بەرایی
چاوی زۆركەس لەوەیە بزانێ كە رۆژانی دوای "چلە" چی لە سیاسەتی عێراق و ململانێی نێوخۆیی شیعە دەگۆڕن. هەرچۆنێك بێت، جا چی لایەنەكان سازانێكی كاتی بكەن، پەرلەمان كۆبێتەوە و حكومەت پێكەوە بنرێت یان وەك رۆژانی دوای عاشوورا، بەرەو گەڕێكی دیكەی گرژی و ململانێی توندوتیژ بڕۆن، هیچ لەوە ناگۆڕێت كە لەوانەیە ململانێ و ركابەری نێوخۆیی شیعە تا چەند ساڵێكی دیكەش وەك فاكتەرێكی گرنگ لە سیاسەتی ئەم ناوچەیە بمێنێتەوە.
لە عاشووراوە تا چلە چی گۆڕا؟
ئەوە روونە كە دوای هەڵوێستی بارزانی – حەلبوسی لەسەر هەڵبژاردنی پێشوەختە و پێكهێنانی حكومەت، ئێستا چانسی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ كۆكردنەوەی پەرلەمان و تەنانەت پێكهێنانی حكومەت زیاترە لە جاران. بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە كە ئەگەر گوێ بە داواكاریی و بەرژەوەندییەكانی سەدر نەدەن ئەو حكومەتە چەندە سەقامگیر دەبێت؟ هەڵبەت ئەوەش راستییە كە تەنانەت ئەگەرسازانێكیش بكریت ئەمە واتای كۆتاییهاتنی ململانێ نێوخۆییەكانی شیعە لە عێراق نادات كە ركابەرییەكی توندی دەسەڵاتداریی و سیاسی و دینی لە هەناویدایە. نەوەی دووەمی سەركردەكانی شیعە لە ركابەرییەكی تونددان بۆ بەهێزكردنی پێگەی سیاسی و ئایینی خۆیان و ئایندەی ناڕوونی مەرجەعییەتی ئایینی لە دوای سیستانی و خامنەیی، دەتوانێت ئەو ململانێیە بە زیندوویی بهێڵێتەوە.
سەبارەت بە دۆخی ئێستا هەوڵێكی هادی عامری هەیە بۆ ئەوەی جارێكی دیكە لە دەرگای حەنانە بداتەوە بۆ رێككەوتن و سازان. هەرچەند هیشتا دیارنییە كە ئەمە سەردەگرێت یان نا، بەڵام دیدارەكە گرنگ دەبێت ئەگەر بكرێت، بەتایبەت دوای ئەوەی كە موقتەدا سەدر رایگەیاندبوو كە ئیدی بە هیچ كلۆجێ دانوستاندن ناكات و بگرە، تەركی سیاسەتیش دەكات.
بەمەی دواییەوە، ئەمە لانیكەم پێنجەمین جارە كە سەدر وازی لە سیاسەت هێنابێت و دووبارە گەڕابێتەوە، بەلام پێدەچێت ئەمەی دوایی هەنگاوێكی زیرەكانە بووبێت تا ئەكتەرەكانی دیكەی سیاسەتی شیعی موحتاجی خۆی بكات. رووداوەكانی كۆتایی مانگی 8ی ئەمساڵ، ئەوەیان دەرخست كە سەدر دوایین چانسی ئیتار، ئێران و دواجاریش مەرجەعییەتە بۆ ئەوەی دۆخی عێراق لە كۆنترۆڵ دەرنەچێت. ئەو توانی بە كەمتر لە 10 خولەك و بە بانگەوازێك عێراق لە لێواری شەڕ بگەڕێنێتەوە. بەڵام ئەی ئەگەر موقتەدا سەدر نەبوایە چی روویدەدا؟ ئەی ئەگەر شەقامی ناڕازی لەلایەن لایەنگرەكانی ئەوەوە كۆنترۆڵ نەكرێت چی دەبێت؟ بێشك شەپۆلێكی دیكەی ناڕەزایی جەماوەری هاوشێوەی تشرینییەكان شتێكی چاوەڕاونكراوە كە بە ئاسانی كۆنترۆڵ ناكرێت. هەڵبەت لەوانەیە ئەزموونی رووداوەكانی دوای بەهاری عەرەبی لە 2011وە، ئەوەمان بۆ دەربخەن كە لێرە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، تەنیا خۆپیشاندان و ناڕەزایی جەماوەری بەس نییە بۆ ئەوەی سیستەمی سیاسی وڵاتێك بگۆڕدرێت، وەك ئەوەی لە سووریا و چەندین وڵاتی دیكەش روویاندا، بەڵام تشرینێكی دووەم لە عێراق، تەنانەت ئەگەر دواجار سەركوتیش بكرێت، "مەترسییەكەی" لە "مەترسی" سەدر بۆ كاربەدەستانی سیاسەتی شیعە زیاترە!
هەڵبەت ئەمە تەنیا دیوێكی دراوەكەیە و دیوەكەیتریش ئەمەیە:
- گەڕانەوەیەكی رۆڵی مەرجەعییەتی باڵای نەجەف لە ململانێ نێوخۆییەكانی شیعەدا بەدیدەكرێت. ئەمە بە دیاریكراوی لەدوای رۆڵی مەرجەعییەت لە راگرتنی پێكدادانەكانی كۆتایی مانگی 8 بەدەركەوت. لەو رۆژانەی رابردووشدا، سەید سەدردەین قوبانچی، خەتیبی نوێژی جومعەی نەجەف گوتویەتی كە پێویستە چاکسازی لەڕێگەی پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز، بێگەرد و بەتواناوە بکرێت، نەوەک کشانەوە لە گۆڕەپانی سیاسی.[1] ئەمەش وەك پەیامێكی ئایەتوڵڵا سیستانی بۆ سەدر تەماشا دەكرێت. چاوەڕوان دەكرێت لە پاش ئەوەی كە موقتەدا سەدر بەهۆی كشانەوە لە ناكاوەكەی سەید كازم حائیری لە مەرجەعییەت و رەخنەكانی لە سەدر، جەختی لە پیرۆزیی مەرجەعییەتی نەجەف كردەوە، ئەمە فاكتەرێكی كاریگەربێت لەسەر هەڵوێستەكانی داهاتووی ئەو.
- هاوپەیمانی سێقۆڵی كە دوای هەڵبژاردن دروستكرابوو، ئێستا بە كردەوە جیاوازتر لە یەك دەجوڵێنەوە. وەك كشانەوەكەی سەدر لە پەرلەمان بەبێ هاوپەیمانەكانی، هەروەها خواستەكەی بۆ مانەوەی د. بەرهەم ساڵح و مستەفا كازمی لە رۆژانی رابردوو، ئەویش لە كاتێكدا كە پارتی رایەكی جیاوازتری هەیە و، لە تەنیشت ئەوانەشدا، گوشار و دانوستاندنەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەگەڵ خواستێكی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بۆ پێكهاتنی حكومەت، وایانكردووە كە هاوپەیمانەكانی سەدر جیاوازتر لە جاران بجوڵێنەوە. وەك نمونەی ئەو بەیاننامەیەی رۆژی 11ی ئەیلول كە تێیدا بارزانی - حەلبوسی، "جەختیان لە گرنگیی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە كردەوە ئەویش لەدوای ئامادەسازییە یاساییەكان و بەپێی میكانیزمە دەستوورییەكان، دوای پێكهێنانی حكوومەتێك كە خاوەن سەڵاحیاتی تەواو بێت و متمانەی هەموو لایەك لەسەر بەرنامەكانی بێت."[2] ئەمەش لە كاتێكدایە كە سەدر هێشتا سوورە لەسەر ئەوەی پەرلەمان هەڵبوەشێتەوەو بەم حكومەتەی ئێستاوە بەرەو هەڵبژاردن بچن. ئەم گۆڕانەش یەكێك لەو فاكتەرانە دەبێت كە دەتوانێت كاریگەری لەسەر هەڵوێستەكانی داهاتووی سەدر دابنێت.
- خاڵێكی دیكەی گرنگ ئەوەیە كە ئەزمونی رووداوەكانی مانگی ئاب و پێكدادانەكان دەریانخست كە بژاردەیەكی زۆر جیاواز نەماوە، یان دەبێ بەرەو گرژی زیاتر بڕۆن یان دەبێ جۆرە سازانێك بكەن، تەنانەت ئەگەر سازانی راستەوخۆش نەبێت. ئەستەمە لەم دۆخەی ئێستاشدا سەدر كارێك بكات كە وەك هۆكاری دەركەوتنی شەڕی نێوخۆیی شیعی دەركەوێت.
كۆتایی
ئەگەر وای دابنێین كە ئەكتەرە سیاسییەكان بەشێوەیەكی ریالیستانە دەجوڵێنەوە، ئەوا ئەستەم نییە بۆ دوای چلە، پێشبینی هێوربوونەوەیەكی زیاتری دۆخی عیراق بكەین بەڵام، هەندێكجارئەكتەرەكان ریالیستانە رەفتار ناكەن، بۆیە هەقە سیناریۆی پێچەوانەش لە شوێنێكی دیكەدا یادداشت بكەین.
خاڵێكی دیكە ئەوەیە كە ئەوەی لە نێوان رەوتی سەدرو چوارچێوی هاوئاهەنگی روودەدات تەنیا سنووردار نییە بە عێراق و گوزارشتە لە دۆخی گشتی سیاسەتی شیعی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. پاشەكشەی دەسەڵاتی حزبوڵڵا لەلوبنان، كێشە نێوخۆییەكانی سیستەمی سیاسی لە ئێران كە لە 2009دا گەیشتنە لوتكە و سەرەڕای كپكردنەوەی هێشتا بە لەونی دیكە درێژەیان هەیە، لەگەڵ ئەوەی لە بەغدا روودەدات، نیشانەی هەبوونی قەیرانە لە ئەزموونێكی دەسەڵاتداریی كە تێیدا شیعەكان رۆڵیكی كارایان هەیە. ئەمە درێژەی ئەو شەپۆلی قەیرانەیە كە لە 2011وە تووشی سیستەمە سیاسییەكانی دیكەی ئەم ناوچەیەش بووە. بێجگە لەوە، ئایندەی مەرجەعییەتی دینی لە ئێران و لە عێراق فاكتەرێكی دیكەی گرنگە كە دەتوانێت لانیكەم لە قۆناخی پاش مەرجەعییەتەكانی ئێستا، گرژییە نێوخۆییەكانی شیعە بۆ ماوەیێكی دیكەش بە زیندوویی بهێڵێتەوە.
[1] -https://www.rudaw.net/sorani/middleeast/iraq/160920225
[2] - https://www.facebook.com/BarzaniHQ