مەریەم سەلمان: زۆر سوپاس، بەیانیتان باش. ئێمە لێرەین بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بابەتێکی زۆر گرنگ: پڕۆژەی رێگای گەشەپێدانی عێراق. ئەم پڕۆژەیە لەم دواییانەدا بووەتە سەردێڕی هەواڵەکان بەهۆی توانای بەرزکردنەوەی پەیوەندی نێوان عێراق، ئەوروپا، ئاسیا و ناوچەی فراوانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
لە دەرەوەی کاریگەرییە لۆجستییەکەی، پڕۆژەکە توانای فراوانکردنی رۆڵی دیپلۆماسی عێراقیشی هەیە، کە شکۆی سیاسی پێدەبەخشێت و لە هەمان کاتدا کاریگەری لەسەر رەوتی بازرگانی بۆ کاڵا سەرەکییەکان هەیە، بەڵام جێبەجێکردنی پێویستی بە هاوسەنگییەکی ورد لەنێوان ئاڵۆزییە جۆراوجۆرەکان هەیە، لەوانە هۆکارە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان.
بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەم پرسانە بە قووڵی، ئەمڕۆ چوار پانێڵستی بەڕێز لەگەڵمن. د.ئەحمەد یوسف ئەلجومەیلیمان هەیە لە تیمی سیاسی سەرۆکوەزیران؛ دکتۆر یەریڤان سەعید، بەڕێوەبەری دەستپێشخەری جیهانی کورد بۆ ئاشتی لە زانکۆی ئەمریکی لە واشنتۆن؛ دکتۆر ئەردەشیر پەشەنگ توێژەر و شارەزای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان؛ و، د. ئەحمەد نەقیب زادە، مامۆستای زانکۆی تاران..
بەو پێیەی ٤٠ خولەکمان هەیە بۆ ئەم باسە، پێشنیار دەکەم راستەوخۆ بچینە ناو باسەکە وکات بەفیڕۆ نەدەین.
مەریەم سەلمان: بەڕێز د. ئەحمەد ئەلجومەیلی، پڕۆژەی رێگای گەشەپێدان دەرفەتێکی بەرچاو بۆ داهاتووی عێراق دەڕەخسێنێت، لەگەڵ توانای گەیاندنی سوودی ئابووری بەرچاو بۆ وڵات بە گشتی. لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەت بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندییەکان چۆن سەیری ئەم پڕۆژەیە دەکەن؟ سەرەڕای ئەوەش، پێم باشە تیشک بخەنە سەر هەندێک دەستکەوتی ئەم دواییە لە پەرەپێدانی پڕۆژەکەدا تا ئێستا؟ لە کۆتاییدا، پێتوایە چ رێوشوێنێکی ستراتیژی پێویست بۆ دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی سەرکەوتووانەی دەستپێشخەرییەکی وەها فراوان گیراوەتەبەر؟
د. ئەحمەد ئەلجومەیلی: بە ناوی خودای بەخشندەی میهرەبان، سەرەتا دەمەوێت سوپاس و پێزانینی خۆمان پێشکەش بە ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو بکەین بۆ ئەم بانگهێشتە و رێکخستنی ئەم کۆڕبەندە و ئامادەکردنی ئەم پانێڵ و گفتوگۆ گرنگە لەبارەی پڕۆژەیەکی ستراتیژی گرنگ کە پڕۆژەی رێگای گەشەپێدانە.
ئەم پڕۆژەیە پرسیاری زۆر لەسەر چییەتی و پێکهاتەکانی و ئەو دەرفەتانەی کە دەیخاتە روو و ئەو بەربەستانەی کە رووبەڕووی دەبنەوە لەخۆ دەگرێت. ئەمەش ئەرکێک دەخاتە سەر شانی ئێمە وەک عێراقی، بە حکومەت و دامەزراوەکان و هێزە سیاسییەکان و دەستەبژیری کۆمەڵایەتی و رۆشنبیری بۆ جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە و بەرجەستەکردنی لەسەر ئەرزی واقیع بە شێوەیەک کە گەشەپێدان بێنێتە دی و پێگەی عێراق بەهێز بکات.
بێگومان لای هەمووان ئاشکرایە کە واقیعی ئابووری عێراق بە رێژەی نزیکەی 90٪ی پشت بە داهاتی نەوتی دەبەستێت، لەگەڵ ژێرخانێکی نیمچە تێکشکاو بەهۆی ئەو شەڕە بێ ئامانج و قەیرانانەی کە عێراق بە درێژایی ساڵانێکی زۆر پێیدا تێپەڕیوە. ئەمە سەرەڕای کێشەکان و دیاردەکانی گەندەڵی و بە فیڕۆدانی داهاتی گشتی و هەروەها کێشەکانی دیکە کە گرنگترینیان بێکارییە.
بەپێی نوێترین لێکۆڵینەوەکان، عێراق ساڵانە پێویستی بە زیاتر لە 350هەزار هەلی کار هەیە و هەمووان دەزانن کە ساڵانە نزیکەی ملیۆنێک کەس دەچنە بازاڕی کارەوە. بێگومان ئەمە وای لە حکومەت کردووە کە هەموو ئەم داتایانە لەبەرچاو بگرێت و لە بەرنامەی خزمەتگوزاریدا چارەسەر و پلانی ستراتیژی پێویست بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە دابنێت، ئەویش لە ئاستی ستراتیژی درێژخایەن بۆ بەدیهێنانی گەشەپێدانێکی بەردەوام.
بێگومان بیرۆکەی دروستکردنی بەندەری فاو و رێگای گەشەپێدان بیرۆکەیەکی نوێ نییە و لە هەشتاکانی سەدەی رابردووەوە بە ناوی جیاواز خراوەتە روو، بەڵام ئەوەی نوێیە ئەوەیە کە حکومەتی بەڕێز سودانی ئەم پڕۆژەیەی خستۆتە سەرووی ئەولەویەتەکانی، بە شێوەیەک کە کردوویەتی بە پاڵپشتێک بۆ گواستنەوەی ئابووری عێراق بۆ ئابوورییەکی فرەچەشن کە گەشەپێدانی بەردەوام مسۆگەر بکات.
بێگومان بابەتی گەشەپێدان و چۆنیەتی بەدیهێنانی پێویستی بە گۆڕینی فەلسەفەی ئابووری دەوڵەت هەیە، وەک هەمووان دەزانین، فەلسەفەی ئێستامان کێشەکانی وڵات چارەسەر ناکات و بگرە زیاتریان دەکات و قەیرانەکان لە لایەکی دیکەوە دروست دەبن. عێراق لە ساڵانی دواییدا سوپاس بۆ خودا سەقامگیری بەخۆیەوە بینیوە، ئەم سەقامگیرییە دوای سەرکەوتن بەسەر گرووپەکانی داعش بەدیهات وعێراقی کردە ژینگەیەکی گرنگ و سەرنجڕاکێشی وەبەرهێنان. بێگومان ئەم قسەیە بەبێ هۆکار نییە، چەندین کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی وڵاتانی کەنداو و ئەمریکا و رۆژئاوا دەستیان کردووە بە هاتنە ناو عێراق و بەدەستهێنانی ئەم دەرفەتە گەورانەی وەبەرهێنان.
ئەم بابەتە سیاسەتێکی دەرەکی بوو کە حکومەت پەیڕەوی کرد، ئەم سیاسەتە پشت بە یەکگرتنی بەرژەوەندییەکان و خستنەڕووی پرسی تەواوکاری ئابووری و تەواوکاری هەرێمی دەبەستێت و پشت بەستن بە بنەمای دیپلۆماسی بەرهەمدار و دوورکەوتنەوە لە سیاسەتی رووکەشی. عێراق هەوڵدەدات سیاسەتێکی هاوسەنگ پەیڕەو بکات، ئەم سیاسەتە زۆر دەرفەتی بۆ دەڕەخسێنێت و بەهۆیەوە چەندین قەیران و ئالنگاری تێدەپەڕێنێت. بێگومان لەم دیدەوە حکومەت دەستی کرد بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی رێگای گەشەپێدان.
ئەم پڕۆژەیە بە پێکهاتەکانییەوە تەنیا رێڕەوێکی شەمەندەفەر و رێگایەکی وشکانی نییە، بەڵکوو سەرەڕای ئەوەی ئەم رێڕەوە ماوەی نێوان ئاسیا و ئەورووپا لە نزیکەی 33 رۆژ بۆ نزیکەی 15 رۆژ کورت دەکاتەوە، لە هەمان کاتدا ئەم پڕۆژەیە شارۆچکەی پیشەسازی لەخۆدەگرێت. هەروەها، بەپێی ماستەرپلانی بەندەری فاو، بەندەرەکە شارێکی ئابووری لەخۆدەگرێت کە پلانی بۆ داڕێژراوە ببێتە یەکێک لە گەورەترین شارە ئابوورییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. جگە لەوەش گرێبەستێک بۆ دروستکردنی پاڵاوگەی فاو بە توانای پاڵاوتنی 150هەزار بەرمیل و 150هەزار بەرمیلی دیکە بۆ پیترۆکیمیاوییەکان و دروستکردنی پلاتفۆرمێکی جێگیر بۆ گاز هەیە.
هەموو ئەم کارانە بەهای ئابووری پڕۆژەی رێگای گەشەپێدان زیاد دەکەن. پڕۆژەی رێگای گەشەپێدان بەداخەوە پڕۆژەیەکە کە دەتوانم بڵێم لەڕووی میدیاییەوە بەپێی پێویست خزمەت نەکراوە. دەبینین زۆرێک هەوڵدەدەن ئاستی خواست و چاوەڕوانییەکانی ئەم پڕۆژەیە کەم بکەنەوە، بەڵام سوپاس بۆ خودا پڕۆژەکە لەسەر ئەرزی واقیع بە هەنگاوی راستەقینە دەستی پێکردووە و ئەگەر خودا بیەوێت لە داهاتوودا دەیبینین.
کۆمپانیای ئۆلیڤەر وایمن بەرپرسیارێتی دیزاینکردنی شارە پیشەسازییەکانی لەئەستۆگرتووە کە بەدرێژایی رێڕەوی رێگای گەشەپێدان درووست دەکرێت. بێگومان ئەم شارانە بە هەڕەمەکی دروست ناکرێن، بەڵکوو پشت بە کاروباری لۆجستیکی و بواری دیکە دەبەستن.
پڕۆژەی رێگای گەشەپێدان و رێڕەوە سەرەکییەکەی، بە رێڕەوی لاوەکی دیکەش پەیوەست دەبن و هیچ پارێزگایەک بەدەرناکرێت لەم پڕۆژەیە. جگە لەوەش پڕۆژەی پەیوەندی و تەواوکاری لەگەڵ وڵاتانی هەرێمی دیکە دەخاتەڕوو، بەمەش پرۆژەیەکە دەرفەتی وەبەرهێنانی راستەقینە بۆ وەبەرهێنەران و کۆمپانیا ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان دەڕەخسێنێت.
بێگومان پڕۆژەکە ئێستا لە قۆناخی دیزاینکردن و خوێندنەوەی وردی دیکە و ئامادەکردنی نموونەی ئابووری و دارایی دایەو تاوەکوو ئێستا رێژەیەکی باشی ئەم قۆناخە جێبەجێکراوە. بۆ نموونە خشتەی ئابووری بە ڕێژەی 100٪ تەواو بووە، دیزاینی سەرەتایی بۆ پلانەکانی هێڵی شەمەندەفەر و رێگای وشکانیش بە رێژەی 100٪ تەواو بووە. چووینەتە قۆناخی دیزاینی وردەوە و پڕۆژەی شەمەندەفەر گەیشتووەتە 64٪ و رێگا وشکەکانیش گەیشتووەتە نزیکەی 60٪.
هەروەها، بەندەری فاو پلانی بۆ داڕێژراوە کە لە کۆتایی ئەمساڵ تەواو ببێت. پێنج رەسیفەکە بە رێژەی 100٪ تەواو بوون، رێگای بەستتنەوەی نێوان فاو و بەندەری موقەسەر رێژەی جێبەجێکردنی گەیشتووەتە 96٪، کەناڵی کەشتیوانی 81٪، گۆڕەپانی کۆنتێنەرەکان 84٪، تونێلی ژێر ئاویش لە قۆناخی جێبەجێکردن و تەواوبووندایە.
حکومەت خەریکی دەرکردنی یاسایەکی تایبەتە بۆ وەبەرهێنان لە بەندەری فاو و رێگای گەشەپێدان. ئەم یاسایە دەبێتە ئامراز و دۆکیومێنتێکی یاسایی بۆ کۆمپانیا و ئەو وەبەرهێنەرانەی کە لە عێراق وەبەرهێنان دەکەن. هەروەها، پرۆژەیەک هەیە بۆ ئامادەکردنی خوێندنەوەیەک بۆ دامەزراندنی دەستەیەکی جێبەجێکار کە سەرپەرشتی و بەڕێوەبردنی پڕۆژەکە بگرێتە ئەستۆ.
لەڕوویەکی دیکەوە، بەڕێز سەرۆکوەزیران راسپاردەی داوەتە فەرماندەیی هێزە هاوبەشەکان بە هەموو جۆرەکانییەوە بۆ ئامادەکردنی پلانێکی ئەمنی گشتگیر و تەواو بۆ پاراستنی ڕێگای گەشەپێدان. زیاد لەوەش لە سەرەتاوە لیژنەی باڵای رێگای گەشەپێدان پێکهێنرا کە بەڕێز سەرۆکوەزیران سەرۆکایەتی دەکات.
پڕۆژەی رێگای گەشەپێدان وەک گوتمان تەنیا رێڕەوێکی شەمەندەفەر و وشکانی نییە، بەڵکو رێڕەوی دیکەی تێدایە وەک رێڕەوی وزە واتە نەوت و گاز، هەروەها رێڕەوێکی دیکە بۆ پەیوەندییەکان واتە کەیبڵی رووناکی و هتد. بێگومان ئەم پڕۆژەیە بە شارە نیشتەجێبوونەکانی و ئابوورییەکانییەوە هەزاران هەلی کاری نوێ دەڕەخسێنێت.
بەپێی ژمارەکانی وەزارەتی بازرگانی، عێراق ساڵانە کاڵا و کەلوپەل بە بەهای ٧٠ ملیار دۆلار هاوردە دەکات. ئەگەر بە ویستی خودا شارە ئابووری و پیشەسازییەکان تەواو بن و ئەم کارگانە دامەزرێندران، عێراق بەشێکی زۆری پێداویستی بازاڕی نیوخۆ دابین دەکات و بەشەکەی دیکەش هەناردەی وڵاتانی جیهان دەکات.
پڕۆژەی رێگای گەشەپێدان، بەشە تایبەت و گرنگەکەی ئەوەیە کە دەرفەتێکی راستەقینە بۆ کەرتی تایبەت دەڕەخسێنێت. کەرتی تایبەت لە عێراق کەرتێکە دەستی کردووە بە گەشەکردن و سەرهەڵدان، هاندانێک لە لایەن دەوڵەتەوە هەیە و گەرەنتی سەروەری هەیە بۆ یەکەمجار و یاسای دیکەش هەیە کە کاری وەبەرهێنان ئاسان دەکەن.
هەروەها، کەرتی ئابووری لەبەردەم دەرفەتێکی راستەقینەدایە بۆ هاوبەشی و سەرمایەگوزاری کە پێکهاتەکانی رێگای گەشەپێدان دەیخەنە روو. رێگای گەشەپێدان لەسەر ئاستی ستراتیژی درێژخایەنە، هەندێک دەڵێن کە رێگای گەشەپێدان هیچ شتێک بەدەست ناهێنێت لەبەرئەوەی تێڕوانینی باو بۆ ئەم پڕۆژەیە ئەوەیە کە تەنیا رێگایەکە بۆ تێپەڕینی کاڵاکان، بەڵام وەک هەموان دەزانن بابەتەکە ئەوەی تێپەڕاندووە کە تەنیا پرسی ئەوە بێت کەوا ئەم رێگایە داهاتی دەبێت. ئیستاش، سەرەڕای ئەو بارودۆخ و لێکەوتانەی کە لە ناوچەکەدا بەهۆی شەڕی غەززەوە روویان داوە، بەڵام حکومەتی عێراق پەیوەندی بە بانکی نێودەوڵەتییەوە کردووە بۆ خێراکردنی خستنە بواری جێبەجێکردنی رێگای گەشەپێدان.
لە قۆناغی یەکەمدا بە پشتبەستن بە پڕۆژەی هێڵی شەمەندەفەری کۆن کە ئێستا هەیە و بەسرە و موسڵ بە یەک دەبەستێتەوە، بە پشتیوانی دارایی بانکی جیهانی تەنیا نوێکردنەوەی بۆ دەکرێت. بەندەری فاو بە شاری شوعەیبە دەبەسترێت و هەروەها شاری موسڵیش بە فیشخابوور لەسەر سنووری عێراق-تورکیا دەبەسترێت. ئەمە بەکورتی سەبارەت بە بابەتی رێگای گەشەپێدان، سوپاس.
مەریەم سەلمان: زۆر سوپاس دکتۆر ئەلجومەیلی. ئەو دەستکەوتانەی تا ئێستا لە پێشخستنی پڕۆژەکەدا بەدەست هاتوون، جێگەی دڵخۆشییە.
ئێستا حەز دەکەم بڕۆمە لای دکتۆر یەریڤان. دکتۆر یەریڤان، وەک دکتۆر ئەلجومەیلی باسی کرد، پێشکەوتنی بەرچاو لە پێشخستنی پڕۆژەکەدا بەدەست هاتووە، بەڵام لەگەڵ جۆرە دەستپێشخەرییەک بەم قەبارەیە، چەندین بابەتی سیاسی و ئابووری هەن کە دەبێت بە وردی رەچاوبکرێن. هەندێک لە شرۆڤەکاران پێشنیاری ئەوە دەکەن کە پڕۆژەکە دەتوانێت ببێتە رکابەری دەستپێشخەری پشتێن و رێگاکانی چین یان تەنانەت تۆڕەکانی دیکەی ژێرخان لە کەنداو؛ بەڕای ئێوە، چ پێوەرێکی سەرەکی دەبێ بکرێتە ئامانج بۆ دڵنیابوون لە بەدیهێنانی سەرکەوتووانەی ئەم پڕۆژەیە بەپاراستنی هاوسەنگی لە نێوان هۆکارە سیاسی و ئابوورییە ئاڵۆزەکاندا؟
د. یەریڤان سەعید: سوپاس. بەڕاستی بۆ من جێگەی خۆشحاڵییە کە لێرەم. هەروەها بانگهێشتنامەکە بەرز دەنرخێنم و سوپاسی پانێڵستە بەڕێزەکان دەکەم.
گفتوگۆی ئەمڕۆ هەروەکو د. ئەحمەد ئەلجومەیلی ئاماژەی پێدا لە دەوری سوودەکانی رێگای گەشەپێدان دەسوڕێتەوە- کاریگەرییە گریمانەییەکانی لەسەر ئابووری و ئاسۆکانی داهاتووی عێراق. بەڵام بۆ ئەوەی پڕۆژەیەکی گەورەی بەم قەبارەیە سەرکەوتوو بێت، دەبێت چەند هۆکارێکی گرنگ لەبەرچاو بگیرێن.
سێ لایەنی سەرەکی هەن کە پێویستن بۆ سەرکەوتنی پڕۆژەیەکی چەند ملیار دۆلاری وەک ئەمە:
سەقامگیری سیاسی – بەبێ ژینگەیەکی سیاسی سەقامگیر، پڕۆژەکانی ژێرخانی درێژخایەن رووبەڕووی مەترسییەکی بەرچاو دەبنەوە.
وەبەرهێنانی بیانی – توانای راکێشانی وەبەرهێنەرانی نێودەوڵەتی زۆر گرنگە بۆ دابینکردنی بودجە و بەردەوامبوونی دەستپێشخەرییەکی وەها گەورە.
توانای ئابووری – مومکین بوونی گشتی پڕۆژەکە، لەوانەش کاریگەرییەکانی لەسەر بازرگانی جیهانی و کاریگەریی تێچوون، دیاریی دەکەن کە ئایا ئامانجە مەبەستدارەکانی بەدەست دەهێنێت یان نا.
ئەم پرۆژەیە پرۆژەیەکی گەورەیە- رێڕەوی بازرگانی جیهانی بەڕێژەی 10-15% لە کەناڵی سوێزەوە لادەدات و رێڕەوەکەی بەرەو عێراق ئاڕاستە دەکات، ئەمەش کاتەکانی گەیاندنی کاڵاکان کە لە چینەوە هەناردەی ئەوروپا دەکرێن بە شێوەیەکی بەرچاو کەمدەکاتەوە بە شێوەیەک کە لە 30-50 رۆژەوە کەم دەبێتەوە بۆ نزیکەی 12-18 رۆژ.
بەڵام ئەم پڕۆژەیە لە ناوچەیەکی ناجێگیری مێژووییەوە سەرچاوەی گرتووە- ناوچەی بەسرەی عێراق- کە لە مێژە خاڵی ململانێکان بووە، لەنێویاندا بۆنمونە لە کاتی شەڕی نێوان ئێران و عێراقدا. سەرەڕای ئەوەش، پەیوەندییە ئاڵۆزەکانی عێراق لەگەڵ کوەیت زیاتر شتەکان ئاڵۆزتر دەکات چونکە کوێت لەڕێڕەوی پڕۆژەکە ناڕازییە. بە هەمان شێوە ئێران کە رێگای بازرگانی وشکانی خۆی لە رێگەی بەندەر عەباسەوە هەیە و پەرە بە بەندەری چابەهار دەدات بۆ ئەوەی رکابەری جەبەل عەلی لە ئیمارات بکات، بە تەواوی پشتیووانی لەم پڕۆژەیە ناکات.
لە دەرەوەی رکابەرییە ناوچەییەکان، ئاسایش وەک نیگەرانییەکی سەرەکی دەمێنێتەوە. لە باکوورکە ئەوشوێنەیە رێگای گەشەپێدان کۆتایی پێدێت، ململانێکان بەردەوامن، بەتایبەتی لەنیوان تورکیا وپەکەکە، لەکاتێکداعەبدوڵڵا ئۆجەلان سەرۆکی پەکەکە لەم دواییانەدا داوای کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری کرد کە ئەمە ئەتوانێت سوود بەپڕۆژەک بگەیەنێت. هەرێمی کوردستانیش لەم پرۆژەیەدا هێشتا هەست بەپەراوێزخراوی دەکات .
بە سەیرکردنی رێڕەوی پڕۆژەی رێگای گەشەپێدان، کە لە بەسرەوە دەست پێدەکات، بە زوبەیردا تێدەپەڕێت، پاشان بە چەند پارێزگایەکی زۆرینە شیعەدا دەڕوات، لەوانە دیوانیە، ناسریە، نەجەف، حلە و بەغدا، پێش ئەوەی بگاتە موسڵ. لەبری ئەوەی رێگایەکی راستەوخۆ و کاراتر لە دهۆکەوە بگرێتەبەر و لە رێگەی دەروازەی سنووری فیشخابورەوە بچێتە ناو تورکیا، بەرەو تەلەعفەر و رەبیعە دەڕوات و پاشان دەگاتەوە ناوچەی سنوری نێوان عێراق و تورکیا- فیشخاپوور. ئەمەش هەندێک نیگەرانی لەبارەی دیزاینی پڕۆژەکە درووست کردووە بەتایبەتی لە هەرێمی کوردستان و کوەیت کە هەست بە پەراویزخراوی دەکەن.
جگە لەوەش عێراق رووبەڕووی ئاستەنگی توندی حوکمڕانی و ئەمنی دەبێتەوە. وڵاتەکە پارچە پارچە بووە، وە گروپە میلیشیا جۆراوجۆرەکان بوونیان هەیە کە ئاڵنگاریان لەبەردەم سەربەخۆی دەسەڵاتی عێراق درووستکردووە. هەروەها لەم بابەتەشدا کاریگەرییان دەبێت چونکە زۆرجار کێبڕکێ لەسەر سەرچاوە و گرێبەستەکان دەکەن. پڕۆژەی ریگای گەشەپێدان بە لەبەرچاوگرتنی قەبارەکەی، بێگومان سەرنجی بەرچاو بۆ خۆی رادەکێشێت، لەوانەش گەندەڵی و بەرتیل بەشێک ئەبن لەمە. هەروەک دکتۆر باسی پڕۆژەی فاوی کرد کەلە قۆناخە سەرەتاییەکاندایە و چەندین ساڵ تێپەڕیووە داوای ئەوەی لەساڵی ٢٠١٣ دەستی پێکرا، بەڵام ئیستا ٢٠٢٥ و هێشتا تەواو نەبووە. هەروەها، رووبەڕووبوونەوە و کیبڕکییەکی زۆر لەنێوان عەسایبی ئەهلی حەق و لایەنەکانی تری باشوور لەسەر گرێبەستەکانی بەندەری فاو هەیە، کە ئەمانەش بوونە هۆکاری وەستانی کاروبارەکانی بەندەری گەورەی فاو. وەکو دەڵێن توندوتیژی سیاسی و کەسیش هەبووە، هەروەکو یەکێک لە بەڕێوەبەرەکانی کۆمپانیا کۆرییەکە کە بەرپرس بوو لە بنیاتنانی بەندەری فاو کوژرا.
گەندەڵی یەکێکی ترە لە ئاستەنگە گەورەکان؛ عێراق لەڕیزبەندی 140هەمین وڵات لە کۆی 180 وڵات لە پێوەرەکانی گەندەڵی جیهانیدا شوێنی خۆی گرتووە، ئەمەش بەشێوەیەکی بەرچاو وەبەرهێنانی بیانی بێهیوا دەکات. هەرلە سەرەتاوە لە پرۆسەی توێژینەوەی بەردەست لەسەر رێگەی گەشەپێدان شەفافیەتی نەبوو- سەرەڕای رەخنەکان لەسەر هەڵبژاردنی و گومان لە شارەزاییەکەی لە مامەڵەکردن لەگەڵ پڕۆژەیەکی بەم قەبارەیە، پڕۆژەکە درا بە کۆمپانیایەکی ئیتاڵی بەناوی پی ئی جی.
بەردەوامی سیاسەت هۆکارێکی دیکەی چارەنووسسازە. پێکهاتەی دەسەڵاتی عێراق پارچە پارچە بووە و هەر سەرۆکوەزیرانێک کە بە سەرکەوتوویی ئەم پڕۆژەیە بەرەو پێشەوە ببات، کاریگەرییەکی سیاسی بەرچاو بەدەست دەهێنێت. بەڵام ئەو پرسیارەکەی کە ماوەتەوە ئەوەیە کە ئایا سەرۆکوەزیرانی عێراق سودانی دەتوانێت پاڵپشتی لایەنە سیاسییەکان و رەزامەندی پەرلەمان بۆ دابینکردنی بودجەی پێویست دەستەبەر بکات؟ تا ئێستا هیچ بودجەیەک بۆ تەنانەت قۆناخە سەرەتاییەکانی پڕۆژەکە تەرخان نەکراوە.
مەریەم سەلمان: زۆرباشە دکتۆر یەریڤان، چەند خاڵێکی سەرنجڕاکێشتان وروژاند کە وام لێدەکەن رووی پرسیارەکانم بکەمە دکتۆر ئەردەشێر. پڕۆژە بەرفراوانەکانی وەک ئەم پڕۆژەیە لە عێراق زۆرجار رەخنەیان لێدەگیرێت کە بەهۆی ناسەقامگیری سیاسی و پرسە ئەمنییەکانەوە ئاستەنگیان دێتەبەرو لەبری ئەوەی گەشەی ئابووری بەرەوپێش ببەن، زۆرجار رووبەڕووی دواکەوتن و ئاستەنگ دەبنەوە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەم ئاڵنگاریانە، ئایا تۆ پیتوایە کە ئەم جۆرە پڕۆژانە دەگەن بە ئامانج ومەبەستەکانیان؟ سەرەڕای ئەوەش، وەک دکتۆر یەرێڤان ئاماژەی پێکرد، پەراوێزخستنی هەرێمی کوردستان نیگەرانی زیاتر دەوروژێنێت.
د. ئەردەشیر پەشەنگ: سڵاو و رێز بۆ ئامادەبووان. سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە و بۆ پرسیارەکەت. دەمەوێت باس لەوە بکەم کەوا بۆچی جیۆپۆڵەتیکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کەوا ئێمە شایەتی شەڕ و قەیرانەکانین کاریگەری لەسەر ئایدۆلۆژیا و کەمینە ئیتنییەکان هەیە. ئێستا ئێمە شایەتی زەمەنێکین کە قەیران و کێبڕکێ لەسەر کۆریدۆرەکان دەستیپێکردووە.
لێرەدا دەمەوێت هەڵوەستە لەسەر چەند تەوەرێکی سەرەکی بکەم: یەکەمیان بۆچی لە رۆژهەڵاتی نێوەراستدا پرۆژەیەکی وەک رێگەی گەشەپێدان لەجیاتی ئەوەی ببێتە هۆی نزیکبوونەوەی دەوڵەتەکان و ببێتە مایەی ئاشتی و سەقامگیری، دووبارە دەبێتە هۆی قووڵکردنەوەی قەیرانەکان یاخود سەرهەڵدانی قەیرانی نوێ و جیاواز؟
دووەمیان، پێگە و دۆخی دوو ئەکتەری تەواو جیاواز لە ناوچەکەدا کە ئەوانیش کۆماری ئیسلامی ئێران و حکومەتی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییشیان پێکەوە هەیە،. بەدڵنیاییەوە ئەمەش کاریگەری لەسەر کۆریدۆرەکان دەبێت.
سێیەمیان، ئایا پرۆسەی ئاشتەوایی و چارەسەریی ئیمپرالی دەبێتەهۆی ئەوەی کەوا گۆڕانکاری لە پرۆژەی رێگەی گەشەپیدان بهینێتە ئاراوە، بەتایبەتیش لەرێگەی موسڵەوە و بەنێو هەرێمی کوردستاندا تێپەڕ بێت؟
هەروەها، ئێران و حکومەتی هەرێمی کوردستان چۆن دەتوانن ئامادەیی و هاوکارییان هەبێت بۆ ئەم رێگە و کۆریدۆرە جیاوازانەی کەوا لەم ناوچەیەدا دەستیپێکردووە؟
ئێمە لە سکووڵی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، بەشێکمان هەیە لەسەر رەگەزی لیبراڵیزم کەوا باس لە هاوکاری دوو یان چەند وڵاتێک دەکات کە چۆن هاوبەشی ئابووری یارمەتیدەر دەبێت بۆ هاوبەشی وپەیوەندی سیاسی و ئەمنی. بۆ نموونە لێرەدا یەکێک لە باشترین هاوبەشییەکان لە 1945 دا هاوکارییەکانی شەش وڵاتی ئەورووپایی بوو کە تاوەکو 1957 بەردەوام بوو و دواتر گۆڕدرا بۆ یەکێتی ئەورووپا، بەڵام لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئێمە شایەتی ئەوە نین، وەکو پێشتر ئاماژەتان بۆ کرد دۆخەکە بەوشیوەیە نییە و لێرەدا تەنیا ئاماژە بە هێڵە سەرەکییەکان دەکەم. وەک جیاوازی جیوپۆڵەتیک لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، جیاوازی ساختەکاریی مێژوویی لە رۆژهەڵاتی نیوەڕاست و قەیرانی ئایدۆلۆژی کە تاوەکو ئێستاش بەردەوامە چ لەسەر مەزهەب یان لەسەر ئیتنی و ناسیۆنالیزمی تورکی، عەرەبی و ئێرانی و ناسیۆنالیزمی کوردیش بێت. بێشک تاوەکو ئێستا کێبڕکێیەکی پڕ لە قەیران بووە و چارەسەر نەکراوە و بووەتەهۆی لاوازبوونی حکومەتەکان.
هەروەها، ئەگەر لە یەکێتی ئەورووپا بڕوانین زۆربەی وڵاتەکان لەکاتی دەیەی ساڵانی 1940 و 1950 کاندا دەوڵەتی دیموکرات بوون و رێژەی دیموکراسی تیایاندا جیاواز بووە، بەڵام ئێمە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست جیاوازییەک دەبینین کەوا حکومەتەکان لیرە چۆن بوون و تاوەکو چەند جیاوازبوون.
ئەم حکومەتانەی ئێرە پڕن لە کێشەی نێوخۆیی و بەردەوامی دیکتاتۆری لەم ناوچەیەدا. لە هەمان کاتدا پرسێکی دیکە نەبوونی ئەو سەرکردانەن کەوا بتوانن لەکاتی پێویست بیرێکی هاوبەشیان هەبێت بۆئەوەی هاوکارییەکان بکەنە هاوبەشی ئابووری و کەمکردنەوەی کێشەکان. کاتێک ئەمانە نین هەمووان دەبینین کەوا رۆژهەڵاتی نیوەڕاست جیاواز دەبێت لە ناوچەکانی دیکە. پرۆژەکانی رێگەوبانەکان لەگەڵ کۆریدۆرەکان لەجیاتی ئەوەی ببێتە مایەی کەمکردنەوەی کێشەکان بووەتەهۆی نوێکردنەوەی کێشەکان.
لەپرسی دووەمدا، جێگە و پێگەی دوو ئەکتەر، کە یەکێکیان لایەنێکی فەرمی و کۆنە وەک کۆماری ئیسلامی ئێران، هەروەها ئەوەی دیکەیان نموونەیەکی نوێ لە رۆژهەڵاتی نێوەراست کە حکومەتی هەرێمی کوردستانە لە عێراقی فیدراڵ. ئەگەر ئاماژەیەک بە هەشت کۆریدۆری ستراتیژی بکەین کەوا ئێستا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەن و لە چینەوە دەستپێدەکات ئەوا بریتین لە: رێگەی ئاسنینی ئاوریشم کە لە چینەوە دەستپێدەکات و بەنێو قیرقیزستاندا و دواتریش لە رووسیاوە دەگاتە ئەورووپا. دووەمیان، رێگەی دەریایی ئاوریشمە کە ئەمیش لەچینەوە دەستپێدەکات و بەناو خاکی ئێران، تاڕادەیەک عێراق و هەرێمی کوردستان دا دەڕوات. رێگەیەکی دیکەیان ئەوەیە بە هیندستان ومیسر و ئیمارات و جیبۆتییەوە بۆ ئەورووپا دەڕوات و پێکەوە ئەم وڵاتانە گریدەدات. رێگەیەکی دیکە کە لە هیندستان، قەتەر و ئیمارات و تورکیا و سووریاوە دەڕواتەوە بۆ ئەورووپا.
پێنجەمیان رێگەی شین کەوا لە ئەفغانستان، کازاخستان، قیرقیزستان، تورکمانستان و ئازەربایجانەوە دەڕواتە تورکیا و لەوییەوە بۆ ئەورووپا. شەشەمیان کۆریدیۆری ئایدمەک کەوا لەڕێگەی هیندستان، ئیمارات و سعودیە ، ئوردن و ئیسرائیل دەڕواتەوە بۆ ئەورووپا، لێرەدا دەمەوێت ئاماژە بەوەبکەم کەوا یەکێک لە هۆکارەکانی 7ی ئۆکتوبەر بۆ دژایەتی ئەم رێگەیە بووە کە ئیسرائیل و دەوڵەتانی عەرەبی بەهیندستانەوە دەبەستەوە. دواهەمینیان رێگەی گەشەپپێدانە کە بە کەنداو و ئیمارات و، قەتەرەوە دەڕوات وعێراق بە هەردوو بەشی سوننە و شیعەوە لەگەڵ تورکیا پێکەوە گرێدەدات.
دەبینین لە هەموو رێگەکاندا و لەو هەشت کۆریدۆرەی ئاماژەم بۆ کرد، ئەکتەرێکی کۆنی وەک ئێران و ئەکتەرێکی نوێ وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان تەنیا لە یەک کۆریدۆردا پشکێکی زۆر زۆر کەمیان هەیە و لە تەواوی ئەوانی دیکەدا هیچیان نابێت. لێرەوەیە کێشەکان دەردەکەوێت، چونکە ئێران هێزێکی ناوچەیی و ئەکتەرێکە کەوا وڵاتانی زلهێزی جیهان حەزبە زیادبوونی هەژموونییەکەی لەنێو رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ناکەن و تەنانەت وڵاتانی ناوچەکەش وەک تورکیاش دژی ئەون یان پاریزبەندییان لەگەڵ ئێران هەیە وەک نموونەی ئەو گۆڕانکارییەی ساڵی رابردوو لە سووریا روویداوە و هاتنی ئەحمەد شەرع کە هاوپەیمانێکی ستراتیژی ئێرانی دەرپەڕاند و کەنارخست. هەموو ئەمانەش وایکردووە کەوا ئێران ببێتە ئەکتەرێکی پەراوێزخراو لەو پرۆژانەدا و جێی بهێڵن.
هەرێمی کوردستان ئەکتەرێکی نوێ و گرنگە لە پرسەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە پشکی ئەویش زۆرنییە، سەرەڕای هەبوونی گوشارەکان لەسەر هەرێمی کوردستان. لەکۆتاییدا، رەوش و دۆخی ئەم دوو ئەکتەرە لەم ناوچەیەدا جیاوازە و هەربۆیەش دەتوانین بێژین پرۆژەکانی کۆریدۆر دژ بە ئێران و دژ بە هەرێمی کوردستانن.
مەریەم سەلمان: لەلایەن رووداو ەوە ئاگادارکرامەوە کە چاوپێکەوتنێکی گرنگمان لە دوای ئەم پانێڵە هەیە، بۆیە تەنیا پێنج خولەکمان ماوە بۆ کۆتاییهێنان بە پانێڵەکەمان. بۆیە پێویستە بە خێرایی بچمە لای دکتۆر ئەحمەد نەقیب زادە. سوپاس
مەریەم سەلمان: د. ئەحمەد نەقیب زادە، دەمەوێت لێتان بپرسم پانێلیستەکانی دیکە پێشتر باسیان لە پێداویستییە سەرەکییەکان بۆ جێبەجێکردنی سەرکەوتووانەی ئەم پرۆژانەی کۆریدۆرەکان کرد، بەتایبەتی سەبارەت بە کەشوهەوای سیاسی و ئەمنی ناوچەکە. هەروەها ئێمە دەستپێشخەرییە دیپلۆماسییەکان و گەشەسەندنی ئارزووی وەبەرهێنەران بۆ ئەم جۆرە پڕۆژانە دەبینین. ئایا دەتوانیت تیشک بخەیتە سەر هەندێک لەو پێوەرە سەرەکییانەی کە پڕۆژەیەکی وەک ئەمە پێویستە لەبەرچاوی بگرێت بۆ راکێشانی سەرنجی وەبەرهێنەران؟ سەرەڕای ئەوەش، سەبارەت بە داهاتووی پڕۆژەکانی دیکەی کۆریدۆر لە ناوچەکەدا، چ هەنگاوێک پێویستە بۆ دڵنیابوون لە سەرکەوتنیان و جێبەجێکردنیان ؟
د. ئەحمەد نەقیب زادە: سوپاست دەکەم و سڵاوم بۆ ئامادەبووانی بەڕێزهەیە.
من چەند خاڵێکم هەیە. لەراستیدا هاوڕێیان ئاماژەیان بە پڕۆژە جیاوازەکان کرد، بەڵام من خۆم زۆر رەشبینم. دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست زۆر خراپە، هاوشێوەی دۆخی بەڵکان لە سەرەتاکانی جەنگی جیهانی یەکەمدا، دەقاودەق بە هەمان ئەوهۆکارانەوە.
هەتا ئەو کاتەی لەم ناوچەیەدا کێشەکانی پەیوەست بە ناسنامە جیاوازەکانی نەتەوەیی، کولتووری و زمانی چارەسەر نەکەین، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەر شوێنی قەیران دەبێت. بەم هۆکارەیە کە من پێموایە هەتا کاتێک کێشەی ناسنامە جۆراوجۆرەکانی نەتەوەیی، زمانی و کولتووری چارەسەر نەکرێت، ئەم ناوچەیە هەر وەک شوێنێکی ئامادە بۆ ناکۆکی دەمێنێتەوە.
لەوانەیە لە رابردوودا ئەم جۆرە رێگایانە گونجاو بووبن. بۆ نموونە لە سەدەی شانزەی زایینی دا سەفەوییەکان لە ئێران بە زۆر خەڵکیان کردە شیعە؛ هاوکات لویسی چواردەیەم لە فەرەنسا هەمووانی ناچار کرد کاسۆلیک بن و تەنانەت زمانی دەرباری بەسەر کۆمەڵگەدا سەپاند. بەڵام ئەمڕۆ شتی وا چیتر گونجاو نییە و سەر بە رابردووە.
کەواتە، ئەم گۆڕانکارییانە جیددین و دەوڵەتەکان دەبێت قبووڵی بکەن کە سیاسەتی وا چیتر کردەنی نین. لەڕاستیدا، دەوڵەتەکان دەبێت دۆخی ئەم کەمینانە یان لەڕێگەی ئازادی و دیموکراسییەوە چارەسەر بکەن یان بەڕێگای دیکە وەڵام بدەنەوە. هەتا ئەو کاتەی کێشەی وا چارەسەر نەکرێن، هیچ پلانێکی درێژخایەن لەم ناوچەیەدا سەرناگرێت.
کێشەیەکی دیکە ئەوەیە کە ئەم دەوڵەتانە بەگشتی بۆ داپۆشینی قەیرانی رەوایی ناوخۆیی، روو دەکەنە دەستوەردانی دەرەکی و دەبنە هۆی قوڵبوونەوەی قەیرانەکان.
هەتا ئەم کێشانە چارەسەر نەکرێت، ئێوە دڵنیا بن، هیچ نەخشەیەکی قووڵ، نەخشەیەکی دروست لەم ناوچەیەدا جێبەجێ ناکرێت. هەر ئێستا هاوڕێیان باسیان لە پڕۆژەکان کرد کە تێیدا هەندێک لە ئەکتەرەکانی ناوچەکە وەلاوە دەنێن. ئێوە پێتان وایە ئەوانەی وەلاوە دەنرێن، بۆ نموونە بەبێدەنگی دادەنیشن؟ یان ئەم خۆگەورە بینییانەی کە هەیانە. سەرۆککۆماری ئەمریکا گوتوویەتی دەمانەوێت بێینە غەززە و غەززە داگیر بکەین. بەڵام خۆ ئەوە چەندەی قسەیەکی بەلاش بێت، ئەمریکا توانای کردەیی ئەم کارەی هەیە. هەروەکو چۆن بەڕێز داوود ئۆغلو کە کەسایەتییەکی ئەکادیمییە، گوتوویەتی ئەمە هی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بووە و ئەمە دەگاتە تورکیا، هی تورکیایە.
ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لە کوێوە هاتووە؟ بۆچی بەسەر ئەم سەر زەویانەدا زاڵ بووە؟ ئاخر ئەم قسە زێدەڕۆیانەی کە لە ئێرانەوە، لە تورکیاوە، پێشتریش لە عێراق، لە لیبیاوە دەیانبیستین، ئەمانە لە کوێوە دێن؟ لەڕاستیدا دەبێت ریشەکانی ئەم قسانە وشک بکەین. یەکێک لە هۆکارەکان ئەوەیە کە دۆخی ئەو کەمینانەیە کەوا لەم ناوچانەدا هەن، هەندێکیان لەڕێگەی ئازادی و دیموکراسییەوە چارەسەر دەکرێن، بەڵام هەندێک لەمانە بۆ خۆیان یەک نەتەوەن.
ئێوە ئەگەر بتانەوێت ناتوانن فەلەستین لاببەن و وەلاوەی بنێن یان بتانەوێت لەناوی ببەن، چونکە ئاگری جەنگ لەم ناوچەیەدا بەرپا دەبێت. هەموو دەسەڵاتخوازانی ناوچەکەش دەکەونە هەوەسی ئەوەی کەڵک لەم کێشەیە وەربگرن، بۆ ئەوەی سەرپۆش بخەنە سەر نەبوونی رەوایی خۆیان لە ناوخۆی وڵاتەکەیاندا.
کوردەکان یەک نەتەوەن. ئەویش چ جۆرە نەتەوەیەک! نەتەوەیەک کە بە تەواوی لەگەڵ ئەو پێناسەیەی لە شۆڕشی فەڕەنسادا هەبووە گونجاوە. واتە هیچ یەک لە نەتەوەکانی ناوچەکە، خاوەنی ئەو تایبەتمەندییانە نین کە ئەوان[کورد] هەیانە. مێژووی هاوبەشیان هەیە، کولتووری هاوبەشیان هەیە، هونەری هاوبەشیان هەیە، جلوبەرگی هاوبەشیان هەیە. بەڵام لە دوای ئیمپراتۆریەتی عوسمانی هاتن ئەمانەیان لە نێوان تورکیا، ئێران پارچە پارچە کرد. نازانم. هەڵبەت پێشتر لە ئێران ئەوان هەر هەبوون. لە کۆندا دامەزرێنەری شاهەنشایی ئێران بوون. عێراق و هتد... ئێستا مادام گەلی کورد داوای یەکسانی دەکات وەک ئەوەی کە کوردەکانی تورکیا گوتیان، یان بە خۆبەڕێوەبەری رازی دەبن، دەبێ دەوڵەتانی ناوچەکە دەستیان ماچ بکەن. چونکە ئەوان زۆر بە ئاسانی دەتوانن داوای وڵاتێکی سەربەخۆ بکەن. چ پەیوەندییەکی بەوان هەیە کە سایکس-پیکۆ بێتە ئێرە ولە جیاتی ئەوان بڕیار بدات.
دەمەوێت بڵێم کە قەیرانەکان قووڵ و ریشەیین و لە هەموو ئەمانەش خراپتر، ئەوەیە کە وەهمی توندوتیژی لە سەرتاسەری ناوچەکەدا بڵاوە. ئێوە پێتان وایە هەر ئەم کۆریدۆرەی کە ناوی دەبەن کە لە بەسرەوە بڕوات بۆ تورکیا، بۆ نموونە بۆ تێکدانی چەندە خەرجی پێویستە؟ تەنیا دوو نارنجۆک پێویستە کە فڕێی بدەنە ئەم لا و ئەو لای، دواتر رێگاکە دادەخرێت. کەواتە تەنیا بە رەزامەندی خەڵکی ناوچەکە دەتوانن ئەم کارە ئەنجام بدەن.