شرۆڤە

کڕیار و هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە بەندەری جەیهانەوە

04-04-2023


بەرایی

هەولێر و بەغداد بەرەو رێککەوتنن بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک لە بەندەری جەیهانەوە بۆ بازاڕەکانی جیهان، بەڵام یەکێک لە پرسەکان کە هەندێک لە هێزە شیعەکان ئاماژەیان بۆ کرد و دەگوترێت لە دانوستاندنەکاندا باسکراوە، هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ ئیسرائیل بووە، کە بەپێی داتاکان لە کانوونی دووەمی 2018ەوە تاوەکو شوباتی 2023، کۆی نەوتی هەناردەکراوی رۆژانە بۆ ئیسرائیل 2 ملیۆن و 935 هەزار بەرمیل بووە. لەکاتێکدا لەهەمان ماوەدا، کۆی نەوتی هەناردەکراوی هەرێمی کوردستان بۆ یۆنان 8 ملیۆن و 409 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بووە. 

بەم شێوەیەش لەو ماوەیەدا وڵاتانی ئەورووپا بەرێژەی 76% کڕیاری نەوتی هەرێمی کوردستان بوون، بەشێوەیەک بە پلەی یەکەم ئیتاڵیا بە رێژەی 34%، بەدوایدا بە پلەی دووەم یۆنان بەڕێژەی 20%دێت. لەکاتێکدا ئیسرائیل بەڕێژەی 12% و چینیش بەڕێژەی 7% بە پلەی سێیەم و چوارەم نەوتی هەرێمی کوردستانی کڕیوە.

 ئەمەش سەرەڕای ئەو راستییەی کە فرۆشتنی نەوت لە رێگەی کۆمپانیا گەورەکانی بازرگانیی بواری وزەی وەک ترەفیگۆرا، گرووپی ڤیتوڵ، گرووپی وزەی میرکوریا و پێتراکە دەکرێت، کە هەرێمی کوردستان یاخود عێراق نەوتیان پێدەفرۆشێت و ئەو كۆمپانیایانە ئەوە دیاری دەكەن كە دوایین وێستگەی نەوتی فرۆشراو چ وڵاتێک دەبێت.

 لەلایەکی دیکەوە، هەرێمی کوردستان لە چارەکی چوارەمی 2013ەوە دەستی بەهەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە بۆ بازاڕەکانی جیهان کردووە، بەشێوەیەک کە بە 4 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە دەستیپێکردووەو، لە شوباتی 2023دا گەیشتووەتە 456 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە. 

 ئێستا، بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکانی نێو رێککەوتنەکە، هەولێر ئیدارەی نەوتەکەی خۆی دەدات و کۆمپانیای سۆمۆ کارەکانی بە بازاڕکردن و هەناردەکردنی بۆ بازاڕە جیهانییەکان لە ئەستۆ دەگرێت. لێرەدا و بەپشتنەستن بە داتا فەرمییەکانی کپلەر و سامانە سرووشتییەکان و سۆمۆ لە یەکەم رۆژەوە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک لە بەندەری جەیهان بۆ بازاڕەکانی جیهان دەخەینەڕوو و فۆکەسی سەرەکیش لەسەر کڕیارانی نەوتی هەرێمی کوردستان لە کانوونی دووەمی 2018ەوە تاوەکو شوباتی 2023 دەبێت.  

هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک لە بەندەری جەیهانەوە

 بۆڕی عێراق – تورکیا، کە لەساڵی 1973ەوە دروستکراوە، لە ماوەی نێوان 2013 تائێستا نەوتی هەرێمی کوردستان گواستووەتەوە بۆ بازاڕەکانی جەیهان و، هاوشانی ئەوەش نەوتی کەرکووکی گواستووەتەوە. 

 هەرێمی کوردستان لە چارەکی چوارەمی 2013ەوە هەناردەی رۆژانەی بۆ بازاڕەکانی جیهان تەنیا 4 هەزار بەرمیل بووە، بەڵام پێش راگرتنی هەناردەکردنی نەوت لەمانگی شوباتی 2023دا 456 هەزار بەرمیلی رۆژانە بووە.

 لەماوەی پێنج ساڵی رابردوودا، بەرزترین رێژەی هەناردەکردنی نەوت لە چارەکی چوارەمی 2015دا بووە، کە رۆژانە گەیشتووەتە 601 هەزار بەرمیل. بەپێچەوانەی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە، نەوتی کەرکووک لەسەرەتادا لە سەروو 300 هەزار بەرمیل نەوتی لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە هەناردە دەکرا، بەڵام لەچارەکی چوارەمی 2022دا کەمبووەتەوە بۆ 76 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا، وەکو لە گرافیکی یەکەمدا هاتووە. 

 ئێستا، کە هەولێر و بەغدا لە دانوستاندنن بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوت لە بەندەری جەیهانەوە، نزیکەی 10 رۆژە هەناردەکردن راگیراوە، چاوەڕوان دەکرێت لەکاژێرەکانی داهاتوودا دووبارە رێکبکەونەوە لەسەر دەستکردنەوە بە هەناردەکردنەوەی 500 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بەشێوازێکی نوێ، کە سۆمۆ لە بازاڕەكاندا مامەڵەی دەكات!

سەرچاوە: وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، داتای کراوە سۆمۆ، میس

  کڕیاری نەوتی هەرێمی کوردستان لە کانوونی دووەمی 2018ەوە بۆ شوباتی 2023 

بەپێی داتا کۆکراوەکان، وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا لەنێویشیان دا هەریەکە لە ئیتاڵیا، یۆنان، کرواتیا، ئیسپانیا و رۆمانیا لە رێزبەندی سەرەوەی کڕیارانی نەوتی هەرێمی کوردستانن وەکو لە گرافیکی یەکەمدا هاتووە.گرافیک 2: رێزبەندی وڵاتانی کڕیاری نەوتی هەرێمی کوردستان لە کانوونی دووەمی 2018 بۆ شوباتی 2023. 

 سەرچاوە: پلەر، میس

هەروەها، بەپێی داتاکانی کپلەر و میس لەبارەی ئەو وڵاتانەی مانگانە نەوتی هەرێمی کوردستانیان کڕیوە، لە شوباتی ئەمساڵدا ئیسرائیل بە پلەی یەکەم دێت بە 248.6 هەزار بەرمیل، ئیتاڵیا بە پلەی دووەم بە 125 هەزار بەرمیل، چین بە 73.2 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بە پلەی سێیەم دێت. لەکاتێکدا لە کانوونی دووەمی 2023دا، کرواتیا بە کڕینی 171.2 هەزار بەرمیل بە پلەی یەکەم، ئیتاڵیا بە کڕینی 125 هەزار بە پلەی دووەم و ئیسرائیل بە پلەی سێیەم دێت بە کڕینی 64.4 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە. 

 لەلایەکی دیکەوە، بەتێکڕا لە 2022دا ئیتاڵبا بە 139 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە، یۆنان بە 94.9 هەزار بەرمیل و ئیسرائیل بە 68.4 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە، بە پلەی یەکەم، دووەم و سێیەم دێن.

  هەروەها، لەساڵی 2021دا بەتێکڕا ئیتاڵیا بە 170 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە، یۆنان بە 90 هەزار بەرمیل نەوت، کرواتیا بە 57.6 هەزار بەرمیل نەوت و ئیسپانیا بە 41.9 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە، بە پلەکانی یەکەم تاوەکو چوارەم دێن.

لەبارەی تەواوی داتاکان بۆ ئەو وڵاتانەی نەوتی هەرێمی کوردستانیان لە مانگی یەکی 2018وە تاوەکو شوبات ئەمساڵ کڕیوە. بڕوانە گرافیکی خوارەوە.  نیشاندەری کڕیارانی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا

سەرچاوە: پلەر، میس. 

کۆتایی

 پابەندبوون بەم شێوازە نوێیەی بەڕێوەبردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دوو لێکەوتەی  دەبێت، یەکەمیان لەڕووی ئابوورییەوە داهاتی کۆمپانیا نەوتییەکان و بگرە هەرێمی کوردستان زیاتر دەکات، بەهۆی نەمانی ئەو جیاوازییەی لە نرخی نەوتی هەرێمی کوردستان و نرخە جیهانییەکان هەبوو. 

دووەمیان، لێکەوتە سیاسییەکەیەتی لەسەر هەرێمی کوردستان بە رادەستکردنی بە سۆمۆ بۆ بازاڕکردن و فرۆشتنی نەوت، ئەگەر بەڕێوەبردنی کۆی پرۆسەکانی دیکەی پەیوەست بە پێشەسازی نەوت نەبرێتەوە بەغدا، بەتایبەتیش گرێبەستی کێڵگە نەوتییەکان و تۆمارکردنی کۆمپانیا نەوتییەکان.  

هەروەها، لەوانەشە هەناردەکردنەوەی نەوت لەرێگەی بەندەری جەیهان بۆ لەمەودوا گۆڕانکاری بەسەردا بێت بۆ نموونە بڕی هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک زیاتر بکرێت و بڕی هەرێمی کوردستان کەمبکرێتەوە، ئەگەر بەغدا یاخود سۆمۆ کۆنترۆڵی پرۆسەی هەناردەکردن بەتەواوی بگرێتە دەست.   

هەروەها، خاڵێکی دیکەش کە بەپێی زانیارییەکان لە رێککەوتنەکەوە گرنگە ئاماژەی بۆ بکەین گرەنتی جێبەجێکردنی نێوەڕۆکی رێککەوتنەکەیە لە رۆژانی دوای رێککەوتن و داهاتوودا وەک ئەوەی هاتووە، چونکە گۆڕانکارییەکان خێرا روودەدات لە عێراق، لەسەروو هەموویانەوە ئەگەر سۆمۆ نەوتەکە هەناردە بکات و کڕیاری بۆ بدۆزێتەوە و نەوتەکە هەناردە بکات، چ گەرەنتییەک هەیە کە پارەکە بخاتە سەر ئەو هەژمارە بانکییەی هەرێمی کوردستان دەسەڵاتی بەسەردا هەیە؟ کە ئەم گەرەنتییەش یەکێک لە پرسە سەرەکییەکان و درێژەدان بە کۆبوونەوەکان بۆ گەشتنە رێککەوتن.  

لەکۆتاییدا، قۆناخی دوای بڕیارەکەی دادگا ICC و رێکكەوتنی هەولێر و بەغدا گۆڕانکاری لەو کۆمپانیا و بازرگانانە دەكات كە نەوتی هەرێمی کوردستانیان دەکڕی. ئەمە سەرەڕای گوڕانکاری لەرێزبەندی وڵاتانیش کە نەوتی هەرێمی کوردستان دەکری وەکو لە گرافیکی دووەمدا هاتووە، ئەویش بەهۆی ئەوەی چیدیکە نەوتی هەرێمی کوردستان بەو جیاوازییە زۆرەی نەوتی عێراق و برێنت نافرۆشرێت و کۆمپانیا بازرگانییەکانی کڕینی نەوت لە بەندەری جەیهان ناتوانن جیاوازییەکانی نێوان هەولێر و بەغداد لەسەر ئەم پرسە بقۆزنەوە، ئەگەر رێککەوتنەکان بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە! هەروەکو چۆن دەبێت ئەوەش لەبەرچاوبگرین کە مەنتیقی هێز و بالادەستی هێز حکومدەکات، نەوەکو رێککەوتنەکان لە جیهان، بەتایبەتیش لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە بە قۆناخی داڕشتنەوە و بنیاتنانەوەی پەیوەندییەکاندا گوزەر دەکات.  

تاگەکان

Share this Post

شرۆڤە