بەرایی
دراوی وڵاتانی دراوسێی عێراق بەشێوەیەکی سەرنجڕاکێش، رۆژ بەرۆژ زیاتر دادەبەزێ.تەنیا لەماوەی ئەمساڵدا تمەنی ئێرانی رێژەی 20% و لێرەی تورکی رێژەی 38% و لێرەی سووریش سەرەڕای کەوتنی ئەسەد و بەرزبوونەوەیبەرێژەی جیاواز، بەڵام لە ئەمساڵدا بە رێژەی 50% لە هەمبەر دۆلاری ئەمریکی بەهای خۆیان لەدەستداوە. ئەم گۆڕانکارییە خێرایانەی بەهای دراوی وڵاتانی دراوسێ عێراق لە دوو رووەوە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر دیناری عێراقی دەبێت، یەکەمیان بەهۆی ئاڵۆگۆڕی بازرگانییەوە لەگەڵ ئەو وڵاتانە کە ساڵانە سەرووی 20 ملیار دۆلارە، دووەمیشیان بەهۆی هەبوونی بازاڕی دراو و حەواڵەکردنی پارە لە عێراقەوە بۆ دەرەوەیە بەبێ چاودێری دامەزراوە فەرمییەکان، کە بەهای دیناری عێراقی لەم بازاڕانەدا رێژەی 15% کەمترە وەک لەوەی بانکی ناوەندی عێراق لە هەمبەر دۆلار دایناوە.
ئەگەر دابەزینی بەهای تمەنی ئێرانی بەهۆی گۆڕانکارییە دەرەکییەکان و گەمارۆکانی ئەمریکا و ئەورووپاوە بێت، و دابەزینی لیرەی تورکی بەهۆی زیادبوونی کورتهێنانی کاش و لاسەنگی باڵانسی بودجە و هەڵوێستەکانی ئاکپارتییەوە لەهەمبەر گۆڕانکارییەکان لە ناوچەکەدا بێت، و ناسەقامگیری و داتەپینی لیرەی سووری بەهۆی بەردەوامی شەڕ، ناسەقامگیری، گەمارۆ و سزا ئابوورییەکان و نادڵنیایی لە دەوڵەتە نوێیەکەی جۆلانی بێت، ئەی بۆچی دراوی عێراقی رۆژانە لە بازاڕدا هەڵبەز و دابەزی هەیە و هێشتا لە بازاڕ سەرووی 20 هەزار دینار زیاتر لە نرخی بانکی ناوەندی مامەڵە بە هەر 100 دۆلارێکەوە دەکرێت.
بڕیارە لەسەرەتای ساڵی داهاتوو عێراق گۆڕانکاری لەخستنەڕووی دۆلاری کاش بکات و بەشێوەیەک کە لەجیاتی بانکی ناوەندی چەند بانکێک رۆژانە دۆلاری کاش بەو گەشتیارانە بدەن کە لەرێگەی فڕۆکەخانەکانەوە گەشتی دەرەوە دەکەن، ئەمەش سەرەڕای ئەوەیکە جێنبەجێکردنی ئەم شیوازەش ئێستا لە فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان بە بەراورد فڕۆکەخانەکانی نێوەڕاست و باشووری عێراق بانێک و دوو هەوایە و جیاوزی تێدایە.
لەم رووەوە، بانکی بازرگانی عێراق TBI کەلە فڕۆکەخانەکان دۆلار بەگەشتیاران دەدات لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی تەنیا هیندەی ژمارەی پەنجەکانی دەست دۆلار بەنرخی بانکی ناوەندی دەدات بەگەشتیاران کە لەم فڕۆکەخانانەوە گەشت دەکەن، لەبەرامبەردا لە فڕۆکەخانەکانی دیکەوە رۆژانە دۆلار بەسەتان کەس دەدرێت، ئەمەش سەرەڕای ئەو دۆلارەی رۆژانە بانکی ناوەندی بەکاش رایدەگەیەنێت و خراوەتەڕوو هەر بۆ گەشتیاران بووە، چونکە هەموو مامەڵەیەکی دیکەی دۆلار دەبێت لەرێگەی بانک و بە کریدت بێت.
لەئەمساڵدا گۆڕانکارییەکی گەورە لەخستنەڕووی دۆلار بەکاش و بە حەواڵە لەلایەن بانکی ناوەندی عێراقەوە بە بەراورد بەساڵی رابردوو کراوە، بەشێوەیەک کۆی پارەی حەواڵە لە ئەمساڵدا گەیشتووەتە سەروو 58 ملیار دۆلار و بەکاش تەنیا 3.8 ملیار دۆلار بووە، لەکاتێکدا ساڵی رابردوو کۆی بڕی پارەی حەواڵە 37.6 ملیار و کاش 9.1 ملیار دۆلار بووە، هەرچەندە کاشەکەی ئەمساڵ نیوەی ساڵی رابردوو نابێت، بەڵام جیاوازی نرخی بازاڕ و بانکی ناوەندی بۆ 100 دۆلار بەتێکڕا لە ئەمساڵدا وەک پار بووە!
خاڵێکی دیکەی پەیوەست بە دراوە ئەوەیە کەوا لەئەمساڵدا بەهای هەموو دراوەکان بە دۆلاری ئەمریکیشەوە ناسەقامگیرە و هەڵبەز و دابەزی کردووە. دۆلاری ئەمریکی کە ئاڵۆگۆڕی بازرگانی جیهانی پێدەکرێت لە هەمبەر چەند دراوێک رووی لە دابەزین بووە، لە هەمبەر چەند دراوێکی دیکەش رووی لە بەرزبوونەوە بووە. ئێستاش بەهۆی سیاسەتی داهاتووی ئیدارەی ئەمریکا پێشبینییەکانی سیتی بانک، جەی پی مۆرگان و دۆچە بانکی ئەڵمانی ئاماژە بە بەهێزبوونی دۆلاری ئەمریکی و نادڵنیایی بەهای دراوەکان لە هەمبەر دۆلار دەکەن، بەتایبەتیش بەهۆی ئەگەری زیادکردنی باجی گومرگی و بەرزبوونەوەی هەڵئاوسان و گەشەی ئابوورییەوە لە 2025.
لێرەدا بەپشتبەستن بەداتاکانی بانکی ناوەندی عێراق و پێشبینییەکانی دامەزراوە ئابوورییەکانی جیهان هەڵوەستەیەک لەسەر داهاتووی دیناری عێراقی، تمەنی ئێرانی، لیرەی تورکی و سووری لە هەمبەر دۆلاری ئەمریکی لە 2025 دا دەکەین.
دیناری عێراقی لە ٢٠٢٥دا دادبەزێت؟
لەساڵی 2024دا بڕی ئەو پارەیەی بە حەواڵە خراوەتەڕوو بەرێژەی 32% بە بەراورد بە ساڵی رابردوو زیادیکردووە، لە بەرامبەردا بڕی ئەو پارەیەی بە کاش خراوەتەڕوو بەڕێژەی 56% کەمیکردووە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنج و پرسیارە ئەوەیە کە نرخی دۆلار بەهەمان ئەو رێژەیەی خستنەڕووی کاش بۆ بازاڕ دانەبەزیووە بگرە گۆڕانکاریشی تێدا رووینەداوە.
لە ئەمساڵدا کۆی ئەو پارەیەی لەلایەن بانکی ناوەندی عێراقەوە بە کاش و حەواڵەوە خراوەتەڕوو گەیشتووەتە سەرووی 62 ملیار دۆلار، بەشێوەیەک حەواڵە گەیشتووەتە سەرووی 58 ملیار دۆلار، لەبەرامبەردا کاشیش بۆ 3.8 ملیار دۆلار دابەزیوە وەکو لە گرافیکی یەکەمدا هاتووە.
گرافیک 1: خستنەڕووی دۆلار بە حەواڵە و کاش لەساڵانی 2023 و 2024دا.
سەرچاوە: بانکی ناوەندی عێراقCBI 29ی کانوونی یەکەمی 2024
تێبینی، داتای خستنەڕووی دۆلا لەبانکی ناوەندی تاوەکو 26ی کانوونی یەکەمی 2024
شتێکی دیکەی سەرنجڕاکیش لە داتاکانی بانکی ناوەندی عێراقەوە لەبارەی بڕی ئەو پارەیەی چاپی کردووە بریتییە لە هەڵبەز و دابەزی بڕەکەی بەشێوەیەک بەپێی داتاکان، لە 31ی تشرینی یەکەمی 2024دا کۆی پارەی چاپکراو لەلایەن بانکی ناوەندییەوە 104.1 تریلیۆن دینار بووە، بەڵام لە 30ی تشرینی دووەمی 2024دا کەمبووەتەوە بۆ 101.3 تریلیۆن دینار![i] لەم بڕەش رێژەی کەمتر لە 10%ی لەنیو بانکەکاندایە و رێژەی سەرووی 90%ی لە دەرەوەی بانکەکانن. ئەم پارە کاشەش دەتوانێت نرخی دۆلار لە بازاڕ بگۆڕێت نەوەکو خستنەڕووی دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندی بەکاش.
داهاتووی تمەنی ئێرانی و لیرەی تورکی و سووری لە 2025
تمەنی ئێرانی لەساڵی 2018وە تاوەکو ئێستا نزیکەی 90%ی بەهاکەی لەهەمبەر دۆلار لە دەستداوە و لە رۆژی 18ی کانوونی یەکەمی 2024دا بەهای یەک دۆلار لە بازاڕەکان گەیشتە 777 هەزار تمەن، واتە بەهای 100 دۆلار 7.7 ملیۆن تمەنی تێپەڕاند کە ئەمەش نزمترین ئاستی تمەنە بەرامبەر بە دۆلار و چاوەڕواندەکرێت لەگەڵ دەستبەکاربوونی سەرۆکی نوێی ئەمریکا لە ساڵی داهاتوودا، گۆڕانکاری دیکە لە بەهای تمەن بێتە ئاراوە.
ساڵی رابردوو پێشبینی کرا کەوا لیرەی تورکی لە هەمبەر دۆلاری ئەمریکی یەک لەسەر سێی بەهاکەی لە 2024دا لە دەستبدات. ئێستاش بەهای لیرەی تورکی رۆژ بە رۆژ لەبەرامبەر دۆلار دادەبەزێت، بەشێوەیەک رۆژانی رابردوو نزمترین ئاستی میژووی خۆی تۆمارکرد کاتێک بەهای یەک دۆلاری ئەمریکی گەیشتە سەروو 35 لیرە ی تورکی.
لیرەی تورکی هاوشێوەی تمەنی ئێرانی لەماوەی پێنج ساڵی رابردوو بەرێژەی سەرووی 90%ی بەهاکەی لەهەمبەر دۆلاری ئەمریکی لە دەستداوە، بەشێوەیەک لە 2018دا یەک دۆلار 4.5 لیرە بوو، بەڵام ئێستا یەک دۆلار گەیشتووەتە 35 لیرە کە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان بەهۆی ئاڕاستەی زیادبوونی کورتهێنانەوەیە، بەشێوەیەک کورتهێنانی دەوڵەت لەکۆتایی مانگی تشرینی دووەمی 2024 گەیشتووەتە 16.6 ملیار لیرە، لەکاتێکدا کورتهێنان بەکاش 62.2 ملیار لیرەیە، ئەمەش سەرەڕای بەردەوامی پێشبینییەکان بۆ خراپتربوونی رێژەی هەڵئاوسان لە تورکیا.
بەپێی داتاکانی ئاژانسی نەتەوەیەکگرتووەکان رێژەی 90%ی دانیشتوانی سووریا لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین، واتە بەشار ئەسەد لەدوای هەڵهاتنی و کەوتنی دەوڵەتەکەی ئابوورییەکی بەجێی هێشتووە کە دەیان ساڵ و ملیاران دۆلاری پێویستە بۆ هەڵسانەوە، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی ئێستا دراوی سووری لەبەردەم گۆڕانکارییەکی گرنگ دایە، کە چاپکردنەوەی دراوەکەی بەهۆی پێویستی سڕینەوەی وێنەی بەشار ئەسەد و نەمانی بەهاکەی بەشێوەیەک لە سەرەتای قەیرانی سووریاوە لە 2011وە تاوەکو ئێستا لیرەی سووری بەرێژەی سەروو 90% بەهاکەی لەبەرامبەر دۆلار لەدەستداوە.
رۆژانی پێش هەڵهاتنی ئەسەد یەک دۆلاری ئەمریکی گەیشتە 30 هەزار لیرە، لەکاتێکدا لە پێش قەیرانی سووریا 50 لیرەی سووری یەک دۆلاری ئەمریکی بوو. ئێستا لە بازاڕی سووریا یەک دۆلاری ئەمریکی لەنێوان 10 بۆ 15 هەزار لیرەی سووری مامەڵەی پێوەدەکرێت، واتە 100 دۆلار بە ملیۆن یان ملیۆن و نیویکە، بەڵام لە بازاڕەکانی عێراق و هەرێمی کوردستاندا لیرەی سووری بەهایەکی زیاتری لەوەی ناوخۆی سووریا هەیە.
هێشتا نازانرێت ساڵی داهاتوو دراوە نوێیەکەی سووریا کە تورکیا دەستی هاوکاری درێژکردووە بۆ چاپکردنی لە هەمبەر دۆلار چۆن دەبێت، ئەویش بەهۆی نەزانینی یەدەگی بانکی دراوەکە و ئەو بڕەی چاپدەکرێت، هەربۆیەش چارەنووسی لیرەی سووری نادیارە و نازانرێت بەهاکەی لە هەمبەر دۆلاری ئەمریکی لە ٢٠٢٥دا چۆن دەبێت.
ناسەقامگیری دۆلار و کاریگەری لەسەر دراوەکانی دیکەی وڵاتان لە 2025 دا
دۆلاری ئەمریکی دراوی مامەڵکراوی نێودەوڵەتییە و خاوەندارێتی نزیکەی یەک لەسەر سێی کۆی ئابووری جیهان دەکات، ئەم دراوە لەماوەی 2024دا بەهۆی سیاسەتەکانی بانکی فیدراڵی ئەمریکاوە لە بەرامبەر هەندێک دراوی وڵاتانی جیهان رووی لە دابەزین کرد و لە بەرامبەر دراوی هەندێک لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش لەسەرووی هەموویانەوە تورکیا، ئێران و سووریا بەڕیژەی جیاواز بەرزبووە.
بەپێی دامەزراوەی شیکاری پین پۆینت بۆ گۆڕینەوەی دراوەکان لە جیهان دۆلاری ئەمریکی بەڕێژەی 11.5% بەرامبەر دراوی تایلەندی، بەڕیژەی 8.1% بەرامبەر پاوەندی بەریتانی، بەرێژەی 6% بەرامبەر کرۆنی سویدی و بەڕیژەی 4.4% بەرامبەر بە یۆرۆی یەکێتی ئەورووپا دابەزیووە، لە بەرامبەردا بەڕیژەی 24.8% بەرامبەر لیرەی تورکی و بەڕێژەی 8.3% بەرامبەر دراوی بەڕازیلی و بەڕێژەی 1.1% بەرامبەر دراوی هیندی زیادیکردووە.
ئەمساڵ 2024 بەساڵی شۆکینەر بۆ بازاڕە داراییەکان، هەڵئاوسان، سیاسەتی بانکە ناوەندییەکان و گۆڕانکارییەکان لە دراوی دیجیتاڵی و گەشەی ئابووری وڵاتان ناسینرا، بەڵام لەڕاستیدا بۆ ئابووری جیهانی و بازرگانی نێودەوڵەتی و چارەنووسی دراوەکان لە 2025 ئەوا دەبێت چاوەڕوانی رۆژانی دوای سویندخواردن و سیاسەتەکانی سەرۆکی نوێ ئەمریکا بین کە گەورەترین ئابووری جیهان و خاوەنداری 30.3 تریلیۆن دۆلار لە کۆی 115 تریلیۆن دۆلاری کۆی ئابووری هەموو جیهان دەکات.
کۆتایی
گۆڕانکاری لە بەهای دراو یان دابەزینی بەهای دراو هەر وڵاتیکیش بەگشتی دوو دیوی هەیە، یەکەمیان بەواتای بەهێزکردنی بەرهەمهێنانی نێوخۆیی و زیادکردنی هەناردەکردن بۆ دەرەوە و هاتنی گەشتیار لە دەرەوە بۆ وڵاتەکە دێت. لە دیوی دووەمدا بەواتای کەمبوونەوەی توانای هاوردەکردنی کاڵاو خزمەتگوزاری دەرەکی لە دەرەوە بۆ وڵات دێت بەهۆی بەرزی نرخەکانەوە و کەمبوونەوەی توانای بەرهەمهێنانی ئەو کارگە نیوخۆییانەی کەوا پشت بە کاڵا و خزمەتگوزاری دەرەکی دەبەستن لەگەڵ کەمبوونەوەی توانای گەشتکردنی هاوڵاتیانی بۆ دەرەوە.
لەوانەیە ساڵی داهاتوو سیاسەتی ئیدارەی نوێی ئەمریکا و گۆڕانکارییە جیۆپۆڵەتیکییەکان کاریگەری نەک هەر لەسەر تمەنی ئێرانی و لیرەی تورکی و سووری بگرە لەسەر کۆی دراوەکانی جیهانیش دابنێن.دیناری عێراقیش بەدەر لەو فاکتەرانە کاریگەری لە هاتن و نەهاتنی دۆلاری ئەمریکی وەردەگرێت، سەرەڕای گۆڕینی سیستمی بانکی و بەدیجیتاڵیکردن و گواستنەوەی پارە لەرێگەی سویفت بانکەوە و کەمکردنەوەی کاش و زیادکردنی حەواڵە.
لەکۆتاییدا، ئەگەر لە سەرەتای ساڵی داهاتوودا هەڵبەز و دابەز لە دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی رووبدات هێندەی پەیوەندی بە خواستی ئەو بازرگان و کەسانەوە هەیە کە لەنیو بازاڕی دۆلارەکاندا لە عێراق و هەرێمی کوردستان مامەڵەی دەکەن، هێندە پەیوەندی بە گۆڕانکارییەکەی خستنەڕووی کاش لەلایەن بانکی ناوەندییەوە بۆ بانکەکان نییە، چونکە ئەگەر بازاڕەکان پەیوەستی کاشی بانکی ناوەندی بووایەن ئەوا لە ئەمساڵدا بەبڕی ئەو پارەیەی بەکاش کەمتر خراوەتەڕوو دەبوایە نرخی دینار لەبەرامبەر دۆلار دابەزیبایە.
هەروەها، بانکی ناوەندی بەهای دیناری عێراقی دیاریکردووە و دەبوایە هاوشێوەی وڵاتانی خەلیج بوایە نەوەکو ئەمەی ئێستا کە نە لە بازاڕی ئازاد دەچێت وەک تورکیا و نەوەکو لە ئیمارات دەچێت کە دەوڵەت نرخەکەی لەهەمبەر دۆلار دیاریکردبێت، هەربۆیەش هەر نەخۆشیەکی دابەزینی دیناری عێراقی لە بازاڕ بێتە ئاراوە ئەوا سیاسەتەکانی دارایی ئەمریکایە لەهەمبەر عێراق نەوەکو خستنەڕووی دۆلاری بانکی ناوەندی بە کاش بۆ بازاڕ.
[i] لەوانەیە کەمبوونەوەی پارەی چاپکراو بۆ کۆنبوونی پارەکە بگەڕێتەوە کە بڕەکەی 2.8 تریلیۆن دینارە و ئەوەش ئەوا زیانێکی دیکەیە لە خەرجی چاپکردنی دراوی نوێ بەهەمان ژمارە و بڕی پێشوو. ئەگەرێکی دیکەش ئەوەیە کە ژمارەکان دروست نەبن.