چالاکی

جێگری کونسوڵی رووسیا لە هەولێر: لە هاوکاریکردنی پێشمەرگە ناوەستین

25-12-2016


 

RRC |

ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو لە هەولێر گفتوگۆیەکی کراوەی لەبارەی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و رووسیا رێکخست و، جێگری کونسوڵی رووسیا لە هەولێر، گوتی: پەیوەندی رووسیا لەگەڵ کوردستان لە گەشەکردنێکی باشدایە.

ئارژانسیڤ یەکڤینی ڤادیمۆفیج، جێگری کونسوڵی رووسیا لە هەولێر، لە گفتوگۆ کراوەکەدا رۆژی یەکشەممە 25-12-2016 گوتی “ئەو پەیوەندییە باشەی نێوان رووسیا و هەرێمی کوردستان بە تایبەت لەکاتێکدایە کە سەرۆک، بارزانی چاوپێکەوتنی لەگەڵ ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی رووسیا ئەنجامدا، هەروەها دوای ئەوەش کە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران سەردانی سان پترسبۆرگی کرد”.

لەبارەی بەردەوامبوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و رووسیا، ئارژانسیڤ یەکڤینی ڤادیمۆفیج هەروەها گوتی “ئەو پەیوەندییە بەردەوام دەبێت و رووسیاش بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردنی گەلی کورد، بە تایبەتی کوردستانی عێراق”.

شەڕی تیرۆر، سیاسەتی رووسیا، پرسی یارمەتیدانی راستەخۆی سەربازی بۆ هەرێمی کوردستان لەلایەن رووسیاوە، لە بەشێکی دیکەی  گفتوگۆکەدا باسیان لێوە کرا، جێگری کونسوڵی رووسیا لە هەولێر جەختی کردەوە لەوەی “ئەوەی پەیوەندی بە پاڵپشتی رووسیا بۆ هێزەکانی پێشمەرگەوە هەبێت، رووسیا هەموو کاتێک ئامادە بووە هاوکاری پێشمەرگە بکات، ئێمە هیچ کاتێک لە هاوکاریکردنی پێشمەرگە ناوەستین، لەئاستی سیاسیش هەموو کات پاڵپشت و پشتگیری دەبین”.

سەبارەت بە پرسی سەربەخۆیی کوردستانیش ئارژانسیڤ یەکڤینی ڤادیمۆفیج گوتی “ئەگەر گەلی کورد لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکاندا ئەمە بکات، یەکەمجار دەبێت لەگەڵ دراوسێکەی خۆیان کە بەغدایە ئەو پرسە باس بکەن، هەر شتێکیش رووبدات ئەوە پرسێکی نێوخۆییە ئێمە دەستوەردان ناکەین”.

یەکڤینی جەختیشی کردەوە لەوەی  “ئێمە هەمیشە پشتگیری خەڵی کورد دەکەین، ئەگەر قسە لەسەر سەربەخۆیی خۆیان بکەن، هاوکات ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی رووسیا بە راشکاوی قسەی لەسەر ئەو پرسە کردووە، وەڵامەکەشی ئیجابی بووە”.

 

پێداچوونەوە: هەڵات رێبوار

Share this Post

چالاکی