شرۆڤە

پەرەپێدانی کێڵگە نەوتی و گازییەکانی عێراق بەبێ هەرێمی کوردستان

01-06-2023


بەرایی

ئەم مانگانە پرۆژە ستراتیژییەکانی کەرتی نەوت و گاز لە عێراق قۆناخێکی نوێی بەخۆوە بینی، بەتایبەتیش لە بوارەکانی گەڕان بەدوای کێڵگەی نوێی نەوت و گاز هەروەها پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکان و کەمکردنەوەی سووتانی گازی هاوەڵ و وەبەرهێنان لە کێڵگە گازییەکاندا. هەموو ئەمانەش لەلایەن کۆمپانیاکانی سەر بە وەزارەتی نەوتی عێراقەوە ئەنجامنەدراوە، بەڵکو لە لایەن هەموو جیهانەوە بووە، چونکە لەلایەک چین و رووسیا موڵەتی پەرەپێدانی کێڵگەکان وەردەگرن، لەلاکەی دیکەش کۆمپانیاکانی ئەمریکا و فەرەنسا گرێبەستی وەبەرهێنان لە کێلگەی گازی واژۆ دەکەن، ئەمە جگە لە کۆمپانیا ئیماراتی و قەتەرییەکان کە پشکی وەبەرهێنان لە کێڵگە گازی و نەوتییەکان دەکڕن. هەروەها سعودیە و ئێرانیش رۆژ بە رۆژ هاوئاهەنگییە ئابوورییەکان، بەتایبەت لە بواری وزە لەگەڵ عێراق پێشدەخەن.

لەڕاستیدا، ئەم وەرچەرخان و هەڵکشانەی لە کەرتی وزەی عێراق روودەدات، پەیوەندی بە گۆڕانکاری لە سیستەمی بەڕێوەبردنی سامانی نەوت و گازی عێراق هەیە، ئەویش دوای دوو دەیە نەتوانرا لەنیوخۆوە دەستبەر بکرێت، بۆ نموونە لەڕووی گازی سرووشتییەوە عێراق خاوەنی 131 تریلۆن پێ سێجایە، کە رێزبەندی دوانزەیەمینی لەئاستی جیهان گرتووە، بەڵام ساڵانە بە بەهای سەروو 10 تریلۆن دینار لە دەرەوە گاز هاوردە دەکات و دووەم وڵاتە بۆ سوتانی گازی هاوەڵ، و ساڵانە 17.3 ملیار پێ سێجا دەسووتێنیت (بەفیڕۆدەدات) کە بەهاکەی ساڵانە دەگاتە 12 ملیار دۆلارە

لە رۆژانی رابردوودا عێراق شەشەم خولی موڵەتپێدانی پەرەپێدانی کێڵگە نەوتی و گازییەکانی بڵاوکردەوە، کە بەگوتەی وەزیری نەوت چاوەڕواندەکرێت لە هەفتەکانی داهاتوودا رابگەیەنرێت، هەروەها هاوئاهەنگی سعودیە و عێراق لە کەرتی وزە گەیشتووەتە ئاستێک، کۆمپانیای ئارامکۆی سعودیە وەبەرهێنان لە کێڵگەی گاز عەکاس لە پارێزگای ئەنبار بکات و بەرهەمی رۆژانەی لە یەک ساڵدا بگەیەنێتە 400 ملیۆن پێ سێجا لە رۆژێکدا، ئەمە سەرەڕای وەبەرهێنانی 3 ملیار دۆلار لە 6 سێکتەری دیکەدا لە عێراق.

هەروەها، عێراق کرانەوەیەکی خێرا و پەلهاویشتنێکی بێ وێنەی وەبەرهێنانی لە سێکتەرە ستراتیژییەکان بەخۆوە دەبینێت، بەشێوەیەک رێگای ئاسنین وشکانی لەگەڵ سعودیە، تورکیا و ئێران دەکاتەوە و بەهێڵی ئاسنین عێراق بە دراوسێکانییەوە دەبەستێتەوە، کە داینەمۆی ئەم گۆڕانکارییانەش وزەیە.

رۆژی 24ی کانوونی دووەمی 2023 وەزیری نەوتی عێراق لەکاتی سەردانی بۆ کۆمپانیای گەڕانی نەوتی عێراق ئاماژەی بەوەکرد کە بەهۆی گەڕانەکانی ئەم دواییەوە 6 ملیار بەرمیل نەوتی نوێ و 32 ملیار پێ سێجا گاز بۆ سەر یەدەگی نەوت و گازی عێراق زیادیکردووە، لەکاتێکدا لە هیچ لەم پرۆژانەدا هەرێمی کوردستان نییە و بگرە بۆ ماوەی زیاتر لە دوو مانگە هەناردەی نەوت راگیراوە و بەرهەمهێنانی نەوت لە زۆربەی کێڵگەکان وەستاوە و کۆمپانیاکان بە قۆناخێکی زۆر سەختدا تێدەپەڕن، کە خەریکە چاوەڕوانییەکان بەرەو کۆتایی دەڕوات.

ئەمساڵ بەگشتی و مانگی ئایار عێراق و هەرێمی کوردستان گۆڕانکاری گەورەی بەخۆوە بینیوە، بەشێوەیەک جێگەی تێڕامان و هەڵوەستە لەسەرکردنە لەرووە سیاسی، ئابووری، یاسایی و هتد، بەڵام لێرەدا بەتەنیا گەنگەشەی ئەو دیوەی پەیوەستە بە وەبەرهێنان لە نەوت و گاز دەکەین.

وەبەرهێنان لە وزە؛ پێشبڕکی کۆمپانیاکانی وڵاتان و کۆمپانیا نیودەوڵەتییەکان لە عێراق

وەبەرهێنانی کەرتی وزە لە عێراق بەتەنیا بۆ پڕکردنەوەی پێداویستی نیوخۆ نییە، چونکە ئەوەی دەبینرێت لەساڵانی داهاتوودا دەگاتە دوو هێندە و سێ هێندە لە پێداویستی نیوخۆ، هەربۆیەش ئێستا عێراق کرانەوەیەک و بەستنەوەی رێگاکانی بە دەرەوەی خۆی گرتووتەبەر، بەشێوەیەک رۆژی 27ی ئایار 2023، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەغداد و لە کۆنفرانسی "پرۆژەی رێگەی گەشەپێدان"، کە هەندیکجار بە پرۆژەی کەناڵی وشکانی" ناودەبرێت رایگەیاند " عێراق پلانی پرۆژەی گواستنەوەی ناوچەیی  بە بڕی 17 ملیار دۆلار دەخاتەڕوو، کە ئامانج لە پرۆژەکە ئاسانکارییە بۆ گواستنەوەی کاڵا لە ئاسیاوە بۆ ئەورووپا". 

هەروەها، بەستنەوەی هیندستان - عێراق - سعودیە، کە بەندەری دەمام سعودی ناوەندەکەی دەبێت لەنێوان هەردوو بەندەری ئاوی موندرای هێندی و ئوم قەسری عێراق، کە ئەمەش نیشاندەری عێراق بۆ بەستنەوەی بە دەرەوە کە تەنیا کاڵا دەتوانێت هەناردەی دەرەوەی بکات نەوتە. 

رۆژی 25ی ئایار 2023، وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند کە کۆمپانیای ئارامکۆ وەبەرهێنان لە کێڵگەی گازی عەکاس لە رۆژئاوای پارێزگای ئەنبار دەکات، بەڵام هەر زوو روونکردنەوەیەکیشی بڵاوکردەوە کە "لێکۆڵینەوە لە میکانیزمەکانی هاوبەشی" دەکاتەوە، ئەگەر ئارامکۆ وەبەرهێنان لە کێڵگە گازییەکەدا بکات ئەوا لەماوەی ساڵیکدا ئاستی بەرهەمهێنانی گاز لە 60 ملیۆن پێ سێجا بەرز دەکاتەوە بۆ 400 ملیۆن پێ سێجا لە رۆژێکدا، وەکو لە خشتەی 1دا هاتووە.

هەمان  رۆژ، سندوقی وەبەرهێنانی گشتی سعودیە PIF کۆمپانیایەکی وەبەرهێنانی هاوبەشی سعودی –عێراقی کردەوە، بەشێوەیەک سەرەتا بە بڕی 3 ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە کەرتەکانی خانووبەرە، ژێرخان، تەندرووستی، خۆراک و  کانزا و کشتووکاڵ دەکات و ئامانجیەتی بەرزی بکاتەوە بۆ 24 ملیار دۆلار.

کێلگەی گازی عەکاس کە بە سەلاحەدین ناسراوە، دەکەوێتە 30 کیلۆمتەر لە باشووری شاری قایم لە سنووری سووریا، لەساڵی 1992 دۆزراوەتەوە، وادەخەمڵینرێت کە خاوەنی 5.6 تریلۆن پێ سێجا گازە، کێڵگەکە 30 کیلۆمتەر درێژە و 12 کیلۆمتەر پانە، کۆمپانیای کۆگاز (کۆمپانیای گازی کۆری) Kogas خاوەندارێتی 75% و کۆمپانیای نەوتی باکوور NOC، مانگی ئادار 2023 ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پشکەکانی کۆگاز وەرگرتەوە و رۆژی 25ی ئایار وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند خەریکی رێککەوتن لەگەڵ ئارامکۆ بۆ وەبەرهێنان لە کێڵگە گازییەکەدا.

پەرەپێدانی کێڵگەی گازی عەکاس و کێڵگە نەوتی و گازییەکانی نەینەوا، سەلاحەدین قۆناخێکی نوێ بۆ پیشەسازی نەوت و گاز لە عێراق، کە ئێستا شیعەکان لەو رێککەوتنەی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی وردستان کردبوویان پەشیمان بوونەتەوە.

ئێستا، ئەگەر تەماشەیەکی نەخشەی گەڕان و پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکانی عێراق بکەین، ئەوا بەڕوونی دەردەکەوێت کە کێڵگە و بلۆکە نەوتی و گازییەکانی نێوەڕاست و باکووری عێراق بە بێ هەرێمی کوردستان لەپێشەوەیە، کە سەرچاوەی کێڵگەکان بەشێوەیەکە ئێستا باس لە گەڕانەوەی کۆمپانیای شیڤرۆن ئەمریکی بۆ کێڵگە نەوتییەکانی پارێزگای نەینەوا هەیە.

پەرەپێدان و واژووکردنی رێککەوتنەکان لە عێراق بۆ نەوت و گاز بەشێوەیەکە وێنای داهاتووی عێراق لە نەخشەی نەوت  و گاز دەکات، کە ئێستا جیهان خۆی بۆ قۆناخێکی نوێ ئاسایشی وزە ئامادە دەکات، هەربۆیەش  رۆژی 10ی نیسان 2023، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا لە راگەیاندراوێکدا پێشوازی لە پێشکەوتنەکانی کەرتی وزەی عێراق کرد، کە ئامانج لەو رێککەوتنە نوێیانەی عێراق بوو لە بواری وزەدا، بەتایبەتیش رێککەوتنی هەولێر و بەغداد، لەگەڵ رێککەوتنی وەزارەتی نەوت و تۆتاڵ ئینرجی، هەروەها خۆشحاڵی خۆشحانی بە هاتنە ناوەوەی کۆمپانیا قەتەری، سعودی و ئەمریکییەکان کە رۆڵی گرنگیان لەم پرۆژانەدا هەیە دەربڕی .  هەروەها، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لە کۆنفرانسی نەوت و گازی عێراق رایگەیاندبوو "خۆشحاڵین بە دەرفەتەکانی گەشەکردن لە عێراق".

هەروەها، پێویستە ئاماژەش بەوە بدەین، ئەم هەگبەیەی پەرەپێدانی کەرتی وزە، تەنیا بەرهەمهێنانی نەوت  وگاز نییە، بەڵکو شۆڕشێکی دیکەش لە بنیاتنانی پاڵاوگە دەتیپێکردووە. بۆ نموونە رۆژی 6ی نیسان 2023، ئەنجومەنی نیشتمانی وەبەرهێنانی عێراق وردەکاری سێ پرۆژەی لە کەرتی پاڵاوگەی نەوتی بڵاوکردەوە، کە ئەوانیش پرۆژەکانی: پاڵاوگەی ناسریە، لە پارێزگای زیقار بە توانای پاڵاوتنی 150 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا پاڵاوگەی کوت لە پارێزگای واست، بە توانای 100 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا پاڵاوگەی سەماوە، لە پارێزگای موسەننا بە توانای 70 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا.لەکاتێکدا، رۆژی 3ی نیسان سەرۆکوەزیرانی پاڵاوگەی کەربەلا کردەوە کە توانای 140 هەزار بەرمیل نەوتی لە رۆژێکدا بە تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو هەیە، پاڵاوگەکە چوار ویستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا بە توانای 200 میگاوات تێدایە.

تێبینی، لەوانەیە لە دەرەوەی ئەم لیستە کۆمپانیای خزمەتگوزاری کەرتی نەوت گرێبەستی واژووکردبێت بۆ پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکان لە عێراق

موڵەتپێدان و گرێبەستە نوێیەکان؛ دەرفەتەکانی گەڕان و پەرەپێدانی کێڵگە نەوتی و گازییەکان لە عێراق

رۆژی 23ی ئەم مانگە  لە دەوحەوە وەزیری نەوتی عێراق ئاماژەی بە تەواوبوونی کارەکانی شەشەم خوولی موڵەتپێدان بە وەبەرهێنان لە کەرتی نەوت و گازی عێراق کرد و گوتی " بەمزوانە و لەماوەی 4-6 هەفتەی داهاتوو خوولی شەشەمی موڵەتپیدانەکان کە زیاتر ئەو کێڵگانە دەگرێتەوە لە سنووری سعودیە و سووریا بڵاودەکەینەوە".

عێراق خوولی موڵەتپێدانی بۆ وەبەرهێنان لە کێڵگە نەوتی و گازییەکان لە 2009وە دەستپێکردووە و بڵاودەکاتەوە، بەشێوەیەک لە یەکەم خوولدا لە 2009دا 35 کۆمپانیای نێودەوڵەتی بەشدارییان کرد بۆ وەرگرتنی موڵەتی پەرەپێدانی 6 کێلگەی نەوتی و دوو کێڵگەی پەرەپێنەدراوی گازی، کە لەکۆتاییدا هرێبەستەکانی کێلگەکانی رۆمیلە، ویست قۆڕنە 1 و زوبێر و گرووپی کێڵگەی میسان واژووکرا.

لە خوولی دووەمدا و لە هەمان ساڵدا، 7 گرێبەستی نوێ بۆ پەرەپێدان و گەڕان ئەنجامدرا، لە 2010دا سێیەم خوولی موڵەتپێدان 3 کێڵگەی گازی تەندەرینی بۆ کرا و موڵەتدانی پیدرا کە کێڵگەی سیبا و مەنسوریەی لەخۆدەگرت، لە چوارەم خوولی موڵەتپیدان لە 2012دا موڵەتپیدانی گەڕان لە چوار بلۆک درا لەکۆی 9 بلۆکی نەوتی و گازی بۆ گەڕان.

ئەگەر سەیری ئەم پەرەپێدانەی نەوت و گاز لە عێراق بکەین، ئەوا بەڕوونی دەردەکەوێت کە کابینەکەی محەممەد شیاع سودانی هەنگاوی گەورە دەبرێت و گرێبەستەکان واژوو دەکات، بۆ نموونە خوولێ پێنجەم گرێبەستەکان لە 2018وە راگیرابوو، لەکاتێکدا ئەم گرێبەستانە دەتوانێت لەماوەی 15 مانگدا یەک لەسەر چواری ئەو گازەی عێراق لە دەرەوە هاوردەی دەکات کەمبکاتەوە و لەماوەی 3 ساڵی داهاتوودا کۆتایی بە هاوردەکردنی گاز بهێنێت، بەمەش ساڵانە 10 تریلۆن دینار بۆ بودجەی عێراق دەگەڕینێتەوە کە ئێستا بۆ هاوردەکردنی گازی تەرخانی دەکات، موڵەتپیدان و گرێبەستەکانیش بەوشێوەیە کە لە خشتەی دووەمدا هاتووە.  

لە درێژەی ئەم تریندەدا، رۆژی 17ی ئایار 2023 وەزارەتی نەوتی عێراق کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی کەرتی وزە بانگهیشتکرد بۆ پەرەپێدانی کێڵگەی نەوتی، کە هاوپێچی شەشەم خوولی موڵەتپێدانی گرێبەستە نەوتی و گازییەکان لە عێراق. لەم خوولەدا 13 بلۆکی گەڕان لەسەرتاسەری عێراق دووبارە بەبێ هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، کە ئامانجی ئەم خوولە بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت و گاز بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان. بەپێی زانیارییەکانی خشتەی سێیەم، 4 کێڵگەیان پێشووتریش هەبووە بۆ هیچ کۆمپانیایەک دەرنەچوو، بەڵام 9 دانەیان دەرفەتی نوێیە و تاوەکو 15ی حوزەیران 2023 کۆمپانیاکان دەتوانن تەندەر پێشکیش بکەن.

سەرچاوە: وەزارەتی نەوتی عێراق، ئایار 2023

خەرجییەکانی وەزارەتی نەوت لە بودجەی 2023 عێراق

پرۆژەیاسای بودجەی عێراق کە ئێستا بەهۆی دەستکاری لە ماددەکانیدا لە لایەن لیژنەی داراییەوە پەکی کەوتووە، ئەوا بەپێی رەشنووسەکە رێژەی 21% بۆ کەرتی وزەیە کە دەکاتە 41.26 تریلۆن دینار بەرزترین رێژەیە لەکۆی هەموو سێکتەرە جیاوازەکان، کە بە تەنیا 20.9.تریلۆن بۆ وەزارەتی نەوت، کە 16 تریلۆن دینار وەک بودجەی وەبەرهێنان دانراوە بۆ ئەم وەزارەتە، لەکاتێکدا بەپێی لا56 لە پرۆژەیاسای بودجە تەنیا 1.4 تریلۆن دینار وەک خەرجی بەرهەمهێانی نەوت بۆ هەرێمی کوردستان دانراوە، واتە هیچ بڕێک لەو 16 تریلۆن وەبەرهێنان بۆ کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان نییە، لەکاتێکدا بە 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بەشداریی لە 3.5 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردەکردنی عێراق بۆ دەرەوە دەکات.

بەپێی پرۆژەیاسای 2023بێت کە بۆ دوو ساڵی داهاتوو هیچ بڕە پارەیەک بۆ وەبەرهێنان و گەڕان و پەرەپێدان لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان دانەنراوە، سەرەڕای ئەوەش دەستکاری ئەو دوو مادەیە کراوە کە لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق.

هەروەها، بەپێی راپۆرتی مانگانەی وەزارەتی دارایی عێراق، لە کانوونی دووەمی 2023 تاوەکو کۆتایی ئادار 2023 خەرجی وەزارەتی نەوتی عێراق 447 ملیار دینار بووە، کە 197 ملیار وەبەرهێنان بووە لەم کەرتەدا.

ساڵی رابردوو، خەرجی وەزارەتی نەوتی عێراق 3.3 تریلۆن دینار بووە، کە 1.3 تریلۆن وەبەرهێنان و 1.9 تریلۆن دیناری خەرجی بووە، کە لەو پارەیەی خەرجی بووە، 24.1 ملیار دینار بۆ مووچەی کارمەندانی کۆمپانیاکان بووە، لەکاتێکدا کەرتی نەوتی عێراق لەلایەن کۆمپانیاکانی سەر بە دەوڵەتەوە بەڕێوەبردرێت، بەڵام ئەم تریندەی لەم مانگانەدا دەبینرێت بەرەو کەمبوونەوەی رۆڵی کۆمپانیاکان و پشکداری کۆمپانیا گەورەکان دەڕوات.

راستییەکی دیکەش پەیوەستە بە داهاتی ئەم کەرتە بۆ عێراق، بۆ نموونە  لەدوای 2003وە عێراق زیاتر لە 1 تریلۆن داهاتی نەوتی هەناردەکراوی هەبووە و بەتەنیا ساڵی رابردوو 154 تریلۆن دینار داهاتی نەوت بووە، لەکاتێکدا داهاتی نانەوتی 7.6 تریلۆن بووە، واتە زیاتر لە 20 هێندە کەمتر بووە.

کۆتایی

ئەم سیاسەتە نوێیەی عێراق دەرفەتی نوێ وای هێناوەتە ئاراوە نەک تەنیا کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بگرە کۆمپانیاکانی وڵاتانیش ئەو کۆمپانیایانەی حکومەتەکان خاوەنداری تێدەکەن وەبەرهێنان تێدا بکەن، کە ئەمەش لەماوەی دوو دەیەی رابردوودا تەواو جیاواز بوو، هەرێمی کوردستان ئەو ژینگە و شوێنە بوو، کە ئەم جۆرە دەرفەتانەی دەخستەڕوو.

هەروەها، پێویستە ئاماژە بەوەش بکەین ئەم پێشکەوتنانەی کەرتی نەوت و گازی عێراق لەکاتێکدا، بەپێی دوایین راپۆرتی بانکی جیهانی بۆ بەدواداچوونی بۆ سووتانی گازی هاوەڵ و بەفیڕۆدانی عێراق لە رێزبەندی ئەو 9 وڵاتەدایە کە زۆرترین سەرمایەی گاز بەفیڕۆ دەدات.

هەروەها، بەپێی زانیارییەکان چاوەڕواندەکرێت کۆمپانیا گەورەکانی وەک شیڤرۆنی ئەمریکی وەبەرهێنان لە کێڵگە نەوتییەکانی نەینەوا بکات، بەمشێوەیەش وەبەرهێنانی نەوت و گاز لە پارێزگاکانی باکووری عێراق و ناوەڕاست بە بێ هەرێمی کوردستان دەباتە قۆناخێکەوە کە ئەوەی هەرێمی کوردستان بە دەیەک بڕی، بەچەند ساڵیک ببڕێت.

لەکۆتاییدا، ئەم گەشەسەندنانەی عێراق لە کەرتی وزە و بەتایبەتیش نەوت و گاز جێگەی تێرامانە بەتایبەت بە پەیڕەوکردنی سیاسەتی پشکداری کۆمپانیاکان و گرێبەستی هاوبەشیکردن لە وەبەرهێنان، ئەگەر پشیتر هەرێمی کوردستان ئەم تایبەتمەندییانەی هەبووبێت، ئێستا عێراق هەیەتی، پێویستە هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی وەزارەتی نەوتی عێراق خۆی رێکبخاتەوە یاخود ستراتیژییکی نوێ پەێڕەوبکات، کە زیات لە دەیەک عێراق رکابەری لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکات، دواجار دوای کۆنترۆڵکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، هەمان ئەو هەنگاوانەی ناوە کە دوو دەیە لەمەوپێش هەرێمی کوردستان بۆ هێنانی سەرمایەی دەرەکی و وەبەرهێنان لەم کەرتەدا دەگرتەبەر، بۆیە جیاوازییەکان زۆرن، پێویستە پێداچوونەوە بکەین بە ستراتیژی مانەوە و پەرەپێدانی نەوت  و گازی هەرێمی کوردستان.

تاگەکان

Share this Post

شرۆڤە