لێکۆڵینەوە

نەخشەى سیاسى خولى پێنجەمى پەرلەمانى كوردستان

27-08-2018


هەڵبژاردنەكانى پەرلەمانى كوردستان، هەر لەیەكەم هەڵبژاردنەوە لە ساڵى 1992 ەوە تا دەگاتە دواهەڵبژاردن لە ساڵى 2013 دا، بە رِووداوى گرنگ دەژمێردرێن و جێگاى بایەخى حزبە سیاسیەكان و هاووڵاتیانى هەرێم و حكومەتەكانى عێراق و دەوڵەتانى ئیقلیمى و زلهێزە جیهانیەكانیش بوون. ئەمەش لەرِاستیدا بۆ گەلێك فاكتەرى ناوخۆیى و دەرەكى، مێژوویی و ئێستایی، جیۆسیاسى و ئابوورى ….هتد، دەگەڕێتەوە. نەخشەى پێكهاتەى پەرلەمانى كوردستان دەبێتە جێی بایەخى هەموو ئەو هێزولایەنانەى سەرەوە، بۆیە دەیانەوێت هەرزوو خوێندنەوە و پێشبینیى بۆ بكەن، كارى تێبكەن، خۆیان بۆ دەرەنجام و دەرهاوێشتە خوازراو و نەخوازراوەكانیشی ئامادە بكەن.

پەرلەمانى كوردستان، لەسەرەتادا بەدوو مەبەست دامەزرا، كە هەردووكیان تا ئێستاش بەبایەخ و گرێدراوى یەكدین: یەكەمیان جاڕدانى دامەزراندن و دروستبوونى قەوارەیەكى نەتەوەیی بوو. ئەویش دواى خەبات و تێكۆشانى گەلى كورد بەدرێژایی سەدەى بیستەم، بۆ وەدەستهێنانى مافە نەتەوەییەكانى روویدا. بەواتایەك، پەرلەمان بەرجەستەكەرى دەستكەوتەكانى ئەو خەباتە نەتەوەییەیە. دووەمیش، پەرلەمانى كوردستان سەكۆى نوێنەرایەتى هاووڵاتیە لە پرۆسەى سیاسیدا. ئەمەش مانای هەوڵدانی كورد بۆ بەرقەراركردنى كۆمەڵگەیەكى هاوچەرخ، لەسەر بنەماى مافەكانى هاووڵاتى و دیموكراسی دەدات. كەواتە، پەرلەمانى كوردستان لەلایەك چارەنووسى گەلى كوردستان لەڕووى مافە بەكۆمەڵە نەتەوەییەكانەوە دیاریدەكات و لەلایەكى دیكەش نوێنەر و دابینكەرى مافەكانى تاكەكانى كۆمەڵگاى كوردستانە.

بەلەبەرچاو گرتنى راستى ئەوەى كە هەرێمى كوردستان یەكەم قەوارەى كوردیە لەدواى دامەزراندن و لەنێوچوونى هەریەك لە مەملەكەتى شێخ مەحمودى حەفید لە دواى جەنگى جیهانى یەكەم و كۆمارى مەهاباد لە دواى جەنگى جیهانى دووەم، تەعبیر لە هەبوون و خواستەكان و قەوارەی نەتەوەی كورد بكات. هەروەها یەكەم قەوارەى دیموكراسیش بوو لەدواى نەمانى جەنگى سارد و رِووخانى یەكێتى سۆڤیەت لەناوچەى خۆرهەڵاتى ناوەڕاست دامەزرا، بۆیە تا ئێستاشی لەگەڵدابێت، چارەنووس و پرۆسەى سیاسی ئەم هەرێمە، لەسەر هەردوو ئاستى ناوخۆیی (هەرێم و عێراق) و دەرەكى (ئیقلیمى و جیهانى)، بایەخ و گرنگی خۆی هەیە.

هەموو ئەو هۆكارانەى سەرەوە وامان لێدەكەن كە بە بەها و گرنگیەوە سەیرى هەڵبژاردنە پەرلەمانیەكانى هەرێمى كوردستان بكەین، هەروەها لە پێكهاتە وكوتلەكانیەوە خوێندنەوە بۆ داهاتووى پرۆسەى سیاسى هەرێمیش بكەین. چونكە ئەوە هەڵبژاردنە پەرلەمانیەكانە (بەتایبەتى لە سیستەمى دیموكراسى پەرلەمانیدا) پێمان دەڵێن لانیكەم بۆ چەند ساڵێكى داهاتوو، كێ رِێساكانى گەمەى سیاسى دادەنێت و رێساكانیش چۆن دەبن؟ چونكە كوتلە و حزبەكانى ناو پەرلەمان، بەتایبەتى لە سیستەمى دیموكراسیی پایەدار و جێگیردا، لەسەر بنەماى پرۆژە و بەرنامەى كارى سیاسى لەلایەن هاووڵاتیانەوە هەڵدەبژێردرێن. كەواتە هەمیشە دەكرێت بۆ هەر هەڵبژاردنێكى پەرلەمانى، بیر لە نەخشەى سیاسى نوێى وڵات بكەینەوە.

ئەم لێكۆڵینەوەیە هەوڵدەدات بەلەرچاوگرتن و خوێندنەوەى داتاكانى هەڵبژاردنەكانى پێشووى پەرلەمانى كوردستان و پەرلەمانى عێراقى، كە زۆر نزیك لەیەكدى ئەنجامدراون، خوێندنەوەیەك بۆ رەفتارى دەنگدەرى هەرێمى كوردستان بكات. داخوا لەو كاتانەى كە هەڵبژاردنى پەرلەمانى كوردستان و پەرلەمانى عێراقى لەماوەیەكى نزیكی یەكتردا ئەنجامدەدرێن، دەنگدەرى هەرێمى كوردستان هەمان رەفتارى دەنگدانى دەبێت؟ واتا بەهەمان شێواز برِیاردەدات و دەنگ بەهەمان لیست دەدات یان نا؟ لەوەشەوە، شیكردنەوەی دەرەنجامەكانى هەڵبژاردنەكانى پەرلەمانى عێراقى لە پارێزگاكانى هەرێمى كوردستان دەكەین كە لە ئایارى 2018 بەرِێوەچوون. بەشكەم یارمەتیدەربێت بۆ پێشبینىكردنى نەخشەى سیاسى پەرلەمانى كوردستان، كە برِیارە لە مانگى ئەیلولى 2018 دا ئەنجام بدرێت.

ئەمەی خوارەوە لینکی توێژینەوەکەیە:

نەخشەى سیاسى خولى پێنجەمى پەرلەمانى كوردستان

Share this Post

لێکۆڵینەوە