نووسینی : دکتۆر عادل باخەوان
وەرگێڕانی لە ئینگلیزیەوە : ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو
باکگراوند
تورکیا زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی و تۆپبارانی بۆ سەر ناوچە کوردییەکان لە عێراق و سووریا دەستپێکردووە. رژێمی ئێرانیش مووشەک بۆ بەئامانجگرتنی شارەکانی هەرێمی کوردستان بەکاردەهێنێت و، توندووتیژی بەرامبەر هاوڵاتیانی پارێزگا کوردنشینەکانی ئێرانی گرتووەتەبەر، ئەوەش بەمەبەستی سەرکوتکردنیان. پرسیارەکە ئەمەیە، بۆچی و ئەو هۆکارانە چین کە وادەکەن تاران و ئەنقەرە لە ئێستا و ئێرەدا بەمشێوەیە فشار بخەنە سەر کورد؟
پێشەکی
ماوەی چەند هەفتەیەکە دووبارە پرسی کورد لەژێر تیشکی میدیاکاندایە و لە کێڵە دیپلۆماسیەکاندا زۆر باسی لەسەر دەکرێت. لە سێبەری شەڕی ئۆکراینادا، هەڕەشەکانی تورکیا و ئێران بۆ داگیرکردنی باشوور و رۆژئاوای کوردستان، ئەکتەرە لێکدژەکانی سیستمی نێودەوڵەتی و ناوچەیی ناچار دەکات، کە سرنجی دۆخەکە بدەن و، نیگەرانییەکانیان دەرببڕن و خۆیان بۆ سیناریۆی گریمانەیی جۆراوجۆری کورتخایەن ئامادە بکەن .
بۆچی ئێران ئێستا هەڕەشەی داگیرکردنی هەرێمی کوردستان دەکات؟ ئایا دەتوانرێت ئەم هەڕەشەیە جێبەجێبکرێت؟ بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی سووریا، ئایا تورکیا بە تەواوی رۆژئاوای کوردستان داگیر دەکات؟ ئایا هەلومەرجی بابەتی بۆ سڕینەوە "تەسفیە"کردنی ئیدارەی رۆژئاوای کوردستان لەبارە و رەخساوە؟ ئایا رێککەوتنێک لە نێوان ئەنقەرە و تاران بۆ راگرتنی بەهێزبوونی کورد لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەیە؟ ئایا زەمینەی نوێی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست رێگە بە پەرەپێدانی ستراتیژێک بۆ ئەنجامدانی کردەوەی هاوبەش دەدات؟ ئایا مامەڵەکردن لەگەڵ پرسی کورد قورستر دەبێت دوای گۆڕانکارییە دیارەکانی نێو دەوڵەتانی عێراق و سوریا و، بێبەشکردنیان لە چوارچێوەی چەمکە تەقلیدییەکان؟
لەبەرچاوگرتنی ئەم پرسیارانە ناچارمان دەکات بە شێوازێکی جیاواز لەم بابەتە بکۆڵینەوە. نەخشەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە شێوازێکی ریشەیی گۆڕاوە، کە تێدا چوارچێوە چەمکییەکانی ڕابوردوو بەسەرچوونە و چی دیکە ناتوانن ببنە بنمای شرۆڤەکردنی دۆخەکە.
ئایا ئێران دەوڵەتێکی نەفرەتلێکراوە ؟
گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی شەپۆڵێکی ناڕەزایی فراوانی لەسەرتاسەری ئێرانی لێکەوتەوە. ئێران بەرەی ئۆپۆزسیۆنی کوردی ئێرانی، کە بریتین لە کۆمەڵە و حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە ئاراستەکردن و رێکخستنی ناڕەزایەتییەکان تۆمەتبار دەکات.
قسە و باسی سەرکردەکانی کۆماری ئیسلامیی بەتەواوتی لە قسەکانی حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێرانەوە سەریانهەڵداوە، کە تێدا باس لە هەوڵی داڕشتنی "شەڕێکی ناوخۆ" لە ئێران دەکات، کە ئامانجەکەی "دابەشکردنی ئێرانە"، شەڕێک هاوشێوەی ئەوانەی لە سووریا، یەمەن و لیبیا روودەدەن. لەنێو ئەم حیکایەتەی ڕژێمدا، ئەوەی ئامادەیی نیە بزوتنەوەی ناڕەزایی گەنجانی ئێرانە، نەڕەزاییەکی ناوخۆیی لە تەواوی سیستەمی سیاسی و ئابووریی وڵاتەکە. لێرەوە کۆماری ئیسلامی هەوڵدەدات دوژمنێک بۆ خۆی بدۆزرێتەوە، کە پاڵپشتی هێزە نێودەوڵەتییەکانی هەبێت و پیلانی دژ بە دەسەڵاتی ئیسلامی بداتە پاڵ بە شێوازێک کە ئەوان داڕێژەران و ئاڕاستەکارانی ئەم بزوتنەوە سەرتاسەریە بن. لەم حیکایەتەدا، ئەو دوژمنەی کە کۆماری ئیسلامی پەییپێبردەوە و دەنستنیشانیکردوە، لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێرانە، کە بریتین لە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵە و ئەم دوو گروپە وەک دوو ئەکتەری بەرپرس لە هەوڵی هەڵگیرسانی "شەڕی ناوخۆ" لە ئێران دەستنیشاندەکرێن. بەم شێوەیە و لەنێو ئەم حیکایەتەدا، لە ناوبردنی ئەم دوو ئەکتەرە دەبێت بە فەرمانێکی هەنوکەیی سوپا جیاوازەکانی کۆماری ئیسلامی.
بەدیوێکی دیکەشدا، ئامانجێکی دیکەی ئەم حکایەتە ئێرانیە بریتیە لە دۆزینەوەی پاساوێک بۆ هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان. حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی عێراق توانای کۆنترۆڵکردنی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران وکۆمەڵە لەسەر سنوورەکانیان نییە، بەڵام ئایا بەڕاستی هەلومەجری بابەتی لەبارەوە بۆ داگیکردنی هەرێم لەلایەن ئێرانەوە ؟
بەشێکی زۆر لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وەک ئەمریکا، وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا، وڵاتانی عەرەبی، ئیسرائیل و چەند وڵاتێکی دیکە، ئێران بە وڵاتێکی نەفرەتلێکراو دادەنێن، کە بە شێوازێکی سیستەماتیک پەیمانە نێودەوڵەتییەکان پێشیل دەکات و رێز لە مافە سەرەتاییەکان و مافی مرۆڤ ناگرێت و، وەک ئەکتەرێکی نەویستراو لە نێو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا مامەڵێی لەگەڵدەکەن.
لە لایەکی دیکەشەوە، هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ قەوارەیەکی فیدراڵییە، کە لە لایەن دەوڵەتی عێراقەوە بە شێوازێکی دەستووری متمانەی پێ بەخشراوە. هەروەها، کورد لە بەغدا چەندین پۆستی گرنگی وەک سەرۆککۆمار، وەزیری دەرەوە و جێگری سەرۆکوەزیرانی بەدەستەوەیە. با بیری خۆمانی بهێنینەوە کە کورد نزیکەی 20٪ پۆستە یەکلاکەرەوەکانی نێو دامەزراوە عێراقییەکان بەڕێوەدەبات. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوبەشێکی سیاسی، ئابووری و ئەمنی سەرەکی لە نێو عێراقدا دادەنێت. هەروەها بیرماندێت کە لە واشنتنیشەوە تاوەکو پاریس، هەمیشە گوزارشتی "حکومەتێکی کوردی بەهێزمان لە نێو عێراقێکی یەکگرتوو دەوێت" دوبارە دەبێتەوە.
لە کۆتایشدا، پەیوەست بە دیموکرات و کۆمەڵە، هیچ لەم دوو حیزبە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بە رێکخراوی تیرۆرستی دانەنراون. راستە ئەوان خاوەن بنکەی راهێنانی سەربازی خۆیانن و جوڵەی سەربازی بە بژاردەیەک بۆ کۆتایهێنان بە کۆماری ئیسلامی دادەنێن، بەڵام ئەو دوو حیزبە هیچ کاتێک خاکی هەرێمی کوردستانیان بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکارنەهێنانەوە. بەپێچەوانە، بگرە پەیوەندییەکانی هەولێر و تاران زۆربەی کات باش بووە و چەندین جار ئەو دوو گرووپە بوونەتە قوربانی پاراستنی ئەو پەیوەندییە.
هەموو ئەم هۆکارانە ئەگەری سیناریۆی داگیرکردنی هەرێمی کوردستان لەلایەن ئێرانەوە لاواز دەکەن. لەگەڵ ئەوەشدا ناکرێت ئەو ئەگەرە بە تەواوەتی پشتگوێ بخرێت.
تورکیا، دەوڵەتێکی گرنگ
بە پێچەوانەی ئێران، لە دەستپێکی شەڕەوە لە ئۆکراینا، تورکیا بووەتە یاریزانێکی گرنگ و خاوەن پێگەیەک لە هەردوو سیستەمی هەرێمی و نێودەوڵەتیدا. تورکیا ئەندامی ناتۆیە و خاوەن پەیوەندییەکی باشە لەگەڵ رووسیادا. لە لایەکەوە تورکیا گازی سرووشتی بە دراوی روبڵ لە رووسیا دەکڕێت و، لە لایەکی دیکەشەوە درۆن بە کێیڤ دەفرۆشێت.
لەسەر ئاستی هەرێمی، تورکیا پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو و ئیسرائیل ئاسایی کردووەتەوە. هەروەها، ئاسایی کردنەوەی پەیوەدنییەکانی لەگەڵ ماریشال سیسی، سەرۆکی میسردا بەڕێوەیە. لە عێراقیش، لەرێگەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان، حەلبووسی و خەنجەر (سووننەکان) و شیعە لیبراڵەکانەوە خاوەن هەژموونێکی بەهێزە.
بەڵام لە ناوخۆدا، ئەردۆغان هیچ کات بە قەدەر ئێستا لاواز نەبووە. هەروەها ئابووری وڵاتەکە بە دۆخێکی دراماتیکیدا تێدەپەڕێت. لە سەرەتای ئەمساڵەوە، لیرەی تورکی زیاد لە 28٪ لە بەهای خۆی بەرامبەر دۆلار لە دەستداوە. لە ساڵی 2021یشدا 44٪ بەهاکەی بەرامبەر دۆلار لە دەستدا. هاوسەنگی بازرگانیش لە ئۆکتۆبەری ساڵی 2022 بە رێژەی 430٪ فراوانتر بوو.
لە هەمان مانگدا، هەڵاوسان گەیشتە بەرزترین ئاستی لە 25 ساڵی رابردوو، کە دەکاتە 85.5% بە بەراورد بە ساڵی 2021. ئەم هەڵاوسانە بووەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی گواستنەوە بە رێژەی 117% ،خۆاردەمەنی 99%، خانووبەرە 85%. ئەم زیادکردنانە بە رێژەی 126% بۆ 146% بارگرانی خستووەتە سەر خەڵکانی خاوەن مووچە نزم و دانیشتووانی ناوچە هەژارەکان[1].
بێگومان ئەم قەیرانە ئابوورییە گشتییە بە سەرۆکێکەوە دەبەسترێتەوە کە لە مانگی حوزەیرانی داهاتوودا هەڵبژاردنی یەکلاکەرەوەی هەیە. ئامانجی ئەو گرتنەبەری هەموو بژاردەیەکە بۆ ئەوەی هەڵبژاردنەکە بباتەوە. بەڵام رەجەب تەیب ئەردۆغان ئاگادارە کە بەو بارودۆخە داراییە لاوازەوە، ئەگەری سەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکاندا زۆر کەمە. بۆیە ناچار دەبێت لە دیدگەیەکی جیاوازەوە کار لەسەر هەڵمەتەکەی بکات. ئەویش لە رێگەی کارکردن لەسەر ئاسایشی نیشتمانی وڵاتەکەی.
نزیکەی 40 ساڵە تورکیا لەگەڵ پەکەکە لە شەڕدایە. سەرۆککۆماری ئەو وڵاتەش ئێستا بە نیازی رووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازی چڕە لەگەڵ ئەو هێزانەدا، بەتایبەت لە رۆژئاوای کوردستان کە بە لقێکی ناوخۆی پەکەکە دادەنرێت و لە لایەن پارتی یەکێتی دیموکراتی سووریا بەڕێوەدەبرێت.
لە مانگی یەکی ساڵی 2018دا، تورکیا سەرەڕای ناڕەزیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ناوچەی کوردنشینی عەفرینی داگیر کرد. ئەمڕۆش بە نیازە دەڤەری کۆبانێ بکاتە ئامانج. لە ئێستاشدا ئەوە راستە کە ئەمریکا داوای لە تورکیا کردووە کە پلانی داگیرکردنی ڕۆژئاڤا جێبەجێ نەکات، بەڵام بۆ سەرۆکی تورکیا ئەم کاردانەوەیەی ئەمریکا وا دەخوێنرێتەوە کە زۆر یەکلاییکەرەوە و توندنیە و بەپێچەوانەوە کردنەوەی دەرگایە بۆ داگیرکردنێکی ڕێژێی.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان پێوایە کە سەرمایەگوزاری بەم بابەتەوە، بەتایبەتی لە رێگای بەستنەوەی کێشەی کورد بە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکەیەوە سوودێکی زۆری پێدەگەینێت و بگرە ئەگەرکانی بردنەوەی هەڵبژاردنەکەی حوزەیرانی 2023 زیاتر دەکات. لێرەوە ئەردۆغان لە بەردەم دوو بژاردەدایە. یەکەم، هێرشکردن و داگیرکردنی کۆبانێ و دووەمیش ناچارکردنی کورد بە گەڕانەوەیان بۆ ژێر دەسەڵاتی بەشار ئەسەد. رووسەکان کە بە چڕی چالاکن لە سووریا، بژاردەی دووەمیان پێ باشترە، بەڵام ئێرانییەکان تاوەکو ئێستا بڕیاریان لەسەر ئەم پرسە نەداوە.
لە هەردوو ئەگەرەکەدا ئەردۆغان براوە دەبێت. بەپێی لێکدانەوەکانی ئەو، کۆمەڵگای تورکیا داگیرکردنی کۆبانێ وەک سەرکەوتنی تورکیا بە سەرکردایەتی سەرۆکێکی بەهێز کە وڵاتەکە پێویستی پێیەتی دادەنێت، سەرۆکێک کە توانای پاراستنی نەتەوە و خاک و دەوڵەت لە بەرامبەر هەڕەشەی رێکخراوە "تیرۆریستەکان" هەیە . سەرەڕای ئەوەش گەڕانەوەی رژێمی ئەسەد بۆ ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان قازانجێکی زۆری بۆ تورکیا دەبێت. لە خەیاڵدانی ئەردۆغاندا، ئەم گەڕانەوەیە بە دڵنیاییەوە کۆتایی بەو قەوارە کوردییە لە ناوچەکەدا دەهێنێت. لەئەنجامدا، دەتوانێت ئەم ئەگەرە بۆ زیادکردنی دەنگەکانی بەکاربهێنێت.
لە نێوان لەشکرکێشی یان گەڕانەوەی ئەسەد بۆ ئەو ناوچانە، سەرۆککۆماری تورکیا ئومێدەوارە بە زووترین کات چارەسەرێک بۆ ئەو چەند ملیۆن پەنابەرە سوورییەی لە تورکیان بدۆزێتەوە. لە راستیدا ئەم لێشاوە گەورەیەی سوورییەکان لە تورکیادا ئێستا وەک شکستێک هەستی پێدەکرێت کە لە بەڕێوەبردنی کەیسی سووریاوە سەرچاوەی گرتووە. لەرێگەی لەشکرکێشی یان گەڕانەوە، ئەردوغان هیوادارە تا مانگی حوزەیرانی ساڵی داهاتوو ناوچەی ئارام دروستبکات و ئەو پەنابەرانە بە ئارەزووی خۆیان یان بە زۆر بگەڕێننەوە بۆ وڵاتەکەیان.
کۆتایی
تاوەکو ئەمڕۆ، هێزی چەکداری دوو وڵاتی زلهێزی ناوچەیی لەسەر سنوورەکانی باشوور و رۆژئاوای کوردستان جێگیر کراون. بۆ ئێران، تا جوڵەی ناڕەزایەتی فراوانتر و بەردەوام بێت و زیاتر بکێشێت، مەترسی زیادبوونی فشارەکانی بۆ سەر بەغدا و هەولێر زیاد دەکەن. بەڵام مەترسییەکانی داگیرکردنی تەواو یان بەشێکی هەرێمی کوردستان لەلایەن ئێرانەوە کەمترینە. لە لایەکی دیکەوە، تاوەکو تورکیا لە وادەی هەڵبژاردنی وڵاتەکەی لە حوزەیرانی 2023 نزیک ببێتەوە، مەترسی سڕینەوەی "تەسفیەکردنی" قەوارەی کوردی لە سووریا بە لەشکرکێشی یان گەڕانەوەی رژێمی ئەسەد بۆ ئەو ناوچانە زیاتر دەبن. چەند کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە بەرامبەر کۆماری ئیسلامی ئێراندا بەهێزە و بە بەردەوامی سزای بەسەردا دەسەپێنێت، هێندەش لە بەرامبەر سەرۆککۆماری تورکیادا کاردانەوەکانی لاواز دەردەکەون.
[1] Nicolas Bourcier, "In Turkey, the economy on a dangerous slope", World, November 21, 2022.