شرۆڤە

گەڕانەوەی BPی بەریتانی بۆ 10 ملیار بەرمیل نەوتی کەرکوک دوای سەدەیەک

14-01-2025


بەرایی

بڕیارە لەچوارچێوەی سەردانەکەی بۆ بەریتانیا سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەمڕۆ یان سبەی واژۆی سەرەتایی گرێبەستێکی نوێ لەگەڵ کۆمپانیای بریتش پیتڕۆڵیۆم BP بۆ پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوک بکات.

لەڕاستیدا، پەیوەندی نەوتی کەرکوک و کۆمپانیای بریتیش پترۆڵیۆم (BP) مێژوویەکی زیاد لە 100 ساڵی هەیە و دەگەڕێتەوە بۆ قۆناخی سەرەتای دۆزینەوەی نەوت لە هەموو عێراق و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. ئەوکات کۆمپانیاکە لەماوەی سێ مانگدا توانی لە کێڵگەی نەوتی بابەگۆڕگوڕەوە یەدەگی 12 ملیار نەوت بدۆزیتەوە و بیکات بەیەکێک لە کێڵگە نەوتییە زەبەلاحەکانی ئەوکات و ئێستاش لە کەرتی وزەدا.

دوای بەرهەمهێنانی نەوت لە 1934وە تاوەکو ئێستا بەىێ هیچ پەرەپێدان و نوژەنکردنەوەی تەکنەلۆژیای بەرهەمهێنان لەو چوار کێڵگەیەی کەرکوک کە نەوتی تێدا بەرهەمدێت لەگەڵ وەبەرهێنان لە دوو کێڵگەی دیکەدا، ئاستی یەدەگی کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوک لە سەروو 20 ملیارەوە کەمیکردووە بۆ 10 ملیار بەرمیل نەوت، ئاستی بەرهەمهێنانیش لە یەک ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانەوە بۆ 350 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە دابەزیوە.

ئەو کۆمپانیایەی دۆزینەوەکەی ئاشکرا کرد و کێڵگە نەوتییەکەی بەجیهان ناساند و ئێستاش دووبارە گەڕاوەتەوە بۆ نوژەنکردنەوەی ئامێرە تەکنەلۆژییەکان و راستکردنەوەی خراپی یەدەگی کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوک و بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت و نەسووتانی گازی هاوەڵ و بەرهەمهێنانی گاز بۆ ویستگەی کارەبا لەو شارە.

کەرکوک و ناوچەکانی دیکەش لەدوای 2003وە بە ناوچەی کێشە لەسەر یان ناوچەکانی ماددەی 140ی لە دەستووری هەمیشەیی عێراق دانراوە، بەڵام دوای تێپەڕینی دوو دەیە و کۆتایهاتنی بەڵینی دوایین کابینەی حکومەتی عێراق بۆ دەرکردنی یاسای نەوت گاز لە شەش مانگی یەکەمی کارکردنیدا، کە ئێستا 3 ساڵی تێپەڕیوە و 9 مانگی کارکردنی ماوە، هەموو پرسەکانی پەیوەست بە نەوت و گاز لە عێراق بەچارەسەرنەکراوی ماوەتەوە.

لەدەرەوەی گرنگی ناکۆکییەکانی هەولێر و بەغدا لەسەر ئەم پرسە، دوو پرسیاری دیکەی گرنگ هەیە ئەوانیش بریتین لە روانگەی عێراق بۆ پرسی وزە (نەوت و گاز)، گرنگی یەدەگی نەوتی کەرکوک و هەوڵی بەردەوامی کۆمپانیای BPی بۆ کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوک وەبەرهێنان تێدا لەسەردەمی نێت زیرۆ و گواستنەوە بۆ وزە نوێبووەکان؟

نەوتی کەرکوک؛ دوای سەدەیەک هێشتا سەرچاوەیەکی 10 ملیار بەرمیلی

کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوک بە کۆنترین کیڵگەی نەوتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جیهان دەناسرێن و بۆ یەکەم جار نەوت لەم ناوچەیەدا لە کەرکوکەوە دەرهێندرا. کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوک لە شەش کێڵگە پێکدێت، کە تاوەکو ئێستا وەبەرهێنان یان هەڵکۆڵین لە چوار دانەیان کراوە و، بەهۆی خراپ بەڕێوەبردنەوە لەسەرەتاوە تاوەکو ئەمدواییەش ئاستی یەدەگی نەوتی و بەرهەمهێنانەکەی زۆر دابەزیوە.

لەڕاستیدا، مێژووی کۆمپانیای بریتیش پیترۆڵیوم BP لە عێراق و کەرکوک دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای دۆزینەوەی نەوت لە هەموو عێراق، کاتێک لەساڵانی 1920 کۆمپانیای ئەنگۆلو-پیرشیەن دەستیکرد بە گەڕان و هەڵکۆڵینی بیری نەوت لەم ناوچەیەدا. 

سەرەتای ساڵانی 1920وە لەلایەن کۆمپانیای نەوتی تورکی (کە دواتر ناوی گۆڕا بۆ کۆمپانیای نەوتی عێراق)دەستکرا بە گەڕان و چوارەمین بیری تاقیکردنەوەیان لە نزیک کەرکوک هەڵکەنرا و ناونرا "بابا گوڕگوڕ"، کە واتای "باوکی ئاگر" دەگەیەنێت. لەڕاستیدا، ناوەکە لەو ئاگرانەوە هاتووە کە بەردەوام لەسەر نەوت و گازی هەڵقوڵاو لەو زەوییانەی کەرکوکەوە دەسووتان.

لەماوەی سێ مانگی کارکردنی کۆمپانیاکەدا و لە کاژێر سێی بەرەبەیانی 14ی ئۆکتۆبەری 1927، کاتێک تیمەکە گەیشتنە قوڵایی هەڵکەندنەکەیان، نەوت و گاز هاتەسەرەوە. پڕژانی نەوتەکە هێندە بەرز بوو کە ٤٢ مەتر بەرزتر لە بورجی کێڵگە نەوتییەکە زیاتر دەرچووە و نەک تەنیا رووبەر و چواردەوەری کێڵگەکەی داپۆشی، بەڵکوو بەڕووبەری 400 دۆنمی خۆی کرد بە نەوت،  کە رۆژانە 90 هەزار بەرمیل نەوتی رژاوە تاوەکو کۆنترۆڵ کراوە،( Ellen R. Wald ، 2018)،

بەپێی هەمان سەرچاوە، لە ساڵی دواتردا (1928)، کۆمپانیاکە بیری دیکەی هەڵکەند و دەریخست کە کێڵگەیەکی نەوتی بە درێژایی نزیکەی ٤٨ کم لەژێر چینێکی تەنکی بەرد لە ناوچەی کەرکوکدا هەیە. پاشان، ئەوە دیاریکرا کە ئەو کێڵگەیە بەتەنیا نزیکەی 12 ملیار بەرمیل نەوتی یەدەگی تێدایە، کە ئەوکات و ئیستاش یەکێکە لە کێڵگە گەورەکانی نەوت لە جیهاندا. دواتر بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکەوە دواکەوت تاوەکو 1934.

ئێستا، بەپێی نویترین داتاکانی گلۆباڵ ئینرجی کۆی یەدەگی نەوتی کیڵگە نەوتییەکانی کەرکوک ئەوانەی هەڵکۆڵین و وەبەرهێنانیان تێداکراوە گەیشتووەتە 8.9 ملیار بەرمیل نەوت، بەمدواییەش بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی بەڕێوەبەرایەتی کۆگاکان و پەرەپێدانی کێڵگەکان لە کۆمپانیای نیشتمانی نەوتی عێراق، ستراکچەری دوو کێڵگەی دیکەی لە پارێزگای کەرکوک بەناوەکانی غەدیر و تل عەلی لە شێوەیەکی نوێ دۆزرایەوە کە بەگشتی بڕی 1.3 ملیار بەرمیل نەوتیان تێدایە و، بڕی سەروو 400 ملیۆن بەرمیل نەوتی ئەم دوو پێکهاتە نوێیە لەڕووی تەکنیکی و ئابوورییەوە شیاوە بۆ وەبەرهێنان. 

هەروەها، راپۆرتەکانی کۆمپانیای سۆمۆ بۆ هەناردەکردنی نەوتی عێراق ئاماژە بەوەدەکات کە لە نۆڤەمبەر 2024دا کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوک بە بڕی 266 هەزار و 715 بەرمیل رۆژانە بەشداری هەناردەکردنی کۆی نەوتی عێراق بۆ دەرەوە کردووە و، ئێستاش ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لەو چوار کێڵگەوە لە کەرکوک لەنێوان 350 هەزار بۆ 360 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە دایە، کە لەچاو یەدەگەکەیدا هیچ نییە.

روانگەی بەغدا بۆ پرسی نەوت و گاز؛ دەستووری نوێ عێراق

شاری کەرکوک لە دەستووری کاتی و هەمیشەیی عێراق وەک ناوچەیەکی جێی ناکۆکی ناوی هاتووە و چاوەڕواندەکرا کەوا لە ئیدارەی نوێی عێراق دوای رووخانی رژیمی سەدام حسین ئەم پرسە یەکلابکرێتەوە بەشێوەیەک لە راپرسییەکدا خەڵکی رەسەنی شارەکە دەنگ بدەن بەوەی کەوا ئەم پاریزگایە سەر بە تاکە هەرێمی دەوڵەتە فیدراڵیەکە بێت یان راستەوخۆ پاریزگایەکی دەوڵەتە فیدراڵیەکە بێت، بەڵام نزیکەی دوو دەیەی لەدوای نووسینەوەی چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە لە ماددەی 58ی دەستووری کاتی و ماددەی 140ی دەستووری هەمیشەیی عێراق هێشتا جێبەجێنەکراوە و کێ هێزی هەبووبێت، ئەو ئیدارەی نەوتی ئەم شارەی کردووە.

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە هەمان رۆژی سەردانەکەیدا بۆ بەریتانیا لە رۆژنامەی تەلەگرافەوە گوتی" لە گفتوگۆکانم لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا و بەرپرسە باڵاکاندا سەرنج دەخەمە سەر رێگاکانی پشتگیریکردنی چاککردنەوەی ژێرخان و گەشەپێدانی کەرتە بەرهەمهێنەرەکان، بەتایبەتی وزە، کە هێشتا بڕبڕەی پشتی ئابووری عێراقە . کۆمپانیا دیارەکانی بەریتانیا بۆ چەندین ساڵ رۆڵێکی سەرەکییان لە گەشەپێدانی کێڵگە نەوتییە گرنگەکانی وەک رومەیلە و کەرکوک هەبووە. بەمدواییانەش، ئەم هاوبەشییە زیاتر پتەوکرا لە رێگەی لێکتیگەیشتنێکی نوێوە لەگەڵ یەکێک لە گەورەترین کۆمپانیاکانی بەریتانیا (BP) بۆ دامەزراندنی پڕۆژەیەکی گەورەی گاز، کە چاککردنەوەی کێڵگەکانی کۆمپانیای نەوتی باکوور و دروستکردنی ژێرخانی بەرفراوان بۆ پیشەسازی نەوت لەخۆ دەگرێت".

لە بەرامبەردا حکومەتی هەرێمی کوردستان پێش بەڕێ کەوتنی سوودانی بۆ لەندەن، لە رێگەی راگەیاندراوێکەوە ئاماژەی بەوەکرد " ئێستا حکومەتی عێراق ئامادەکاری دەکات کە بە شێوەیەکی تاکلایانە، نەوت و گازی ئەم ناوچانە ببات، هەروەها، " حکومەتی فیدراڵی لە هەوڵی ئەوەدایە گرێبەستی نەوت و گاز واژۆ بکات" . کە ئەمەش لەئێستاوە دەرخەری ناڕەزایی حکومەتی هەرێمی کوردستانە.

راستییەکی دیکەش لەم پرسەدا نەگوڕینی روانگەی عێراقە لە بەڕێوەبردنی پرسی نەوت و گاز لە یەکەم رۆژەوە تاوەکو ئەمڕۆ، کە ئیدارەدانێکی بەهێزی ناوەندی و بەڕێوەبردنێکی لاوازی نێوخۆی هەرێم و پاریزگاکان لە عێراق، لەکاتێکدا لەدوای 2003 و لە دەستووری نوێ عێراق پێچەوانەی ئەمە هاتووە کە جۆرێکە لە لامەرکەزیەت و رۆڵی هەرێم و پاریزگاکانی بەهێزکردووە و دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندی لاوازکردووە، (کەمال ئەلمەهدی، 2006).

گەڕانەوەی BPی بۆ کەرکوک بە شێوازێکی نوێ گرێبەستی نەوتی

لە دوای رووخانی رژیم و لەسەرەتای 2005 وەزارەتی نەوتی عێراق کێڵگەی نەوتی کەرکوک دا بە کۆمپانیای شێڵی بەریتانی و کێڵگەی نەوتی رومەیلە بە بریتیش پترۆڵیوم بۆ لێکۆڵینەوەیەکی زانستی و چۆنیەتی پەرەپێدان و بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لەو دوو کێڵگە گەورەی عێراق، بەڵام BP چاوی لە کەرکوک بووە .

لەراستیدا گەڕانەوەی کۆمپانیای بریتیش پترۆڵیۆم (BP) بۆ کەرکوک دوای سەدەیەک و واژۆکردنی چەندین رێککەوتن لەماوەی دەیەی رابردوودا پرسیکی گرنگە، کە بەپێی لێکتیگەیشتنامەی پێشووتری نێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیای BP گرێبەستە نوێیەکە کێڵگەی نەوتی بای حەسەن (دۆمی بابە و ئاڤانە)، کێڵگەی نەوتی جەمبوور و خەباز کە ئێستا لەلایەن کۆمپانیای نەوتی باکووری (NOC) حکومەتی عێراقەوە بەڕێوەدەبرێن لەخۆدەگرێت.

کۆمپانیا بەریتانییەکە لەساڵی 2010وە هاوبەشی بەرهەمهێنانی نەوتی لە کێڵگەی نەوتی رومیلە بە گریبەستی خزمەتگوزاری سەرمایەگوزاری کردووە، و لەساڵی  2013شەوە رێککەوتنی راوێژکاری بۆ کێڵگەی نەوتی کەرکوک کردووە، بەڵام بەهۆی رووداوەکانی 2014وە تاوەکو 2017 کاری تێدا نەکرد. جارێکی دیکە لە کانوونی دووەمی 2018دا رێککەوتنێکی نوێ بۆ لێکۆڵینەوە لە بەرزکردنەوەی ژێرخانی کێڵگەکان و پەرەپێدانیان واژۆکرد و لە ئایاری هەمان ساڵیشدا رێککەوتنەکە فراوانتر کرا کە ئەوکات کێڵگەی نەوتی خورمەڵەشی دەگرتەوە کە لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو ، بەڵام ئەمیش نەکەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.

هەروەها، لەسەرەتای ئەمساڵیشدا گفتوگۆکان بەشێوەیەک چڕبوونەوە کەوا رۆژانی پشووش بەردەوامبوون تاوەکو گەیشتنە نووسینەوەی رەشنووسی دوایین خاڵەکان و گۆڕینی گرێبەستەکەش لەگرێبەستی خزمەتگوزارییەوە بۆ گرێبەستی هاوبەشی لە قازانجکردن.

ئێستا کە بڕیارە لەم سەردانەی محەممەد شیاع سوودانی بۆ بەریتانیا بنەما سەرەکییەکانی رێککەوتنەکە واژۆ بکرێت، دواتر کابینەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقیش پەسەندی بکات. گرێبەستە نوێیەکەش کێڵگەی نەوتی بای حەسەن بە هەردوو (دۆمی بابە و ئاڤانە)، کێڵگەی نەوتی جەمبوور و خەباز دەگرێتەوە، جگە لە پرۆژەکانی وەک وەبەرهێنان لە گازی هاوەڵ و بەرهەمهێنانی کارەبا لە وزەی خۆرەوە.

هەروەها، شێوازە نوێیەکەی گرێبەستەکە کە لەجۆری مۆدیلی هاوبەشیکردن لە قازانج زیاتر نزیکە لەگرێبەستی هاوبەشیکردن لە بەرهەمهێنان PSA تاوەکو گرێبەستی خزمەتگوزاری SC، کە ئەمەش دەرخەری ئەو راستیەیە کەوا عێراق دوای دوو دەیە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان، نوێکردنەوەی توانای ئامێری کێڵگەکان و نەسووتانی گازی هاوەڵ و زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت و راستکردنەوەی تێکچوونی یەدەگی نەوتی کێڵگەکان پەنای بۆ کۆمپانیا نێودەوڵەتیەکانی نەوت برد.

لەڕاستیدا، شێوازە نوێیەکەی گرێبەستەکەی عێراق بۆ نەوت و گاز کەوا بۆ ئەم گریبەستە وگەڕی پێنج پڵەس و شەشیدا پەیڕەوی کرد لە یەک خاڵدا جیاوازە لە گرێبەستی هاوبەشی لە بەرهەمهێنان PSA، ئەویش ئەوەیە کۆمپانیاکە نابێتە خاوەن یان هاوبەشی نەوت و گازی دۆزراوە بەڵکوو هاوبەش لە قازانجی ئەو نەوت و گازەی بەرهەمدێت و دەفرۆشرێت بەرێژەی جیاواز کەوا لە گرێبەستەکانی پێشووی ئەمجۆرەدا پشکی کۆمپانیاکان گەیشتە رێژەی 32% بۆ کۆمپانیا وەبەرهینەرەکە و ئەمەی BPی بۆ کەرکوک چەندە با چاوەڕوان بین.

کۆمپانیای BPی یەکێکە لە گەورە کۆمپانیاکانی کەرتی وزەی جیهان کەوا بەپیی ستراتیژی کۆمپانیاکە دەبوایە وەبەرهێنان لە وزە باوەکان نەوت و گاز کەمبکاتەوە و تاوەکو 2050 بگاتە ئاستی نێت زیرۆ و  کۆی وەبەرهێنانەکانی بگوازێتەوە بۆ وزە نوێبووەکان، بەڵام ئەم رێککەوتنەی لە عێراق و رێککەوتنی پێشووتریشی لە کوەیت ئەوە دەردەخات کۆمپانیاکە و جیهانیش هێشتا پێویستی بە وزە باوەکان هیچ نەبێت بۆ دەیەی داهاتوو.

کۆتایی

کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوک یەکێکە لەو کێڵگانەی لە عێراق لە 1934وە کە نەوتی لێوە بەرهەمدەهێنرێت تاوەکو ئێستا وەبەرهێنان و پەرەپێدان بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت تێدا نەکراوە، ئەمەش وایکردووە ئاستی بەرهەمهێنان نەوت و یەدەگەکەشی کەمبێتەوە، ئەم گرێبەستە نوێیەی عێراق لەگەڵ BPی بۆ رێکخستنەوەی توانای بیرەکان و گیڕانەوەی ئاستی سرووشتی یەدەگی بیرەکان بە تەکنەلۆژیای نوێ و پەرەپێدانی کێڵگەکان لەڕووی بەکارهێنانی ئاو یان گاز بۆ بیرەکان کە دەتوانێت ئاستی بەرهەمهێنان لەو کێڵگانەوە بباتەوە قۆناخێکی نوێیەوە.

بەپێی گرێبەستە نوێیەکە کۆمپانیا بەریتانییەکە دەستدەکات بە هەڵکۆڵینی 16 بیری نوێ و دامەزراندنی ئامێری پێویست بۆ نەسووتانی گازی هاوەڵ و جیاکردنەوەی گازەکە لەو نەوتەی بەرهەمدێت و گواستنەوەی بۆ ویستگەی کارەبا. هەروەها، گەڕاندنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی کەرکوک بۆ نزیکەی نیو ملیۆن بەرمیل نەوت لەرۆژێکدا، چونکە ئەو چوار کێڵگەیەی کەوا کۆمپانیا بەریتانییەکە بڕیارە وەبەرهێنانی بەشێوەی گرێبەستی هاوبەشی لە قازانج تێدا بکات رێژەی 98% کۆی یەدەگی سەلمینراوی نەوتی کەرکوک پێکدەهینێت.

هەروەها، لەڕووی شیاوبوونی تەکنیکی و ئابوورییەوە بۆ وەبەرهێنان نەوتی کەرکوک بەرزترین رێژەی لەسەر ئاستی هەموو عێراق هەیە، بەشێوەیەک ئاستی شیاوبوونەکەی ( Recovery facto)  کە دەگاتە 58%  کۆی سەرچاوەکە، لەکاتێکدا کێڵگەی نەوتی ویست قۆڕنە لە بەسرە شیاوبوونی ئابووریەکەی 42%.

لەکۆتاییدا، خاڵێکی سەرنجڕاکیش لەم گرێبەستە نوێیەی BPی لە عێراق گەڕانەوەیە بۆ وزە باوەکان، لەکاتێکدا لەراپۆرتی ستراتیژی 2020دا کۆمپایاکەدا ئاماژەی بە کۆتایهێنان بەوەبەرهێنان لە وزە باوەکان و تەرخانکردنی پارە بۆ وەبەرهێنان لە وزە نوێبووەکان و گەیشتنە نێت زیرۆ لە 2050 یان پێشتر لەوساڵە دابوو، بەڵام ئەم وەرچەرخانە واتای بۆ نەوت و گاز لە داهاتوودا هەیە هەروەکو چۆن گەڕانەوە بۆ کەرکوکیش دوای سەدەیەک جگە لەدیوە ئابوورییەکەی دیوی دیکەشی هەیە.

سەرچاوەکان

Wald, E. R. (2018). Kirkuk's Oil Chessboard. The Cairo Review of Global Affairs, Winter 2018

Al-Mehaidi, K. (2006). Geographical Distribution of Iraqi Oil Fields And Its Relation with the New Constitution. Petroleum Adviser, Revenue Watch Institute.

Share this Post

شرۆڤە