابه‌تەی من زیاتر فۆكه‌سی له‌سه‌ر یه‌كێتییه وه‌ك هێزێكی كاریگه‌ر و هاوبەش (شەریک) له پرۆسه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی هه‌رێمی كوردستاندا.
چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ یەکێتی و چەند سەرنجێک
یەکەم/ ئەو گرژییەی کە ئێستا لەنێوان یەکێتی و پارتیدا هەیە مەترسییەکی پڕ لە هەڕەشەیە بۆ سەر پڕۆسەی سیاسی و حوکمڕانی لە تەواوی هەرێمی کوردستاندا. کەوتن و لاوازبوونی یەکێتی نیشتمانی کوردستان واتە دروستبوونی بۆشاییەکی ئەمنی و سیاسی لە هەرێمی کوردستان. بە تایبەت ئێستا کە هیچ هێزێکی سیاسی دیکە نییە جێگرەوەی سیاسی و سەربازی و ئەمنی یەکێتی بێت، بەتایبەت کە ئێستا بزووتنەوەی گۆڕانیش زۆر لاواز بووە، نەوەی نوێ و ئیسلامییەکانیش هەرگیز نابنە جێگرەوەی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان. یەکێتی نزیکەی 30 ساڵە حوکمی دەڤەری سلێمانی دەکات، رەنگدانەوەی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیشی بەسەر جوگرافیای سلێمانی-هەڵەبجە-گەرمیان و دەڤەری راپەڕین دا هەیە. ئەمە جگە لە بەرژەوەندییە هەرێمییەکان، بەتایبەتیش ئێران کە بە ئاسانی رێگە نادات جێگرەوەیەکی سیاسی کە دیار نییە چ روانگەیەکی هەیە جێگەی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان بگرێتەوە.
دووەم/ مانەوەی یەكێتی نیشتمانیی کوردستان و سەقامگیری سلێمانی تاوەکو بڵێی گرنگە بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان، بە تایبەت دەبێت پارتی حیسابی ئەوە بکات ئەگەر یەکێتی بەشداری حکومەتی داهاتووی کوردستان نەکات چی دەبێت؟ بێگومان تەواوی پڕۆسەی سیاسی، واتە نیوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەکار دەکەوێت. لەلایەکی دیکە یەکێتی پێویستی بە پڕکردنەوەی بۆشایی گوتاری لاهوور جەنگی هەیە. بۆیە پارتی دەبێت چاوەڕێی ئەوە لە یەکێتی نیشتمانیی کوردستان بکات کە دوای قۆناخی لاهوور جەنگیش گوتارێکی دژە پارتی هەر هەبێت، چونکە یەكێتی نیشتمانیی کوردستان لە ژێر گوشاری سەرکردایەتی و جەماوەر و جوگرافیای سلێمانی دایە. لەلایەکی دیکە ئەگەرێکی زۆر هەیە کە کۆمەڵێک دەنگی ناڕازی لە یەکێتی و گۆڕان و نەوەی نوێ و هێزی دیکەش لیستێکی نوێ پێک‌بێنن لە سلێمانی، واتە لە پاڵ یەکێتی بەرەیەکی دیکەی ناڕازییشت لە خەڵک و رۆشنبیر و حیزبەکان هەیە کە کار لەسەر ئەو بۆشاییە جەماورییە دەکات کە لە سلێمانی هەیە.
سێیەم/ ئەو گرژییەی ئێستا هەیە لەنێوان پارتی و یەکێتیدا، زەرەرمەندی یەکەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانە ئینجا پارتی دیموکراتی کوردستان و دواتریش یەکێتی. چونکە زۆربەی زیانی ئەم بارگرژییە بەر حکومەت کەوتووە و دەکەوێت، حکومەتیش زیاتر واتە پارتی، چونکە لە ناوخۆ و دەرەوەشدا دۆست و نەیارانی هەرێمیش پارتی زیاتر بە خاوەنی حکومەت و پڕۆسەی سیاسی دەبینن نەک یەکێتی. چونکە بەشێکی زۆری پۆستە باڵاکان و جومگە سەرەکییەکانی حوکمڕانی لە دەست پارتیدان. کەواتە لەم گرژییەدا پارتی زیاتر زیان دەکات نەک یەکێتی، ئەگەر زۆر هەڵپەرستانە بیربکەمەوە دەتوانم بڵێم کە لە بنەڕەتدا یەکێتی پێویستی بە گرژییە لەگەڵ پارتی هەیە، چونکە بە حوکمی جوگرافیا، جەماوەری یەکێتی زیاتر ئەوەیان لە یەکیتی دەوێت کە لە بەرەی نەیاری پارتی بێت نەک دۆست. ئەوکاتەی قوباد تاڵەبانی لە کابینەی هەشت تەبا بوو لەگەڵ پارتی زۆربەی یەكێتی دژایەتییان دەکرد، نەک هەر ئەوە بەڵکو هەڵکشانی پێگەی جەماوەری و حیزبی لاهوور جەنگی لەسەر دژایەتی پاڵپشتی قوباد تاڵەبانی لە حکومەت و دژایەتی پارتیدا دروستبوو.
چوارەم/ لە پێش راپەرین و دوای راپەڕینیشەوە تاوەکو دەگاتە ئێستا، هەمیشە یەک رێسا هەبووە بۆ پێوانەکردنی ململانێیەکانی یەکێتی و پارتی، ئەویش ئەوەیە کە دەرەنجامی ململانێیەکانی ئەو دوو هێزە هەرگیز یارییەکی سفری نەبووە (Zero-sum game) کە بە دۆڕانی لایەنێک و بردنەوەی لایەنەکەی دیکە کۆتایی هاتبێت، بەڵکو دەرەنجامەکەی هەمیشە دۆڕانی هەردوولا بووە lose-lose) ) . هەردوو هێزەکە هەمیشە لەو خاڵەوە دەستیان پێ کردووەتەوە کە خاڵی سەرەتایی ململانێیەکە بووە. واتە هەردوولا بە دەستبەتاڵی هاتوونەتە دەر بەبێ ئەوەی هیچیان دەستکەوێت. بۆیە ئەنجامی ململانێی ئەوجارەش بە دڵنیاییەوە دەچێتە ژێر باری هەمان رێسا ، دیارە ئەگەر بە دەرەنجامی خراپتریش کۆتایی نەیێت!
جێگرەوەی یەکێتی و پرسی دوو ئیدارەیی بە لای یەکێتییەوە
هەڵبەتە چەند میکانیزمێک هەن کە دەکرێت گوشار دروست بکەن لەسەر یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، بۆ نموونە پشتگیریکردنی نەیارەکانی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، وەک جوڵانەوەی نەوەی نوێ، بزووتنەوەی گۆڕان، یان هەستاندنەوەی لاهوور جەنگی، بەڵام لە راستیدا ئەم میکانیزمانە هیچیان جێگەی متمانە و پشتبەستن نین، بەڵکو لەوانەیە لە یەکێتی نیشتمانیی کوردستان زۆر خراپتریش بن بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان. چونکە یەکێتی نیشتمانیی کوردستان بەرژەوەندی سیاسی و ئابووری و هەرێمایەتی و وابەستەبوونی نەتەوەییشی هەیە، بۆیە بەڕای ئێمە تەنیا یەک میکانزم هەیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ یەکێتی، ئەویش ئەنجامدانی رێککەوتنێکی گشتگیرە هاوتای رێککەوتنی ستراتیجی کە کاتی خۆی لە گەڵ یەکێتی (مام جەلال)کرا، کە توانی سەقامگیری و دەسکەوتی زۆر بۆ هەرێمی کوردستان دەستەبەر بکات، بەڵام رێککەوتنی ئەم جارە دەبێت چەند جیاوازی و تایبەتمەندییەکی نوێ لەخۆ بگرێت.
واباشە پارتی ئەوە بزانێت کە یەکێتی ئەگەر لە حکومەتیش بکشێتەوە ئەوە تەنیا لە حکومەت و هەولێر دەکشێتەوە نەک لە حوکمڕانی هەرێمی کوردستان، چونکە یەکێتی مەحاڵە دەستبەرداری حوکمڕانی بێت لە دەڤەری سلێمانی، نەک هەر ئەوە بەڵکو بەربەست بۆ حکومەت و هەر لایەنێکیش دروست دەکەن کە بیەوێت ببێتە جێگرەوەی یەکێتی لە حوکمڕانی دەڤەری سلێمانیدا. بۆیە هەڕەشەکانی یەکێتی لەوانەیە جدی بن بە کشانەوە لە حکومەت، واتە تەنیا لە هەولێر، ئەمەش واتە لەتکردن و بردنەوەی بەشەکەی دیکەی حکومەت بۆ سلێمانی. سەرۆکی تازەی یەکێتی دەیەوێت کەسایەتییەکی هێرشبەرانە بۆ یەکێتی دروست بکات کە بتوانێت جێگەی ئەو گوتار و کەلێنەی لاهوور شێخ جەنگی بگرێتەوە لە ناو یەکێتی. لە ساڵی 2020 پارێزگای سلێمانی پڕۆژەیەکی بۆ ئیدارەی سەربەخۆی سلێمانی پێشکێش‌کرد، ئەوەش بەهۆی ئەو كێشانەی پارتی و یەكێتی هەیانبوو لەسەر دابەشكردنی داهاتی سنوورەكانیان. ئەوكات پڕۆژەكە وا ئامادەكرابوو، یەكێتی پارەی داهاتی سنوورەكانی نەگەڕێنێتەوەو لەو رێگەیەشەوە خۆی پڕۆژەكانی سنوورەكەی جێبەجێ بكات. ئەوكات ئەو پڕۆژەیە رێككەوتنێكی پارتی و یەكێتی لە حكومەت لێكەوتەوە، كە نێوەڕۆكەی ئەوەبوو، هەردوولا لەڕووی ئیداری‌و داراییەوە ئیدارەی سنوورەكانی خۆیان بکەن و لە پارەی داهاتی نەوتیش مووچەی فەرمانبەرانی سنوورەكەیان دەدەن. ئەم پڕۆژەیە چەند مانگێكی خایاند و بەهۆی ئەوەی پارەی داهاتی سلێمانی وەك پێویست نەبوو، بووە هۆی دروستبوونی كورتهێنانێکی زۆر لە داهاتی سلێمانی و راگرتنی بەشێکی زۆری پڕۆژەکان.
لەوانەیە ئێستا یەكێتی بیر لە پڕۆژەیەك بۆ گەڕانەوە بۆ دوو ئیدارەیی بکاتەوەو دواتریش لە ئەنجوومەنی سەركردایەتی حیزبەكە بڕیاری لەسەر بدەن، بەڵام تاوەکو هیوایەکی بچووکیش مابێت لەگەڵ پارتی، پێناچێت دوو ئیدارەیی بژاردەی ئێستای یەکێتی بێت. هاوكات لە چەند كۆبوونەوەیەكی ناوخۆیی حیزبەكەش، بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی چەند جارێك جەختیكردووەتەوە، کە لە بابەتی داهاتەكانی سلێمانی بە هەڵە براوەو ئەو چاوەڕوانییەی ئەوان هەیانبووە بۆ داهاتەكە وا دەرنەچووە. كەواتە پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە، بۆچی یەكێتی ئێستا دەستی بۆ كارتی گەڕانەوە بۆ دوو ئیدارەیی بردووە؟ لەكاتێكدا دەزانێت لەڕووی دارایی و ئیدارییەوە كێشەی بۆ دروست دەبێت، ئەمە جگە لە كێشە سیاسییەكانی بەردەم جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژەیە. یەكێتی لە راستیدا ئەگەر جدییش بێت، بەڵام ئەستەمە ئەم هەنگاوە بهاوێژێت، بەڵام وەک دیارە یەکێتی بەتایبەتیش قوباد تاڵەبانی و دواتریش بافڵی برای هەست دەکەن کە ناتوانن بەو دۆخەی ئێستا بەشداربن لە حوکمڕانی لەگەڵ پارتیدا، کە بەقسەی قوباد تاڵەبانی "زۆر رەق و وشکە"، بەڵام لەگەڵ ئەوەش من هەڕەشەکانی یەکێتی بە میکانزمێک دەزانم بۆ گەیشتنە ئامانج یان داواکاریەک بۆ رێککەوتن لەسەر چەند پرسێکی جەوهەری (حوکمڕانی، داهات، ئاسایش) لەگەڵ پارتیدا.
ئایا یەکێتی بەرەو دوو ئیدارەیی هەنگاو دەنێت؟
یەكێتی، ئێستا لە ژێر گوشارێکی زۆری ناوخۆیی و هەرێمیی و تەنانەت سەرکردایەتی خۆیشی دایە، یەکێتی نیشتمانیی کوردستان ئێستا لە قۆناخی کۆکردنەوە و چڕکردنەوەی دەسەڵاتەکان دایە بۆ ژێر دەستی ماڵی مام جەلال (بافڵ تاڵەبانی)؛ بۆیە واباشترە پارتی ئاگاداری ئەو قۆناخە راگوزەرەی ناو یەکێتی بێت. یەکێتی ئێستا لە هەمووکات زیاتر پێویستی بە دەسکەوت و پۆست و سەنگی سیاسییە، ئەگەر پۆستێکی سیمبووڵیش بێت، بەڵام بۆ یەکێتی گرنگە کە بە یار و نەیارەکانی بڵێت کە دوای ئەو هەموو کێشانەی کە یەکێتی نیشتمانیی کوردستان رووبەرووی بووەتەوە، یەکێتی هەر وەک خۆیەتی و سەنگی لە هەرێمی کوردستان و بەغدا و ناوچەکەشدا وەک خۆی ماوەتەوە. یەکێتی پێناچیت جیدیی بێت لە جیاکردنەوەی سلێمانی وەک ئیدارەیەکی سەربەخۆ، چونکە ئەوکات سلێمانی لە نێوان گوشاری بەغدا و ئێران‌دا ئەوەندەی دیکە لاواز دەبێت، ئەمە جگە لەوەی جیاکردنەوەی سلێمانی واتا دابڕاندنی سلێمانی لە هەرێمی کوردستان و لکاندنەوەی بە بەغدا، کە ئەمە بەرپرسیارێتیێکی مێژوویی گەورەیە، ئەستە یەکێتی ئەو هەنگاوە بنێت.
لەلایەکی دیکە ئێستا دۆخی نێودەوڵەتیش (ئەمریکی و بەریتانییەکان) لەگەڵ دوو ئیدارەیی نین، دوو ئیدارەیی لە راستیدا واتا پەراوێزبوونی سلێمانی، نەک بووژانەوەی سلێمانی، بەڵام ئایا سەرکردەکانی یەکێتی کۆکن لەسەر ئەم راستییە؟ خۆ 16ی ئۆکتۆبەریش هیچ لە بەرژەوەندی یەکێتی نەبوو! واتە ئێمە نابێت هەنگاوێکی هەڵە کە سوودی سیاسی نییە (بژاردەی عەقڵانی) بۆ یەکێتی بکەینە پێوەر کە ئیتر یەکێتی ئەنجامی نادات! لە قۆناخی سەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانیدا دۆخەکە بە جۆرێکی دیکەیە، هاوسەنگی ناوخۆی پارتە سیاسییەکانیش بە جۆرێکی دیکەیە، پەیوەندییەکانی بەغدا و هەرێمی کوردستانیش بە جۆرێکی دیکەن. بۆیە لە بوونی ئەم هاوکێشانەدا ئاساییە کە چاوەڕێی ئەنجامی چاوەڕواننەکراو بین.
یەکێتی دەمێکە هەوڵدەدات ئەم بەرەیە پێکبهێنێت، کاتی خۆی لە سەردەمی مام جەلالیش ئەو هەوڵە هەبوو لەگەڵ گۆڕان، بەڵام سەری نەگرت، ئێستاشی لەگەڵ بێت رێککەوتنی دەباشان هەر وەک مەرەکەبی سەر کاخەز مایەوە لە نێوان یەکێتی و گۆڕان دا. بۆیە پێناچێت یەکێتی سەرکەوتووبێت لە دروستکردنی ئەو بەرەیەدا، ئەم میکانزمە تەنیا وەک تاکتیکێک دەبێ لای یەکێتی جار جارە پەنای بۆ دەبات. ئەمە جگە لەوەی لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆنیش ناچنە پاڵ یەکێتی لە بەرەیەکی ئۆپۆزیسیۆندا، چونکە یەکێتی حیزبی دەسەڵاتە و ناتوانێت ببێتە ئۆپۆزیسیۆن، مەگەر واز لە حوکمکردنی ئیدارەی سلێمانی بێنێت، کە ئەوەش جۆرێکە لە مەحاڵ! دواتر لایەنەکانی دیکە ئامادە نین بچنە پاڵ بەرەی یەکێتی لە دژی پارتی، چونکە دەبنە بەشێک لە ناکۆکییەکانی ناو ئەو دوو لایەنە. بە کورتی توانای یەکێتی و دۆخی لایەنەکانی دیکە کە زۆر لە ژێر کاریگەری شەقام دان رێگە نادات ئەو بەرەیە بە سەرکردایەتی یەکێتی دروست بێت.
بژاردەکانی پارتی و بنەماکانی رێککەوتنێکی هاوپەیمانی یان ستراتیژی نوێ
لە راستیدا باشترین میکانیزم رێککەوتنێکی دیکەی هاوشێوەی رێککەوتنی ستراتیجییە لەگەڵ ماڵی مام جەلال، پێویستە رێککەوتن لەسەر بەشداریکردن لە حکومەتی هەرێمی کوردستان (بەلای کەمی بۆ دوو خولی دیکە- ٨ساڵ) هاوشانی پارتی دیموکراتی کوردستان بکرێت و کۆتایی بە بانگەشەی کشانەوە لە حکومەت لەلایەن بەشێک لە سەرکردەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە بهێنێت. واباشە دۆسیەی پەیوەندییەکانی پارتی لەگەڵ یەکێتی لەلایەن کاک نێچیرڤانەوە سەرپەرشتی بکرێت، چونکە ئەزموونێکی باشی هەیە لە حوکـمڕانی هاوبەش لەگەڵ یەکێتی و قوباد تاڵەبانی. پارتی هەڵە دەکات ئەگەر لەسەر کەیسێکی وەک کەیسی فڵان پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ ماڵی مام جەلال بگەیێنێتە بنبەست. بۆیە بژاردەی رێککەوتنێکی دیکەی ستراتیجی لەگەڵ ماڵی مام جەلال باشترین بژاردەیە بۆ سەقامگیری پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی و هەروەها بەرژەوەندی هەرێمی کوردستانیش، باشتر وایە رێککەوتنەکە ئەم خاڵانەی خوارەوەی تێدا جێگیر بکرێت:
- رێککەوتن لەسەر کۆتاییهێنان بە پرسی راگەیاندنی دوو هەرێمی یان لامەکەزی بەوشێوەیەی کە پێشووتر لاهوور شێخ جەنگی بانگەشەی بۆ دەکرد.
- رێککەوتن بکرێت لەسەر رێژەیەکی هاوسەنگ لە گەڕاندنەوەی داهاتی ناوچەکانی هەردوو دەڤەر بۆ خەزێنەی حکومەت.
- رێککەوتنەکە ئەوەی تێدابێت کە هاوهەڵوێستبوون و پشتگیری‌کردن لەیەکتری و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا کاری لەپێشینەی هەردوو لایەن بێت، بە تایبەت لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار لە ئایندەدا.
- رێککەوتن بکرێت لەسەر ئەو خاڵە کە خۆ دوورنەگرتن لە بەرپرسیارێتی لە حکومەتی هەرێمی کوردستاندا ( بۆ نموونە لە چەند ساڵی رابردوودا سیاسەتێک هەبوو کە هەندێک لایەن و تەنانەت یەکێتیش هەرچەندە بەشدار بوون لە حکومەت، بەڵام وەک ئۆپۆزیسیۆن رەفتاریان دەکرد).
- هاوکاریکردنی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی حکومەت (پاش ئەوەی کە لەسەر پرەنسیپە سەرەکییەکان لەنێوان یەکێتی و پارتی رێککەوتن دەکرێت)، بە تایبەت لەو ناوچانەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان تێدا باڵادەستە. چونکە حکومەتەکە حکومەتی هەردوو لایەنە و بڕیارەکانیشی بڕیاری هەردوو حیزبە، بەڵام واباشترە سەبارەت بە یاسا و بڕیارە هەستیار و چارەنووسسازەکاندا کە لەلایەن حکومەتەوە دەدرێت یان لە پەرلەمان دەردەچێت، سەرەتا لەلایەن هەردوو سەرۆک حیزبەوە رێککەوتنی لەسەر بکرێت و پاشان وەک یاسا یان بڕیاری حکومەت دەربچێت. بەپێچەوانەوە ئێمە رووبەڕووی قەیران و ئاستەنگی زۆر دەبینەوە لە ئیدارەدانی حکومەت و پلانەکانی چاکسازی و پاڵپشتی نێودەوڵەتی هاوپەیمانان.
کۆتایی
رەگی ململانێیەکانی پارتی و یەکێتی لە بنەڕەتدا دەگەڕێتەوە بۆ هۆکاری حوکمڕانی نیوە بە نیوەی(50 بە 50) لە نێوان یەکێتی و پارتی کە تائێستاش باڵی بەسەر حکومەت و پەیوەندی حیزبی هەردوولادا کێشاوە، کە بریتییە لە پێکهێنانی حکومەت لەسەر بنەمای واقیعی هێز و جوگرافیا، یاخود ڤیتۆی دوو حیزبی (دوو لایەنە)؛ واتا بوونی فۆڕمێكی تایبه‌ت له حوكمڕانی كه پشت نابه‌ستێت به ده‌ره‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان و گوڕانكاری له با‌ڵانسی هێز و ئیراده‌ی ده‌نگده‌رانی هه‌رێمی كوردستان و ده‌ركه‌وتنی هێزی دیکە. له‌و فۆڕمه‌دا بێجگه له دوو پارتی باڵادەست هیچ لایەنێکی دیکە ناتوانێت حكومه‌ت پێكبهێنێت. نه‌ك هه‌ر ئه‌وه به‌ڵكو ئه‌گه‌ر یه‌كێك له‌و دوو حیزبه ره‌زامه‌ند نه‌بێت ئه‌وا پێكهێنانی حکومەت دەکەوێتە قەیرانێکی گەورەو لەوانەیە هەر پێکنەهێت، ئه‌مه‌ش خۆی له خۆیدا جورێکه له ڤیتۆی رانه‌گه‌یێندراو . لەم دۆخەدا هێز لەجیاتی ئەوەی لە ناو داوودەزگا حکومی و بیرۆکراسییەکان کۆببێتەوە، هێز دابەش دەبێت بەسەر دوو جوگرافیای جیاواز و کارگێڕی سیاسی و تەنانەت ئابووری جیاواز. واتە یەکێتی دەتوانێت پرۆسەی سیاسی و ئابووریش(لە رێگەی کۆنترڵی بەشێکی لە سەرچاوەکان داهات) پەکبخات، چونکە دامەزراوە حکومییەکانی هەرێمی کوردستان لە ژێر کاریگەری پێگەی هێزی سیاسی و سەربازی پارتی و یەکێتیدان نەک حکومەت.
له كۆتاییدا زۆر پێویسته هێزه كوردییه‌كان بە تایبەتیش پارتی ئاگاداربن له ئه‌ندازه‌ی ئه‌و گوشاره‌ی كه ده‌یخه‌نه سه‌ر یه‌كێتی، به تایبه‌ت له سه‌روبه‌ندی ئەو کێشەیەی ئێستا هەیە لەنێوان یەکێتی و پارتیدا کە یەکێتی سەرقاڵی دۆزینەوەی میکانیزمێکی دیکەیە بۆ ئیدارە و حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستاندا. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو هەموو گوشارانەی کە لەسەر یەکێتین و لە رابردووش‌دا لێکەوتەی سیاسی خراپییان هەبووە بەسەر پێگەی هەرێمی کوردستانەوە، دوور نییە ئەو گوشار و گرژیانەی ئەمجارەش لێکەوتەیەکی خراپی هاوشێوەی 16ی ئۆکتۆبەری 2017 ی لێبکەوێتەوە کە تائێستاش هەرێمی کوردستان بەدەست کاریگەرییەکانییەوە دەناڵێنێت. ئەم میکانیزمانە لەوانەیە زۆر دیموکراسی و یاسایی نەبن، بەڵام لەم قۆناخەدا زۆر گرنگن بۆ دەرچوون لەو قەیرانە سیاسییەی کە هەیە، بە رەچاوکردنی بەرژەوەندی باڵای مانەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان.