لێکۆڵینەوە

لەمپەرە یاساییەكانی بەشداریكردنی ئافرەتان لە كایەی سیاسیدا

23-08-2018


مانا هاوچەرخەكەی چەمكی بەشداریكردنی سیاسیی ئافرەتان دوو ڵایەنی گرنگ لەخۆدەگرێت: یەكەم ڵابردنی ئەو ئاستەنگە یاسایی و ئیداری و كۆمەڵایەتییانەیە كە بوونەتە لەمپەر بۆ بەشداریكردنی ئافرەتان لە پۆستە باڵاكانی سەركردایەتیكردن و بەڕێوەبردندا. لایەنی دووەم پەیوەندیی بە گرتنەبەری رێوشوێنێكی سیاسییەوە هەیە كە پاڵپشت بێت بۆ بەشداریكردنی ئافرەتان و هەلی بەردەمیان زیادبكات جا لەسەر ئاستی بەرزكردنەوەی توانایان بێت یان بەپلەی یەكەم بەكارهێنانی تواناكانیان لە بەرژەوەندیی ئافرەتان خۆیان بێت. بەوپێیەش دەكرێت ئەم توێژینەوەیە لەوەدا چڕ بكرێتەوە كە سەرەڕای ئەوەی ئافرەتان وەك پیاوان هەمان مافە سیاسییە سەرەكییەكانیان بۆ دەنگدان و خۆبەبژێركردن لە هەڵبژاردنەكاندا هەیە، كەچی ژمارەیەكی زۆر كەمیان توانیویانە بگەنە دەسەڵات و پۆستە باڵاكان یان توانیبێتیان كاریگەریی كارایان لەسەر دروستكردنی بڕیارە كوردستانییەكان هەبووبێت. دەبێت هۆكاری ئەمانە لە روانگەی بزوتنەوەی ئافرەتانەوە چی بێت؟ ئایا میكانیزمە پێشنیازكراوەكان بۆ ئەمە چییە، ئایا سیستمی كۆتا یەكێكە لە چارەسەرەكان تا بەهۆیەوە بتوانرێت تەوقی جیاكاریی رەگەزی لە دامەزراوەكانی دەوڵەت و ناو حزبە سیاسییەكان بشكێت و دواجار بتوانرێت واقعی ئافرەتانی كوردستان لە رووی سیاسی كۆمەڵایەتییەوە بگۆڕدرێت؟

لەم سۆنگەیەشەوە، گریمانەی ئەم توێژینەوەیە بۆئەوە سەریهەڵداوە تا جەخت لەسەر ئەو بیرۆكەیە بكاتەوە كە دەوڵەتی هاوچەرخ، دەوڵەتێكی بەتریكی (باوكساڵارییە)، چونكە لەناو دامەزراوەكانی دەوڵەت بە گشتی و حزبە سیاسییەكان بەتایبەتی، ئافرەتان لە ناوەندەكانی دەسەڵاتی بڕیارداندا نین. لەپێناو ئەوەش كە گۆڕانكاری لە پێكهاتەی دامەزراوەكانی دەوڵەت و ژێرخانی فیكریدا بكرێت، دەبێت لەسەر ئاستی سیاسی و لەرێگەی چەندین میكانیزمەوە ئافرەتان توانادار بكرێن. بەتایبەت لە سیستەمی كۆتای ناو حزبە سیاسییەكاندا، چونكە ئەوە بازنەی راستەقینەی درووستكردنی بڕیارە سیاسییەكانە كە لە دواوێستگەدا دەبێتەهۆی بنیاتنانی كۆمەڵگەیەكی یەكسان. لەچوارچێوەی چارەسەركردنی ئەو گرێیەشدا، ناوەڕۆكی ئەم توێژینەوەیە دابەش دەكەینەسەر سێ تەوەری سەرەكی: یەكەم هەوڵدەدەین سەرنج بخەینەسەر ژێرخانی فیكری بۆ بەتواناكردنی ئافرەتان لەرووی سیاسییەوە، پاشان لە تەوەری دووەمدا واقعی دۆخی مافەكانی ئافرەتان لە ناوچەی عەرەبی باسدەكەین و تیشك دەخەینە سەر ئەو گۆڕانكارییانەی كە بەهۆی میكانیزمەكانی بەزركردنەوەی توانای سیاسی بەگشتی و سیستمی كۆتا بەتایبەتی دروستبوون. لە تەوەری سێیەمیشدا كار لەسەر خوێندنەوە بۆ واقعی دۆخی بەشداریكردنی ئافرەتانی كوردستان لە دامەزراوەكانی بڕیاردانانی حزبی و سیاسی دەكەین، ئەوەش بە ئامانجی رێخۆشكردن بۆ پڕۆژەیاسایەك كە بەشداریی سیاسیی ئافرەتان لە هەرێمی كوردستان كارا بكات.

لینکی تەواوی توێژینەوەکە:

لەمپەرە یاساییەكانی بەشداریكردنی ئافرەتان لە كایەی سیاسیدا

Share this Post

لێکۆڵینەوە