پاش دەرچوونی بڕیاری دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس، کە سەر بە ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتییە - ICC، سەبارەت راگرتنی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان بە سەربەخۆ، چ حكومەتی عێراق و چ هێزە شیعەكانیش لەئاست قەبارەی ئەم پێشهاتە ئاهەنگیان نەگێڕا، بەڵام ئەمە بە مانای ئەوە نییە بەم هەنگاوە دڵخۆش نەبن و لە گرنگیی گەمارۆدانی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان تێنەگەن كە لە سەردەمی سەرۆکوەزیرایەتیی یەكەمی نووری مالیكییەوە (2005 - 2010) مەیدانێکی گەرمی كێشمەكێش و راڤەی جیاواز و تاقیكردنەوەیەكی پراكتیكیی ناساندنی چەمكی فیدراڵیزمە نامۆكەی عێراقە، كە تەنیا یەك هەرێمی تێدایە.
بەگشتی تێكڕای هێزە شیعەكان هەڵوێستیان لەسەر نەوت پشتیوانیكردنی باڵادەستكردنی كۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)یە بۆ فرۆشتن، نوێنەرەكانیشیان لە پەرلەمان زوو زوو داتا و لێدوانەكانی ئەم كۆمپانیایە دەكەنە بەڵگە لەسەر ئەوەی هەرێمی کوردستان پابەندی یاسای بودجە نەبووە، یان چەندی فرۆشتووە و داهات و نرخەكەی چەند بووە. لە چوارچێوە گشتییەكەی دۆسییەكەشدا شیعەكان داوای گەڕانەوە بۆ دەستوور دەكەن، بەبێ چوونە نێو وردەكاری و بەگوێرەی راڤەی خۆیان كە پێداگرە لەسەر ئەوەی دۆسیەی نەوت دۆسیەیەكی فیدراڵییە و دەبێت مەرجەعیەتەكەی وەزارەتی نەوتی فیدراڵیی عێراق بێت، هیچ هێزێكی شیعەش هەڵوێستێكی جیاواز لەوەی نییە، بە سەدرییەكانیشەوە، بەتایبەت لە پاش دەرچوونی بڕیاری دادگەی فیدراڵی لە نێوەڕاستی شووباتی 2022 كە یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستانی بە نادەستووری ناساند و دادگەكەش بەلای ئەوانەوە لەو پرسانەی كە مەبەستیانە نزیك دەبێتەوە لە پیرۆزی.
ئێستا، كە بڕیارەکەی ICC دەرچووە، دۆخی نێوماڵی شیعە لە دۆخی چاوەڕوانی و گوێ هەڵخستنە بۆ كۆمەڵێك پێشهات كە سێبەریان بەسەر كەشی سیاسیی عێراقەوەیە. لە ئەزموونی قەیرانی دۆلاردا تێگەیشتن رایەڵ و پەیوەندییە دەرەكییەكانیان لاوازە و نایانەوێت بە ئاشكرا و بە زەقی و بە گۆشەی تیژ بچنە دژایەتیی هیچ بەرژەوەندییەكی ئەمریكا و وڵاتانی رۆژئاوا، لەوانەش ئەو كۆمپانیا نەوتییانەی لە هەرێمی كوردستان هەیانە، ناشیانەوێت خۆیان وا دەربخەن لەم دۆخەی شەڕی ئۆكراینادا ئەمان هۆكاری بەرزكردنەوەی نرخی نەوتن لە رێگەی راگرتنی هەناردەی دەوروبەری نیو ملیۆن بەرمیل نەوتەوە، هەر لەم چوارچێوەیەشدا تەنانەت دەستبەرداری زەقكردنەوەی ئەوە بوون كە بڵێن "ئیسرائیل سوودمەندی نەوتی هەرێمی كوردستانە."
لەسەر ئاستی ناوخۆی عێراقیش گەوەرەترین ئاڵنگاریی بەردەم ماڵی شیعە هەڵبژاردنی پارێزگاكانی كۆتایی 2023 و چاودێریكردنی بەردەوامی پلان و جموجۆڵەكانی موقتەدا سەدرە كە سەرچاوەی نیگەرانی و دڵەخورتێی هەموویانە پاش ئەوەی بە كۆمەڵ ناچاریان كرد گۆشەگیر ببێ و جڵەوی ئەم خولە "پێنجەم" بداتە دەست چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەوە، لە دۆسیە و تەوەرەشدا پشتیوانی هەرێمی كوردستان و لانیكەم هەولێریان پێویستە بۆ ئەوەی لە لایەك بۆشایی سەدری پێ پڕبكەنەوە و بۆ تێپەڕاندنی یاسا و پرۆژەكانیان هاوئاهەنگییان هەبێت، لە لاكەی دیکە ئەگەر سەدر دەركەوتەوە ئەوە بە تەنیا نەبن كاتێك بەرەنگاری دەبنەوە، بەتایبەت كە هێشتا هیچیان بۆ سوننەكان نەكردووە و ناڕەزایی و رەخنەی ئەوانیش ئەگەرێكی چاوەڕوانكراوە.
بەگوێرەی ئاماژە و پێداگیرییە راگەیێندراوەكانی هێزە شیعەكان لەم خولەی پێنجەمدا خوازیاری دۆزینەوەی چارەسەری بنەڕەتین بۆ دۆسیەی نەوت و بودجە و خستنەسەرپێی پەیوەندی لەگەڵ هەرێمی كوردستان، بەڵام بەهۆی ئەوەی دۆسیەی نەوت كۆدەنگیی شیعەی پێویستە، دەترسن لە ریسككردن و پێدانی پاساو بە دەستی سەدرەوە كە تۆمەتباریان بكات بەوەی لەبەر بەرژەوەندیی خۆیان دەرفەتی زۆر گەورەیان بە هەرێمی کوردستان داوە و بنەماكانی دەوڵەتی عێراقیان لاواز كردووە.
بەهۆی ئەوەش کە عێراق كەوتووەتە ساڵی هەڵبژاردنەوە، پۆپۆلیزمی شەقام لە لایەك و ناكۆكییە ناوخۆییەكانی چوارچێوەی شیعەش رۆڵ و كاریگەریی گەورەیان دەبێت لە ئاراستەكردنی هەڵوێستی هێز و جەمسەرە جیاوازەكان و بە گوێرەی ئەزموونی ساڵانی رابردوو هێزە سیاسییەكانی شیعە شەقام و وێنەی خۆیان لە بەغدا و باشوور ناگۆڕنەوە بە هیچ دەستكەوتێكی دیکەی دوورمەودا، هەرچەند ستراتیژییش بێت لە چەشنی چارەسەركردنی هەندێك لە كێشە كەڵەكەبووەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان و تاوەکو ئێستاش هەر ئەم هاوكێشەیە بەركارە.
بڕیاری ساڵی رابردووی دادگەی فیدراڵیی عێراق، كە بەگوێرەی زانیارییەكان بووەتە یەكێك لە هاندەرەكانی دادگەی ICC لە پاریس و بڕیارە نوێیەكەی دەستەكەش كە شەرعیەتێكی نێودەوڵەتیی هەیە، هۆكارێكی هێندە بەهێزی داوەتە دەست بەغدا و هێزە حوكمڕانەكانی ئێستا كە بێ پێویستییان دەكات لەوەی چیدی وەكو سەردەمی كاركردنی حوسێن شەهرستانی لە دۆسیەی نەوت (2006 - 2010) شەڕی میدیایی و ململانێی گەورە بكەن و جگە لە پەرلەمانتارێكی دیاری عەسایب و هەندێكی دیکەی وەكو مستەفا سەنەد و عالیە نسەیف، كەسی دیکەیان بە ئاشكرا كاردانەوەی دڵخۆشانەیان لەسەر بڕیارەكە نەبووە.
ئەم دوو بڕیارە ناوخۆیی و دەرەكییەی كە لە دوو ساڵدا دەرچوون، نەك هەر لەسەر دۆسیەی نەوتی هەرێمی كوردستان، بەڵكو لێكەوتەی لەسەر كەرتی گازیش دەبێت كە هەرێمی کوردستان وەكو دەرفەت دەیخستە بەردەم ئەمریكا و ئەوروپا، لەمەش گرنگتر لەسەر دەنگە فیدراڵیخوازەكانی شاری بەسرە و باشووری عێراقیش كە خەونی ئەوەیان هەبوو دەرفەتێك هەبێت لەجیاتی پارەداركردنی بودجەی فیدراڵی و بەغدا سامانی نەوتی شارەكە بخەنە خزمەت پرۆژەی "هەرێمی بەسرە"وە، هەروەها لێكەوتەكانی درێژەش دەكێشێت بۆ سەر هەر پارێزگا و ناوچەیەكی دیکەی عێراق لە چەشنی ئەنبار و نەینەوا كە قسەوباسی ئەوەی تێدا بكرێت گوایە پشت ئەستوور بە سامانە سرووشتییەكانی نەوت یان گاز یان هەر سامانێكی دیکە جۆرێك لە حوكمڕانیی خۆجێیی بێمنەت لە بەغدا بنیات بنێت و ئەمەش دەچێتە خزمەت ستراتیژی هێزە شیعەكانەوە كە دەمێكە وازیان لە پڕۆژەی فیدراڵیزمی نێوەڕاست و باشوور هێناوە و پاش گۆشەگیركردنی سوننە و گەمارۆدانی دارایی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەكەیان بووەتە هۆی بەهێزكردنی ناوەند، بەتایبەت هەر هیچ نەبێت لەڕووی دارایی و ئابوورییەوە.