بەردەوامیی هێرشی میلیشیاكان بۆ هەولێر

 

RRC|

زریان رۆژهەڵاتی|

بەرایی

دوایین هێرشی سەر فڕۆكەخانەی هەولێر لە شەوی چوارشەممە 14-04-2021، ئەویش لەو وەختانەدا كە سێ مووشەكیش گیرانە بنكەیەكی سەربازیی توركیا لە بەعشیقە، رووداوێكی جیاواز بەڵام بەردەوامیی ئەو زەنجیرە هێرشانەیە كە بە درێژایی یەك ساڵی رابردوو لە هەرێمی كوردستان و دەوروبەری روویانداوە.
هێرشی “میلیشا”كان تایبەت نییە بە هەرێمی كوردستان، بەڵكو درزێكی گەورەی ئەمنییە بۆ هەموو عێراق كە زۆرجار هەوڵیداوە لەڕێگەی دانوستاندنی راستەوخۆ/ ناڕاستەوخۆی ناوخۆیی و دەرەكییەوە رێی لێبگرێت و هەموو جارێكیش، بەهۆی واقعی فرەهێزی و ناسەقامگیریی سیاسییەوە، سەریهەڵداوەتەوە.
بۆچی دووبارە هەولێر؟
سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان دوای هێرشەكە رایگەیاندووە كە “دەبێت هەر گرووپێکی چەکدار کە لە چوارچێوەی هێزە ئەمنییە فەرمییەکانی عێراقدا نەبێت، دەستبەجێ لە سنووری هەرێمی کوردستان بکشێتەوە”.(1) هێشتا روون نییە كە ئایا بەكارهێنانی دەستەواژەی “هێزە فەرمییەكان” ئاماژەیە بۆ پێویستیی دوورخستنەوەی لیواكانی حەشدی شەعبی لە سنوورەكانی هەرێم، بەتایبەتی لیوای 30، یان نا، چونكە حەشدی شەعبی خۆی بە هێزێكی فەرمی دەزانێت. بەڵام لانیكەم دەكرێت وای لێ تێبگەین كە حكومەت ئەو گرووپانە بە تۆمەتبار دەزانێت كە لە هەناوی حەشدی شەعبییەوە دەركەوتوون، هەرچەندە حەشدیش خۆیان لێ ناكات بە خاوەن. سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانیش دەستەواژەی “چەندبارەبوونەوەی هێرشەكانی” بەكارهێناوە كە ئەمەش دەتوانێت ئاماژەیەك بێت بۆ بكەرێكی هاوبەشی رووداوەكان كە هەمان میلیشیاكانە.
لە كۆتاییەكانی مانگی سێی ئەمساڵەوە شەپۆلێكی دیكەی هێرشی جیاجیای “میلیشیا”كان كە هیچ لایەنێكی فەرمی خۆیان لێ ناكات بە خاوەن، دەستیپێكردووە و چاوەڕوانكراوبوو كە هەرێمی كوردستانیش بگرێتەوە. هەر لە كۆتاییەكانی مانگی 3دا بوو كە گرووپێكی چەكداری شیعی بەناوی (ربع اللە) نمایشێكی سەربازیی كرد و هەڕەشەی لە ئەمریكا و ئەو لایەنانە كردبوو كە بە گوتەی خۆی “بەكرێگیراوی” ئەون. ئامانجە  گشتییەكانی وەكو ناچاركردنی ئەمریكا بۆ كشانەوە و دروستكردنی گوشاری زیاتر روونن، بەڵام دەشێ ئەوەی ئەمجارە پەیوەندییەكی زیاتری لەگەڵ دانوستاندنە ئەتۆمییەكانی ئێران و دیالۆگی ستراتیژیی عێراق و ئەمریكاوە هەبێت. لەوانەیە پان ئیسلامیستە شیعییەكان بەدوای كارتێكی گوشاری زیاتردا بگەڕێن، ئەویش لەكاتێكدا كە خەریكی دانوستاندنن. سەرنجڕاكێشە كە، رێك لەم وەختانەدا كە باسی دانوستاندنی ئەتۆمیی ئێران، دیالۆگی ستراتیژیی عێراق – ئەمریكا و ئەگەری دیالۆگی حوسییەكان و سعودیە لەئارادایە، هێرش و گوشارەكانیش زیاتر كراون!
میلیشیاكان وەكو جاران توانای جموجۆڵیان لە سووریا نەماوە، چونكە لەوێ ئیسرائیل و ئەمریكاش ئامانیان نادەن. پێدەچێت رووسیاش ئەمەی بەدڵ بێت، ئەگینا ئەستەمە ئیسرائیل بەبێ ئاگاداریی رووسیا هێرشەكانی لە سووریا ئەنجامبدات. بۆیە عێراق و یەمەن وەكو دوو گونجاوترین شوێن ماونەتەوە بۆ دروستكردنی گوشار. لێرەوەیە كە هەولێریش خواستە یان ناخواستە پریشكی بەردەكەوێت. بەر لەم هێرشەی دوایی، هەر سەرەتای ئەم مانگە بوو كە لە پردێ-وە مووشەک بەرەو پێشمەرگە تەقێندرابوو!
هەندێك لە شرۆڤەكاران بێجگە لە رەهەندی دەرەكی و نێودەوڵەتیی ئەم گرژییانە، پێیانوایە كە لەوانەیە “ئەگەری نزیكبوونەوەی سەدر و پارتی دیموكراتی كوردستان” (2)بۆ دروستكردنی هاوپەیمانی هۆكارێك بێت بۆئەوەی میلیشیاكان بۆ چاوترساندنی پارتی  كاری وایان كردبێت. راستییەكەی ئەمە دەتوانێت روانگەیەكی سەرنجڕاكێش بێت. ئێستا عەممار حەكیمیش هەوڵێكی بۆ دروستكردنی هاوپەیمانییەكی سەروو-تایفی، نەتەوەیی بۆ هەڵبژاردن دەستپێكردووە، بەڵام لە هەوڵەكەی حەكیم گرنگتر، ئەگەری هاوپەیمانیی سەدر – پارتی و هەندێك لە هێزە سونییەكانە، چونكە ئەمە دەتوانێت هاوپەیمانییەكی یاریگۆڕ بێت و سەدریش بەهێزترین كەسێكە كە دەتوانیت ببێتە مڵۆزمی گرووپە چەكدارەكان ئەگەر بێتو دەسەڵاتی عێراق وەربگرێت.
هاوكات لەگەڵ هێرشەكەی سەر هەولێر، چەند مووشەكێكیش بە بنكەی سەربازیی توركیا لە بەعشیقەوە نراون و سەربازێكی توركیاش كوژراوە. زیاتر لە چەند مانگێكە بەشێك لە گرووپە شیعییەكان، بەتایبەتی دوای سەردانی وەزیری بەرگریی توركیا بۆ بەغدا، لێدوان و گوتارەكانیان لە دژی ئەنقەرە زیاتر كردووە و بەشێك لە میلیشیاكانیش باسی ئەوەیان كردبوو كە هێرش بۆسەر هێزەكانی توركیاش دەكەن. ئەم هێرشە لەكاتێكدایە كە ناكۆكییەكانی ئێران و توركیا روویان لە زیادبوون كردووە و لە کاتێکدا كە هەواڵەكانی بەشداریی درۆنەكانی توركیا لە شەڕی یەمەن لە دژی حوسییەكان و ئەگەری گۆڕانی زیاتری سیاسەتی دەرەوەی توركیا بڵاودەبنەوە، واتادارتر دەبێت.
هێرشەكەی بەعشیقە – هەولێر رێك لەو رۆژەدا هات كە عەلیڕەزا گوینەی، باڵیۆزی نوێی توركیا لەگەڵ باڵیۆزی پێشووی وڵاتەكەی لە بەغدا، لەگەڵ مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق كۆبوونەوەیان كردبوو. بێشك ئاراستەی كاركردنی مستەفا كازمی لەگەڵ توركیا، بە دڵی ئەو گرووپە شیعییانە نییە كە خۆیان لە بەرەی نەیاری توركیا دادەنێن.
پاساوی هێرشەكان و كارتی گوشار
ئەگەر پاساوی هێرشكارەكان بەگشتی “موقاوەمە” بێت دژی ئەمریكا و هەوڵ بێت بۆئەوەی واشنتن ناچاربێت هێزەكانی لە عێراق بكشێنێتەوە، وادیارە دوایین گەڕی دیالۆگی ستراتیژیی عێراق – ئەمریكا دەستكەوتی بۆ ئەوان تێدا بووە. مستەفا كازمی، بۆ خۆی لەگەڵ لایەنە شیعییەكان كۆبووەوە تاوەکو زانیارییان لەسەر دانوستاندنەكان پێبدات. هاوپەیمانیی فەتحیش دانوستاندنەكەی بە هەنگاوێكی پۆزەتیڤ ناوبردووە.(3) تەنانەت قەیس خەزعەلی، سەركردەی عەسائیب ئەهل حەق كە لە سەرەتای ئەم مانگەدا گوتبووی “موقاوەمە” بەردەوام دەبێت، سوپاسداریی خۆی بۆ تیمی دانوستاندنكاری عێراق نیشاندابوو. پرسیار لێرەدا ئەوەیە كە مادام دانووستاندنەكە بە دڵی زۆربەی لایەنە شیعییەكان بووە، بۆچی ئەم هێرشانە بەردەوام دەبن؟
لەڕووی كاتەوە هاوتەریبییەك لەنێوان گەڕی سێیەمی دیالۆگی ستراتیژیی عێراق – ئەمریكا، دەستپێكردنەوەی دیالۆگی ئەتۆمیی ئێران، دەستپێكردنی قۆناخێكی دیكەی پێكدادانی ناڕاستەوخۆی ئیسرائیل و ئێران و گوڕبوونەوەی هێرشی حوسییەكان لەئارادایە. لە ماوەی كەمتر لە 20 رۆژی رابردوودا، میلیشیاكان زیاتر لە 10 هێرشیان لە شوێنە جیاوازەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان كردووە. حوسییەكان دوو هێرشی گەورەیان دژی ئامانجە سعودییەكان كردووە و پێكدادانی ناڕاستەوخۆی ئێران و ئیسرائیل، هەنگاوێك زیاتر لە ئەگەری بەریەككەوتنی راستەوخۆ نزیكبووەتەوە و كەشتییەكانی یەكتری دەكەنە ئامانج. ئەمەش ئەو گومانەی بەهێزتر كردووە كە لەوانەیە زیادكردنی گرژییەكان لە ناوچەكە، بۆ ئەوە بێت كە دەستی ئێران لە دانوستاندنەكان بەهێزتر بن!
لەم مانگەدا ئەمە سێیەمجارە ئێران لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەكەی گفتوگۆی كردووە كە ئەمریكاش ناڕاستەوخۆ تێیدا بەشدارە. وادیارە كۆشكی سپی زۆر پەلەی نییە بۆ گەڕانەوە بۆ رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی 5+1 و رایگەیاندووە كە ئەمە دانوستاندنێكی درێژی دەوێت بەڵام، عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران گوتوویەتی، ئێمە دانوستاندنی دوورودرێژ قبووڵ ناكەین كە تاقەتپڕووكێن بێت. ئاژانسی تەسنیم كە بە نزیك لە سوپای پاسداران دەزانرێت، لە یاداشتێكدا هێرشی كردووەتە سەر سەرۆككۆمار و وەزیری دەرەوەی وڵاتەكەی و گوتوویەتی، ئەگەر تەدبیرتان نییە، ئەی خیرەت؟ (4)لەو بابەتەدا وای باسكردووە كە “ئەمریكا و ئیسرائیل لەلایەك دانوستاندنمان لەگەڵ دەكەن و لە لایەكی دیكەش تیرۆر و خراپەكاری دەكەن، ئەمەش سیاسەتێكی دووستوونەیە بۆئەوەی واز لە بنەماكانی هێزی خۆمان بهێنین.” لەوانەیە ئەمانیش خەریكی هەمان سیاسەت بن كە تەسنیم پێیوایە ئیسرائیل و ئەمریكا دەیكەن!
ئەنجام
لە هێرشەكەی ئەمجارەدا هاوشێوەی ئەوەی حوسییەكان دەیكەن، درۆن بەكارهاتووە و لە ماوەی كەمتر لە دوو مانگدا، جارێكی دیكە كەلێنە ئەمنییە گەورەكەی عێراق و هەرێمی كوردستانی دەرخستەوە كە ئەویش نەپارێزراوبوونە لەو هێرشانەی لەڕێگەی ئاسمانەوە دەكرێن. ئەمە لە ئاستێكدایە كە تەنانەت چەتری ئەمنیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییش نەیتوانیوە رێ لە هەموو مەترسییەكان بگرێت.
ئاسۆیەكی روون نییە بۆ كۆتاییهاتنی هێرشی میلیشیاكان، چونكە لەلایەك حكومەت ئەوەندە بەهێز نییە كە بتوانێت دەستەمۆیان بكات و لەلایەكی دیكەش، هێرشەكان وەكو كارتێكی گوشار بەكەڵكی هەندێك سیاسەتی هەندێك لایەنی شیعی دێن، بۆیە بە ئەگەری زۆر بەردەوام دەبن.
مەترسیی بوونی گرووپەكانی حەشدی شەعبی لە سنوورەكانی هەرێمی كوردستان و دزەكردنی میلیشیاكان لەژێر عەبای حەشدەوە، ئێستا ئیدی نەك تەنیا بۆ هەولێر، بەڵكو بۆ ئەنقەرەش زیاتر بووە كە كاتی خۆی، دوای گشتپرسی، رۆڵی لە بەهێزكردنی ئەو گرووپانە بۆ ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان گێڕاوە. ئەمەش لەوانەیە ئەگەری هاوكاریی عێراق و هەرێم و توركیا سەبارەت بە میلیشیاكان زیاتر بكات.
ئێستا ئیدی زیاتر لە هەركاتێكی دیكە، عێراق و هەرێمی كوردستان پێویستیان بە سیستەمێكی بەرگریی ئاسمانییە. بێجگە لەوەش، تاوەکو گرووپەكانی حەشد لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم، بۆ مەودایەكی دیاریكراو لە هەرێمی کوردستان دوورنەكەونەوە، ئەگەری بەردەوامیی هێرشەكان دەمێنێتەوە.

[1] -https://www.rudaw.net/sorani/kurdistan/1404202128

[2] – یاسین تەها شرۆڤەكاری كاروباری عێراق

[3] -https://www.rudaw.net/arabic/middleeast/iraq/0804202113

[4]– https://www.tasnimnews.com/fa/news/1400/01/24/2484239/%DB%8C%D8%A7%D8%AF%D8%AF%D8%A7%D8%B4%D8%AA-%D8%A2%D9%82%D8%A7%DB%8C%D8%A7%D9%86-%D8%B1%D9%88%D8%AD%D8%A7%D9%86%DB%8C-%D9%88-%D8%B8%D8%B1%DB%8C%D9%81-%D8%A7%D8%B2-%D8%AA%D8%AF%D8%A8%DB%8C%D8%B1-%D8%AE%D8%A8%D8%B1%DB%8C-%D9%86%DB%8C%D8%B3%D8%AA-%D8%BA%DB%8C%D8%B1%D8%AA-%DA%86%D9%87-

Leave a Reply

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *