شرۆڤە

ناسنامەی کوردی لە باشوور ... سەرهەڵدانی وردە ناسنامەکان: گۆڕانی ناسنامەیی

14-03-2021


 

RRC – د.سەردار عەزیز  –

 

پوختە

ئەم توێژینەوەیە گریمانەی ئەوە دەهێنێتەوە کە ناسنامەی کوردی لە باشووری کوردستان لە سێ دەیەی رابردوودا بە وەرچەرخانێکدا تێپەڕیوە. ئەم وەرچەرخانەش گواستنەوەیە لە شوناسێکی گەورەوە بۆ کۆمەڵێک وردە ناسنامەی ناوخۆیی. گەورە ناسنامەی کوردی کە ئیتنی و نەتەوەیی بوو، ئەویترەکەی ناکورد بوو. بەڵام ئەگەر هەمو شوناسێک جیاوازێک یان ئەویدیکەیەکی هەبێت، ئەوە ئەویدیکەی وردە ناسنامەی کوردی کورد خۆیەتی. ئەم توێژینەوەیە ئەو هۆکارانە دەخاتە بەرچاو كە لەپشت ئەم وەرچەرخانە و سەرهەڵدانی ناسنامە نوێیەکاندان. وەک: بە شاریبوون، ئابووریی نەوتی، نایەکسانیی دابەشکردنی داهات. هەروەها دەرئەنجامەکانیش هەڵدەسەنگێنێت، کە بەرخۆرێتی لەجیاتی هاووڵاتی، دروستبوونی جڤاتە داخراوەکان و گەشەی ناسنامەی مووچەخۆر بەرامبەر مووچەنەخۆردا لە گرنگترینەكانیانن.

سەرەتا

هەرێمی کوردستان یەکێکە لە دیاردە و دەرکەوتە سیاسی و جیوپۆلیتیکییەکانی پاش جەنگی سارد. کۆتایی جەنگی سارد و شەڕی کوێت و دەستپێکردنی گوتاری دیموکراتیزەیشن لەلایەن ئەمریکای سەرکەوتووی جەنگی ساردەوە، راستەوخۆ کاریگەریی لەسەر هاتنەئارای هەرێمی کوردستان هەبووە. ناسنامە یان شوناس پرسێکی هەنووکەییە لە دونیای ئەمڕۆدا. ئەم پرسە لە دنیای کوردیدا لە ماوەی ساڵانی رابردوودا زۆری لەبارەوە نووسراوە، بەڵام کێشەی هەرە گەورەی ئەو ئەدەبیاتەی کە هەیە ئەوەیە كە لە بوارێکی زۆر تەسکدا ناسنامەی کوردی دەبینێت. دەکرێت بڵێین پرسێکی هەرە سەرەکی لەم بوارەدا ئەوەبووە کە کەی کورد لە کوردبوونی خۆی بە ئاگابووەتەوە؟ ئەم پرسە مێژوویی و گشتگیرە. هاوکات خەسڵەتێکی سەرەکیی ئەم تێڕوانینە لە ناسنامە ئەوەیە کە، ئەویتری دەرەکی بە پاڵنەری سەرەکیی دروستبوونی ناسنامەی کوردی دەبینێت. ئەم رۆڵە سەرەکییەی ئەویتر لە دروستکردنی ناسنامەی کوردیدا لەڕووی مێژووییشەوە سەرەتایەکی بۆ دروستدەکات. ئەگەر ئەویتری دەرەکی بنیاتنەری ناسنامەی کوردی بێت، ئەوە ئەو ساتەوەختەی کورد بە ئاگابووەتەوە یان کەوتووەتە بەر رەفتاری ئەویتر، لە خۆیشی بە ئاگابووەتەوە. ئەم ساتەوەختە بەگشتی بۆ رووخانی ئیمپراتۆریی عوسمانی و هاتنی کۆلۆنیالیزم و سەرهەڵدانی دەوڵەتی تیرەتۆری و رووداوە سیاسییەکانی دیكە دەگەڕێننەوە.
ئەگەر ئەو دیدە دێرێداییە بە هێند وەربگرین کە لە هەموو ناسنامەیەک یان شوناسێکدا ئەویترێک یان جیاوازییەک دەبینێت، ئەوە لە ساتەوەختی دروستبوونی هەرێمی کوردستان لە باشوور ئەم ئەویترە گۆڕانکاریی بەسەردا دێت. ئەم وەرچەرخانە لەوەدا خۆی دەبینێتەوە کە بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا، کورد خۆی دەبێتە ئەویتر بۆ ناسنامەی خۆی. ئەم وەرچەرخانە هۆکاری زۆرە و کاریگەریشی زۆرە.
ئەگەر بمانەوێ رێچکەیەک بۆ پرۆسەی ناسنامەی کوردی دیاریبکەین، ئەوە بەگشتی بەمشێوەیەیە كە پێشتر کورد بە پەرتەوازەیی، لە یەکەی بچووکدا، دابڕاو لە یەکدی و لە ململانێ لەگەڵ یەکدیدا بوون. ئەمە لە فۆرمی خێڵ و عەشیرەت و تیرەی جیاوازدا خۆی دەبینێتەوە. ئەم پەرتەوازەییە مێژوویەکی درێژی هەیە، کە لێرەدا ئامانجمان نییە کاری لەسەر بکەین. گوند و شاری بچووک خەسڵەتی هەرە سەرەکیی نیشتەجێبوونی کورد بووە. نەبوونی شاری گەورە و کەمیی جوڵە و تێکەڵی و نەبوونی پێکەوەبەستنی ئابووری و کولتووری و ئاگایی، وایکردووە کورد وەک یەکەیەکی وێناکراو لەلایەن خەڵكانی کورد خۆیەوە لاوازبێت. گوندێتی بە دیدی کارل مارکس جۆرێکە لە بوون لە یەکەی بچووکی ئۆتۆنۆمۆسی دابڕاودا، کە لەگەڵ یەکەکانی دیکەدا بەریەکناکەون و هەریەکە بۆخۆی کۆمارێک دروستدەکات. بەڵام هۆکاری وەک بە شاریبوون و مەدەنیبوون و گۆڕانی جۆری کار وادەکات کە ئەم ئۆتۆنۆمۆسە هەڵوەشێتەوە. شاخاویبوونی کوردستان و بوونی لە پەراوێزی ئیمپراتۆریەتە بەگژیەکدیداهاتووەکانی ناوچەکە، هۆکاری دیكە بوون بۆ بەیەکنەبوون و لەیەکدی دابڕانی کورد.

ناسنامەی تەقلیدیی کوردی

ئەگەر ئاوڕێکی خێرا لە هەردوو دەقە ئەدەبییە کوردییەکان و لێکۆڵینەوەکانی لێکۆڵینڤانی کورد و بیانی بدەینەوە، هەموو جەختمان لەسەر ئەوە بۆ دەکەنەوە کە کورد دەیەوێت لەم دنیایەدا، خاوەن ماڵێک یان نیشتمانێک بێت، تاوەکو وەک ئەوانیتر بوونی هەبێت. هۆکاری نەبوونی ئەمەش بەبێئاگایی کورد دەبەسترێتەوە. زۆرن ئەو دەقانە کە باسی لەخەوهەستانی کورد دەکەن [لەخەو هەستن میللەتی کورد] بەرامبەر زوڵم و زۆری ئەوانیدیكە، هەروەها ئەوانەش كە باسی نەبوونی توانای خۆڕێکخستن و بنیاتنانی یەکەیەکی گەورەتر لە خێزان و خێڵ دەکەن کە نەتەوەیە.
ئەم ئەدەبیاتە تاوەکو ئەمڕۆ بڕەوی هەیە، کە بەکورتی لەژێر ناوی ناسیۆنالیزمی کوردیدا دەناسرێت، بەڵام ئەگەر لە پانتایی ئەم دەقانە بێینە دەرەوە و لە واقیع بڕوانین، رەنگە باشتر بتوانین ئاڵۆزیی پرسی ناسنامەی تەقلیدیی کوردی دەستنیشانبکەین. بۆ ئاسانکاریی ئەم دۆخە، قۆناخی ناسنامەی تەقلیدیی کوردی بە قۆناخی گوند دەناسێنین. گوند وەک چەمکێک و جوگرافیایەک چەند پێودانگی هەیە کە بە کورتی لەمانەی خوارەوەدا کورتیان دەکەینەوە:
یەکەم، گوند پانتاییەکی بچووکی نیشتەجێیی کەم کولتوورە.
دووەم، ئەگەر لە دیدی مارکسەوە بیبینین، گوندی کەسێکی شۆڕشگێڕ نییە، بەڵکو گوندی وەک پەتاتە وان لە سەبەتەیەکدا کە هیچ پەیوەندیێکی وایان لەگەڵ یەکدیدا نییە و نەبوونی پەیوەندی وادەکات کە نەتوانن یەکەی فراوانتر لە خێزان و دەوروبەریان دروستبکەن. بە مانایەکی دیكە ناتوانن هێز بەرهەمبێنن و دونیایان بچووکە. کارل مارکس لە کتێبی (هەژدەی برۆمێر و لویس بۆناپارت)دا ئاماژە بە ئەمە دەدات. هەروەها لە قسەکردنی لەسەر گوندی هیندیش ئەوانە دووپاتدەکاتەوە. بۆیە گوتاری کوردی و کۆمەڵگەی کوردی هەمیشە لە دۆخێکی لەیەکدابڕاودا ژیاون.
سێیەم، خەباتی کوردی جگە لە گوتار هیچ هەنگاوێکی پراکتیکیی نەناوە بۆ بنیاتنانی نەتەوە. نەک تەنیا لە قۆناخی شەڕی چەکداریدا، بەڵکو لە قۆناخی شاریشدا ئەمە هەر وابووە. رەنگە کۆمەڵێک هۆکاری زۆر هەبێت بۆ ئەم پرسە، وەك: شەڕی نێوخۆ، نەبوونی یەک ناوەندی سیاسەتکردن و پلانڕێژی، هەبوونی مەترسیی ئاسایشی لە یەکدی، هەروەها بوونی چەک بە دەستی پارتی سیاسییەوە.
بەڵام سەرباری ئەمانە گۆڕانکاری لە کۆمەڵگەی کوردی لە باشوور هاتووەتە ئاراوە. یەکێک لە گەورەترین گۆرانکارییەکان لەئاستی کۆمەڵایەتی و جوگرافی و ئابووری و خەیاڵی چۆنیەتی ژیان و ژیاردا بریتییە لە بە شاربوونی هەرێمی کوردستان. پرۆسەی بە شاربوون لە دوو ئاستدا روویداوە، یەکەم، نیشتەجێبوونی زۆرینەی خەڵكی کوردستان لە شارەکاندا و دووەم، بە شاربوونی گوندەکانی لەڕووی ژیارەوە. ئەوەی وایکردووە ئەم گۆڕانکارییانە بێنەئاراوە بەکورتی ئابووری نەوت و تەکنەلۆجیان.

خەسڵەتی کارە تیۆرییەکان

کاری تیوری لەسەر ناسنامەی کوردی بەگشتی چەند خەسڵەتێکی هەیە:
یەکەم، بەئاگابوونەوەی کورد لەخۆی وەک کورد دیاردەیەکی نوێیە، دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای سەدەی بیست. بەتایبەتی پاش داڕمانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی.
دووەم، ناسنامەی کوردی بەگشتی دەرەنجامی رەفتار وهەڵسوکەوتی ئەوانیدیکەیە بەرامبەری. کاتێک کورد هەوڵی نکوڵیکردنی دراوە، لە وەڵامدا هەوڵی بنیاتنانی خۆیداوە. بەو مانایە ناسنامەی کوردی دەرئەنجامی بەرگرییە لە نکۆڵی و سڕینەوە. ناسنامەی ناسیونالیزمی کوردی دەرئەنجامی نکۆڵیکردنی ئەوانیدیکەیە لە بوونی سیاسیی ئەو. كەسانی وەک عەباس وەلی باسی ئەمەیان كردووە. ئاگایی کوردبوون بۆ سەردەمانێکی زۆر ئاگاییەکی سنووردار بووە. نەبوونی میدیای بەرفراوان، چاپەمەنی، توێژی بەرفراوانی خوێندەوار، سامانی كەڵەکەبوو، هەروەها ئامادەنەبوون لە دنیادا هۆكاری ئەوە بوون.
سێیەم، کورد کە بەئاگابووەتەوە لە ناسنامەی خۆی، ئامرازەکانی بنیاتنانی ئەو ناسنامەی لەبەردەستدا نەبووە، بۆیە ئەم ناشۆڕشگێڕییە بەربەستێکی تۆکمە دروستدەکات لەبەردەم هاتنەئارای ناسنامەیەکی جودا لە ناسنامەی تەقلیدی.
چوارەم، هەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە وردە ناسنامەی لۆکاڵی، کە رێگربووە لە دروستبوونی شوناسێکی گشتگیری فراوان، کە تاوەکو ئەمڕۆش لە ململانێ و کێبڕکێدان لەگەڵ ناسنامە گشتگیرەکاندا: وەک ناسنامەی خێڵ، ناوچە، تەریقەت.
پێنجەم، لە هاتنی مۆدێرنەدا ناسنامەی سەروو- نەتەوەیی لەنێو کۆمەڵگەی کوردیدا وەک ناسنامەی ئایینی نوێ، بە فۆرمە جیاوازەکانییەوە، ناسنامەی دەوڵەتی و تیرەتۆری، هەروەها ناسنامەی جیهانگیرێتی وەک چەپبوون، ئینتەرناسیۆناڵ دەركەوتوون و تەکنەلۆجی و شلبوونەوەی دۆخی ناوچەکە وایكردووە ناسنامەی نەتەوەیی کورد بەرامبەر ئەویتردا دروستبێت.
بەڵام بە ئەویتربوون لەهەمانکاتدا وایكردووە كە دۆخێكی نێگەتیفیش سەرهەڵبدات. کورد، کوردە چونکە، تورک، عەرەب یان فارس نییە. ئەمە لە زۆر لە گۆرانی و شیعر و دەربڕینە رۆژانەکاندا دەبینیتەوە. دیارە هەموو شوناسێک لەگەڵ جیاوازەکەیدا بوونی هەیە، وەک ژاک دێرێدا دەڵێت. بەجۆرێک کە هیچ شوناسێکی کولتووری نییە ئەویترێکی نەبێت. ئامادەبوونی ئەم ئەویترە کارئاسانی کردووە بۆ کورد بۆئەوەی خۆی بناسێنێتەوە، بەڵام زیانی ئەوەشی لێداوە کە بە پێویستی نەزانیوە لە ئاستەکانی ئاگایی، خەیاڵ، بەرژەوەندیی ژێرخان، سیستم، کولتوور و کۆمەڵایەتیدا خۆی بنیاتبنێت. وەك شکستی دەوڵەتی عێراق لە بنیاتنانی ناسنامەی عێراقی، وەک شێرکۆ کرمانج ئاماژەی پێدەدات.
ئەم قۆناخەی ناسنامەی کوردی بە کۆمەڵێک خەسڵەت دەناسرێتەوە:
یەکەم، نەبوونی ئایدیای شوناس یان ناسنامە لەئاستی کۆمەڵایەتی، جگە لە ناسنامە تەقلیدییەکانی وەک ئاغا، شێخ وعەشیرەت.
دووەم، دروستبوونی ناسنامەی سیاسی بەبێ هەبوونی کۆمەڵگەی سیاسی و ئاگایی سیاسیی تاک و پانتایی سیاسی.
سێیەم، زاڵبوونی تووندوتیژی و پەرچەکردار و بەربەرەکانێ بەسەر سیاسەتکردن و بیرکردنەوەدا. ئەگەر بیرکردنەوە بنەمای شوناس بێت، وەک هایدگەر پێداگریی لەسەر دەکات، ئەوە بواری بیر لە خود نەبووە، بە هەردوو هۆکاری زاڵی جڤات، کۆمیونیتی، لەگەڵ باڵادەستیی تووندوتیژی بەسەرسیاسەتدا.
چوارەم، لاوازیی کولتووری مۆدێرنە، لەئەنجای هاتنی مۆدێرنە، ژینگەیەک لە دۆخی مۆدێرنەی شکستپێهێنراو هاتووەتە ئاراوە. ئەمە چەمکێکە لە تێزی دوکتۆراکەمدا کارم لەسەر کردووە.
پێنجەم، لاوازیی ئابووری و سنوردارێتیی شارەکان.
شەشەم، لاوازیی دەستەبژێری بیربەرهەمهێن .

ناسنامەی کوردی لە ئەمڕۆی هەرێمی کوردستاندا

هەرێمی کوردستانی عێراق یەکێکە لە دیاردە و دەرکەوتە سیاسی و جیوپۆلەتیکییەکانی پاش جەنگی سارد. کۆتایی جەنگی سارد و شەڕی کوێت و دەستپێکردنی گوتاری دیموکراتیزەیشن لەلایەن ئەمریکای سەرکەوتووی جەنگی ساردەوە، راستەوەخۆ کاریگەریی هەبووە لەسەر هاتنەئارای هەرێمی کوردستان. رووداوەکانی وەک ناوچەی دژەفڕین، بڕیاری 688، ناوبژیکردنی شەڕی کوردی کوردی لەلایەن ئەمریکاوە، نەیاریی ئەمریکا و رژێمی سەدام، پاشان گۆڕینی رژێم و گۆڕینی دەوڵەتی عێراقی، هەموو کاریگەری گەورە و راستەوخۆییان لەسەر دۆخی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و ناسنامەی لە هەرێمی کوردستان هەبووە.

دروستبوونی هەرێمی کوردستان وەک یەکەیەکی سیاسی وەرچەرخانی لە دۆخی ناسنامەی هەرێمی کوردستاندا بەرهەمهێنا. ئەگەر لە رابردوودا بنیاتی ناسنامەی کوردی رەفتار و سیاسەتەکانی ئەویتر بووبێت، ئەوە لەگەڵ دروستبوونی هەرێمی کوردستاندا، کورد خۆی بووە حاکمی خۆی و هاوکات کورد خۆی رووبەڕووی خۆی بووەوە. ئەم وەرچەرخانە یەکەمجارە لە مێژووی سیاسیی کوردیدا روویدابێت. چونکە هەموو حوکمدارییەکانی کورد بۆخۆی لە رابردوودا بۆ ماوەی کەم و کورت بووە. بوونی هەرێمی کوردستان بۆ سێ دەیە، وادەکات قسە لەسەر بوونی نەوەیەک بکەین کە لەژێر دەسەڵاتی حوکمی کوردیدا گەورە بووە.
کورد لەکاتی رووبەڕووبوونەوەی خۆیدا وهەروەها لە گەشەی ئابووری و کۆمەڵایەتیدا، ناسنامەی لە هەناوی خۆیدا بۆ دروستدەبێت. ئەگەر بنەمای هەموو شوناسێک جیاوازەکەی بێت وەک درێدا دەڵێت، ئەوە جیاوازیی کوردی بۆ ناسنامەی کوردێک لە هەناوی سیستمی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستاندا، کورد خۆیەتی. ئەمە یەکەم وەرچەرخانی گەورەیە لەسایەی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا. ناسنامەی کوردی بەرامبەر کوردی دەکرێت هەردوو باش و خراپیش بێت. دروستبوونی شەڕی نێوخۆ، یان سەرهەڵدانەوەی شەڕی نێوخۆ کاریگەرییەکی یەکجار نێگەتیڤی هەبووە لەسەر ناسنامەی کوردی، جۆرە شوناسێکی دژی لە پانتاییەکی بەرفراواندا بەرهەمهێنا، کە بە چەندین دەیەی دیکەش شوێنەواری ناسڕێتەوە. بە ئاستێک دەتوانم بڵێم شەڕی نێوخۆ و فراوانبوونی بۆ هەمیشە، کولتوور و ئاگایی و خەیاڵ و ناسنامەی زۆر لە کوردی باشووری گۆڕیوە. هیچ گرنگ نییە لە چ بەرەیەکی شەڕیت، کاریگەرییەکە، رەنگە جیاوازبێت، بەڵام یەکسانە.
باشی بنیاتنانی شوناس لە بەرامبەر خوددا، بە پێچەوانەی بنیاتنانی ناسنامە لە بەرامبەر ئەویتردا، ئەوەیە کە ئەگەر بە ئاراستەیەکی تەندروست ئاراستە بکرێت، ئەوە کۆمەڵگەی کوردی ناچار دەکات یەکەم، ببێتە کۆمەڵگە، یانی بوونی چین و توێژی جیاواز و دانپێدانانیان بە یەکدی، دووەم، واتای دەستپێکردنی گفتوگۆ لەنێوان ئەم یەکە جیاوازانەش دەدات. ئەگەر شەڕ و پەیوەندیی شەڕ لایەنی نێگەتیڤی ئەم دیاردەیە بێت، ئەوە هەبوونی توانای قبوڵکردن و دانپێدانان و گفتوگۆ لەنێوان توێژ و یەکە جیاوازەکاندا لایەنە ئەرێنییەکەیەتی. بەڵام ناسنامە و پانتایی شوناس وەرچەرخانی زۆری بەسەردا هاتووە، کە تەنیا لە شەڕ و پەیوەندیی شەڕیدا خۆی نابینێتەوە، بەڵکو فرەیی و ئاڵۆزی و لەیەکدابڕان خەسڵەتە سەرەکییەکانییەتی.

هەوڵێک بۆ ناسینی ناسنامە

کۆمەڵگەی کوردی لە باشووری کوردستان لە ماوەی چەند دەیەی رابردوودا بە چەندین گۆرانکاریی جیاوازدا رۆیشتوە، کە کاریگەرییان هەبووە لەسەر هەموو بوارەکانی ژیان و ژیاری، لەنێویاندا ناسنامەیش. لە پانتایی سیاسی و ئابووریی هەرێمی کوردستاندا پانتایی بۆ ناسنامەی خود هاتە ئاراوە. ناسنامەی خود، یان ناسنامەی تاک، جیاوازە لە ناسنامەی کۆ یان گشت.
بەگشتی شوناس و ناسنامە لای کورد و کۆمەڵگەی کوردی نوێیە. شوناس یان ناسنامە لە ئاگایی کوردیدا بەگشتی وا دەبینرێت کە ئەو شتە بێت کە کەسێکی پێ دەناسرێتەوە. ئەم پێناسینەوە مانای جوداکردنەوە لە ئەویتر و باوەڕبوونی خود بەوەیە کە ئەو کەسە ئەو ناسنامەیە کە پێی دەناسرێتەوە. بە زمانێکی دیكە دەبێت کەسێک ئەو ناسنامەی کە پێی دەناسرێتەوە خودی خۆیشی پێ دەستنیشانبکات.
هاوکات شوناس بەمانای هاوشێوەیی دێت. وشەی ئایدێنتیتی بنەمای ئایدێنتیکاڵە، کە دەکرێت بە لەیەکچوونیان وەک یەک وەربگێڕدرێتە سەر زمانی کوردی. لەیەکچوو، وەک یەک یان وێکچوو، بە مانای ئەوە دێت خەڵکانێک خۆیان وەک یەک یان سەر بە هەمان بەش و گرووپی کۆمەڵایەتی ببینین. ئەم ئەندامێتییە لە دنیای کوردیدا لەنێوان ئەندامێتیی تەقلیدی، کە خۆی لە خێزان و مزگەوت و خێڵدا دەبینێتەوە، لەگەڵ ئەندامێتیی مۆدێرن، کە خۆی لە نەتەوە و نیشتمان و هاووڵاتیی و ئەم چەمکانەدا دەبینێتەوە هێشتا لە جۆلانێدایە. بەجۆرێک کە دەتوانین بڵێین مرۆڤی کورد نە ناسنامە تەقلیدییەکەی جێهێشتووە و نە گەیشتووەتە ناسنامە مۆدێرنەکەی. جۆرێک لە تێکچوون و تێکەڵی لەنێوانیاندا دروستبووە. دەبینیت تەنانەت لەنێوان دەستەبژێری خوێندەواری کوردیشدا خۆناسینەوە بە شوێن و بنەماڵە و خێزان و خێڵەوە زۆر باو و بڵاوە. ئەوەندە بەسە ناوی هەندێک لە شاعیران و نووسەران و سیاسییەکان بێنین تاوەکو ئەوەمان بۆ دەركەوێت.
دیار شوناس هاوکات بە مانای خودیش دێت. بوونی کەسێک، یان ناسینی بوونی کەسێک لەلایەن خۆیەوە، کرۆکی ناسنامەی خۆیەتی. ئەم رەهەندەی شوناس زیاتر لە کۆمەڵگە لیبرالە رۆژئاواییەکاندا بڕەوی هەیە، کاتێک کەسێک خۆی وەک تاکێک دەناسێتەوە. بەڵام بە تاکبوون لە کۆمەڵگەی کوردیدا نەک هەر بوونی نییە، بەڵکو کاتێک هەوڵیشی بۆ دەدرێت وەک مەحاڵێک دەردەکەوێت.
ئەگەر لە بیری رۆژئاواییەوە، دیدی پارمێندێس وەربگرین، کە دەڵێت بیر و بوون یەکن. ئەوە ئایدیا یان بیرکردنەوە بوونە و هاوکات بیرکردنەوە بوون دادەڕێژێت. بەم پێیە، بوون بەئاگابوونە لە بوون و هەروەها یەکگرتنە لەگەڵ بوون. هەروەها یەکبوون لەگەڵ ئەو بوونانەی دیكەشە کە هاوشێوەی ئەو بوونەن. بە زمانێکی دیکە ناسنامە بریتییە لە بەئاگابوون لە بوونی خود و یەکگرتن لەگەڵیدا و هەروەها بەیەکبوون لە هاوشێوەکانی دیكەشدا.
ئەم ئاستە لە بوون لە کوردستان هێشتا بەم ئاستە قووڵ و دەوڵەمەندە نییە، بەڵام بە جۆرێکی تایبەت لە سەرهەڵداندایە. ئەم ناسنامە ئەوەندەی کە بە ئاگابوونە هێندە پرۆسەی بیرکردنەوە نییە. بە مانایەکی دیكە زیاتر دەروونییە لەوەی فەلسەفی بێت.

شەبەنگێتیی ناسنامە

شەبەنگێتیی شوناس سەرەتای دابڕانە لە شێوازی پێشینەی شوناس لە کۆمەڵگەی کوردیدا. دەکرێت چوارچێوەی گشتی ناسنامەی پێشینە لە هەناوی ناسیۆنالیزمدا کۆبکەینەوە. لەم بوارەدا ئەدەبیاتێکی زۆر هەیە. هەر لە ئەدمۆنزەوە تاوەکو لێکۆلینڤانەکانی ئەمڕۆ، هاوکات شاعیرانی کورد هەر لە خانییەوە تاوەکو قانع و بێکەس و شاعیرانی دیكە سەرقاڵی ئەم بوارە بوون.
من لێرەدا مەبەستم ئەوە نییە باس لەم بوارە بکەم. بۆیە ئارگومێنتی ئەم توێژینەوەی من ئەوەیە کە هەرچەندە هەوڵی کورد بۆ ناسینی وەک نەتەوەیەک و بەدەستهێنانی دەوڵەت بەردەوامە، بەڵام لە هەمانکاتدا، بەتایبەتی لە ماوەی حوکمی سێ دەیەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە باشووری کوردستان، پانتاییەکی دیکە بۆ ناسنامەی جیاواز هاتووەتە ئاراوە، ئەم پانتاییە بە شەبەنگ دەناسێنم. ئایا ئەم شەبەنگە دەبێتە یەک یەکە، یان کۆمەڵێک یەکەی جیاوازن بە هۆکاری شوێن و کولتوور و سیاسەتەوە پێکەوەن؟ شەبەنگ یانی فرەیی لە یەکدا. ئایا ئەم فرەییە چۆن پێکەوەن، چ جۆرە هاوبەشی و جیاوازییەک لەنێوانیاندایە؟ چ جۆرە رکابەرییەک دروستدەبێت و چۆن ئیدارە دەدرێت؟

رانانی ئەدەبیات

لێکۆلینڤانێک کە ئاماژەی بە سەرەتای ئەم وەرچەرخانە داوە، خانمە لێکۆلینڤانی ئەمریکی نیکۆل واتسە. نیکۆڵ لە نووسینێکی کورتدا لە مۆنکی کەیج لە رۆژنامەی واشنتن پۆست، سەرەتا ئاماژەی بەم وەرچەرخانە دا، پاشان لە کتێبێکی ئەستووردا لەگەڵ کۆمەڵێکی زۆر لە توێژەرانی بواری کوردناسی دیدەکەی پەرەپێدا. واتس باسەکەی لە رۆژنامەی واشنتن پۆست بەناوی (سەرلەنوێ پێناسەکردنەوەی نەتەوەی کورد)ە. بەڵام وەک چاپتەری کتێبێک باسەکەی ناوی بەدەستهێنانەوەی هەڵەبجەیە. چاپتەری کتێبەکە لەژێر سەرپەرشتی گاریس ستانسفێڵد و محەممەد شەریفدا لەچاپدراوە.
ئارگومێنتی سەرەکیی واتس ئەوەیە کە لە ساڵانی رابردوودا خەڵكی کوردستان لە گوشارێكی بەردەوامدان بۆ هەبوونی کاریگەری لەسەر سامان و سەروەتی تەرخانکراو بۆ پرۆسەی بنیاتنانی دەوڵەت و نەتەوە. کەیسەکەی ئەو وەک لە ناونیشانی چاپتەری کتێبەکەیدا دیارە، زیاتر لەسەرهەوڵەکانی خەڵکی هەڵەبجەیە بۆ بە پارێزگابوونی شاری هەڵەبجە. ئەو خواستی بە پارێزگابوون وەک رێگەیەک دەبینێت بۆ دەرکەوتنی ناسنامەی لۆکاڵی.
واتس لەکاتێکدا ئاماژە بەم ناسنامە لۆکاڵییە دەکات، لە هەناوی ناسنامەی باڵادا، هاوکات جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەمە پچڕان نییە کە لە پرۆسەی شوناسدا روویدابێت. بۆ ئەمە پەنا دەباتە بەر تێزێکی جۆن ئەدیسۆن کە لە توێژینەوەیەکدا بە (ناوی چ رابردوویەک بۆ کێ؟)، كە لە ساڵی 2000 بڵاویکردووەتەوە.
بە دیدی ئەدیسۆن مەرج نییە فرەکردنی یادەوەریی گشتی بە تێکەڵکردنی یادەوەرییە لۆکاڵییەکان، بە مانای ئەوەبێت کە پچڕانێک روویداوە و یادەوەریی گشتی پەرت بێت، بەڵکو دەتوانن تەواوکەری یەک بن.
سەرباری ئەمە لەم نووسینەدا ئارگومێنتی من ئەمەیە کە فرەبوون و لەئەنجامدا بەشەبەنگبوونی ناسنامەی کوردی لە باشووری کوردستان لەئەنجامدا کێشە بۆ ناسنامەی گشتی دروستدەکات، بەتایبەتی ئەگەر مامەڵەی لەگەڵدا نەکرێت. لەپێناو باشتر بنیاتنانی ئەندازەی ئارگومێنتەکەم، لەسەرەتاوە بەخێرایی ئاوڕێکم لە ناسنامەی پێشووتر یان ناسنامەی زاڵ دایەوە، کە بە ناسنامەی ئیتنی یان هەوڵدان بۆ بەنەتەوەبوون ناوم برد.
وەرچەرخانە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان لە کوردستان وەک بە شاربوون، باڵابوونی کولتووری بەرخۆری و دروستبوونی مرۆڤی بەرخۆر لەجیاتی هاووڵاتی، پەرتبوونی خەیاڵی کۆمەڵایەتی و پانتایی گشتی کۆمەڵێک بنەمان کە شەبەنگیی ناسنامەیان بەرهەمهێناوە. لەخوارەوە لەسەرهەریەک لەم بنەمایانە بەکورتی دەوەستم.

بە شار بوون

ئەمڕۆ زۆرینەی خەڵکی کوردستان لە شارەکاندا دەژین. لەوەش زیاتر شاریبوون بووەتە جۆرێک لە ژیار. نەوت بە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەپشت ئەم وەرچەرخانەوەیە. لە زۆر جێگەی دنیادا کۆچی لادێ بۆ شار روودەدات. بەجۆرێک ئەمڕۆ لە دنیادا زۆرینەی خەڵک لە شارەکاندا دەژین. هەبوونی داهاتی نەوت لە کوردستان توانای ئەوەی بەخشییە دەستەبژێری سیاسیی کورد کە توێژێکی بەرفراوان لە کۆمەڵگەی کوردی لە بواری ئاسایشدا دابمەزرێنن. لێرەدا مەبەستم بەتەنیا ئاسایش نییە، کە لەنێو کۆمەڵگەدا ناسراوە. بەڵکو هەموو کەسێک کە ئەرکی ئەوەی پێدەسپێردرێت کە هەڵگری چەک بێت بۆ دابینکردنی ئاسایشی کۆمەڵگە، کۆمپانیا و هەروەها کەسێک. هەموو ئەمانە دەچنە خانەی دابینکەری ئاسایشەوە، واتە سیکیوریتی. هاوکات ناسەقامگیری سیاسی پاڵنەرێک و رەوایی بەخشێکبوو بەم وەرچەرخانە. ئەمەش هۆکارێک بوو کە کەرتی گشتی ببێتە دابینکەری سەرەکی کار یان پیشە لە کوردستان. هەرچەندە دەکرێت هەبوونی ژمارەیەکی زۆری فەرمانبەر وەک جۆرێک لە دابەشکردنی سامانی وڵات سەیربكرێت، بەتایبەتی کاتێک سەرچاوەی سەرەکیی داهات سامانی سرووشتییە. هاوکات دەكرێ واش ببینرێت کە پاڵنەری سەرەکیی هاتنی خەڵكە بۆ شار و رێگەی بۆ هەڵاوسانی شارەکان و پووکانەوەی گوندەکان كردووەتەوە. دیارە دەبێت هاوکات هۆکاری هەبوونی نەخۆشیی هۆڵەندیش لەبەرچاو بگرین. کە وادەکات نرخی بەرهەمهێنان لە وڵاتی خاوەن ئابووریی نەوتیدا بەرزبێت بە بەراورد بە وڵاتانی بێ نەوت. ئەمەش وادەکات مەیلی هاوردە زیاتر بێت لە بەرهەمهێنانی نێوخۆیی. بە شاربوون ئەو بنەما سەرەکیەیە کە هەموو وەرچەرخانەکانی دیكەی لەسەر بنیاتنراوە.
لەگەڵ بە شاربووندا مرۆڤی کورد لە باشوور بە ئاراستەی ئەوەدا نەڕۆیشت کە ببێتە هاووڵاتی. هەرچەندە ئاگاییەکی سەرەتایی بەرامبەر هاووڵاتیبوون هەبوو. هەبوونی یەکەم رۆژنامەی ئەهلی بەم ناوەوە، دەرخەری ئەو راستییەیە کە خواستێک و ئاگاییەکی لەو جۆرە لەنێو دەستەبژێری کوردیدا هەبووە.
بەڵام مرۆڤی کورد زیاتر بووە کۆنسیومەر یان بەرخۆر. بوون بە کۆنسیومەر جۆرێکە لە ژیان و ژیار. بەرخۆری بریتییە لە کرداری کڕین و هەبوون و نمایش لەگەڵ فڕێداندا. زۆرن ئەو چیرۆکە بچکۆلانەی کە لە دنیای کۆمەڵایەتیی ئێمەدا بەردەوام رۆژانە دەیانبیستین كە باسی گۆڕینی بەردەوامی كەلوپەلی نێوماڵ دەکەن لە کۆمەڵگەی کوردیدا. کۆمەڵگەی کوردی و پانتایی ژیاری کوردی، بە زۆری شارەکان، پانتایی پڕ لە رێکلامن. تەلەڤزیۆن بووە بە سندووقی ئامادە لە ماڵ و شوێنە گشتییەکان و تەنانەت شوێنی فەرمانبەران لە دەزگا حکومییەکاندا. کەسەکان و کاڵاکانی نێو تەلەڤزیۆن و رێکلامەکان ئامادەییەکی هەرە سەرەکییان هەیە لە هەموو شوێنێک و داڕێژەری خەیاڵی زۆرینەی خەڵكن.
بەجۆرێک دەتوانین بڵێین کە دیموکراسی و کرانەوەی بازاڕ و بەرزبوونەوەی ئاستی بژێویی خەڵك، نەبووە هۆی ئەوەی کە مرۆڤێکی تاک و سەربەخۆ و خۆبنیاتنەر و خاوەن ناسنامەی تایبەت بێتە ئاراوە.
کولتووری بەرخۆری پارە دەکاتە بنەمای بوون. پارە توانا دەبەخشێت، توانای کڕین، توانای نمایش و جوڵە و هەبوونی ئامراز و ئامێرەکان. کاڵاکان دەبنە بنەمای شوناس. ئۆتۆمبێل، جلوبەرگ، خانوو هەموو ئەمانە دەبنە بنەمای مرۆڤ و ژیارێکی سەرکەوتوو.
ئەم وەرچەرخانە لەمیانەی گەشەکردنیدا بە یەکسانی کاریگەری نابێت لەسەرتاکەکانی کۆمەڵگە. هاوکات بە یەکسانی توانا و دەرفەتیش بە تاکەکان نابەخشێت. دەرئەنجامی ئەمە ئەوە دەبێت کە کۆمەڵگەی کوردی لە ئاستە جیاوازەکانیدا بەرەو جیاوازیی چینایەتی دەچێت. ئەم چینایەتییە جیاوازە لە چینی مارکسی. چینی مارکسی لەسەر پەیوەندی و چەوسانەوە لەنێوان سەرمایەدار و کرێکاردا بنیاتنراوە.
بەڵام کرۆکی ئەم چینایەتییە نەبوون و نەمانی پەیوەندی و دابڕانە. هەبوونی قوتابخانە تایبەتەکان، گەورەبوونی نەوەیەک کە بەئاستەم زمانی کوردی دەزانێت، فێربوونی زمانە جیهانییەکان و هەبوونی ئەکسێس بۆ دنیای دەرەوە، وا لە نەوەی داهاتوو دەکات کە خەڵكانێکی یونیڤێرساڵ بن. دەرئەنجامی ئەمەش هاتنەئارای جۆرێک لە کەسی داڤۆسییە. مەبەست لە کەسی داڤۆسی ئەو کەسەیە کە گەورە بیرمەندی ئەمریکی سامۆئێل هەنتنگتۆن بە پیاوی داڤۆس ناوی دەبات. پیاوی داڤۆسی لای هەنتنگتۆن ئەو کەسەیە کە هێندە پێویستی بە پەیوەستبوونی نیشتمانی نییە. سنوورە نیشتمانییەکان وادەبینێت کە رێگرن و خۆشبەختانە بەرەو لەنێوچوون دەچن. ئەم خەڵکانە لە کوردستان لە پانتایی جیاواز و لە هەناو دیوار و لە گوند و شارە تایبەتەکاندا دەژین کە ناو و ستایڵ و ژینگەیان بەتەواوی لە دنیای دەرەوەی خۆیان دابڕاوە. من ئەم پانتاییانە ناودەنێم گوندەکانی شار.

گوندەکانی شار؟!

لە ئەدەبیاتی جوگرافیا و کۆمەڵناسیدا گوند و شار وەک دوو پانتایی جیاواز و هەندێکجار رکابەر مامەڵە دەکرێن. بەڵام من باس لە دیاردەیەکی نوێ دەکەم، دیاردەی گوندەکانی نێو شار. یەکێک لەو دیاردانەی کە لە ساڵانی رابردوودا بەخێرایی لە کوردستان گەشەی کردووە دیاردەی دروستبوونی گوندە لە شارەکاندا. ئەمە خۆی بەشێکە لە پرۆسەی بە شاربوونی خێرای کۆمەڵگەی ئێمە.
مەبەستم لە گوندەکانی شار ئەو جێگەیانەیە کە بە گوندی ئەڵمانی و ئیتاڵی و ئەمریکی و لوبنانی و گوندی دیكە ناسراون. بەکاربردنی چەمکی گوند بۆ ئەم جڤاکانە چەمکێکی سەرنجڕاکێشە. هەندێکجار لە هەندێک جێگەدا گوێت لە بەرامبەرە عەرەبیەکەیشی دەبێت كە قەریەیە.
ئایا دەکرێت گوند سەرلەنوێ لە پانتاییەکی جودادا بچەمکێنین. بەمانای ئەوەی ناوی گوند ببێتە هەڵگری مانا و دەلاتێکی دیکەی جیاواز لەوەی زانراوە؟ دەکرێت، بەڵام رەنگە هێندە نەتوانێت خەسڵەتی سەرەکی ئەم دیاردەیەمان پێ بڵێت، لە دنیادا ئەم جێگەیانە بە ناویترەوە ناسراون.
لای تورکەکان کاپلی سایتە. وشەی كاپی لە زمانی کوردیشدا بەکاردێت کە تورکییەکی عوسمانییە. بەمانای جێگە یان شوێنە قاپیدارەکان دێت. ئەم چەمکە نزیکە لەو ناوە بڵاوەی لە زمانە ئەوروپییەکاندا کە گەیتد کۆمینیتیە: بە مانای جڤاکە دەروازەدارەکان.
گوند لە خەیاڵی کوردیدا یانی جێگەیەکی بچووکی دوورەدەست، بەڵام گوند سۆسیۆلۆژی خۆی هەیە، کە لە زۆر خەسڵەتدا پێچەوانەی گوندی بەرهەمهاتووی سەردەمی شارە. گوند بە تێکەڵی و ناسراوی و خزمایەتی و یادەوەری و هەندێکجاریش بە شەڕ و ململانێی سەخت ناسراوە. بەڵام گوندی شار زۆربەی ئەم خەسڵەتانەی نییە. لە گوندی شار پەیوەندی نییە، کەسەکان لە ماڵەکانیاندا کۆیلەی ئامێرە تەکنەلۆجیەکانیانن. پەیوەندییان لەگەڵ کەسانی دوور هەیە و بەزۆری یەکدی ناناسن.
بەڵام ئەم دیاردەیە لەوە زۆر زیاتر ئاڵۆزترە. ئەگەر تەنیا میتۆی چاودێری، ئۆبزێرڤەیشن، بەکاربەرین دەبینین گوندەکانی شار ئەو پانتاییانەن کە بە شوورا و دیوار دەورە دراون. یەک یان دوو دەروازەیان هەیە و لەم دەروازانەشدا پۆلیس و چەکدار ئامادەییان هەیە. هاتنەژوورەوە و چوونە دەرەوە بەردەوام لەژێر تیلەی چاودێرەکانەوە دەبێت و دەکرێ لە هەر ساتەوەختێکدا کەسێک رێگەی لێبگیرێت. پانتایی ناوەوەی ئەم دیوارانە جێگەیەکی جودان، لە بێدەنگی و رێکخراوی و پاکێتی. جیاواز لە پانتاییەکانی دەرەوەیان.
هەموو ئەمانە چیمان پێدەڵێن؟ جڤاکە دەروازەدارەکان یان گوندەکانی شار، دیاردەیەکی جیهانین. خوێندنەوەیان پێویستی بە تێگەیشتنە لە دۆخی جیهان. ئەوەی لە کۆمەڵگەی ئێمەدا هەیە، بەشێکی زۆری لاسایی و بەشێکی دیکەیشی کاریگەرییە. بە کورتی گوندەکانی شار بەشێکن لەو وەرچەرخانە گەورەیە کە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لە دەوڵەت نەتەوەوە بۆ جیهانگەری پێیدا تێدەپەڕێت.
بۆئەوەی لە دیاردەی گوندەکانی شار تێبگەین، دەبێ لەو وەرچەرخانە تێبگەین کە جیهانگەری لەسەر دەوڵەت-نەتەوە دایناوە. دەوڵەت-نەتەوە هەڵگری کۆمەڵێک خەیاڵ و ئامانج بوون، لەوانە: بە یەککردنی سەرجەم خەڵکی ناو پانتایی دەوڵەت، کۆنترۆڵکردنی سنووری دەوڵەت لەگەڵ وڵاتانی دیکەدا، دروستکردنی هۆمۆجینییەتی. هەرچەندە ئەمە لەئاستی ئابووریدا هێندە بەچڕی بەڕێوە نەدەچوو وەک لە ئاستەکانی دیکەی وەک شوناس و ناسنامە و گوتار و ئاسایش و حوکمڕانیدا بەڕێوە دەچوو.
لێرەدا دەتوانین لە روانگەی سنوورەوە لەم دیاردەیە بڕوانین. لە سەردەمی دەوڵەت-نەتەوەدا، سنوور لە پەراوێزی دەوڵەتدا بوو، بەڵام لە گوندەکانی نێوشاردا، سنوور هەیە. ئەم سنوورانە وەک سنووری وڵاتان پارێزراون و کەسەکان بۆ هاتن و چوونیان دەبێت رەزامەندیی چاودێرەکان وەربگرن. ئەگەر لە دیدی نیومارکسییەکانەوە لە سنوور بڕوانین دەبینین کە سنوور لە سەردەمی جیهانگەرییدا نەک کۆتایی پێهات، بەڵکو لە پەراوێزی دەوڵەتەوە هات بۆ ناو پانتایی شارەکان و خەڵکەکان لە یەکدی جودا دەکاتەوە.
گوندەکانی شار، نیشانەی بەرجەستەبوونی نادادپەروەریی ئابوورییە، بەڵام لە ئاستی پانتایی و جۆری ژیان و ژیار و ئازادی هاتوچۆوە بەڕێوە دەچێت. گوندەکانی شار ئاماژەیە بۆ رێگری لە دانیشتووانی شار بۆ ئەوەی بە ئازادی بە پانتاییەکانی شاردا بگەڕێن. ئەمە کۆنترۆڵکردنی پانتایی شارە و کۆتایی هاووڵاتیبوونە بە ماناکەی سەردەمی دەوڵەت نەتەوە. شار لەسەردەمی دەوڵەت نەتەوەدا سنووری رەقی نەبوو. دیوارەکان لە هەناو شارەکاندا نەبوون، سیمبوولەکانی جیاکردنەوەی خەڵک لە پانتاییەکاندا نەبوون.
دیوار و شووراکان دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی سەدەکانی ناوەند، هاتنەوەیان لە سەردەمی جیهانگەریدا، لە سەرەتادا وەک ناوازەیەک دەردەکەوێت، بەڵام گەڕانەوە بۆ کەمینەی سەرمایەدار و زۆرینەی بێ سەرمایە دەمێکە بووەتە مژاری ئابووریناسان لە دنیا. تێزەکانی تۆماس پێکتی لەو روانگەیەوەن.
دیوارەکان لە جەستەی هەمان شاردا، گۆڕانی شارە لە پانتاییەکی کراوەی بێ فۆرمەوە بۆ پانتاییەکی کۆنترۆڵکراوی لەیەکدی دابڕاو. بەجۆرێک لە هەمان شاردا بە تەنیشت یەکەوە دنیای یەک و دنیای سێ دەبینیت. خەڵکی نێو شووراکان، خەڵکە گوندنشینەکان لە هەموو رەهەندێکی ژیارییەوە جیاواز دەبن لە خەڵکانی دەرەوەی شووراکان. ئەمە تاوەکو بێت بە تێپەڕینی نەوەکان جیاوازییەکانیان فراوانتر دەبێت. بەجۆرێک دەتوانین بە ئاسانی بڵێین کە تێزەکەی بندیکەت ئەندرسن کە نەتەوە جڤاکێکی خەیاڵکراوە تووشی قەیران دەبێت، چوونکە نە خەڵکی ناوەوەی شووراکان دەتوانن خەیاڵی دەرەوە بکەن و نە خەڵکی دەرەوە دەتوانن خەیاڵی ناوەوە بکەن. بەڵکو هەر یەکەو خەیاڵی بۆ دنیایەکی جودایە.
لێرەوەیە نادادپەروەری کە بنەمای ئەم سیستمەیە، دەبێتە بنەما بۆ ناسەقامگیرییەکی کوشندە، کە سەرەتاکانی لە دنیادا دەمێکە دەبینرێت.
لە قۆناخی نیولیبرالیزمی جیهانگەریدا، نایەکسانی و نادادپەروەری وەک باش و زۆرجاریش وەک پێویستییەک دەبینران. پێویستییەک بۆ دروستکردنی داینامیکێک بۆ جوڵەی ئابووری و کۆمەڵایەتی، بەڵام لە پاش قەیرانی ئابووری 2008ەوە ئەم دیدە بە چڕی جێگەی رەخنەیە.
بەرهەمهێنانەوەی پانتاییەکانی دنیای ئێمە لە زۆر ئاستدا روودەدەن، بەڵام ئاگایی پانتاییانەی ئێمە هێشتا بوونی نییە. دنیای کوردی بەگشتی دنیایەکی بێ تیورەیە. ئێمە پێویستییەکی هەنووکەییمان هەیە بۆ وەرچەرخانی پانتاییانە لە مامەڵەکردن لەگەڵ دنیای خۆماندا، بەهیوام ئەو ماوەی کە لە کوردستانم لە نزیکەوە لەم مژارانە بنواڕم.

مووچەخۆر و مووچەنەخۆر

مووچەخۆر فیگەرێکی جێگەی سەرنجە لە کۆمەڵگەی باشووری کوردستاندا. ئەگەر بەراوردی بکەین بە هەریەک لە فیگەرەکانی دیکەی کارکردن وەک جووتیار و کرێکار، مووچەخۆر دیاردەیەکی ئاڵۆزە. ئەدەبیاتێکی بەرفراوان هەیە سەبارەت جووتیار و کرێکار، بەڵام ئەگەر مووچەخۆر وەک بیرۆکرات لەقەڵەم بدەین، ئەوە تیۆر و تێز و چەمکی زۆر هەن، کە هەرە سەرەکییەكەیان كە لێرەدا ئاماژەی پێدەدەین، لەلایەن کۆمەڵناسی ئەڵمانی ماکس ڤیبەرەوە پێشخراوە. لای ڤیبەر بیرۆکراسی دەرئەنجامی عەقڵانیبوونی کۆمەڵگەیە. بیرۆکرات ئەو کەسەیە کە دابڕاوە لە خەسڵەتە تەقلیدییەکان وەک ئایینی، کولتووری و خزمایەتی. بەو مانایە کەسێک کە بیرۆکراتە، نە بەو هۆکارانە دەبێتە بیرۆکرات و نە لەسەر ئەو بنەمایانە کار دەکات و نە دەتوانرێت لەسەرئەو بنەمایانە لێپرسینەوەی لەسەر بکرێت. بەو مانایە بیرۆکرات هیچ پەیوەندیەکی شەخسی نییە و لە دنیایەکدایە کە پووچبوونەوەی ئەفسانەکان و رزگاری لە وەهم و تەلیسم تێیدا روویداوە. بەومانایە بیروکرات ئەو کەسەیە کە خاوەن شارەزایی و تەکنیکی تایبەت بە بوارەکەیەتی و هەروەها لەسەرئەوبنەمایانە دامەزراوە و پەیوەندی بە ئەوانیترەوە دەکات.
بەپێی پێوەرە ڤیبەرییەکان مووچەخۆر بوونەوەرێکی بیرۆکراتی نییە. دیارە رەنگە کۆمەڵێکی زۆر لە خەسڵەتەکانی بیرۆکراتی تێدابێت، بەڵام بەگشتی کۆمەڵێک خەسڵەتی دیکەی تێدایە کە نایکاتە بیرۆکراتێکی ڤیبەری. پێش هەموو شتێک بیرۆکرات لە ژینگەیەکی عەقڵانیدا کارناکات، دووەم، بیرۆکرات کەسێک نییە لەسەر بنەمای زانستی و بیرۆکە یان ئۆفیسەکەی کار بکات، بەڵکو رێزگرتنی بنەماکانی وەک ناسراوی، خزمایەتی، حیزبایەتی و ناوچەگەرێتی لە پرسە سەرەکییەکانی کەسی بیرۆکراتی کوردین.
بەڵام مووچەخۆر ئەگەرچی لەگەڵ بیرۆکراتدا لە زۆر ئاستدا نزیکایەتییان هەیە، بەڵام لە زۆر رووی دیكەوە جیاوازە.
مووچەخۆر بەگشتی بەرامبەر کارێک مووچە وەرناگرێت، بەڵکو بووەتە مووچەخۆر لەبەر ئەندامێتی بۆ پارتێکی سیاسی یان کەسێک لەنێو پرۆسەیەکی تایبەتی ئیداری، کە بە پرۆسەی کرێخۆری یان رێنتیەر ناودەبرێت. لەم سیستمە ئابوورییە سیاسییەدا مووچەخۆر کەسێکە سەر بە کەرتی گشتییە، چونکە کەرتی گشتی وەک بوارێک دەبینرێت کە سەرچاوەی بژێویی زۆرینەی کۆمەڵگە بێت و لەڕێگەیەوە سیستمێکی سیاسیی تایبەت بەڕێوەبچێت، کە خۆی لە بژێویی کۆنترۆڵکراودا دەبینێتەوە.
بەو پێیە مووچەخۆر ئەو کەسەیە کە سەر بە داوودەزگاکانی حکومەتە، بژێویی لەلایەن حکومەتەوە دابیندەکرێت. بۆیە مووچەخۆر خاوەنکار نییە وەک جووتیار، بازوو و وزەی خۆی نافرۆشێت وەک کرێکار، لە سیستمێکی عەقڵانی بیرۆکراسیشدا ناژی.
بوونی ژمارەی زۆری مووچەخۆر دەرخەری جۆری سیستمی سیاسی و ئابوورییە. ئەم زۆرییە وایکردووە مووچەخۆر ببێتە توێژێکی بەرفراوانی کۆمەڵگەی کوردی، بەڵام لەبەر گرانی ئابووری بەڕێوەبردنی ئەم توێژە، ناتوانرێت چیدیکە بەردەوام بکرێتە تەنیا بواری دابینکردنی کار و بژێوی لە کۆمەڵگەی کوردیدا. بۆیە سەردەمی مووچەخۆرێتی بە بنبەست گەیشتووە. ئەم بە بنبەستگەیشتنە وادەکات کۆمەڵگە بەرەو دوو توێژ ببات، توێژێک کە لەلایەن ئەوانیترەوە وا ببینرێت کە سوودمەندە لە مووچە و داهاتی وڵات و چینێکی دیکەش کە خۆی بە سوودمەند نابینێت. بەهۆی سرووشتەكەی مووچەخۆرێتی وایلێهاتووە لەلایەن زۆر لە ئەندامانی کۆمەڵگەوە وەک مافێک ببینرێت. بێبەریبوونی ئەو خەڵکانە لە دەرفەتی بوون بە مووچەخۆر، وادەکات ترازان لە پێکەوەبوونی کۆمەڵگەیی بێتەئاراوە. دەکرێت بڵێین مووچەخۆرێتی دەبێتە جۆرێک لە ناسنامە لە بەرامبەر ناسنامەی بێ مووچەدا. ئەم ناسنامە کاریگەریی لەسەر پابەندبوون، خەیاڵی کۆمەڵایەتی، ئەندامێتی و وابەستەبوون بە نیشتمان و سیستمی سیاسی و وڵاتەوە دەبێت.

دەرئەنجامەکان

لەم توێژینەوە کورتەدا کار لەسەرئەوە کراوە ئەوە نیشانبدرێ كە لە ماوەی حوکمی سێ دەیەی کورد بۆخۆی لە هەرێمی کوردستان، ناسنامەی کوردی گۆڕانکاریی بە سەردا هاتووە. ئەگەر جاران ناسنامەی کوردی بەرهەمهێنەرەکەی یان جیاوازەکەی ئەویتری ناکورد بوو، ئەمڕۆ کورد خۆی ئەویتری کوردێکە. ئەوەی وایکردووە ئەم وەرچەرخانە فەراهەم بێت، ئەو وەرچەرخانانەیە کە کۆمەڵگەی کوردی لە ئاستی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسیدا پێیاندا تێپەڕیوە. بە شاربوون، ئابووریی کرێخۆری نەوتی، سەرهەڵدانی توێژی مووچەخۆر، دروستبوونی توێژێکی دابڕاو لە بەشەکانی دیكەی کۆمەڵگە، کە لە هەناو گوند و جڤاتە داخراوەکاندا دەژین، هەموو وایانکردووە مایکرۆ-ئایدێنتیتی بەرامبەر ناسنامە ئیتنییە/نەتەوەییەکەی جاراندا بێتەکایەوە. گەشەی ئەم مایکرۆ-ئایدێنتیتیانە لە داهاتوودا کاریگەری لەسەرهەموو بوارەکانی کۆمەڵگەی کوردی دەبێت. بەجۆرێک کە کۆمەڵگەی کوردی پێویستی بە بنەما و بەها و سیستمی جیاوازە بۆئەوەی بنەما جڤاکییەکەی لەدەستنەدات. هەروەها هاوکات بەرهەمی ئەم بە شاریبوونەی کۆمەڵگەی کوردی ئەوەیە کە لەجیاتی هاووڵاتی دەبێتە کۆنسیومەر یان بەرخۆر، لەجیاتی هەبوونی جڤاکێکی خۆیی خەیاڵکراو دەبێتە هەڵگری جڤاتێکی خەیاڵی یان سایبەری.
شار بۆخۆی پانتاییەکی ئاڵۆزی ژیارییە کە کاری فیکری و ئابووری و کۆمەڵایەتی و ئەدەبیی زۆری لەسەرە، بەڵام شاری کوردی دیاردەیەکی نوێیە کە پاڵنەری تایبەتی هەیە، وەک ئابووریی نەوت و سیستمی کرێخۆری، هاتنی داهاتی زۆر بە بەراورد بە رابردوو لەگەڵ دروستبوونی جڤاکە داخراوەکان. هاوتەریب بە هەموو ئەمانە کۆمەڵێک هۆکاری دیكەی گەورەتر هەبوون کە سیمای سەردەمەکە دادەڕێژن وەک جیهانگەرایی، دیموکراسیبوونی تەکنەلۆجیا و کرانەوە. لەئەنجامی ئەمەشدا مرۆڤی کورد لەجیاتی ئەوەی ببێتە هاووڵاتی دەبێتە بەرخۆر. بەرخۆر بوونەوەرێکی تایبەتە کە هەموو وزەی لەسەر بەدەستهێنان و بەکاربردن و پەیوەستبوون خەرجدەکات. بەرخۆر بوونەوەرێکی کەمتر سیاسییە بە بەراورد بە هاووڵاتی. بەرخۆر مافەکانی خۆی دەبینێت، بەڵام ئەرک لای ئەو بوونی نییە.
لەکاتێکدا کولتووری بەرخۆری ئابووری دەکاتە بڕبڕەی پشتی هەبوون، کە سەردەمی نیولیبرالیزمە. سەردەمی نیولیبرالیزم بە مانای ئەوە دێت کە نادادپەروەری دیاردەیەکی ئاسایی و زۆرجار بە باشیش دەبینرێت. لە کۆمەڵگەی شاردا کە نایەکسانی دروستدەبێت، بە ئاستی جیاواز دروستدەبێت، بەڵام بەگشتی کۆمەڵگە لە یەکەیەکی خەیاڵکراوە وە بۆ یەکەیەکی پەرت دەگۆڕێت: ئەمەش خۆی لە دروستبوونی جڤاکە داخراوەکان و گوندەکانی شاردا دەبینێتەوە.
بوونی خەڵکانێک لە پانتاییەکی دەورەدراو بە دیوار لە هەناو جەستەی شاردا، ئاماژە بۆ پەرتبوونی کۆمەڵایەتی و دروستنەبوونی نەتەوەی دەوڵەتییە بە مۆدێلە کۆنەکەی. چونکە خەیاڵی خەڵکەکانی ئەم دیو و دیوی دیوارەکە جیاوازن.
هۆکارێکی دیكەی هاتنەئارای مایکرۆ-ئایدێنتیتی یان وردە ناسنامە ئەوەیە کە کۆمەڵگەی کوردی بەرەو ئەوە دەڕوات کە ببێتە بە دوو توێژی بەرفراوان: توێژێک کە مووچەخۆرە و توێژێکی دیكە کە بێ مووچەیە. ئەمەش لە سەردەمێکدایە کە دیاردەی مووچەخۆری گەیشتووەتە بنبەست. بۆیە بەردەوامبوونی ئەم دۆخە بنەمای ترازان و ناسنامەی جیاواز بەرهەمدەهێنێت.
مووچەخۆر بوونەوەرێک و چەمکێکی ئاڵۆزە: مووچەخۆر نە وەک جووتیارە، نە وەک کرێکار، تەنانەت نە وەک بیرۆکراتە، بۆیە پێویستی بە ئەدەبیاتی تایبەت بە خۆی هەیە کە دەبێت بەرهەمی بێنین. هەموو ئەمانە لە کاتێکدا دەبێت کە کۆمەڵگەی کوردی پڕیەتی لە پنتە دژ بە یەکەکان لە ئاستی دروستکردنی خەیاڵ و بەرژەوەندی و دنیابینی و ئاسایشەوە. کۆتایی ناسنامەی تەقلیدی کە ئەویتری دەرەکی دروستیدەکرد و سەرهەڵدانی وردە ناسنامەی ناوخۆیی، لە داهاتوودا کاریگەریی لەسەرهەموو بوارەکانی نێو کۆمەڵگەی کوردی دەبێت.

Bibliography

Marx، Karl، 1851، The Eighteenth Brumaire of Louis Bonaparte
https://www.marxists.org/archive/marx/works/download/pdf/18th-Brumaire.pdf
Vali، A. (1998). The Kurds and their “others”: Fragmented identity and fragmented politics. Comparative Studies of South Asia، Africa and the Middle East، 18(2)، 82–95.
Sheyholislami J. (2011) Introduction. In: Kurdish Identity، Discourse، and New Media. The Palgrave Macmillan Series in International Political Communication. Palgrave Macmillan، New York
Derrida، J. 1978، Writing and Differrence. Chicago: University of Chicago
Kirmanj، Sherko 2013 Identity and Nation in Iraq، Lynne Rienner
Heidegger، Martin (1969) Identity and Difference New York: Harper & Row
Samuel P. Huntington 2014 Dead Souls: The Denationalization of the American Elite، TheNational Interest، https://archive.wphna.org/wp-content/uploads/2013/12/04-03_The_National_Interest._Samuel_Huntington_Davos_Man.pdf
Gareth Stansfield، Mohammed Shareef 2017 The Kurdish Question Revisited، Oxford University Press
Eidson، John 2000 Which Past for Whom? Local Memory in a German Community during the Era of Nation Building، Ethos، Vol. 28، No. 4، History and Subjectivity، pp. 575-607
Weber، M. (1966). Os fundamentos da organização burocr ætica: Uma construção do tipo ideal [The basics of bureaucratic organization: A construction of the ideal type]. AAVV. Sociologia da Burocracia. Rio de Janeiro: Zahar Editores.
Piketty، Thomas Capital in the Twenty-First Century، 2017 Harvard University Press

تاگەکان

Share this Post

شرۆڤە