كوردستان و پۆست – داعش

 

RRC | لینكی كتێب

لە سەرەتای ئابی 2014دا داعش پەلاماری هەرێمی كوردستانی دا و بەشێكی خاكی كوردستانی داگیركرد. داعش پشێوییەكانی بەهاری عەرەبی لە سووریا قۆستەوە. ئەمە لە دیدی پسپۆڕانی جیۆپۆلیتیكا بە وەرچەرخانێكی جیۆپۆلیتیكی لەقەڵەمدەدرێت. بۆیە كوردستان ناچاربوو لەگەڵ هەلومەرجێكی جیۆپۆلیتیكی تازەدا هەڵبكات. 

داعش لەگەڵ پەلاماردانی موسڵ لەیەكەم بەیاننامەدا رایگەیاند كۆتایی بە سەردەمی سایكس- پیكۆ هێناوە و خۆی وەك هێزێكی پۆست سایكس-پیكۆ پێناسەكرد. لەسەردەمێكدا كە بە سەردەمی شۆڕشی جیۆپۆلیتیكا دادەنرێت، ئەم كردارەی داعش بە دیاردەیەكی جیۆپۆلیتیكی لەقەڵەمدەدرێت.

داعش لەپەنای سنوورەكانی كوردستان لە ناوچە سوننەكانی عێراق و سووریا سیستەمێکی «نیوەدەوڵەت»ی پێكەوەنا كە بەشێكی زۆر لە پسپۆڕان بە دیفاكتۆ-دەوڵەت و هەندێكیش بە دەوڵەت–رێكخراوێكی تیرۆریستی وەسفیانكردووە.

شاڵاوی داعش بۆ سەر كوردستان هەم هەلی ئافراند و هەم هەڕەشە. لەگەڵ «هەڕەشە» بەردەوامەكانی ئەم هێزە كە بەشێكی بە كوشتار و جینۆساید كۆتاییهات، بەقسەی بەشێكی زۆر لە پسپۆڕان «هەل»ێكی تازەشی لەبەردەم بزووتنەوەی كورددا رەخساند. پرسی بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەكانی داعش بۆ سەر ئاسایشی ناوچەیی و تەنانەت جیهانی، هێزە چەكدارەكانی كوردستانی وەك «سپەرێكی جیۆپۆلیتیك»ی كارا لەبەردەم داعش قووتكردەوە.

هەروەها پێناسەیەكی دیكەی بە پێگەی ناوچە كوردستانییەكانی باشوور و رۆژئاوای كوردستان بەخشی كە وەك «پەرژینێكی ستراتیژی»، دەتوانێ قوڵایی دیموگرافی سوننە لە سێكوچكەی ئەنادۆڵ، شام و عێراق لەیەك داببڕێت. بەمە كوردستان پێگەی تازەی خۆی لەنێو ستراتیژییە جیهانییەكانی نەهێشتنی تیرۆردا پێناسەكردووە كە ئەگەری هەیە ئاكامی مێژوویی یەكلاییكەرەوەی بەدواوەبێت، چونكە داعش وەك بكەرێكی نە-دەوڵەت، تاڕادەیەك نەزمی هەرێمی لەبەریەك هەڵوەشاندووە. ئەمەش ریزبەندی هێزەكانی ناوچەكەی گۆڕیوە بەشێوەیەك كە چەندین هاوپەیمانی و بلۆكی جۆراوجۆری بەدوای خۆیدا هێناوە.

ئامانج لە نووسینی ئەم كتێبە، گەڕانە بەدوای ئەو پرسیارە چارەنووسییەدا، ئایا لە قۆناغی پۆست-داعشدا چ سیناریۆگەلێك چاوەڕێی هەرێمی كوردستان دەكەن؟ هەروەها ئەمە لەپەنای خۆیدا چەند پرسیارێكی لاوەكیش دەورووژێنێ ئایا فاكتەری نێوخۆیی، فاكتەری ناوچەیی و فاكتەری سەرووناوچەیی چۆن كارلێك دەكەن و تێكهەڵكێشی ئەم سیانە چ كاریگەرییەكی لەسەر پێگەی كوردستان دەبێت؟ وەڵام دۆزینەوە بۆ ئەم پرسیارانە بەشێوەیەك پەیوەندی بە خوێندنەوەی جیۆپۆلیتیكییەوە هەیە. بۆیە پڕۆژەی ئامادەكردنی ئەم كتێبە وەك یەكەم كتێبی نێوكۆیی ناوەندی لێكۆڵینەوەی رووداو كە بەرهەمی ژمارەیەك لێكۆڵینڤانە لە هەموو بەشەكانی كوردستان و ناوكی تینك-تانكێكی كوردستانییە، بۆ تاوتوێكردنی ئەنجامە بابەتییەكانی پۆست-داعش لە كوردستان تەرخاندەكرێت.

كێشەكانی بەردەم ئەم پڕۆژەیە زۆرتر پەیوەندییان بە تەكنیكی كارەوە هەیە. وەك یەكەم كاری پێكەوەیی دەشێ لەڕووی چەمكسازی و زاراوەسازییەوە زۆر لێكچوو نەبێت. هەروەها دەشێ یەكێكی دیكە لە كێشەكان، پەیوەندی بە شێوازی لێكۆلینەوەی لێكۆڵینڤانەكانەوە هەبێت. لەبەرئەوەی هەریەك لە نووسەران خەڵكی پارچەیەكی كوردستانن، پێدەچێ شێواز، تەرز و میتۆدی لێكۆلینەوەش لێك جیاوازبن. بۆ نموونە لێكۆلینڤانانی رۆژهەڵات كاریگەری میتۆدی لێكۆڵینەوەی ئێرانی، باكووری هی توركی، رۆژئاوا هی عەرەبی و باشووریش لەگەڵ ئەوەی بەشێنەیی بەرەو مۆدێلێكی تایبەتی كوردی دەچێت، بەڵام شێوازی عەرەبی هەر لەسەرە.

ئەم كتێبە لەڕووی پێكهاتەوە بەسەر چوار بەشی سەرەكیدا دابەشدەبێت: یەكەم، لە بنجوبناوانی ئیسلامی سیاسی و هاتنیان بۆ كوردستان دەكۆڵێتەوە. دووەم، بۆ فاكتەری ناوخۆیی و كوردستانی پۆست-داعش تەرخاندەكرێت. سێیەم، باسی فاكتەری ناوچەیی و كوردستانی پۆست-داعش دەكات. چوارەم، لە فاكتەری جیهانی و كوردستانی پۆست-داعش دەكۆڵێتەوە. لەپەنای ئەم بەشە سەرەكیانەدا ئەوە چەند بڕگەیەكیش بۆ سیناریۆكان، ئەنجامەكان و لەئاکامیشدا راسپاردەكان تەرخاندەكرێت.

ئەم كتێبە كارێكی هاوبەشە كە بەدڵنیاییەوە ئەگەر ئەم هاوكاریەی گشت هاوكاران پێكەوە نەبووایە، ئەوا رەنگە ئەم بەرهەمە ئامادەنەكرایە! بۆیە كاری هاوبەش لەگەڵ ئەوەی گیروگرفتی تایبەت بەخۆی هەیە، لەگەڵ ئەوەی یەكخستنی چەمك و زاراوەكان ئاسان نییە، بەڵام زۆر لایەنی ئەرێنیشی هەیە كە پێكەوە كۆی بەرهەمی تێكهەڵكێشراو كامڵدەكەن.

لە پرۆسەی نووسینی ئەم بەرهەمەدا جگە لە لێكۆلینڤانانی سەرەكی ناوەندی لێكۆلینەوەی رووداو، كۆمەڵێك لە هاوكارانیش لەدەرەوەی ناوەندەكە بە لێكۆڵینەوە و بابەتەكانیان كاریان بۆ سەرخستنی ئەم پڕۆژەیە كردووە. لێرە پێویستە بەناوی (ناوەندی لێكۆلینەوەی رووداو)ەوە سوپاسی ئەم بەڕێزانە بكەم، كە بە دڵئاوەڵڵایی و بەدڵسۆزییەوە لە سەرخستنی پڕۆژەكەدا رۆڵی كارایان گێڕاوە: پرۆفیسۆر د. بیلال سامبوور لە باكووری كوردستان، د. مەسعودی رۆستەمی و د. حیسام دەستپێش لە رۆژهەڵاتی كوردستان و مامۆستا عەبدولڕەحمان كەریم دەروێش لە باشووری كوردستان. هەروەها سوپاسی بەڕێزان عەبدوڵلا شوكر و بەختیار محەممەد فەتحی دەكەین كە لە وەرگێڕانی بەشێك لە بابەتەكاندا هاوكارییان كردووین.

بێگومان ئەم بەرهەمەش وەك هەموو بەرهەمێكی ئادەمیزاد لە كەموكورتی بێبەری نییە. لێرەدا دەستی سوپاس بۆ ئەو بەڕێزانە دەخەینە سەر سنگ كە بە رەخنە و تێبینییەكانیان كەموكوڕییەكانی ئەم كتێبە كامڵدەكەن.

 

 

 

Leave a Reply

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *