شرۆڤە

تەنیا نرخی نەوت بەرزدەبێتەوە؟

08-03-2022


 

RRC|

مەحموود بابان* –ناوەندی لێكۆڵینەوەی رووداو |

 

بەرایی

رۆژی 7ی ئاداری 2022 لە بازاڕەکاندا نرخی یەک بەرمیل نەوتی برینت گەیشتە 140 دۆلار، ئەمەش بەرزترین ئاستە لەماوەی دوانزە ساڵی رابردوودا. بەرزبوونەوەکە بەشێوەیەک بووە کە لەماوەی کەمتر لە 24 کاژێردا نرخەکەی بەرێژەی زیاتر لە30% زیادیکرد، ئەویش دوای ئەوەی ئیدارەی بایدن و کۆنگریسی ئەمریکا رایانگەیاند کە خەریکی ئامادەکردنی یاسایەکن بۆ قەدەخەکردنی هاوردەکردنی نەوت لە رووسیاوە. ئەگەر ئەم گەمارۆیە بخریتەسەر سێیەم گەورە وەبەرهێنەری نەوت لە جیهاندا، کە نزیکەی زیاتر لە 75%ی نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکانی دیکەی هەناردەی بازاڕەکانی جیهان دەکات، لێکەوتەی گەورەی دەبێت. بەڵام لێرەدا هەڵوەستە لەسەر لێکەوتەکانی وەک بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک، خاوبوونەوەی گەشەی ئابووری جیهان، دروستکردنی ناجێگری لەبازاڕی خواست و خستنەڕووی وزە و داڕشتنەوەی هاوپەیمانییەتی و هاوئاهەنگییەکانی نێوان وڵاتان و زیادبوونی رۆڵی قاچاخچییەکان لە بازاڕی وزەدا دەکەین.

نرخی نەوت بەرزبێتەوە،  نرخی خۆراک بەرزدەبێتەوە؛ بەپێچەوانەشەوە

بەگشتی  نرخی وزە، و بەتایبەتیش نرخی نەوت پەیوەندییەکی راستەوانەی بە نرخی خۆراکەوە هەیە، لەماوەکانی رابردوودا ئەگەر نرخی نەوت نزم بووبێت، ئەوا نرخی خۆراکیش نزم بووە. هەروەها نرخی خۆراک (کشتووکاڵ) وەڵامێکی ئەرینی بۆ هەر شۆکێک لە نرخی نەوتدا هەبووە، بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی سیاسەتی وزە، ئەنجامەکان دەریدەخەن کە 64.17% جیاوازی لە نرخی خۆراک (بەرزی و نزمی) لەسەر ئاستی جیهان پەیوەست بووە بە گۆڕانکارییەکانی نرخی نەوتەوە[1]، ئەمەش بەهۆی پێویستییە هەمەجۆرەکانی بەرهەمهێنانی بەرهەمە کشتووکاڵییەکان بە نەوت، هەربۆیەش هەر هەڵئاوسانێک لە نرخی نەوت زیانی گەورە لە ئاسایشی وزە دەدات و، دەبێتە هەڕەشەیەکی گەورەش لەسەر ئاسایشی خۆراک لە جیهاندا.

لەلایەکی دیکەوە بەپێی داتاکانی ئاژانسی زانیاری وزەی ئەمریکا eia بۆ نرخی نەوت و داتاکانی رێکخراوی فاو بۆ نرخی خۆراک، لەماوەی نێوان 1988 بۆ 2020دا هەر کاتێک نرخی نەوت بەرزبووبێتەوە، ئەوا نرخی خۆراک بەرزبووەتەوە، بەپێچەوانەشەوە، وەکو لە گرافیکی  یەکەمدا هاتووە.  هەروەها، لەساڵی 2000وە نرخی خۆراک و  نرخی نەوتی خاو بەنزیکەیی هاوتەریب پەرەی سەندووە. ئەمەش بەهۆی ئەو وزە زۆرەی کە لە بەرهەمهێنانی پێداویستییە جۆراوجۆرەکانی کشتوکاڵیدا بەکاردەهێنرێت، بەتایبەتیش لەکاتی بە پێشەسازی کردنی بەرهەمە کشتووکاڵییەکاندا کە هێشتا بە قورسی پشت بە نەوتی خاو دەبەستێت، وەک ئامێرەکانی بەڕێوەبردنی کارگەکان و بەرهەمهێنان لە کێڵگە کشتووکاڵییەکاندا.

سەرچاوە: [2]eia و [3]FAO

تێبینی، گۆڕانکارییەکانی نرخی نەوت بە دۆلاری ئەمریکی و بۆ خۆراک بەپێی پیڕستی نرخی خۆراک، کە ئەم پێڕستە گۆڕانکاری مانگانەی سەبەتەی کاڵا جیاوازەکانی خۆراکە.

گرافیک : 1  نرخی نەوت و نرخی سەبەتەی خۆراک لە 1988 بۆ 2020

ئێستا ناسەقامگیری ئاسایشی خۆراکی جیهانی لە 10 ساڵی رابردوو بەرزترە، ئەویش بەهۆی بڵاوبوونەوەی پاندامیک لە 2020 ، زیادبوونی بێکاری لە 2021دا و پچڕانی زنجیرەی دابینکردن لە ئێستا و چەند ساڵی رابردوودا، واتە پێش ئەم شەڕەی ئۆکراینا و رووسیا ئاسایشی خۆراکی جیهان بۆخۆی لە پێش دەیەک زیاتر لە مەترسیدا بووە، کە بەدڵنیاییەوە ئەم شەڕەش هێندەی دیکە ناسەقامگیرتری دەکات و ئاسایشی خۆراکی جیهان زیاتر دەخاتە بەردەم هەڕەشەوە، ئەویش لەبەر رۆڵی ئۆکراینا و رووسیا لە دابینکردنی دانەویڵەی جیهان[4] و خستنە باری لەناکاوی وڵاتانی ئەورووپا بەهۆی شەڕەوە. هەروەها، هێشتا هیچ پچڕانێک لە زنجیرەی دابینکردن رووینەداوە، نرخی دانەویڵە و بەرهەمەکانی بەرێژەی 55% لە جیهاندا بەرزبووەتەوە[5]، کە کاریگەری لەسەر زیادبوونی هەژاری و برسێتی لەسەر ئاستی جیهان هەیە و هەنگاوەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کەمکردنەوەی برسێتی و هەژاری لەجیهاندا دوایدەخات[6].

 

خاوبوونەوەی گەشەی ئابووری جیهان و بەرزی نرخی نەوت  

لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردووەوە، بازاڕەکانی جیهان خەریکبوو وردە وردە دەکرانەوە و چالاکییە ئابوورییەکان ئاسایی دەبوونەوە، بەڵام شەڕی رووسیا و ئۆکراینا کاریگەرییەکی گەورەی خستەسەر گۆڕانکاری لە بەهای کاڵاکان و نرخەکانی بەرز کردووە، بەشێوەیەک بەپێی راگەیاندراوی سندوقی نەختینەی نێودەوڵەتی IMF “سزاکانی سەر رووسیا کاریگەری گەورەی لەسەر ئابووری جیهان و بازاڕە داراییەکان دەبێت، لەگەڵ کاریگەریی گرنگتر لەسەر وڵاتانی دیکەی جیهان”.

هەروەها، بەرزی نرخی نەوت لەم نرخەی ئێستادا وادەکات کە ئەمریکا بەرەو قەیران یاخود پاشەکشەی دارایی ببات، بەشێوەیەک ئێستا هەڵئاوسان بەرزترین ئاستی لە چوار دەیەی رابردوودا لە ئەمریکا تۆمارکردووە، کە بە رێژەی 7.5% بووە[7]، هەربۆیەش هەندێک لە شارەزایان بەهۆی سزاکانی سەر رووسیاوە، پێشبینی خراپتربوونی رەوشی ئابووری ئەمریکا دەکەن. لە لایەکی دیکەوە، بەگوێرەی پێڕستی متمانەی بەکاربەر (پێنوێنی کڕیار) لەمانگی رابردوودا، پلانی کڕینی خانوو، ئۆتۆمبێل و ئامێرە سەرەکییەکانیش لە ئەمریکا کەمیکردووە.[8]

هەروەها، دوای ئەوەی نرخی نەوت گەیشتە سەروو 130 دۆلار بۆ هەر بەرمیلیک و زۆربەی بازاڕەکانی بۆرسەی ئەورووپا روو لە دابەزین بوون، کە  بەگوتەی مایکڵ هێوسۆن، لێکۆڵەری باڵای بازاڕەکان لە بازاڕی CMC “بەرزبوونەوەی نرخی نەوت ترسی درووستبوونی وێرانکردنی خواست و پاشەکشەی ئابووری جیهان دەکرێت، کە ئەمەش زۆر مەترسیدارە[9]“.

 

  ناجێگرییەک لەبازاڕی خواست و خستنەڕووی وزەدا و داڕشتنەوەی هاوپەیمانییەتییەکانی کەرتی وزە

سەپاندنی سزا بەسەر نەوتی رووسیا لە لایەن ئەمریکاوە، ناجێگرییەکی گەورە لە بازاڕی وزە درووستدەکات، هەربۆیەش وڵاتانی ئەورووپا و لەنیویاندا ئەڵمانیا دژی سەپاندنی سزایە بەسەر کەرتی نەوت و گازی رووسیا، چونکە رووسیا لە کانوونی یەکەمی 2022دا رۆژانە 11.3 ملیۆن بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوە، لەو بڕەش رۆژانە 10 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو، 960 هەزار بەرمیل گازی کۆندینسەیت و 340 هەزار بەرمیل گازی سرووشتی شلکراوە هەناردەی بازاڕەکانی جیهان کردووە، ئەمە جگە لە بەرهەمە پاڵیوراوەکانی دیکەی لە نەوت وەک (رۆنی شل، بەنزین و گاز هتد)[10].

لەڕاستیدا، رووسیا لەدوای سعودیە دووەم هەناردەکاری نەوتی خاوە بۆ بازاڕەکانی جیهان، بەگشتیش بۆ وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا. هەربۆیەش وەزیری ئابووری ئەڵمانیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند[11] “من پشتگیری ئابڵوقەی سەر نەوتی رووسیا و هاوردەکردنی سوتەمەنی لە رووسیاوە ناکەم و تەنانەت دژایەتی دەکەم، هەروەها  ئەڵمانیا پەشیمانە لەوەی کە هێشتا پشت بە هاوردەکردنی وزە لە مۆسکۆوە دەبەستێت، هەموو ئەمانەش لەکاتێکدایە کە گەورەترین ئابووری ئەورووپا (ئەڵمانیا) ئێستا هەستی بە کاریگەرییەکانی ئەو سزایانە کردووە کە بەهۆی داگیرکردنی ئەورووپا بەسەر رووسیا سەپێنراوە”.

هەروەها، بەشداریی رووسیا لە بەرهەمهێنان و خستنەڕووی وزە (نەوت و گاز)ی جیهاندا، بەشێوەیەک ئەگەر کەمبوونەوەی هەناردەکردنی نەوت لەلایەن رووسیاوە بە بەبڕی 3.2 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا لەم مانگە و مانگی داهاتوودا رووبدات، کە دەکاتە نزیکەی 70%ی کۆی هەناردەکردنی نەوتی رووسیا، ئەوا بەپێی پێشبینییەکان نرخی هەر بەرمیلێک نەوت بەنزیکەی 25 دۆلار دەچێتە سەر[12]، ئەویش بەهۆی شۆکی نەبوونی توانای دابینکردنی قەبارەیەکی لەدەستچووی لەو شیوەیە لەم دوو مانگەدا، بەڵام لەوانەیە بۆ مانگەکانی داهاتوو گۆڕانکاری گەورە رووبدات، بەتایبەتیش لەمانگی نیسان 2022دا دوای کۆتایهاتنی رێککەوتنی ئۆپێک و ئۆپێک پڵەس لەبارەی پابەندبوون بەرێککەوتنەکەی بەرهەمهێنانی نەوتی قۆناخی بڵاوبوونەوەی کۆرۆناوە.

لەڕاستیدا، بازاڕی وزە لە کۆنەوە دابەشبوونێکی جیهانی بەسەر دوو جەمسەری فرۆشیار و کڕیاری وزە دا لەنێوان وڵاتە زلهێز و وڵاتە هەرێمی و ناوچەیەکانیشدا بگرە وڵاتی زۆر بچووکی، بەڵام دەوڵەمەند بە سەرچاوە سرووشتییەکان هەیە. لەوانەیە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بەوشێوەیەی ئێستا و لە ئەگەری سەپاندنی سزای ئەمریکادا بەسەر هاوردەکردنی نەوتی رووسیا دا دەرگای زۆر گوڕانکاری بەسەر ئەم دوو لایەنەی وزەدا بکاتەوە، لەسەروو هەمووشیانەوە لە پەیوەندییەکانی هەریەکە لە ئێران، سعودیە لە لایەک بە بازاڕی جیهان و وڵاتانی ئاسیا و ئەورووپاش بە وڵاتانی دابینکەری وزەوە لە لایەکی دیکەوە.

ئەوەی ئێستا دەبینرێت وچاوەڕواندەکرێت بەزووترین کات بێتە ئاراوە، رێککەوتنی ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەکە، هەرچەندەش رێککەوتنەکە لەسەر هەموو شتەکانیش نەبێت، ئەوا لەوانەیە ببێتە هۆی کردنەوەی دەرگایەک بۆ هەناردەکردنی نەوتی ئێران بۆ بازاڕەکانی جیهان، چونکە ئەوە ئێران لە چارەکی دووەمی ئەمساڵدا دەتوانێت بەرهەمهێنانی نەوت لەنێوان 2.5 بۆ 3.5 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا بەرز بکاتەوە، کە ئەمەش نزیکەی ئەو بڕەیە لە ئەگەری سەپاندنی سزا بەسەر نەوتی رووسیا لە بازاڕەکاندا کەمدەکات و  کاریگەری لەسەر نرخی نەوت دەبێت.

خاڵیکی دیکەی پەیوەست بە داڕشتنەوەی هاوپەیمانییەتییەکانەوە زیاتر نزیکبوونەوەی چین و رووسیایە لە یەکتر، بەشیوەیەک لە 2020دا لەکۆی 71 ملیار دۆلار داهاتی نەوتی فرۆشراوی رووسیا، بە تەنیا چین بە بەهای 23 ملیار 769 ملیۆن و 208 دۆلار نەوتی لە رووسیا کڕیوە، واتە بەنزیکەیی یەک لەسەر سێ نەوتی فرۆشراوی رووسیا بە چین بووە[13]، کە لەوانەیە لەدوای سزاکانەوە ئەم بڕە زیاتر بێت و پەیوەندییەکانیان بچێتە قۆناخێکی دیکەوە.

یەکێک لەو وڵاتانەی دیکە کە رۆڵی لە ئاراستەکردنی بازاڕی وزە و  سەقامیگیری نرخی نەوتدا هەیە، سعودیە کە دەتوانێت گۆڕانکاری گەورە لە نرخ و پابەندبوونی هاوپەیمانی ئۆپێک بە بڕیارەکانییەوە بکات، تاوەکو ئێستا سعودیە هیچ ئاماژەیەکی بۆ لایەنگری یاخود پابەندبوون بە بڕیارەکانی واشنتن دەرنەبڕیوە، ئەویش بەڕوونی لە کۆبوونەوەی 2ی ئەم مانگەدا دەرکەوت و لەچەند رۆژی رابردوودا نرخی نەوتی خاوی روونی (لایت) بۆ بازاڕەکانی ئاسیا بە بەهای 4.95% بۆ هەر بەرمیلیک بەرزکردەوە.

هەموو ئەمانەش دەمانگەیەنێتە ئەو خاڵەی کە گۆڕانکاری گەورە بەسەر پەیوەندی وڵاتانی بەکاربەری نەوت و بەرهەمهێنەری نەوتدا بێت، هەربۆیەش یەکێتی ئەورووپا بەدوای داڕشتنەوەی سیستمی وزەی خۆیدایە، و چیدیکە نەک تەنیا بۆ نەوت و گاز، بگرە دەیەوێت کۆی سیستمی وزەی خۆی بگوازێتەوە، کە ئەمەش کاریگەری خۆی دەبێت لە داڕشتنەوەی پەیوەندییەکان، و دەرفەتی گەورەش بە وڵاتانی دیکە بۆ داڕشتنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵە ئەمریکا و وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا لەرووی وزەوە دەدات.

 

ئابڵۆقەی وڵاتان  و رۆڵی قاچاخچیتی

یەکێکی دیکە لە لێکەوتەکانی ئابڵۆقەدانی نەوتی رووسیا، زیادبوونی قاجاخچیتی و فرۆشتنی نەوتە لە دەرەوەی ئەو رێگا باوانەی کە لە بازاڕەکاندا مامەڵەی پێوەدەکرێت. هەربۆیەش بەپێی راپۆرتێکی ئۆکسفۆرد ئینرجی[14]، لا8دا  لەماوەی سزاکانی ئەمریکا لەسەر ئێران، بڕی هەناردەکراوی نەوتی ئێران بۆ دەرەوە لە 2021 گەیشتبووە 1.2 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا، کە ئەمەش بە واتای زیادبوونی 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە دێت بە بەراورد بە 2019 و 2020، لەکاتێکدا ئەمەش لە هیچ سیستمێکی خواست و خستنەڕووی هاوبەشی نێودەوڵەتیدا بەشدار نەبووە. ئێستاش ئەگەر سزا بەسەر کەرتی نەوتی رووسیا بسەپێنرێت، ئەوا دەرگای جیاواز و لەرێگەی جیاوازەوە نەوتی رووسیا بەشدار دەبێت لە خستنەڕووی بازاڕی وزەدا، هەرچەندە رووسیا وەک وڵاتانی دیکە نییە و پێش جەنگیش، بازاڕێکی گەورەی وەک وڵاتی چین هەم بۆ نەوت و هەم گازیش زامنکردوە، بەچەند رۆژێک پێش جەنگەکەش گریبەستی 30 ساڵەی نێوان گازپرۆم و چین واژووکرابوو!

کۆتایی

لە کۆتاییدا، سیناریۆکان هەرچۆنێک بێت، ئێستا لێکەوتەکانی شەڕ نەوەکو ئابڵۆقەدانی سەر نەوتی رووسیا لەرووی نرخی کاڵا و خۆراکەوە، لە پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتانی دابینکەر و بەکاربەری نەوت و گاز، لەزامنکردنی ئاسایشی وزەی وڵاتان و لە خاوبوونەوەی گەشەی ئابووری جیهان دەرکەوتووە. بەکورتی لەوانەیە لێکەوتەکانی سەر ئابڵۆقەی نەوتی رووسیا بەتەواوی نەزانرێت، بەڵام لەوانەیە ئەم کاریگەرییە خێراییانەی هەبێت

  • گۆڕانکارییەکی گەورە لە ئاڵۆگۆڕی بازرگانی نێوان وڵاتان دەهێنێتە ئاراوە، کە لێکەوتەی گەورەی لەسەر نرخی نەوت و مانەوەی بە ناجێگریی دەبێت.
  • رووسیا هەوڵی دۆزینەوەی کڕیاری نوێ بەتایبەتیش لە وڵاتانی ئاسیا دەدات، کە خواستیان لەسەر نەوتی خاوی روون (لایت) زیاد دەکات، ئەمەش کۆمپانیا رووسیاکان ناچار دەکات وەبەرهێنانی تێدا بکەن، دوای ئەوەی سعودیە نرخەکانی لەسەر بەرزکردنەوە.
  • گوشارێکی زۆر لەسەر وڵاتانی ئۆپێک بۆ بەرهەمهێنانی نەوتی زیاتر لەم مانگانەی دواییدا دروستببێت
  • ئەگەری کردنەوەی دەرگایەکی گەورە بەڕووی ئێران بۆ خستنەڕووی نەوت لە بازاڕەکاندا هەیە، ئەگەریش رێککەوتنی پێنج کۆ یەک نەهێتە ئاراوە.
  • لەوانەیە ئەورووپا لەداڕشتنەوەی سیستمی وزە پشت بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رووسیا پشت بە بازاڕەکانی ئاسیا و چین بۆ بەرهەمی وزە لە داهاتوودا ببەستێت.
  • نەتەوەیەکگرتووەکان لە ئامانجە بەردەوامەکان SDG بەتایەبتیش هەژاری و گوڕانکارییەکانی کەشوهەوا و پابەندبوونی وڵاتان بە وەبەرهێنان لە وزە نوێی بووەکاندا کەمێک دووربخاتەوە، بەتایبەتیش دوای ئەوەی ئیلۆن مەسک داوای زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوتی کرد (کە پێشەنگی داهێنان و ئۆتۆمبیلی کارەبایی)!
  • دەرچەیەکی نوێ بۆ وڵاتانی تازە بەرهەمهێنەری نەوت بۆ جێکردنەوەی خۆیان لە بازاڕی وزەی جیهاندا

 

سەرچاوەکان 

[1] https://pdf.sciencedirectassets.com/271097/1-s2.0-S0301421518X00159/1-

[2] https://www.eia.gov/dnav/pet/hist/LeafHandler.ashx?n=PET&s=RBRTE&f=M

[3] https://www.fao.org/worldfoodsituation/foodpricesindex/en/

[4] https://www.ft.com/content/02095093-329b-4b66-9f80-13d07350014c

[5] https://globalnews.ca/news/8662158/russia-ukraine-war-global-food-supply/

[6] https://www.fao.org/publications/sofi/2021/en/

[7] https://www.forbes.com/uk/advisor/personal-finance/2022/02/16/us-inflation-hits-40-year-high-of-7-5/#:~:text=The%20US%20consumer%20price%20index,its%20highest%20level%20since%201982.

[8] https://www.reuters.com/business/us-consumer-confidence-slips-february-2022-02-22/

[9] https://www.wsj.com/articles/global-stocks-markets-dow-update-03-07-2022-11646622021?tesla=y

[10] https://www.iea.org/reports/russian-supplies-to-global-energy-markets/oil-market-and-russian-supply-2

[11] https://www.dw.com/en/germany-warns-against-ban-on-energy-imports-from-russia/a-61002737

[12] https://a9w7k6q9.stackpathcdn.com/wpcms/wp-content/uploads/2022/03/Russia-Ukraine-crisis-Implications-for-global-oil-markets.pdf

[13] https://www.reuters.com/business/energy/ukraine-crisis-will-disrupt-crude-coal-lng-flows-even-without-sanctions-russell-2022-02-25/

[14] https://a9w7k6q9.stackpathcdn.com/wpcms/wp-content/uploads/2022/03/Russia-Ukraine-crisis-Implications-for-global-oil-markets.pdf

تاگەکان

Share this Post

شرۆڤە