شرۆڤە

پابەندییە داراییەکان و رێککەوتنی هەولێر و بەغدا بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت

02-04-2023


بەرایی

گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغداد جگە لە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە پرسی دیکەی وەک قەرز و پابەندیی دارایی هەرێمی کوردستان بەرامبەر بە کۆمپانیا نەوتییەکان، پرسی پێشفرۆشی نەوت بە کڕیارەکان و بەشداریی یاخود هەبوونی نوێنەری لایەنەکان لە دامەزراوەکانی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان پەیوەست بە نەوت و سامانە سرووشتییەکانی هێناوەتە ئاراوە.

هەروەها، پرسێکی دیکەی گرنگ پابەندە داراییەکان یاخود شایستە و پشکی هەرێمی کوردستانە لە بودجەی گشتی عێراقی فیدراڵ، کە لەدوای رووخانی رژێمی پێشووەوە بەشە بودجەی بۆ دیاریکراوە و لەساڵی 2004وە تەمویلی هەرێمی کوردستان کراوە، بەڵام لە ساڵی 2014وە تاوەکو ئەم ساتە بڕاوە یاخود گۆڕانکاری گەورە بەسەر بڕی ئەو پارەیە كراوە كە بۆ هەرێمی کوردستان هاتووە، بۆ نموونە ساڵانی 2016 و 2017 هیچ بڕە پارەیەک تەمویلنەکراوە و لە ساڵانی دواتریشدا بڕی ئەو پارەیە تەمویلنەکراوە کە لە بودجەدا بۆ هەرێمی کوردستان دیاریکراوە.

ئێستا، کۆبوونەوەکان بەرەو چارەسەرکردن یاخود دۆزینەوەی میکانیزمێك بۆ گەیشتنە رێککەوتن لەسەر ئەم پرسانە دەکرێت، بەشێوەیەک بەپێی زانیارییەکان، بەغداد داوای مامەڵکردن لە قۆناخی دوای بڕیارەکەی دادگا ICCی دەکات، گوتەبێژی نەوتی عێراق ئەوەشی پشتڕاستکردووەتەوە کەوا هەولێر و ئەنقەرە بڕیارەکەی دادگای IICیان پەسەند کردووە، کە سۆمۆ تەنیا دامەزراوەی فەرمی بۆ هەناردەکردن بێت.

هەروەها، ئەوەی جێگەی سەرنجە بەغدا داوایکردووە کە پرسی قەرزی کۆمپانیاکان و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، شێوازی بەڕێوەبردنی پیشەسازی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان بکەوێتە پاش رێککەوتنی دووبارە دەستکردنەوە بە هەناردەکردنەوەی نەوت، هەربۆیەش چاوەڕواندەکرێت شاندێکی عێراق بڕواتە ئەنقەرە بۆ رێککەوتن لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوت.

لێرەدا هەڵوەستە لەسەر شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، بەپێی بودجەی فیدڕاڵی لە 2004وە بۆ 2022، قەرز یاخود پابەندە داراییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرامبەر بە کۆمپانیا نەوتییەکان دەکەین.

شایستە داراییەکانی بەغداد بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان

بەپێی داتا فەرمییەکان لە وەزارەتی دارایی عێراق و پرۆژەیاسای بودجەی ساڵانەی عێراق لەساڵی 2004وە کۆی گشتی بودجەی هەرێمی کوردستان 199 تریلۆن و 818 ملیار دیناربووە، کە ئەم پشکەی هەرێمی کوردستان تاوەکو ساڵی 2014 وەکو خۆی هاتووە[1]، بەڵام لە 2014وە کێشەی بۆ درووست بووە. لەکاتێکدا لەماوەی ساڵانی رابردوودا لە 2020 و 2022دا حکومەتی عێراق پرۆژەیاسای بودجەی نەبووە و کاری بە پرۆژەیاسای بودجەی ساڵانی پێش خۆی کردووە و یەک لەسەر دوانزەی بودجەی خەرجکردووە.

لە کۆی ئەو بڕە پارەیەی وەکو پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا دیاریکراوە تەنیا 101 تریلیۆن و 154 ملیار دینار تەمویلکراوە، واتە 98 تریلیۆن و 664 ملیار دینار تەمویلنەکراوە و نەنێردراوە بۆ هەرێمی کوردستان، وەکو لە گرافیکی یەکەمدا بۆ ساڵانی 2004 بۆ 2022 هاتووە.

لەڕاستیدا پرسەکانی بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە ساڵانی 2014 بەدواوە تەنیا بەهۆی پرۆسەی پێشەسازی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان نەبووە، چونکە هەرێمی کوردستان بەپێی مێژوو گرێبەستە نەوتییەکان و گازیش لەساڵی 2002وە کە یەکەم گرێبەستی نەوتی کراوە و لەساڵانی 2006وە بۆ 2011 گرێبەستی زۆربەی بلۆکە نەوتییەکانی واژوو کردوە و گرێبەستی دانەگاز و کرێست پتڕۆڵیۆم لەساڵی 2007دا واژووکرا. ئالێرەوە دەردەکەوێت پرسی ناردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە پرۆژە بودجەی عێراق پەیوەست نەکراوە بە وەبەرهێنان لە نەوت  وگازدا لە هەرێمی کوردستان بەڵکو پەیوەستە بە هەبوونی هێز و دەسەڵات لە بەغدا، چونکە دەبوایە ساڵانی واژووکردنی گرێبەستەکان و دەستکردن بە گەڕان و بەرهەمهێنانی نەوتیش لەماوەی نێوان 2007 بۆ 2013 کێشەی بۆ پشکی هەرێمی کوردستان دروستبکردایە، بەڵام نەکراوە، هەرچەندە کۆی گشتی پشکی هەرێمی کوردستان وەک ئەو رێژەیەی لە پرۆژە یاساکاندا هاتووە، نەهاتووە.

ئێستا، جیاوازییەکان قوڵتر بوونەتەوە و بەغدا بەهۆی بڕیارەکەی دادگای ICCوە نەوتی هەرێمی کوردستانی راگرتووە، ئەم پرسەی بۆ دوای رێککەوتن لەسەر شێوازەکانی ئیدارەدانی پرۆسەی نەوت و گاز، کارکردنی کۆمپانیا نەوتی و گازییەکان لە هەرێمی کوردستان و هەناردەکردنەوەی نەوت لە بەندەری جەیهانەوە دوادەخات، لەکاتێکدا ئەمە پرسێکی سەرەکییە و گەرەنتی یەکلاکردنەوەی ئەم پرسانە چییە، ئەگەر ئێستا لە گفتوگۆکان لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستانەوە نەگەنە رێککەوتن؟

گرافیک 1: پارەی تەمویلکراو، پارەی تەمویلنەکراو و پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق 2004 بۆ 2022

سەرچاوە: وەزارەتی دارایی عێراق، پرۆژەیاسای بودجەی عێراق (2004-2022).

پابەندە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بەرامبەر کۆمپانیا نەوتییەکان

پرسێکی گرنگ و جیاوازی هەولێر و بەغداد لە دانوستاندنەکان بۆ گەیشتنە رێککەوتن بریتییە لە قەرزی کۆمپانیا نەوتییەکان و پێشفرۆشی نەوت لە لایەن هەرێمی کوردستان، کە بڕەکەی تاوەکو چارەکی دووەمی 2022 گەیشتبووە 3.52 ملیار دۆلار، وەکو لە گرافیکی دووەمدا هاتووە.

لەکاتێکدا، بەپێی راپۆرتەکانی دیلۆیت بۆ ساڵی 2022، حکومەتی هەرێمی کوردستان لەنێو ئەو پارەیەی بە کۆمپانیا نەوتییەکانی داوە، لە چارەکی یەکەمدا 206.104 ملیۆن دۆلار، لە چارەکی دووەمدا 422.46 ملیۆن دۆلار، لە چارەکی سێیەمدا 194.22 ملیۆن دۆلار و 167.47 ملیۆن دۆلار بووە، واتە سەروو 990 ملیۆن دۆلاری وەک قەرزی ساڵانی رابردوو بە کۆمپانیا نەوتییەکان داوەتەوە. بەڵام، لە رۆژی 30-3-2023 ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە کەوا کۆی گشتی قەرزەکان گەشتووەتە 6 ملیار دۆلار، کە 1.55 ملیار دۆلارە هی هەردوو کۆمپانیای بازرگانی نەوتی ڤیتۆڵ و پێتراکە.

ئێستا، بەپێی راپۆرتەکانی دیلۆیت و بڵاوکراوە فەرمییەکان بێت لە 2023دا قەرزی کۆمپانیا نەوتییەکان کە کار لە کێڵگە نەوتییەکان دەکەن، لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان کەمیکردووە، بەڵام بڕی ئەو پارەیەی لە چارەکی سێیەمی 2022 بۆ چارەکی یەکەمی 2023 وەرگیراوە بڵاونەکراوەتەوە، هەربۆیەش لە راپۆرتەکەی رۆیتەرزدا ئاماژە بەنێوی دوو کۆمپانیا دەکات کە کۆمپانیا و بازرگانی کڕینی نەوتن.

گرافیک 2: قەرزی کۆمپانیا نەوتییەکان لە هەرێمی کوردستان

 سەرچاوە: راپۆرتەکانی دیلۆیت، مێس

کۆتایی

لە پرسی پەیوەست بە رێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و نەوتی کەرکوک لەڕێگەی بۆری هەرێمی کوردستان و عێراق  بۆ بەندەرەکانی جەیهان و بارکردنی نەوت بۆ کڕیارەکان پێشکەوتن هەیە و چاوەڕواندەکرێت رێککەوتن بکرێت.

لەڕاستیدا، قەرزی کۆمپانیا نەوتییەکان کە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن و بڕی ئەو نەوتەشی کە پێشفرۆشکراوەو پارەکەی وەرگیراوە کەمترە و بگرە یەک لەسەر پازدەی ئەو بڕە نابێت، کە دەبوو حکومەتی عێراق وەک شایستەی دارایی لە 2014وە بۆ هەرێمی کوردستانی بنێرێت، هەربۆیەش چاوەڕواندەکرێت رێککەوتن لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوت هەبێت، بەڵام ئەم پرسانە دووبارە بچنەوە سەر مێزی گفتوگۆ و باڵانسی هێز یەکلایان بکاتەوە.

گوتەبێژی وەزارەتی نەوی عێراق ئاماژە بەوە کردووە کەوا ئامانجی عێراق پرسی قەرەبووکردنەوە یاخود وەرگرتنەوەی پارە نەبووە لە تورکیا، ئەوەندەی پرسی کۆنترۆڵکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بووە. لە کۆتاییدا، نێوەڕۆکی دەستپێکردنەوەی دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوت هەرچۆنێک بێت، لێکەوتەی گەورەی لەسەر هەرێمی کوردستان دەبێت، لەسەرووی هەموویانەوە شێوازی کارکردنی کۆمپانیاكانی نەوتی و گاز لە هەرێمی کوردستان.


[1]  پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق، هەمیشە ئەو 17٪ یاخود 12.7٪ نەبووە کە دیاریکراوە، بەڵکو بەهۆی پارەی سەروەری (حاکمیە) کەمبووەتەوە بۆ رێژەی 5٪، واتە لەساڵانی 2004وە تاوەکو ئەمڕۆ پشکی گشتی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق وەک نەهاتووە.

تاگەکان

Share this Post

شرۆڤە