چالاکی

رەوشی گەنجانی کارساز و دەستپێشخەریی بۆ بازرگانی بچووک لە هەرێمی کوردستان

25-05-2023


ئا: ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو

رۆژی چوارشەممە، 24ی ئایار 2023 ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو و فایڤ وەن لابس بە بەشداریی ژمارەیەك گەنجی کارساز، خاوەن بازرگانی بچووک و مامۆستایانی زانکۆ و شارەزایان، مێزگردێکی داخراویان بەناونیشانی"بەهێزكردنی بازرگانی؛ ستراتیژی و رێكارەكان  بۆ گەشەپێدانێکی بەردەوام لە هەرێمی کوردستان" لە هەولێر بەڕێوەبرد.

لە مێزگردەکەدا گفتوگۆ لەسەر سێ تەوەری سەرەکی پەیوەست بە گەنجانی کارساز و رەوشی بازرگانی بچووک کرا، ئەوانیش: ژینگەی بازرگانی بچووک "دەستپێشخەری بازرگانی" لە هەرێمی کوردستان، چۆنیەتی درووستکردنی دەرفەت بۆ گەنجان بۆ دامەزراندنی بازرگانیی بچووک و چۆنیەتی درووستکردنی ژینگەیەکی بەردەوام بۆ کارسازی لە هەرێمی کوردستان" بوون.

لە سەرەتادا، بەشداربووان ئاماژەیان بە کێشە و گرفتەکانی بەردەم کارساز و ئەو کەسانە كرد كە بازرگانی دەكەن لە هەرێمی کوردستان. بەهۆی نەبوونی ژێرخانێکی بەهێزی سەردەمییانەی ئابووری، هەروەها گرفتەكانی راپەڕاندنی کارە ئیدارییەکان ئاستەنگ بۆ دەستپێکردن و بەردەوامبوونی كارسازیی گەنجان هاتووتە پێش. لە سەروو هەموویانەوە، سیستمی ناو تۆمارکردنی کۆمپانیا لە هەرێمی کوردستان دێت، کە ماوەیەکی زۆر دەخایەنێت و نزیکەی ساڵێک دەبات. کێشەی ناوی کۆمپانیا، دەستنیشانکردنی جۆری بازرگانی و شێوازی وەرگرتنی باج دەردەكەون، و ئەمانە بۆ یەکێک کە سەرەتای دامەزراندنی بازرگانییەکەیەتی گرفت دروستدەكات و وادەكات سیستەمێکی پاڵپشتیکاری کارسازی لە هەرێمی کوردستان بنیات نەنرێت.

لەبارەی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان، یەکێک لە تەوەرە گرنگەکان، هەبوونی دوو سیستمی جیا و دووجار ناو تۆمارکردنی کۆمپانیاکان لەنێوان هەولێر و بەغدا بوو. بۆ نموونە کۆمپانیایەک كە لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراوە و کار دەکات، ئەگەر بیەوێت لەناوەڕاست و باشووری عێراق کار بکات، ئەوا پێویستە دووبارە ناو تۆمار بکاتەوە، واتە پێویستە دووجار باج و رسوماتەکانی دیکە بدات، کە ئەمەش بار گرانییەکی گەورەیە بۆ کارسازی و ژینگەی دەستپێشخەری بازرگانی بچووک.

بەشداربووان جەختیان لەوە كردەوە كە سەرەڕای نەبوونی سیستەمێکی تەکنەلۆژی بەهێز و ئەلیکترۆنی بۆ ناو تۆمارکردنی کۆمپانیاكان لە هەرێمی کوردستان، بە بەراورد بە شێوازی ناوتۆمارکردنی لە حکومەتی عێراق، سیستەمەکەی هەرێمی کوردستان دەیان جار پێشکەوتووترە. بۆ نموونە بۆ ناو تۆمارکردنی کۆمپانیایەک لە بەغداد تەنیا ناوی عەرەبی قبوڵدەکرێت و نزیکەی ساڵێک زیاتری پێدەچێت.

هەروەها، هۆکارەکانی وەک نەبوونی پاڵپشتی دارایی بۆ دەستپێکردن و نەبوونی سیستمی بانکی دیجیتاڵی و پارەدانی ئەلیکترۆنی و نەبوونی توانا و بەهرەی تایبەتمەند بە گرفتی دیكە هەژمار كران. سەرەڕای هەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە گەنجان، بەڵام ئەو توانا و کارامەییان لە زانكۆ وەرنەگرتووە تا بتوانن بەشە جیاوازەکانی دارایی، مارکیتینگ، ئەلیکترۆنی، ئاسایشی ئینتەرنێت، سەرچاوە مرۆییەکان ، فرۆشتن و هتد بەڕێوە ببەن. خاڵیکی دیکەی سەرنجڕایش وەرگرتنی پاڵپشتی دارایی لە بانکەکان بوو. بەشداربووان ئاماژەیان بە وەرگرتنی پاڵپشتی دارایی لە بانک کرد، بۆ نموونە کەسێک بۆئەوەی بتوانێت پارەیەک لە بانک وەربگرێت بۆ دەستپێکردنی بازرگانییەکەی، پێویستە سێ هیندەی ئەو بڕە پارەیە، سەرمایە ( زەوی یاخود موڵکی دیکە) لە بەرامبەردا وەک گەرەنتی دابنێت، لەکاتێکدا ئەگەر گەنجێک ئەو سەرمایە و موڵکەی هەبێت، هیچ پێویستییەكی بە وەرگرتنی قەرز لە بانک نابێت.

خاڵیکی دیکەی گفتوگۆکان لەبارەی سیستەمی باج و شێوازی وەرگرتنی باج لە هەرێمی کوردستان بوو. شارەزایان و خاوەن بازرگانییە بچووکەکان هاوڕابوون کە شێوازێکی یارمەتیدەر نییە و پشتگیری پەرەپێدانی ژینگەی کارساز لە هەرێمی کوردستان ناکات، چونکە بەردەوام رێنماییەکان گۆڕانکارییان بەسەردا دێت و ئەمەش وادەکات کۆمپانیاکان نەتوانن بەردەوامی بەکارەکانیان بدەن.

ئابووری هەرێمی کوردستان بازاڕێکی ئازاد (Free Market) نییە، چونکە کۆمپانیا گەورە و دەوڵەمەندە گەورەکان کاریگەرییەکی گەورەیان لە بازرگانی بچووک کردووە، بەوەی دەستیانکردووە بە دامەزراندنی بازرگانی بچووک، کە ئەمەش وادەکات بازرگانییە بچووکەکانی دیکە نەتوانن پێشبڕکێی  ئەوان بکەن، لەکاتێکدا پێویستە بازرگانییە گەورەکان پاڵپشتی بیرۆکەی نوێی بازرگانی و ژینگەی کارسازی لە هەرێمی کوردستان.

لە درێژەی گفتوگۆکان لەبارەی ئەو ئاستەنگ و ئاڵینگارییانەی رووبەڕووی کارساز و گەنجان دەبێتەوە بۆ دەستپیکردنی بازرگانی بچووک، ئاماژە بەوەکرا کە حکومەتی هەرێمی کوردستان کار بۆ دامەزراندنی ژێرخانی دیجیتاڵی و گۆڕینی شێوازی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان و چاودێری کۆمەڵایەتی (بیمەی کارمەند) کەرتی تایبەت دەکات و لە داهاتوویەکی نزیکدا هەموو ئەمانە دەکرێن بە ئەلیکترۆنی و لەم رۆژانە و مانگەکانی داهاتوودا رادەگەیەنرێت. بۆ نموونە لە ژمارەی 38 هەزار کۆمپانیا، تەنیا بەڕێژەی 10% بۆ 15%ی کۆمپانیاکان چاودێری کۆمەڵایەتی (بیمە)یان بۆ کارمەندەکانیان کردووە.

هەروەها، نەبوونی سیستەمی بانکی دیجیتاڵی و نەبوونی هۆشیاری کومەڵگە بۆ بەکارهێنانی کارتی ئەلیکترۆنی (سمارت کارت)  ئاستەنگە گەورەکانی بەردەوام کارساز لە هەرێمی کوردستان، چونکە کاتێک کارێک بۆ دامەزراوە و ناوەندێکی دەرەکی ئەنجامدەدەن بەهۆی نەبوونی سیستەمێکی بانکی دیجیتاڵی کیشەیان بۆ وەرگرتنی پارە وەرگرتن و چاودێری باجی دەرەکی لە گواستنەوەی پارەکەدا بۆ درووست دەبێت. لە گفتوگۆکەدا ئاماژە بەوەکرا دەستپێشخەرییەکانی کارساز و بازرگانی بچووک لە جیهان پەیوەستە بە ئینتەرنێت و تەکنەلۆژیا، بەڵام لێرە کارناکات و دواجار پەنا بۆ سیستەمی کاش دەبردرێت، هەروەها بازاڕ یاخود مارکێتی هەرێمی کوردستان زۆر بچووکە، بۆیە بۆئەوەی بتوانێت لە بازاڕیکی گەورەتردا خزمەتگوزارییەکان پێشکێش بکەیت، پێویستە ئەو ژێرخانەی سیستەمی پارەدان بگۆڕدرێت، کە کارئاسانییەکی گەورە و پاڵپشتییەکی زۆرباشی گەنجان دەکات.

خاڵیکی دیکەی سەرنجڕاکیش لە گفتوگۆکەدا ئاماژەکردن بوو بە ژینگەی لەباری عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ کارسازی و دەستپێکردنی بازرگانی بچووک، بەشێوەیەک ئاماژە بەوەکرا لە هیچ وڵاتێکی دیکە ئەو ژینەگەیەی کە دامەزراوە جیاوازەکان و رێکخراوەکان بۆ پاڵپشتی بازرگانی بچووک و کارساز پێشکێشی دەکەن نەبینراوە، کە پێویستە پارێزگاری لێبکرێت و پاڵپشتی دارایی بە کارساز و بازرگانییەک بدرێت کە بتوانرێت بەردەوامی بەم ژینگەیە بدات. هەروەها بەشداربووان ئاماژەیان بەوەکرد کە پێویستە شێوازی پاڵپشتی بۆ کارساز و بازرگانییە بچووکەکان بگۆڕدرێت، شێوازی وەرگرتنی پرۆژەکان تەنیا بیرۆکە نەبێت، بەڵکوو زیاتر کرداری و گونجاوبێت بۆ بازاڕی عێراق و هەرێمی کوردستان.

هەروەها، بەشداربووان هاوڕابوون کە بۆ بنیاتنانی ژینگەیەکی درووست بۆ کارسازی، پێویستە ژینگەی هاوکاری و هاوبەشی کارکردنی پێکەوەیی لەنێوان دامەزراوە جیاوازەکان بەتایبەت دامەزراوەکان و رێکخراوە جیهانییەکان و بانک و بازرگانەکان لەگەڵ میدیا، ناوەندەكانی لێكۆڵینەوە، زانکۆکان و ناوەندەکانی خوێندن بەئامانجی بنیاتنانی ژینگەیەکی نوێ بۆ گەنجەکان و کەمکردنەوەی مەترسییەکان و هەڵەکان لەسەرخستنی پرۆژە و دەستپێشخەرییەکی بازرگانی نوێ بكرێت.

لە کۆتاییدا، بەشداربووان چەن خاڵیکیان وەک پێشنیاز بۆ باشکردنی رەوشی کارسازی لە هەرێمی کوردستان خستەڕوو:

-         بنیاتنانی هاوئاهەنگی نێوان دامەزراوە جیاوازەکان لەسەروو هەموویانەوە زانکۆ و دامەزراوەکان بۆ رەخساندنی ژینگەیەکی نوێ کارساز لە هەرێمی کوردستان.

-         گرنگیدانی ناوەندەکانی میدیا و تەلەفزیۆنەکان بەهۆشیاری کۆمەڵگە لە کڕینی بەرهەمی خۆماڵی.

-         گۆڕانکاری لە پرۆگرامی خوێندنی زانکۆکان، چونکە ئەو جۆرە سیستمە فەرمانبەر بەرهەمدەهێنێت تاوەکو کارساز و نەوەیەک کە توانای دەستپێشخەری بازرگانی هەبێت.

-         تەنیا پاڵپشتی خاوەن بیرۆکەکان و بازرگانییە بچووکەکان نەکرێت، بەڵکوو راهێنان لە جۆرە جیاوازەکانی وەک کارامەیی دارایی، شارەزایی یاسایی، پسپۆڕییە جیاوازەکان کە بۆ بازاڕ و مارکێتی ئەمڕۆ پێویستە بکرێت.

-         شێوازێکی نوێی ئەلیکترۆنی و کەمکردنەوەی رۆتین لە دامەزراندنی بازرگانی و کۆمپانیا پەیڕەوبکرێت، کە هاندەری ژینگەی کارسازی بێت.

-         هەوڵبدرێت مەترسییە ئابووری، سیاسی و ئەمنییەکان کەمبکرێتەوە بۆ ئەوەی کارسازان و دەستپێشخەرانی بازرگانی بتوانن پاڵپشتی دارایی دەرەکی و ناوەندەکانی وەک بانکی جیهانی و ئەوانی دیکە وەربگرن.

بەشداربووان

نالی یوسف – بەرپرسی بەشی ئابووری و سیاسی لە کۆنسوڵخانەی هۆڵەندا

هێدی کامەلا – راوێژکاری کارساز لە پرۆگرامی خۆراکی جیهانی WFP

د. رێبین رەمەزان – بەڕێوەبەری سەنتەری داهێنان و کارسازی لە زانکۆی کوردستان هەولێر

رێناس نەبی – خاوەنی بازرگانی بچووکی بریکفاست ئاند مۆڕ Breakfast & More

ئەمیر ساڵەح – دامەزرینەر و بەڕێوەبەری ئای کیو کار IQ Cars

ئاننا لوکیانۆڤا – بەڕێوبەری مارکیتینگ و گەشەپێدانی بازرگانی لە ویدوئەکادیمی Wedo Academy

محەممەد جیسس – هاو- دامەزرینەری ئاژانسی گرەی Grei Agency

سارا سەلاحەدین – بەڕێوەبەری گشتی ڤیژن ئیدوکەیشن

ئەحمەد ساڵەح – هاو – دامەزرینەری کوردڤیا Kurdivia

محەممەد بەکر - هاو – دامەزرینەری کوردڤیا Kurdivia

بڵند کوردۆ – بەڕێوەبەری پەرەپێدانی بازرگانی لە کۆمپانیای تیلەر / راوێژکاری سەرچاوە مرۆییەکان

ئەژین عەبدولرەحمان – راوێژکاری کوالیتی لە کۆمپانیای وینسۆم Winsome Co

دڵپاک یوسف - دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری بازرگانی هێڵسی پاک Healthy Pak

ئاریان محەممەد – دامەزرینەری بازرگانی فوڵ ستۆپ Full Stop

ئارام خالید – دامەزرینەری بامبۆ بازاڕ Bamboo Bazaar

ئیلاف عەتار – بەرپرسی بەشی پەیوەندییەکانی فایڤ وەن لابس

دلێر محەممەد – شارەزای پەیوەندییەکان و لە بەشی پەیوەندییەکانی تۆڕی میدیای رووداو

زریان رۆژهەڵاتی – بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو

مەحموود بابان – لێکۆڵینڤان لە ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو

تاگەکان

May - 2023
Thursday
25
12:00 AM
-
12:00 AM
Share this Post

چالاکی