شرۆڤە

مانگی یەكەمی سوودانی

23-11-2022


نزیك لە مانگێكە حكومەتی محەممەد شیاع سوودانی  متمانەی پەرلەمانی وەرگرتووە، بەڵام لەم ماوەیەدا هێشتا گۆڕانێكی بنجبڕی گەورەی لە چاو بەرنامەی كاری حكومەتەكانی پێش خۆی نەكردووە. وەك هەر سەرۆكوەزیرانێكی دیكە، دەستپێكی سەردەمی سوودانی، وەك بەرنامەی كابینە وەزارییە چڕ و دەوڵەمەندەكەی، پڕە لە گفت و مژدەی سەردەمێكی نوێ، بەڵام زۆری و فرەچەشنی و ئاڵۆزی ئەو دۆسیانەی لەسەر مێزەكەی سەرۆكوەزیرانی نوێن، كارێكی وەهای كردووە سوودانی وەك سەرقاڵ و جەنجاڵ دەربكەوێت و نەتوانێت بە سەرەتایەكی تەواو جیاوازەوە دەست پێ بكات.

لە مانگی یەكەمی حكومەتی سوودانیدا "بەشەیتان كردنی حكومەتی كازمی" ئاستی زۆری بڕیوە، لەم میانەیەشدا هەنگاوەكانی حكومەت و میدیاكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، حكومەتەكەی كازمی وەك بەرپرسیاری زۆرێك لە شكستەكانی عێراق دەناسێنن، بەڵام بەوپێیەی دوو ساڵەكەی كازمی، تەنیا رێژەی 10% ی تەمەنی حوكمڕانی كۆماری عێراق لەدوای 2003وە پێكدەهێنێت، ئەگەری زاڵ ئەوەیە زۆرێك لە كێشەكانی عێراق تەمەنیان بۆ ئەم كابینەی سوودانیش درێژ ببنەوە، بەتایبەت كە حكومەت هێشتا گیرۆدەی بڕیاردانە و لەژێر هەژموومی پشك پشكێنەی حیزبەكاندایە. تەنانەت وەزیری تەندروستی نەیشاردەوە لەپاش بەشكردنی وەزارەتەكانی حكومەت، ئێستا پشك پشكێنە لە قۆناخی بەڕێوەبەرە گشتییەكاندایە وەك پاداشت بۆ ئەو لایەنانەی حكومەتیان پێكهێناوە و سوودانییان سەرخستووە.

گرنگیدانی یەكەمی سوودانی بە دۆسیەكانی ناوخۆیە. بازنەی یەكەمی گوتار و هەنگاوەكانیشی بۆ پارێزگا شیعە نشینە پەراوێز خراوەكانە. بەو پێیەی دروشمی سەرەكی كابینەكە و لایەنە شیعەكانیش "حكومەتی خزمەتگوزاری" یە، لە دەرەوەی ئەم بازنەیەش، حكومەت لیستێكی درێژی پابەندیی لە ئاست كێشەی ناوچە سوننە نشینەكان و هەرێمی كوردستان لەسەر خۆی داناوە، كە بیانكات بە پرۆژەیاسا و رەوانەی پەرلەمانیان بكات، ئینجا نۆرەی گرنگیدانە دەرەکییەکان دێت. بە پێچەوانەی سەردەمی كازمی، كە سیاسەتی دەرەوە لە ریزبەندی یەكەمدا بوو. لەم میانەیەشدا سوودانی یەكەم سەردانی دەرەكیی خۆی بۆ ئوردن بوو، نەك سعودیە و ئێران كە دوو جەمسەرە سەرەكییە ركابەرەكەی ناوچەكەن.

تاوەکو ئێستا سوودانی بڕیارێكی یەكلایی و پلانێكی "شۆڕشگێڕانە"ی بۆ ئاشكراكردنی چارەنووسی 3.7 ترلیۆن دینار (2.5 ملیار دۆلار) دیارنەماوەكەی "سپاردەی باجی كۆمانپانیاكان" نییە، جگە لە حەواڵەكردنی بۆ وردبینی و بەربەستە ئاڵۆزەكانی لێكۆڵینەوە. بەهۆی ئەوەی دیوانی چاودێری داریی میكانیزمی جێبەجێكەری بەدەستەوە نییە، دەستەی دەستپاكی عێراقیش لە پشك پشكێنەدا بەر لیستەكەی مالیكی كەوتووە، ئەستەمە سوودانی لەم دۆسیە گەورەیە، و كۆی دۆسیەكانی دیکەی گەندەڵی بتوانێت بازی گەورە بدات، چونكە پێداگری مالیكی لەسەر وەرگرتنی ئەو دەستە چاودێرییە، لەوانەیە بۆ پاسەوانی كارنامەی هەردوو كابینەكەی خۆی و (2005_2014) و بەكارهێنانی لە دژی ركابەرەكانی بێت.

گەورەترین رەخنەی سوودانی لە كازمی، ئەو كاتەی پەرلەمانتار بووە، بەرزكردنەوەی نرخی دۆلار بوو بەرامبەر بە دینار (1 دۆلار بە 1450 دینار)، بەڵام لەپاش دەستبەكاربوونی لە پۆستەكەی، خۆی لە ئۆباڵ و لێكەوتەكانی دابەزاندنی نرخی دۆلار قوتاركرد بەوەی كە "پابەندە بە سیاسەتی بانكی ناوەندییەوە". لایەنە شیعەكان بەردەوام دژی ئەوە بوون مستەفا كازمی بە "فەرمانی دیوانی 29ى 2020" لیژنەیەكی باڵای پێكهێنا بە سەرۆكایەتی "ئەبو رغیف" بۆ پرسە هەستیارەكان كە سەر بە خۆی بێت، بۆیە لەرێگەی دادگای فیدڕاڵییەوە لیژنەكەیان هەڵوەشاندەوە (ئاداری 2022)، كەچی كاتێك سوودانی فەرمانی دەرکرد لیژنەیەكی باڵا بۆ "بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی" پێكبهێنرێت و سەر بەخۆی بێت، زۆربەیان ستایشیان كرد و بە هەنگاوی گرنگ سەیریان كرد، لەكاتێكدا هەمان ئاراستە و هەمان میكانیزمە و بازدانیشە بەسەر دەستەی دەسپاكی و چاودێری دارایی.

سوودانی بۆ جێبەجێكردنی پلانەكانی لەسەر ئاستی نێوخۆ، بەنیازی گۆڕینی سەرجەم پارێزگارەكانە، بەڵام ئەوەی سەیرە، ئەم هەنگاوە یەكەمجار لەلایەن مالیكییەوە و بەناوی ئەوەوە راگەێنرا، تاوەکو ئێستاش چانسی سەركەوتنی ئەم هەنگاوە روون نییە، چونكە دەگوترێت لەبەر رۆشنایی بەركەوتەی هەڵبژاردنەكانە و سەدرییەكانیش چوونەتە دەرەوەی پەرلەمان و دیار نییە چۆن دابەشدەكرێت. ئەگەر بەگوێرەی دوایین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانیش بكرێت، ئەوە لە بری 4 ساڵ، ماوەی 9 ساڵی بەسەردا تێپەڕیوە و لەوكاتەوە تاوەکو ئێستا، زۆر شت لە خواست و ئاراستەی دەنگدەران گۆڕاوە، لە پێش هەمووشیانەوە خۆپیشاندانەكانی تشرینی (2019) و دەركەوتنی زۆر هێز و گرووپی نوێ.

لەسەر ئاستی پەیوەندییەكانی بەغداو هەرێمی كوردستانیش، سوودانی هاوشێوەی هەردوو كابینەکانی حكومەتی عادل عەبدولمەهدی و مستەفا كازمی (2018 و2022) گەشبینە و چاوی لە چارەسەرە، بەڵام ناڕووونی تەمەنی حكومەتەكەی و زۆری و ئاڵۆزی دۆسیەكانی بەردەمی، ئاڵینگاری گەورەن، بەتایبەت ئێستا لەنێوخۆی كوردستانیش پەرتەوازەیی و بەریەككەوتنی زۆری هەردوو هێزە سەرەكییەكە هەیە و سەقفی چارەسەركردنی هەندێك لەو كێشە ئاڵۆزانەش وەك نەوت بە نموونە، تەنیا شەش مانگی بۆ دانراوە لەكاتێكدا تەمەنی گرێ و كێشەكانی ئەم دۆسیەیە 15 ساڵە.

لەو سەردانەی كە سوودانی بۆ نەخۆشخانەكەی كازمییە كردی و لەو توڕەبوونە بەناوبانگەیشی كاتی كە گوتی "خوا موەفەقمان نەكات لەسەر ئەم خزمەتە"، دیوێكی شاراوە هەیە. وەزیری ئێستای تەندروستی، پێشتریش هەر وەزیری هەمان وەزارەت بووە و لە حیزبەكەی سەرۆك وەزیرانیشە. ئەمەش دیسانەوە گورزێكە لەو هیوایانەی لەسەر توانای تاكەكەس كەڵەكە دەكرێن بۆ چاككردنی دۆخی عێراق بەتایبەت لەم مانگەدا هیچ وەزیرێك هێشتا پلان و بەرنامەی خۆی بۆ چاكسازی و جێبەجێكردنی كارنامەی حكومەت رانەگەیاندووە و ئەوەی هەیە و نییە، تەنیا گرەوێكە لەسەر نیاز و خەونەكانی سوودانی وەك روخساری نوێی ماڵی شیعە!

تاگەکان

Share this Post

شرۆڤە