روبین مێڵس: بەیانیتان باش. بەخێربێن بۆ سێیەم رۆژی کۆڕبەندی هەولێر. زۆر خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ بە پانێڵێک لەسەرپرسی وزە دەست پێدەکەین و پێموایە بابەتێکی گرنگە. لە ماوەی یەک دوو رۆژی رابردوودا چەند سەرەقەڵەمێک لەسەر ئەم بابەتە گوترا، بەڵام ئێستا دەرفەتی ئەوەمان دەبێت قووڵتر بچینە ناو بابەتەکەوە بەتایبەت پرسی نەوت، گاز، کارەبا، و گرنگییەکانیان بەتایبەتی بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق و بەگشتیش دیمەنە فراوانەکەی لە ناوچەکە دا.
شانازی دەکەم کە پانێڵێکی لەمشێوەیە نایابمان بۆ گفتوگۆکردن لەسەرئەم پرسە هەیە. لەوانەیە میوانەکانم بناسن، بەڵام وەک بیرخستنەوەیەک، یەکەم پانێڵیستمان بەڕێز دکتۆر لوئەی خەتیب، وەزیری پێشووی کارەبا و ئەندامی ئەنجومەنی پێشووی وزەی فیدراڵی عێراق؛ پاشان د.عزەت سابیر، بریکاری وەزیری نەوتی عێراق بۆ کاروباری گاز؛ و بەڕێز ماتیۆ زەیس، جێگری سەرۆکی کۆمپانیای ئێچ کەی ئێن بۆ کاروباری حکومەت و یاریدەدەری پێشووی وەزیری وزەی ئەمریکا. هەروەها، بڕیاربوو کە دونیا چەلەبی، بەڕێوەبەری گشتی تۆتاڵ ئینرجی لە عێراق لەگەڵمان بەشدار بێت، بەڵام بەداخەوە بەهۆی هەندێک کێشەی تەکنیکییەوە نەیتوانی لەگەڵمان بە ئۆنلاین بەشدار بێت، بۆیە تکایە بمانبوورن.
لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا کەرتی وزە لە عێراق و هەرێمی کوردستان گۆڕانکاری و تەگەرەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام خاڵی نەبووە لە پێشکەوتنیش. لەم دواییانەدا، گەشبینی لە دەوری دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لەڕێگەی تورکیا و هەرێمی کوردستانەوە دەبینین. هەروەها بابەتەکانی وەک، زیادبوونی بەرهەمهێنانی گازی سروشتی عێراق و گەشەسەندنی فراوانتری کەرتی وزە، لەوانەش پاڵاوتن و وزەی نوێبووەوە و بوارەکانی دیکەش لە ئارادایە.
بێگومان تەگەرە و ئاستەنگی نوێ لە پێشە، و پێشهاتە سیاسییەکانی ناوچەکە بەردەوامن و کاریگەرییان لەسەر کەرتی نەوت و گاز هەیە. بۆیە حەز دەکەم لەگەڵ یەکەم میوانماندا باسی هەندێک لەم پرسانە بکەین. دکتۆر لوئەی، ئایا دەتوانیت رای خۆتمان لەسەر هەڵبژاردنەکانی داهاتوو و کاریگەرییە گریمانەییەکانی لەسەر هاوکاری وزەی نێوان دەسەڵاتە فیدراڵیەکان و هەرێمی کوردستان پێ بڵێیت؟
د. لوئەی خەتیب: زۆر سوپاس رۆبن، بەیانیتان باش. پرسی سەرەکی ئەوەیە کە حکومەتی داهاتوو- یان باشتر وایە بڵێین لایەنە سیاسییەکان- لە هەوڵەکانیاندا بۆ پێشکەوتن لە پەرەپێدانی دامەزراوە دەستوورییەکان، واقیعبینانەتر و دڵسۆزتربن، نەک پشت بە رێککەوتنە سیاسییەکان ببەستن. بە شێوەیەکی ئاسایی، کاتێک ئەم جۆرە رێککەوتنانە ئەنجام دەدرێن، ئەگەری پابەندبوون بە رێککەوتنەکەوە زیاتر دەبێت.
ئێمە چەندین رێککەوتنی سیاسیمان بینیوە کە لەلایەن لایەنە جیاوازەکانەوە کراوە، لە کاتی دانوستانەکانی بودجەی فیدراڵی بێت یان لە کاتی پێکهێنانی حکومەتی نوێدا، بەڵام کاتێک نزیکدەبینەوە لە گەیشتن بەرێکەوتن، زۆرجار چانسی پابەندبوون بەرێککەوتنەکانەوە کەمە. تاکە چارەسەر ئەوەیە بەپێی دەستوور تیشک بخرێتە سەر پەرەپێدانی یاسا فیدراڵیەکان و دامەزراوە فیدراڵییە پەیوەندیدارەکان بۆ ئەوەی هەموو لایەنەکان پابەندبن پێیانەوە، نەک بۆهەر چوار ساڵ جارێک پشت بە رێککەوتنی ساڵانەی بودجەی فیدراڵی یان پێکهێنانی حکومەت ببەسترێت.
یاسای هایدرۆکاربۆن و یاسای دابەشکردنی داهات و دامەزراندنی دامەزراوە فیدراڵییە پەیوەندیدارەکان لە جاران زیاتر پێویستن بۆ رێکخستنی ئەم پەیوەندییانە و پاراستنی سیستەمی فیدراڵی عێراق. وەک لە یەکەم رۆژی کۆنفرانسەکەدا ئاماژەمان پێدا، دەستوورەکەمان لە دەقدا فیدراڵییە، بەڵام لەڕووی کردارییەوە سیستەمەکە ناوەندییە. یەکێک لە ئاڵنگارییە سەرەکیەکان ئەوەیە کە بەغدا لە چاویلکەی ناوەندگەرایەوە سەیری فیدراڵیزم دەکات، لەکاتێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چاویلکەی کۆنفیدراڵیزمەوە تەماشای دەکات؛ لەبەرئەوە هیچ لایەنێک بەو شێوەیەی کە خودی دەستوور پێناسەی کردووە مامەڵە لەگەڵ پرسەکەدا ناکەن.
ئەوەی پێویستمانە چوارچێوەیەکی فیدراڵییە لەگەڵ یاسا و دامەزراوە فیدراڵیەکان کە هاوتەریب بن لەگەڵ دەستووری فیدراڵی. بەبێ ئەمانە، ئەستەمە تەمەنی هەر رێککەوتنێکی سیاسی کە دەکریت درێژتربێت لە تەمەنی کابینەی حکومەت و دوای پێکهێنانی کابینەیەکی نوێش هەربەردەوام بێت و بمێنێتەوە. من لە هەموو دەرفەتێکدا جەخت لەسەر ئەم خاڵە دەکەمەوە چونکە بەداخەوە نەبوونی متمانە لە نێوان لایەنەکاندا لە دوای ساڵی 2005وە گەشەی کردووە.
روبین مێڵس: سوپاس د. لوئەی. دکتۆر عزەت، پێزانینی زۆرم هەیە کە بەشداربووی لەگەڵمان. ئازادن بە چ زمانێک وەڵامدەدەنەوە.
پیشەسازی گاز لە عێراق لە ساڵانی رابردوودا پێشکەوتووە، بەڵام هێشتا ئاستەنگی بەرچاو لە ئارادایە. کێشەی بەردەوام لە گەیاندنی گازی ئێراندا هەیە. هەروەها، ئاستەنگ لە بەکارهێنانی گازی سووتاودا هەیە؛ دەتوانن وردەکاری زیاترمان پێبدەن لەسەر پلانەکانی کەرتی گاز و گەشەسەندنی ئەم کەرتە لە چەند ساڵی داهاتوودا چۆن دەبێت؟
د. عزەت سابیر: زۆرسوپاس بەڕێز رۆبن، زۆر سوپاس بۆ رووداو، راستە من جێگری وەزیری نەوتی عێراق-م، بەڵام لەبەرئەوەی لە هەولێرم حەزدەکەم بە کوردی قسە بکەم. پریزنتەیشنێکم ئامادەکردووە و دەمەوێت گفتوگۆکەمان لەسەر بنەمای ژمارە بێت و هەوڵدەدەم بە کورتی وەڵامی پرسیارەکەت بدەمەوە.
حکومەتی بەڕێز محەممەد شیاع سوودانی، کابینەکەی ناوناوە کابینەی خزمەتگوزاری و گرنگییەکی زۆریش دراوە بە کەرتی نەوت و گاز لە عێراق. سەرەتای ئەم کابینە نوێیە، رێژەی 47%ی گازی هەموو عێراق دەسووتا. ئێستا ئێمە دەزانین لەساڵی2025 دا و لەماوەی سێ ساڵدا، رێژەی 14% ئەو گازەی دەسووتا وەبەرهێنانی تێداکراوە. هەموو رێژەی یەک لە سەد لە گازی سووتاو واتە 1% یەکسانە بە 1 ملیار دۆلارکە بسووتێ و لەدەستمان بچێت، ئەمە لەکاتیکدا ئەگەر وەبەرهێنانی تێدا بکرێت ئەوا 3 ملیار دۆلار داهاتمان دەداتێ. حکومەتی عێراق لەماوەی ئەم 10 ساڵەدا (2020-2030) بڕیاری داوە کەوا 10 ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە کەرتی گازدا بکات، بەڵام لە بەرامبەردا 30 ملیار دۆلار داهاتی دەستدەکەوێت. ئێستا چەندین پرۆژەی گاز لەکاردان و کاریان تێدا دەکەن و لەماوەکانی رابردوودا هەندێکیان تەواوبوون و پلانیشمان بۆ پرۆژە لە داهاتوو دا هەیە. بڕیاربوو یەکێک لەمیوانەکانی دیکە دونیا چەلەبی بێت، کەوا نوینەرایەتی کۆمپانیای تۆتاڵی فەرەنسی لە عێراق دەکات، تۆتاڵ ئینرجی لەگەڵ قەتەر ئینرجی و وەزارەتی نەوتی عێراق بە بڕی 25 ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە کەرتی نەوت و گاز، کارەبا و پاککردنەوەی ئاو بۆ کێڵگە نەوتییەکان دەکەن. بۆ نموونە لەماوەی چوار ساڵی داهاتوودا وەبەرهێنان لە بڕی 600 ملیۆن پێی سێجا گاز لە عێراق دەکەن.
پلانی وەزارەتی نەوت ئەوەیە کەوا لەساڵی 2030 دا هیچ بڕە گازێک نەسووتێت. بەداخەوە کەوا عێراق یەکێکە لە سێ وڵاتە یەکەمەکانی جیهان بۆ سووتانی بڕی گازی هاوەڵ و بەهەدەردانی ئەو سامانە. لە هەمان کاتدا عێراق لە ئێرانەوە گاز هاوردە دەکات. زۆر کەس پێمان دەڵێت تۆ ئەو گازەی خۆت دەسووتێنیت و لە ئێرانەوە گاز دەهێنیت! ئەوە درووستە و ئەم گوتەیە راستییەکی لە پشتەوەیە، بەڵام دەبێت کار بکەین و وەزارەتی نەوتیش دەستەوەستان نییە و دانەنیشتووە. هەروەکو باسم کرد رێژەی 14% ی ئەو گازەی دەسووتا لەو سێ ساڵەدا وەبەرهێنانی تێدا کراوە و زیانەکە کەمکراوەتەوە. هەروەها، تاوەکو کۆتایی 2025 رێژەی 75% گازی عێراق وەبەرهێنانی تێدا دەکریت.
عێراق لەساڵی 2015 رێککەوتنی پاریس-ی واژۆکردووە و پابەندە بەوەی کەوا لە 2030 دا هیچ گازیک بۆ سووتان نەمینێت، کە هەم دەبێتە هۆی ژینگەیەکی پاک و هەم داهات و سەروەت و سامانێکی زۆر گەورە بۆ عێراق دەگەڕینێتەوە. بڕی ئەو گازەی عێراق هەیەتی بریتیە لە 127 تریلیۆن پێی سێجا و ئەگەر وەبەرهێنانی تێدا بکات ئەوا بەشی 100 ساڵی دیکەی عێراق دەکات و سەرجەم پێداویستییەکانی دابین دەکات.
عێراق خۆی ئامادەکردووە کەوا بەهۆی ئەو سزایانەی لە داهاتوودا بەسەر ئێراندا دەسەپێندرێ، نەتوانێت وەک جاران و ساڵی رابردوو گاز لە ئێرانەوە هاوردە بکات، بۆیە رێککەوتنێکی لەگەڵ دەوڵەتی تورکمانستان واژۆکردووە بۆ گاز، بەڵام دەبوو لە رێگەی ئێرانەوە بێت کەئەمەش هێشتا وەک پێویست جێبەجێنەکراوە. هەرچەندەش گرێبەستەکەی واژۆکراوە، بەڵام نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە لەبەرئەوەی سنوورمان بە تورکمانستانەوە نییە. هەربۆیەش دەبێت تورکمانستان گازەکە بدات بە ئێران، دواتر ئیڕان لەرێگەی بەسرەوە بیدات بە عێراق. هەروەها، بیرمان لە بەدیلی دیکە کردووەتەوە و هەوڵی جیددی دراوە لەماوەی چوار بۆ پێنج مانگی رابردوو، شێوازێک هەیە پێیدەگوترێت FSTU Floating Storage Tank Unite کەوا لە رێگەی وڵاتی قەتەر یان جەزائیر یان هەر وڵاتێکی دیکە بتوانین گاز بۆ عێراق هاوردە بکەین. ئەمجارەش دووپاتی دەکەمەوە کەوا تەنیا پشت بەوە نابەستین کەوا کێ گازمان بداتێ لێی بکڕین، بەڵکو لەنێوخۆدا هیچ کێڵگەیەکی گازی نییە کەوا گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتی لەسەر نەکرابێت، بەڵام پرۆسەی گاز لە نەوت جیاوازە و کاتی زۆر دەوێت و ئاڵۆزە و تەکنەلۆژیای جیاوازتری دەوێت.
ئێستا سلایدەکان ئامادەیە و حەزدەکەم بەخێرایی چەند ژمارەیەک بخەمەڕوو بۆئەوەی لە دۆخی راستەقینەی کەرتی گاز لە عێراق باشتر تێبگەین کەوا پەیوەستە بەهەرێمی کوردستانیشەوە. لەو رۆژانەدا سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاریدا کەوا بڕێکی زیاتر گازی شل بدەن بە هەرێمی کوردستان لەبەر پێداویستی ماڵان و زۆر گرنگە کەوا پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق لەسەر کەرتی گاز بەردەوام و تەواوکاری یەکتری بێت. ئەگەر عێراق پێویستی بوو لە هەرێمی کوردستان سوود وەربگرێت و بەپێچەوانەشەوە، بۆیە پیویستە لەسەر بنەمای گرێبەست و سوودی هاوبەشی هەموو لایەک بێت.
حکومەتی عێراق دوو خولی گرێبەستی ئەنجامداوە، خولی پێنج پڵەس و شەش، لەرێگەی ئەم گرێبەستانەوە 20 کێڵگەی نەوتی داوە بە کۆمپانیا جیهانییەکان کە کۆمپانیای نیوخۆیی و کۆمپانیای وڵاتی چینیشی تێدایە.
بەژمارە پلانمان بۆ 2030 ئەوەیە کە کۆتایی بە سووتانی گاز بهێنین.
یەدەگی گازی عێراق 127 تریلیۆن پێی سێجایە
ساڵانە 1140 ملیار پێی سێجا بەرهەمی گازمان هەیە
یەدەگی گازی عێراق بەشی 111 ساڵی دیکە دەکات.
عێراق بۆ یەدەگی گاز لەسەر ئاستی وڵاتانی جیهان لە پلەی 11یەمین و لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی بە پلەی پێنجەم دێت.
رێژەی 75%ی گازی عێراق بریتییە لە گازی هاوەڵ کەوا لەگەڵ بەرهەمهێنانی نەوت دیتەدەرەوە، هەربۆیەش دەسووتێت و وەبەرهێنانی تێدانەکراوە.
رێژەی 25%ی گازی عێراق پێدەوتریت گازی ئازاد Free Gas کەوا دەکەوێتە ناوچەی کەرکوک و کۆرمۆر و چەمچەماڵ و چەند ناوچەیەکی دیکە.
ئەگەر لەڕووی وەبەرهێنانەوە تەماشا بکەین ئەوا لە 2021 دا رێژەی 53% ی وەبەرهێنانی تێدا کراوە، واتە رێژەی 47% سووتاوە؛ ئەگەر ساڵی 2024 تەماشا بکەین ئەوا رێژەی 66% ی وەبەرهێنانی تێداکراوە، واتە رێژەی 44% ی سووتاوە. هەروەها، نزیکەی 1683 ملیۆن پێی سێجا وەبەرهێنان لە بەرهەمهێنانی گاز کراوە و دەنێردرێت بۆ ویستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا.
ئەو پڕۆژانەی لە دوو ساڵی داهاتوو جێبەجێ دەکرێن بڕەکەی دەگاتە ئاستی بەرهەمهێنانی 1100 ملیۆن پێی سێجا گاز، کە ئەمەش کاریگەری لەسەر باشبوونی دۆخی کارەبا و دابینکردنی بەرهەمەکانی گاز لە عێراق دەبێت. تاوەکو ساڵی 2036 دەگەینە ئاستی بەرهەمهێنانی 6 بۆ 7 هەزار ملیۆن پێی سێجا گاز لە عێراق. بۆ نموونە یەکێک لە پرۆژە گەورەکان، پرۆژەی گازی عەرتاوییە لە بەسرە کەوا لەیەن تۆتاڵ ئینرجی و قەتەر ئینرجی و وەزارەتی نەوتەوە جێبەجێدەکرێت.
کۆی کەرتی گاز لە عێراق کەوا ئێستا بەرهەمهێنانی تێدایە 2143 ملیۆن پێی سێجا گازە و کۆی ئەوەی پلانی بۆ دانراوە تاوەکوو 2036 دەگاتە 3990 ملیۆن پێی سێجا، واتە تاوەکو 2030 ئاستی بەرهەمهێنانی گاز لە عێراق دەگاتە 6133 ملیۆن پێی سێجا.
هەروەها، جۆرێکی دیکە لە گازمان هەیە کەوا گازی سرووشتی شلکراوەیە LPG کەوا بری 9115 تۆن بەرهەمی رۆژانەیە، لەکاتێکدا لە ساڵی پێشووتر 2024 دا بڕی بەرهەمی رۆژانە بریتیبوولە 6676 تۆن. لەڕووی هەناردەکردنەوە لە 2024 دا بڕی 456944 تۆن لەساڵێکدا گازی سرووشتی شلکراوە هەناردەکراوە. ئەگەر بەراوردی بکەین بە سێ ساڵ پێشتر، ئەوا لە 2021 دا 136990 تۆن گازی سرووشتی شلکراوە لەساڵێکدا هەناردەکراوە.
لەکۆتاییدا، دەمەوێت بەکورتی ئاماژە بەوە بکەم کەوا عێراق دەتوانێت رۆژانە 5.5 ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەمبهێنێت، بەڵام بەهۆی سنوورداری یان کۆتای ئۆپێکەوە ئێستا 4.5 ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێ. نزیکەی 1 ملیۆن بەرمیل نەوت لەنیوخۆدا بەکاردەهێنێت و رۆژانە نزیکەی 3.5 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە دەکات، کە مانگانە 100 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردە کراو دەکات. هەروەها، پلانی بی (B) بۆ عێراق لەبارەی سنوورەکەی ئۆپێک ئەوەیە کەوا ژمارە پاڵاوگەکان و بڕی پاڵاوتن زیاد بکات بۆئەوەی پێداویستی بەرهەمی نەوتی خۆی دابین بکات و هاوردەکردنی بەرهەمی نەوتی کەمبکاتەوە. هەروەها، پرۆژەی پیترۆکیمیاوی دیکەی لە پلان دایە کەوا بەرهەمی جیاوازی لە پاڵاوگەکانەوە هەبێت و تەنیا نەوتی خاو هەناردە نەکەین بەڵکوو بەرهەمە جیاوازەکانی نەوتی خاویش هەناردە بکەین.
روبین مێڵس: زۆرباشە دکتۆر سوپاس. زانیاری زۆر وردت لەسەر کەرتی غاز و ئەو پێشکەوتنانەی کە بەدەست هاتوون پێداین، لە دوای کەمێک دەگەڕێینەوە سەر باسکردنی ئەم بابەتە، بەڵام حەز دەکەم روو لە میوانی سێیەمم بکەم، بەڕێزماتیۆ زەیس.
زۆر گوێمان لە باسی ئەو رێککەوتنە سیاسییە دەبێت کە لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لەڕێگەی بۆرییەوە بۆ تورکیا کراوە. ئایا دەتوانن دیدگای خۆتانمان پێ بدەن لەسەر ئەمە و ئەوەی پێتان وایە پێویستە بۆ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت کە لە کوردستان کاردەکەن بکرێت بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت؟ هێشتا چی زیاتر پێویستە بکرێت؟
ماتیو زەیس: سوپاس رۆبن. شەرەفمەندم کە لێرە لەم کۆڕبەندەی رووداو دا شانبەشانی دکتۆر لوئەی بەشدارم کە دەمێکە یەکتردەناسین بەتایبەت لەوکاتەوەی کە لەحکومەت دا ئیشماندەکرد، پێشتریش زۆرێک لەم بابەتانەمان باس کردووە؛ هەروەها شانازییە بۆمن کە لێرە لەگەڵ دکتۆر عزەت-دام.
سەبارەت بە کردنەوەی بۆریی عێراق-تورکیا، رووماڵێکی بەرچاوی میدیایی هەبووە لەبارەی ئەو رێککەوتنە سیاسیانەی کە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت کراوە. مانگی داهاتوو دوو ساڵ بەسەر داخستنی بۆرییەکاندا تێدەپەڕێت، کە زەرەری زۆری بۆ عێراق هەبووە. ئەمەش کاریگەری لەسەر بڕی ئەو داهاتەی کە حکومەتی عێراق لە هەرێمی کوردستانەوە دەستیدەکەوێت هەبووە، کە ئەمەش واتە زەرەر لەڕووی مادییەوە بۆ خەڵکی عێراق. بەهەمەن شێوە کاریگەری لەسەر کەشوهەوای وەبەرهێنان و کۆمپانیا نەوتییەکان هەبووە. بە شێوەیەکی نموونەییە ئەم رێککەوتنە سیاسییانە دەبێت ئەنجام و سوودی دوو لایەنەیان هەبێت، چونکە هەم گەلی عێراق و هەم ژینگەی وەبەرهێنانش لە مەترسیدایە.
ئێستا، دەمەوێت تیشک بخەمە سەر تێڕوانینی کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکان- بە تایبەتی کۆمپانیای "ئێچ کەی ئێن" ئینرجی کە گەورەترین وەبەرهێنەری تایبەتە لە عێراق و هەرێمی کوردستان- کە دەڵێن سەرلێشێواوی و ناڕوونی لە دەوری ئەم رێککەوتنە سیاسیانەدا هەیە بە تایبەتی سەبارەت بە جیاکاری نێوان چوارچێوە یاساییەکان و رێککەوتنە سیاسییەکان، ناڕۆشنییەکی زۆر هەیە. ئەمە لەکاتێکدا ئەم رێککەوتنانە پێویستن، بەڵام بەس نین بۆ ئەوەی هەناردەکردن دەستپێبکاتەوە.
بۆ ئەوەی هەناردەکردن دەستپێبکاتەوە، نەک هەر رێککەوتنی سیاسی و یاسایی پێویستە، بەڵکو رێککەوتنی بازرگانیش پێویستە کە هێشتا یەکلایی نەکراوەتەوە. رەنگە ئامادەبووان ئەو هەواڵەی دوێنێیان بینیبێت، کە هەموومانی تووشی سەرسوڕمان کرد کاتێک بینیمان رۆژی سێشەممە وەزارەتی نەوتی عێراق داواکارییەکی یاسایی نوێی لە دژی گرێبەستەکانمان لە بەغدا تۆمار کرد. ئەمەش لە هەمان رۆژدا روویدا کە سەرۆکوەزیران سودانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ مارکۆ رۆبیۆۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هەبوو، یەکەم بابەت کە باسیان کردبوو کردنەوەی بۆری عێراق-تورکیا بوو، ئەمەش دەرخەری دابەشبوونی سیاسی بەردەوامە لە بەغدا.
هەروەها، ئەو تۆمارە یاساییە تیشک دەخاتە سەر یەکێک لەو دوو رێککەوتنە بازرگانییە گرنگە کە دەبێت چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە. ئەم رێککەوتنانە پەیوەندییان بە گەرەنتی پارەدان و بەها و گرنگی گرێبەستەکانەوە هەیە. سەبارەت بە گەرەنتی پارەدان، تێڕوانینێکی هەڵە هەیە کە یاسای بودجە خۆی لەڕوانگەی بازرگانییەوە بۆئەمە بەسە؛ بەڵام هەروەک هەر کۆمپانیایەک کە لە عێراقی فیدراڵیدا کاردەکات، ئێمە نەک تەنیا چوارچێوەیەکی سیاسی و یاساییمان دەوێت کە بتوانین نەوت بەرهەمبهێنین وهەناردە بکەین بەڵکوو رێککەوتنی بازرگانی بنەڕەتیشمان پێویستە. لەوانە رێککەوتن لەسەر ماف و ئیمتیازاتەکانمان کە گواستنەوە، بەرهەمهێنان و پارەدانەکان لەلایەن دەزگاکانی دەوڵەتەوە، بەتایبەتی سۆمۆ بۆ نەوتی هەناردەکراو بەڕێوەدەبەن.
سەبارەت بە بەها و گرنگی گرێبەستەکە، یاساکە بە روونی رۆڵی راوێژکاری تەکنیکی دەخاتە ڕوو. لەڕوانگەی کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتیەکانەوە، رێککەوتنە بازرگانییە هەڵپەسێردراوەکان پەیوەندی بە دیاریکردنی بازنەی کار و پلانەوە هەیە بۆ ئەمە کاری راوێژکاریی پێویستە. زۆر گرنگە دڵنیا بین لەوەی کە کارەکانی راوێژکاری کاریگەری نەرێنی لەسەر مەرجی گرێبەستەکانمان نابێت کە لە دادگاکانی عێراقدا وەک یاسایی پشتڕاستکراونەتەوە و رەوایی پیدراوە. بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان لەڕووی یاساییەوە بە رەوایی دەمێننەوە، بۆیە گەیشتن بەم خاڵ و رێککەوتنە زۆر گرنگە.
ئێمە بەو رێککەوتنە یاسایی و سیاسیانەی کە کراوە دڵخۆشین و بە هیوای ئەوەین کە هەناردەکردنی نەوتی عێراق لەڕێگەی بۆری عێراق-تورکیا دەستپێبکاتەوە. ئەمەش بەهۆی چەندین هۆکارەوە پێویستە، لەوانە پێویستی عێراق بە ڕێڕەوی هەناردەکردنی زیادە- نەک تەنیا لەڕێگەی کەنداو بەڵکو لەڕێگەی دەریای نێوەڕاستیشەوە، بەڵام رێککەوتنە بازرگانییەکان بە هەمان شێوە پێویستن، و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوتیش ئامادەن لە زووترین کات دا یەکلایی بکەنەوە بۆ ئەوەی هەناردەکردن دەستپێبکاتەوە.
روبین مێڵس: سوپاس بۆ تۆ ماتیو. دکتۆر لوئەی، پێتوایە کاریگەریی ئیدارەی ترەمپ چی دەبێت لەسەر پەیوەندییەکانی وزەی عێراق، چ نێوخۆیی و چ دەرەکی؟
د. لوئەی خەتیب: زۆرباشە، لە کاتی یەکەم خولی سەرۆک ترەمپدا لە ساڵی 2018 و 2019بوو، کاتێک وەزیر بووم- ئیدارەی ئەمریکا زۆر حەزی دەکرد کۆتایی بە پشتبەستنی عێراق بە هاوردەکردنی کارەبا و گاز لە ئێرانەوە بهێنێت. ئەمەش بە شێوەیەکی بەرچاو بەهۆی ئەو سزایانەی کە بەسەر ئێراندا سەپێنراون و نیگەرانییەکان لە مامەڵە داراییەکان کە وڵاتانی گەمارۆدراو تێیدا بەشدارن.
لەو کاتەدا ئێمە چووینە ناو دانوستانەکانەوە بۆ ئەوەی قەناعەتیان پێ بکەین کە پێویستمان بە ماوەی گواستنەوەی گونجاوە بۆ پەرەپێدانی سەروەت و سامانی وزەی خۆمان و دامەزراندنی رێککەوتنی نوێی دابینکردن. ئەمەش بریتی بوو لە پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و وەرگرتنی گاز و کارەبا لە دابینکەرانی کێبڕکێکار لە سەرانسەری جیهان، بەڵام بەرە بەرە لێخۆشبوونەکانی هاوردەکردنی وزە لە ئێرانەوە لە سێ مانگەوە بۆ تەنیا مانگێک کەمکرایەوە.
ئێستا لەگەڵ زیادبوونی رۆژانەی گوشارەکان،، ئەمریکا بە ئەگەرێکی زۆرەوە بەوەستاندنی تەواوەتی هاوردەکردنی وزەی ئێران دەتوانێت مەترسییەکی جیددی لەسەر ئابووری و سەقامگیری سیاسی عێراق دروست بکات. تائێستا هیچ فەرمانێکی جێبەجێکردنی روون و دەقێکی فەرمی نییە کە باس لە ئەمە بکات، بەڵام ئەگەری سەرهەڵدان و روودانی لە چەند هەفتە یان مانگەکانی داهاتوودا زۆرە. ئەگەر ئەوە رووبدات، پێگەی عێراق- بەتایبەتی لە هاویندا- دەخرێتە ژێر مەترسییەوە، بەو پێیەی دابینکردنی گازلە 40-50%ی بەرهەمهێنانی کارەبای وڵاتەکە پێکدەهێنێت.
چارەسەری جێگرەوە، وەک هاوردەکردن لە قەتەرەوە یان شوێنێکی دیکە پێویستی بە کات هەیە بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی پێویست. سەرەڕای ئەوەش، هاوردەکردنی لەوێوە تێچووی بەرچاوی زیاتری هەیە بە بەراورد بە گازی بۆری. لەبەرئەوە گازی ئێران وەک رکابەرترین بژاردە دەمێنێتەوە، نەک تەنیا لە پێناو باشی و گونجاوی بەڵکو بەهۆی کاریگەرییەکانی لەسەر دابینکردنی کارەبا. تەنانەت هاوردەکردنی کارەبا لە وڵاتانی دراوسێشەوە سنووردارە و کاتێکی پێویستی دەوێت. بۆ نموونە تۆڕی جی سی سی نێوان عێراق و سعودیە هێشتا لە قۆناخی پەرەپێداندایە و بەشداری لە 0.5% زیاتری کۆی خواستی عێراق ناکات.
لە ناوەڕۆکی ئەم پرسەدا تەنیا ئاستەنگی تەکنیکی یان لۆجستی نییە- بەڵکو ئاستەنگی ئابووریش هەیە. ئاسایشی وزە لە عێراق ئاڵۆزە و زۆرجار خەڵکی گشتی وا گریمانە دەکەن کە تەنیا دروستکردنی وێستگەی کارەبای زیاتر یان فراوانکردنی ژێرخان کێشەکە چارەسەر دەکات، بەڵام واقیعەکە زۆر ئاڵۆزترە.
بۆ نموونە لە ساڵی 2003 ەوە بەرهەمی نەوتی عێراق سێ هێندە زیادی کردووە، بەرهەمهێنانی گازیش چوار هێندە زیادی کردووە و بەرهەمی کارەباش هەشت هێندە زیادی کردووە. بەڵام ململانێکان وشەڕی داعش نزیکەی ٢٥%ی ئەم توانایەیان لەناوبردووە. سەرەڕای ئەوەی لەرابردوودا توانای بەرهەمهێنانی پێویست بۆ کارەبای 24 کاژێری لە هەفتەیەکدا 24/7 هەبوو، بەڵام نایەکسانییەکی بەرچاو لە دابەشکردن و بەکارهێنانیدا هەبوو هەرلە دزینی کارەبا و پابەندنەبوون بە یاساکانی پارەدان و جێبەجێنەکردنی یاساکانە تا دوایین کێشە، ئەمەش بەو مانایەی کە کەمتر لەرێژەی 10%ی تێچووی کارەبا لە عێراق لە بەکارهێنەران وەردەگیرێتەوە.
ئێستا عێراق کارەبا بە نزیکەی یەک سەنت بۆ هەر کیلۆوات کاتژمێرێک بەخەڵکی دەفرۆشێت، لەکاتێکدا تێچووەکەی لەسەر حکومەت زیاتر لە 12 سەنتە . شیکارییەکی سادەیە- کاتێک نرخەکان بە شێوەیەکی دەستکرد نزم بن، بڕی خواست لە بەرزبوونەوەدا دەبێت. ئەمەش ئەوەمان بۆ روون دەکاتەوە کە بۆچی وەزارەتی کارەبا لەراپۆرتەکانیدا پێشبینی یان پێویستی 50 یان 60 گێگاوات دەکات لەبڕی خواستدا، لەکاتێکدا بە شێوەیەکی واقیعی، رەنگە عێراق تەنیا پێویستی بە 30گیگاوات هەبێت. بەڵام تەنانەت 30گیگاواتیش لەوانەیە بەس نەبێت، ئەگەر چاکسازی لە نرخی کارەبادا نەکرێت.
چاکسازی تەنیا بەرزکردنەوەی نرخەکان نییە بەڵکو پێویستی بە داڕشتنەوەی ئابووری فراوانتر هەیە. ئەمەش بریتییە لە چاکسازی لە سیستەمی باج و پێناسەکردنەوەی جۆرەکانی گرێبەست و داڕشتنەوەی کەرتی وزە. کۆمپانیا حکومییەکان پێویستیان بە جیابوونەوە لە وەزارەتەکان هەیە، حکومەت وەک رێکخەر و داڕێژەری سیاسەت مامەڵە بکات نەک وەک بەڕێوەبەر چونکە پێویستە بەرهەمهێنان و دابەشکردنی کارەبا لەلایەن کەرتی تایبەت و کۆمپانیا حکومییەکان بەڕێوەبچێت.
ئەمە پرسێکی تاکەکەسی نییە- ئەوە پابەندبوونێکە کە داوای پشتگیری لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات، لەوانەش حکومەت، دەزگاکانی یاسادانان و خەڵک. بەبێ کاری دەستەجەمعی، بەدەستهێنانی تۆڕێکی نیشتمانی بەردەوام و دڵنیابوون لە ئاسایشی وزە مەحاڵ دەبێت.
کێشەکانی کەرتی کارەبا لە ساڵی 2003وە دەستی پێنەکردووە- مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٩١. جیاوازییەکە ئەوەیە کە لە نێوان ساڵانی 1991 و 2003، عێراق لە ژێر دەسەڵاتێکی دیکتاتۆریدا بوو، کە بەکارهێنانی کارەبای کۆنترۆڵکردبوو. هەروەها، ژمارەی دانیشتووانیش دوو هێندەبووە بەبەروارد بەوکاتە کە ژمارەی دانیشتووان نزیکەی 23 ملیۆن بوو، بەڵام ئیستا ژمارەی دانیشتووانی عێراق نزیکەی 46 ملیۆن کەسە و چاوەڕوان دەکرێت لە 2030دا بگاتە نزیکەی 55 ملیۆن کەس.
لەڕاستیدا، ئەمەش شیکارییەکی سادەیە کاتێک ژمارەی دانێشتووان زیاد دەکات، خواست لەسەر بڕی کارەبای بەرهەمهینراو زیاتردەبێت و هەرچەند بڕی بەرهەمهێنانی نەوت و کارەباش زیادبکات بەشی ئەو ژمارە زۆرە زیادبوونەی دانێشتووان ناکات. لە ساڵی 2003ەوە عێراق بەرەو دیموکراسی هەنگاودەنێت، بەڵام بەبێ ئەنجامدانی چاکسازیی پێویست لە بواری دامەزراوەیی و ئابووری، بەڕێوەبردنی کەرتی وزە قورس دەبێت.
خاڵی کۆتایی لەبارەی کەرتی وزە کە ئەمەوێت ئاماژەی پێبکەم ئەوەیە کە کەرتی وزە لەنێوان وەزارەتەکان دابەشکراوە، وەزارەتی نەوت و کارەبا و پێشەسازی، ئەم دابەشکارییەش کارکردنی بەشێوەی درووست قورسترکردووە. لەماوەکانی رابردوودا پەیوەست بەم پرسەوە و لەژێر سایەی ئەم سێ وەزارەتەدا نزیکەی 40 کەس لەئاستی وەزیر کاریان لەسەر کردووە. بیهیننە پێش چاوتان نەخۆشێک لەلایەن چل دکتۆرەوە نەشتەرگەری بۆ بکرێت چی روودەدات، نەخۆشەکە دەمرێت، چونکە کەس بەکەس نابێت. دۆخی کارەبا لە عێراق وەکو ئەو نەخۆش وایە. لەبەرئەوە پێویستە هەوڵبدرێت لە یەک دەستە کە بەرپرس و شارەزان لە دۆخ و کەرتی وزە و کارەبا بەرپرسبێت تا دۆخی کارەبا باشتربکرێت.
روبین مێڵس: زۆرباشە، سوپاس دکتۆر لوئەی.
بە لەبەرچاوگرتنی سەختییەکان و ئاستەنگەکانی کەرتی گاز، دکتۆر عیزەت، دەتوانیت رای خۆت لەسەر ئاستەنگە کورتخایەنەکانی پیشەسازی گاز و چۆنیەتی دابینکردنی خواستی گەشەسەندوو بۆ هەردوو کەرتی گاز و کارەبا باس بکەیت؟
د. عزەت سابیر: لەراستیدا، تێبینیەک لەسەر قسەکانی جەنابی وەزیر دەدەم کەوا کیشەی زۆر زۆری باسکرد، بەڵام چاوەڕوان بووم چارەسەریکیش بخاتەڕوو. راستە ئەوەی ئەو لەبارەی نرخی کارەبا باسی کرد کە نرخەکەی نزیکە لە خۆڕایی، بۆیە هاوڵاتیانیش کە بەکاری دەهێنن بە باشی بەکاری ناهینن و زیاد لەپیویست بەکاردەهێنن، بەڵام دەبێت چارەسەرێکی بۆ بدۆزینەوە. ئێستا لە بەغدا هەندێک ناوچە دراوە بە کەرتی تایبەت بۆئەوەی پارەکە کۆبکاتەوە و من لە یەکێک لەو ناوچانە دەژیم هەموو سەری مانگێک هەفتەی یەکەم دێن و دەڵین ئەگەر پارەمان نەدەیتێ ئەوا کارەباکە دەبڕین. هەروەها نرخێکی زۆر زۆر باشیشم لێوەردەگرێت.
نموونەیەکی زۆر جوان لە هەولێر و سلێمانی کراوە کە پێوەری زیرەکە (سمارت میتەر)، کە یەکێکە لە چارەسەرییەکان بۆ کیشەی کارەبا لە عێراق دانانی ئەم پێوەرەیە، ئەگەر بە نرخی گونجاو بێت چونکە وا لە هاوڵاتی دەکات بە باشی کارەبا بەکاربهینێت. هەروەها، پاڵپشتی قسەکانی جەنابی وەزیر دەکەم، کیشەی کارەبا بە زیادکردنی بەرهەمی گاز و ویستگەی کارەبا چارەسەر نابێت و دەبێت خواست کەمبکرێتەوە لەجیاتی ئەوەی خستنەڕوو زیاد بکەین و ویستگەی نوێی کارەبا زیاد بکەین.
هەروەها، لەڕووی ویستگەی کارەباشەوە کیشەمان هەیە، بۆ نموونە لە مەنسوورییە ویستگەیەکی کارەبای 2000 میگاواتی هەیە و پەیوەست بوو بەوەی کەوا گازی مەنسووریەی بۆ دابینبکرێت و وەبەرهێنانی تێدا بکرێت، بەڵام پرۆژەی بەرهەمهێنانی گازەکە سەرکەوتوو نەبوو و نەتوانرا گاز بەرهەم بهێنین و ویستگەکە ئیستا کارناکات. لەکۆتایی ئەمساڵدا، ویستگەیەکی کارەبا لە ئەنبار تەواو دەبێت و لەسەر کێڵگەی گازی عوکاز دانراوە، کەچی کێڵگەی گازی عوکاز بۆ بەرهەمهێنانی گاز دوو ساڵی دیکەش ئامادە نابێت.
هەربۆیە بەدڵنیاییەوە کەوا جەنابی وەزیریش لێرە دانیشتووە، خواستی عێراق بۆ کارەبا لە بەرزترین ئاست 50 هەزار مێگاواتە، بەڵام بەرهەمی کارەبای عێراق 25 هەزار مێگاواتە، پڕکردنەوەی ئەم بۆشاییە (گاپە) ئاسان نیە. هەروەها، لەجیهان هیچ وڵاتیکیش نییە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا تەنیا پشت بە گاز ببەستێت یاخود پشت بە نەوتی خاو و رەش ببەستێت. بۆیە عێراق بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا دەبێت سەرچاوەکانی دیکەی بەکاربهێنێت و هەمەچەشنی بکات.
لەبارەی پەیوەندی هەولێر و بەغدا، پێموایە چەند پەیوەندی هەولێر و بەغداد باش بێت ئەوا هێندەش بۆ هاوڵاتیان باش دەبێت، بۆ نموونە عێراق ساڵانە 50 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان دەنێریت. لەم رۆژانەدا 20 بۆ 30 هەزار تۆن گازی سرووشتی شلکراوە بۆ هاوڵاتیان نێردراوە.
لەسەروو ئەمانەشەوە بازاڕی هەردوو لایەن و حکومەتەکانیش دەبێت هاوکاری یەکتری بن. عێراق بازاڕێکە بۆ هەرێمی کوردستان، بەپێچەوانەشەوە راستە بۆ گواستنەوەی وزە و پڕکردنەوەی پێداویستی یەکتری. لەماوەکانی رابردوو گفتوگۆیەکی چڕ هەبوو کەوا ئەگەر عێراق پێویستی بەگازە، بۆچی هەرێمی کوردستان نەیداتێ؟
لەکۆتاییدا گەیشتنە ئەو رێککەوتنەی کەوا لەبەرژەوەندی هەرێمی کوردستان دایە کە کارەبا بدات بە عێراق لەجیاتی ئەوەی گازی بداتی و پارەیەکی باشتری دەستدەکەوێت و مافی خۆیەتی. هیوادارم پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغداد لەڕووی وزەوە لە داهاتوودا لە ئێستا باشتر بێت و هەوڵی منیش بۆ ئەوەیە. من نوینەرێکی کوردم لە وەزارەتی نەوتی عێراق و ئەرکی من ئەوەیە داوای ماف و بەرژەوەندی هەموو خەڵکی عێراق بکەم بە هەرێمی کوردستانیشەوە.
جەنابی وەزیر ئاماژەشی بەوەکرد کەوا وەبەرهێنان لە گاز کاتی پێویستە و کارێکی ئاڵۆزیشە. 50 هەزار میگاوات کارەبا ئەگەر بتەوێت هەمووی بە گاز کار بکات ئەوا لە رۆژێکدا ، 10 هەزار ملیۆن پێی سیجا گازی دەوێت، واتە 10 ملیار پێی سێجا گاز لەرۆژێکدا.
ئێستا بەرهەمی گازی عێراق بەئەوەشەوە کە لە ئێرانەوە هاوردەی دەکەین ناگاتە 3 ملیار پێی سێجا. هەموو بەرهەمی گازی عێراق ناگاتە 3 ملیار پێی سێجا لەرۆژێکدا، هەموو ویستگەکانی کارەبا 10 ملیار پێی سێجا گازی دەوێت. راستە یەدەگی گاز لە عێراق زۆرە بەڵام بۆ کەی دەگەینە ئەو ئاستی بەرهەمهێنانە لەوانەیە بۆ 2035ش نەگەینە ئەو ئاستە. هەروەها، لە ئێستاوە تاوەکو 10 ساڵی دیکە هەرچی گاز بەرهەمدێت پێداویستی ناوخۆ و ویستگەکانی کارەبای پێ پڕبکەینەوە لێمان زیاد نابێت، بەڵام ئەگەر پێم بڵێت کەی دەتوانی جێگرەوەی گازی ئێرانی دابین بکەیت؟ ئەوا دەڵێم بەتێکڕا لەماوەی 5 ساڵی رابردوودا بەنزیکەیی 800 ملیۆن پێی سێجا لە ئێرانەوە هاوردەکراوە، لەکاتێکدا لەماوەی ئەم پێنج مانگەی رابردوو لە عێراق بەرهەمهێنانی گاز 600 ملیۆن پێی سێجا گاز زیادیکردووە، واتە بەساڵێکی دیکە دەگەینە جێگرەوەی گازی ئێرانی، بەدیویکی دیکەدا ئەوەی هاوردە دەکرا پڕ دەکرێتەوە، بەڵام خواستی ویستگەکانی کارەبا لە هەموو عێراق پڕناکاتەوە.
نزیکەی 10 ساڵ پێش ئێستا رێژەی 20% کارەبای عێراق بە گاز بوو، ئەوەی دیکەی بە نەوتی خاو و نەوتی رەش بوو وگازویل بوو، ئێستا رێژەی 40% بۆ 45% کارەبای عێراق بە گاز بەرهەمدێت، واتە چەند بەرهەمهێنانی گاز زیاد بکەین دەچێتە ویستگەکانی کارەباوە، ئەمەش بۆئەوەی چەند کارەبا بە گاز بەرهەمدێت تێچووی زۆر کەمتر دەبێت وەک لەوەی بە بەنزین یان نەوتی رەش بێت. یەک ملیۆن پێی سێجا گاز یەکسانە بە 200 بەرمیل نەوتی خاو. بۆیە هیوادارم و ئەرکی ئێمەیە کەوا هەرێمی کوردستان و بەغدا پەیوەندییەکی زۆر باشیان هەبێت ودوودڵ نیم و خەمسارد نابم لەوەی چەند بتوانم پێداویستی هەرێمی کوردستان بۆ وزە چ لە وەزارەتی نەوت یان بەغدا دابینی بکەم و بەپێچەوانەشەوە دەبێت هەر وابێت.
لەبارەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە، جۆرێک نەوتمان لە کەرکوک هەیە کەوا زۆربەی کاتەکان 2 دۆلار لەسەرووی نرخی بۆرسەی برێنتەوە مامەڵەی پێوەدەکرێت و دەفرۆشرێت، واتە نەوتەکەی کەرکوک باشترە لە نەوتی برێنت. بەدڵنیاییەوە ئەگەر هەرێمی کوردستان و بەغداد رێکبکەون لەسەرئەوەی کە ئەو نەوتەی هەرێمی کوردستان هەناردە بکرێت و بەنرخێکی زۆرباش بفرۆشرێت ئەوا داهاتێکی زۆرباشی دەبێت بۆ هەموو عێراقییەکان بە هەرێمی کوردستانیشەوە.
روبین مێڵس: سوپاس بۆ تۆ دکتۆر. بەڕێز ماتیو، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە وتارەکەیدا لە کردنەوەی ئەم کۆڕبەندەدا رایگەیاند کە چاوی لە هاوکاری و کاری هەماهەنگی و لێکتێگەیشتنی زیاترە لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییە نەوتییەکان لە کوردستان. هەروەها باسی لەوە کرد کە ئەم رێککەوتنە دەتوانێت لاپەڕەیەکی نوێیان بۆ بکاتەوە. پێتوایە ئەم رێککەوتنە چ دەرفەتێک بۆ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت لە کوردستان دەڕەخسێنێت و چی پێویستە رووبدات و بکرێت بۆ ئەوەی سەرکەوتنی مسۆگەر بەدی بێت؟
ماتیو زەیس: بەڵێ، پێموایە هەموومان گوێمان لە سەرنجەکانی بوو و پێشوازیمان لێکرد، چونکە پێویستە لاپەڕەیەکی نوێ دەستپێبکەین- لاپەڕەیەک کە وەبەرهێنەرە نێودەوڵەتییەکان بتوانن لە سەرانسەری عێراقدا سەرکەوتوو بن، بە هەرێمی کوردستانیشەوە.
یەکەم: وەک پێشتر ئاماژەم پێدا، ئەولەویەت ئەوەیە کە بگەینە رێککەوتنی بازرگانیی پێویست کە رێگە بە هەناردەکردنەوەی نەوت دەدات. ئەمەش راستەوخۆ پەیوەندی بە باسەکەمان لەسەر گاز هەیە. داخستنی هێڵی بۆری نێوان عێراق-تورکیا بۆماوەی دووساڵ، کاریگەریەکی زۆری لەسەر ژینگەی وەبەرهێنان لە عێراقدا هەبووە، بەتایبەت لەهەرێمی کوردستان. ئەمەش کاریگەری شەپۆلی لەسەر هەموو بڕیارەکانی بەرهەمهێنانی وزە و وەبەرهێنان هەبووە، نەک تەنیا لە کوردستان بەڵکو لە سەرانسەری عێراق.
بۆ نموونە، دوو ساڵ لەمەوبەر هەرێمی کوردستان نزیکەی 417 هەزار بەرمیل نەوتی لە رۆژێکدا بەرهەمدەهێنا، بەڵام کاتێک گفتوگۆکان سەبارەت بە هەناردەکردنەوەی نەوت و کردنەوەی بۆڕی نێوان عێراق- تورکیا دەستیان پێکردەوە، زۆر کەس سەریان سوڕما کە زانیان بەرهەمهێنان لە هەرێمی کوردستان دابەزیوە بۆ 300 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا. ئەم دابەزینە رەنگدانەوەی راستەوخۆی نەبوونی ژینگەیەکی وەبەرهێنانی تەندرووستە. کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت لە هەوڵدان بۆ پاراستنی بەرهەمی ئێستا لەکاتێکدا فرۆشتن لە بازاڕی نێوخۆییدا بەکەمتر و داشکاندنەوەیە، بۆیە ئەم دۆخە رێگە بە کۆمپانیاکان نادات وەبەرهێنانی واتادار بکەن بۆ بەردەوامبوون یان زیادکردنی بەرهەمهێنان، هەربۆیەش لە دوو ساڵی رابردوودا دابەزینێکی بەرچاومان لە بەرهەمهێناندا بینیوە.
ئەگەر بۆری عێراق - تورکیا دوای رێککەوتنە بازرگانییە پێویستەکان بکرێتەوە، ئەوا متمانە بۆ کۆمپانیا نێودەوڵەتییە نەوتییەکان دەگەڕێنێتەوە و ژینگەیەک دروست دەکات کە وەبەرهێنان تێیدا دەستپێبکاتەوە. ئەمەش دەبێتە هۆی گەڕانەوە بۆ خولەکانی وەبەرهێنانی پێشوو، کە ئاستی بەرهەمهێنان دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەو شوێنەی کە لێی بوو- و هیوادارین لەوە زیاتریش بێت.
هەروەها، کردنەوەی بۆری نەوتی نێوان عێراق-تورکیا کاریگەری فراوانتری هەیە، بەتایبەتی بۆ کەرتی گاز. نەبوونی ژینگەیەکی دۆستی وەبەرهێنەران بەهۆی داخستنی بۆرییەکە رێگری لە هەر وەبەرهێنانێکی بەرچاو لە عێراق بۆ گاز کردووە. کرانەوەی بۆرییەکە نەک هەر دەبێتە هۆی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت- چ لە هەرێمی کوردستان و چ لە عێراقی فیدراڵەوە، وەک دکتۆر عزەت باسی کرد- بەڵکو کەشوهەوایەکی وەبەرهێنانیش دروست دەکات کە بتوانرێت سەرچاوەی گازی کوردستان بە شێوەیەکی دروست پەرەی پێبدرێت. هەر وەک لێرەدا باس کراوە، ئەم سەرچاوانە بۆ هەموو عێراق زۆر گرنگن. یەدەگی گازی بەرچاو لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، لەوانەش گازی هاوەڵ، کە دەبێت پەرەی پێبدرێت بۆ ئەوەی بتوانرێت خواستی وزە و ئامانجەکانی بەرهەمهێنانی وڵات بەدی بهێنرێت.
بە کورتی، کردنەوەی بۆریەکە ئاماژەیەکی بەهێز دەنێرێت بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کە عێراق جارێکی دیکە شوێنێکە کە دۆستی وەبەرهێنەرانە، کە ئەمەش زۆر گرنگە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی داهاتووی عێراق بۆ وزە.
روبین مێڵس: سوپاس. پێموایە ئیستا کاتی ئەوەیە بچینە لای پرسیاری ئامادەبووان. با لەو بەڕێزە وە دەست پێ بکەین کە لە ریزی پێشەوەدایە.
پرسیار: ئێوە زۆر باسی وەبەرهێنانتان لە بواری وزەدا کرد، بەڵام باستان لە ژینگەی سروشتی نەکردووە. واتە تەنیا باسی ژینگەی ئابووریتان کردووە. پرسیارەکەم بە دیاریکراوی دەربارەی "هۆری حوەیزە"یە. هۆری حوەیزە لە ساڵی ٢٠١٦ دا بووە بە یەکێک لە میراتی جیهانی لە نێو چوار شوێن لە زۆنگاوەکانی عێراقدا.
ئەمڕۆ، چالاکییەکی نەوتی گەورە لە هۆری حوەیزە هەیە. وەزارەتی نەوتی عێراق چی ئەنجام داوە، یان چی ئەنجام دەدات سەبارەت بە پیسبوونی هۆری حوەیزە بەهۆی نەوتەوە، یان کەمکردنەوەی مەترسییەکانی سیستەمی هایدرۆلۆجی لەو ناوچانەدا؟ چونکە ئەمڕۆ کێڵگەیەکی نەوتی نوێی تاقیکاریی لە ناوچەی هۆری حوەیزە دا هەیە، بەکورتی چی دەکرێت سەبارەت بە کەمکردنەوەی پیسکردنی سرووشت لە هۆری حوەیزە؟
پرسیار: بەڕێز، کاتێک باس لە شکستی حکومی لە کەرتی کارەبا دەکەین، هەمیشە چارەسەری سیحراوی پێشنیار دەکەن و من لە هەردووکتانم بیستووە کە باسی تایبەتمەندی کەرتی تایبەت دەکەن. پرسیارەکە ئەوەیە: بۆچی کەرتی تایبەت سەرکەوتوو دەبێت و قازانج دەکات، بەڵام کەرتی حکومی شکست دەهێنێت و زیان دەکات، بەتایبەتیش لە کەرتێکی قازانج بەخشی وەک کارەبا ؟
د. عزەت سابیر: لە دوو ناوچەی عێراق کارەساتی ژینگەی درووست بووە، یەکێکیان لە کەرکوک و ئەوی دیکەیان لەو شوینەی بەسرە کە تۆ باستکرد. ئەوەی کەرکوک بەهۆی لێدانی بیری نەوتەوە بوو، نەوتەکە ناوچەیەکی بەرفراوانی پیس و خراپ کرد. لەراستیدا لە وەزارەتی نەوت لیژنەیەک هەیە کەوا ئێمە سەرپەرشتی دەکەین بۆ ئەوەی کە چۆن بتوانێن ژینگە بپارێزین و لە نزیکەوە چاودێری دەکەین وهەوڵدەدەین ئەو کارەساتە ژینگەی درووستبووە چارەسەری بۆ بدۆزینەوە. نموونەیەک دەهێنمەوە بۆ خزمەتی ژینگە کەوا بریتییە لە پرۆژەکانی تۆتاڵ ئینرجی کە بەرهەمهێنانی بڕی 1000 میگاوات کارەبایە بە تیشکی خۆر، کۆتایهێنان بە سووتانی 600 ملیۆن پێی سێجا گازی هاوەڵ و، پاککردنەوەی رۆژانەی 5 ملیۆن بەرمیل ئاوی شەتولعەرەب بۆ بیرە نەوتییەکان کە ئێستا ئاوی رووبارەکان بەکاردەهێنرێت. بەتەنیا لە پرۆژەی خاوێنکردنەوەی ئاوەکەدا چیدیکە ئەو ئاوە بەکارنایەت و دەتوانرێت بۆ کشتووکاڵ سوودی لێوەربگیدرێت. هەموو ئەم پرۆژانەی باسمکرد دەچنە خزمەت ژینگەوە.
لەبارەی پرسیارەکەی بەڕێز کاک رەحمان بۆ کەرتی تایبەت قازانج دەکات و بۆ کەرتی حکومەت زەرەر دەکات، چونکە ئامانجی حکومەت قازانج نییە و ئامانجی خزمەتکردنی خەڵکەکەیەتی. بۆ نموونە لە جیهان کارەبا پێدەوتریت سلعە گشتی، واتە کارەبا لە هەموو جیهان دەبێت قازانج بکات، بەڵام چۆن رێکی دەخەیتەوە و نرخێکی وا دادەنێت کە کەس زیاد لە پێویستی خۆی بەکارنەهینێت گرنگە، بۆیەش یەکێک کە لە شوقە دەژیت و لەبەرئەوەی کارەباکەی بە پارەیە، ناچاری دەکات زۆر بەباشی کارەبا بەکار بهینێت. ئەگەر کارەبا هەرزان بوو وەک ئەوەی جەنابی وەزیر باسی کرد، خراپ بەکاردێت، کە خراپ بەکارهات، حکومەت زەرەری لێدەکات. هەروەها، دەزانن کەوا بەشی زۆری کارەبای عێراق کەرتی تایبەت بەرهەمی دەهینێت و ویستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبای هی کەرتی تایبەتە و ویستگەی بەسمایە کە 5 هەزار میگاوات کارەبا بەرهەمدەهینێت هی کەرتی تایبەتە، بەڵام دابەشکردنەکەی حکومەتی عێراق دەیکات و دەبێت بیر لە بەکارهێنانی بکەینەوە و یەکێک لە چارەسەرەکان پێوەری زیرەکە (سمار میتەر) و سوپاس.
د. لوئەی خەتیب: وەڵامی پرسیارەکەت سەبارەت بە سەرکەوتنی کەرتی تایبەت بەراورد بە کەرتی حکومی، بەڕاستی کێشەی سەرەکی پرسی پشتگیری حکومییە؛ پشتگیری و گواستنەوە لە سۆشیالیزمەوە بۆ ئابووری بازاڕ بەپێی پێوەرە جیهانییەکان نەبووە. قەبارەی پشتگیری حکومی بۆ پڕۆژەکان لە ساڵانی دواییدا بۆ زیاتر لە 33 ملیار دۆلاری ساڵانە زیادی کردووە کە بەهیچ شێوەیەک هیوای گەڕاندنەوەی نییە لە بەکاربەر و سوودمەندانەوە.
بەهۆی پێوەرەکانی پشتگیری و نرخی تەعریفە، وەکو ئەوەی لەسەر سووتەمەنی، خزمەتگوزارییەکان یان کارەبا هەیە، ئەمە تێچوویەکی زۆر لەسەر خەزێنەی عێراق و داهاتەکانی دەوڵەت دروست دەکات و کاریگەری دەبێت لەسەر کۆی بەرهەمی ناوخۆییش لە وڵاتدا.
کۆنەکردنەوەی ئەم پارانە دەبێتەهۆی کەڵەکەبوونی قەرز و زیادبوونی سوودی بانکی ساڵانە لەسەر عێراق. بۆیە کاتێک دەبیستیت کۆمپانیای فڵان یان کۆمپانیایەکی دیکە وەبەرهێنان دەکات، ئەمە لە راستیدا وەبەرهێنان نییە بەڵکو کەڵەکەبوونی قەرزە. وەبەرهێنانی راستەقینە بەشداریکردنە لە مەترسییەکان و گەڕاندنەوەی تێچووەکانە لەگەڵ قازانج لە بەکاربەران.
دەبێت هاوکێشەکە لە رووی ئابوورییەوە راست بکرێتەوە. کاتێک بەکاربەر و کاڵا هەیە، شتێک بە ناوی خزمەتگوزاری بەخۆڕایی و پێناسەی سۆزداری بۆ هاوڵاتی بوونی نییە. کارەبا شتێک نییە لە کتێبە ئاسمانییەکانەوە هاتبێت؛ کاڵایەکە تێچووی دابینکردن و بەرهەمهێنانی زۆرە.
لە 30-40 ساڵی رابردوودا، بەهۆی گەشەی سیستەمی ساردکردنەوە و گەرمکردنەوە لە جیهاندا، تێچووی کەرتی وزە بە شێوەیەکی خەیاڵی لە سەرتاسەری جیهان زیادیکردووە. قەیرانی وزە تەنیا قەیرانێکی نێوخۆیی نییە لە عێراق، بەڵکو بابەتێکە پەیوەندی بە هەموو جیهانەوە هەیە.
نزیکەی ملیارێک مرۆڤ لە کۆی هەشت ملیار کەسی سەر زەوی لەوانەیە کارەبایان نەبێت یان پێیان نەگەشتبێت. نزیکەی سێ ملیار کەس بەدەست کەمیی وزە وە دەناڵێنن. کەواتە ئەمە پرسێکی عێراقی نییە، بەڵکو پرسێکی جیهانیشە.
سەرۆک ترەمپ لە بەرنامەی هەڵبژاردنەکەیدا دۆسیەی وزە و کەمکردنەوەی تێچووەکانی وەکو پێشینەیەک داناوە. لە ویلایەتە یەکگرتووەکان کە 340 ملیۆن دانیشتووی هەیە، سێیەکی 1/3 گەلی ئەمریکی ئێستا بەدەست زیادبوونی نرخی جیهانییەوە دەناڵێنن. کەواتە ئەمە تەنیا بابەتێکی پەیوەست بە عێراقەوە نییە. ئەورووپاش چەندین قات زیاتر تێچووی وزەی هەیە بە بەراورد بە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. ئێمە لەو وڵاتە کەمانەین لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە بەڕاستی ئەم پشتگیرییە دابین دەکەن، وەکو کوەیت، ئێران و عێراق. وڵاتانی دیکەی کەنداو پشتگیرییان لادا و کەرتەکەیان بەقازانج کرد، وەکو ئیمارات، سعودیە و وڵاتانی دیکە. ئێستا ئەم کەرتە نزیکەی 20 ملیار دۆلار ساڵانە بۆ خەزێنەکانیان دەهێنێت.
بەردەوامبوونمان لەسەر ئەم پشتگیرییە، نەبوونی چاکسازی ئابووری و روونکردنەوەی چەمکەکان بۆ بەکاربەر (دووبارەی دەکەمەوە وشەی "بەکاربەر" نەک "هاوڵاتی") - ئەو کەسەی سوود لەم کاڵایە وەردەگرێت نەک خزمەتگوزاری بەخۆڕایی، چونکە پێویستە بزانێت چۆن ژیرانە مامەڵە بکات ئەمەش لە کۆنترۆڵکردنی گیرفان و خەرجییەکانەوە دەست پێدەکات، نەک لە رێنمایی و ئامۆژگارییەکانەوە. سوپاس بۆ ئێوە.