شرۆڤە

سیاسەتی عێراق لەبەرامبەر نەوتی هەرێمی کوردستان؛ رێكخستنەوە یان كۆتایی پێهینان؟

05-06-2023


بەرایی

حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق لەبارەی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان هەندێك لێدوانی نوێی داوە کە سەرەداوی گرنگی لەبارەی سیاسەتی راستەقینەی عێراق بۆ داهاتووی پیشەسازی نەوت و گازی هەرێمی کوردستانی تێدایە.

نزیکەی دوو مانگ و پانزە رۆژە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بازاڕەکانی جیهان راوەستاوە کە کۆی زیانەکانی بە سەروو دوو ملێار دولار دەخەمڵێندریت، ئەمەش بەبێ ئەو بڕەی كە لەوماوەیەدا بۆ پاڵاوگەکانی نیوخۆ بەرهەمهێنراوە. بۆ نموونە، بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکانی سەرقەڵا و خۆرمەڵە و سەرسەنگ "ئەتروش" و هەندێک لە کێڵگەکانی دیکەش بە ئاستی جیاواز بەردەوامبووە كە ئەوەش بۆ بازاڕەکانی نێوخۆی هەرێمی کوردستان بووە. بەڵام سەرەڕای ئەوەش، پرسیاری سەرەكی لێرەدا ئەوەیە كە عێراق دەیەوێ لەمەودوا چۆن لەگەڵ پیشەسازی نەوت و گازی هەرێمی كوردستان بجوڵێتەوە؟

لێرەدا لەڕێی شیكردنەوەی گوتەكانی وەزیری نەوت بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، لە چوار رووی جیاوازەوە، هەڵوەستە لەسەر سیاسەتی عێراق بۆ پیشەسازی نەوتی هەرێمی کوردستان و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان دەكەین کە ئەوانیش بریتین لە: هۆکاری رازینەبوونی تورکیا بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکوک، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی کە وەزیری نەوت ئاماژەی بەوەکردووە کە دانیشتنەکانی دادگای پاریس ICC لەبارەی ماوەی دووەمی داواکەی عێراق لەسەر تورکیا راگیراوە. دووەمیان خواستی عێراق بۆ پێداچوونەوە بە گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نەوتییەکان پێش هەناردەکردنەوەی نەوت و، سێیەمیان ناساندنی کێڵگە نەوتی و گازییەکانی ناوچە کوردستانییەکان دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان یان ناوچە کیشە لەسەرەکان بە ناوچەی بێ کێشە و چوارەمیشیان و لە هەموویان مەترسیدارتر خواستی عێراق بۆ رێککەوتن لەگەڵ هەرێمی کوردستان بۆ بەرهەمهێنانی نەوت بۆ بەکارهێنانی لە نێوخۆی عێراق و هەرێمی کوردستان.

بۆچی تورکیا رازی نییە بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکوک ؟

هاوکێشەیەکی زۆر سادەیە ئەگەر بەگشتی و لەبڕیارەکەی دادگا ICCوە تەماشای ئەو پرسیارە بکەین، چونکە تورکیا پابەندکراوە بە راگرتنی هەناردەکردنی نەوت بەبێ رەزامەندی سۆمۆ. هەروەها توركیا پابەندکراوە كەی 1.4 ملێار دۆلار بەعێراق بدات وەك پێبژاردن. هەڵبەت بەبێ سوودی ئەو ماوەیەی کە لەسەر ئەو بڕە پارەیە کەڵەکە بووە. وەزیری نەوت لە چاوپێکەوتنەکەدا ئاماژەیەکی روون دەدات بەوەی کە داوای تورکیا بۆ بەردەوامیدان بە راگرتنی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکوک دوورە لەوەی باسدەکرێت کە گوایا کێشەی تەکنیکی بۆرییەکان بەهۆی ئەرزهەژێنەکەی 6ی شوباتی 2023وەیە، چونکە ماوەی نیوان ئەرزهەژێنەکە و راگرتنی نەوت نزیکەی 47 رۆژ بووە. هەروەها دوو مانگ و نیویشە هەناردەی نەوت راگیراوە، واتە بەگشتی زیاتر لە چوار مانگە بەسەر ئەرزهەژێنەکەدا تێپەڕ دەبێت. بۆماوەی 42 رۆژ هیچ کێشەیەك نەبووە و دوو مانگ و نیویش زیاترە كە تورکیا پشکنینی بۆرییەکانی تەواو نەکردووە. ئالێرەوه بەڕوونی دەردەکەوێت کە گرفتەكە تەکنیکی نییە بەڵکو شتێکی دیکەیە. هەرچەندە وەزیری نەوتی عێراش ئاماژە بەوەش دەدات کە تورکیا داوای لێخۆشبوونی لە 1.4 ملێار دولارەکە نەکردووە وعێراق سكاڵاكەی نێوان ساڵانی 2018 بۆ ئاداری 2023 راگرتووە، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە كە تورکیا بەدوای چییەوەیە ئەویش لەکاتێکدا سۆمۆ واژۆی گرێبەستەکانی دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکانیش کردووە؟ بۆ زانینی وەڵامی ئەم پرسیارانە دەبێت چاوەڕوانی رۆژانی داهاتوو، بەتایبەت نیوەی دووەمی ئەم مانگە بێن، کە چاوەڕواندەکرێت بەرهەمهێنان و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەموو کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە.

لێرەدا پرسیارێکی دیكەی زۆر گرنگ دێتەئاراوە، ئەویش ئەوەیە كە ئەگەر بەغدا بەتایبەت چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعەکان لە رێککەوتنی هەولێر و بەغدا بۆ نەوتی هەرێمی کوردستان وەک ئەوەی لە بودجەی 2023ی عێراق هاتبوو پەشیمان بووبێتنەوە وەک ئەوەی باسدەکرێت، ئایا هەرێمی کوردستان وەک 2014 پەنا دەباتەوە بۆ تورکیا بۆهەناردەکردنەوەی نەوت لە دەرەوەی ئەو رێکارانەی لەماوەی 4ی نیسانی 2023 لەنێوان هەولێر و بەغدا گیراونەتەبەر یان نا؟ چونکە وادیارە بەغدا پابەندی رێککەوتنەکان و تەناتەت رێککەوتنی سیاسی پێکهێنانی حکومەتی محەممەد شیاع سودانی نابێت، بۆیە لەڕێگەی لیژنەی داراییەوە بەندەکانی13 و 14ی دەستکاریکرد و ئێستاش باس لە پێویستیی رێککەوتنی نوێ دەکەن

پێداچوونەوە بەگرێبەستە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت IOC

پێشەکی گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان لەجۆری هاوبەشیکردنە لە بەرهەمهێنانی نەوت PSA، کە عێراق تاوەکو ئەم دواییانەش رەتێکردووەتەوە. هەرچەندە عێراق لە خولی پێنجەم و خولی شەشەمی گرێبەستەکانی گەڕان، پەرەپێدانی نەوت و گازدا "کە چاوەڕواندەکرێت کۆتایی ئەم مانگە بڵاوبکرێتەوە"پێڕەوی لەوجۆرە کردووە، بەڵام وەزیری نەوت ناوێکی دیکەی لێناوە و ناوی ناوە "هاوبەشی لە قازانج نەوەکو هاوبەشی لە بەرهەمهێنان". ئەمەش بەهۆی واقیعەی کە لە عێراق کۆمپانیای سەر بە دەوڵەت و وەزارەتی نەوت وەک کۆمپانیای نەوتی بەسرە، کۆمپانیای نەوتی باکوور و هتد، بەڵام ئەم جۆرە کۆمپانیایانە لە هەرێمی کوردستان نییە تاوەکو بەشداری بکات لە بەرهەمهێنان، هەر لەبەرئەوەش ئەو شێوازەی وەزیری نەوت باسی دەکات لە هەرێمی کوردستان پەیڕەو نەکراوە.

هەروەها، بەڕوونی دەردەکەوێت کە خواستی عێراق دژی خواستی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت لە هەرێمی کوردستانە کە داوای پابەندبوون بەنێوەڕۆکی گرێبەستەکانیان دەکەن لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتیش شێوازی گرێبەستەکان نەوەکو گۆڕانکاری لە دابەشکردنی رێژەی قازانجی بەرهەمهێنان. هەرچەندە ئێستا لیژنەیەكی عێراقی لێکۆڵێنەوە لە گرێبەستەکان دەکات و لیژنەی هاوبەش لەنێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بۆ پێداچوونەوە بەو گرێبەستانەدا دەستبەکار بوون.

لەڕاستیدا، گرێبەستەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت تەنیا ئەو گرێبەستە گشتگیرەی هاوبەشیکردن لە بەرهەمهێنان نییە، بەڵکو گرێبەستی دەرهێنانی نەوت، هەڵکۆڵێنی بیری نوێ و پەرەپێدانی کێڵگەی نەوت و تەنانەت هەناردەکردن و نرخی نەوتیشە، چونکە زۆر بەسادەیی بەرهەمی نەوتی کێڵگەیەک جیاوازە لە کێڵگەیەکی دیکەی نەوتی ئەویش بەهۆی بڕ و کوالێتی نەوتەوە.

تاوەكو ئێستا لۆبی کۆمپانیاکانی سێکتەری نەوتیش لەنیوخۆی وڵاتەکانیان و لەڕێگەی ناوەندەکانی بڕیار لەسەر عێراق، ‌بۆ پاراستنی نێوەڕۆکی ئەو گرێبەستەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان کردوویانە بەرهەمێکی ئەوتۆی نەبووە. سەرەڕای دامەزراندنی ناوەندی هاوبەش وەک ئەوەی لە 27ی شوبات رایگەیاندووە، هەوڵەكانیان هیچی لەو راستییە نەگۆڕێ کە کارەکانیان راگرت و ژمارەی کارمەندەکانیان بۆ نزمترین ئاست کەمکردەوە، سەرەڕای کەمکردنەوەی خەرجی وەبەرهێنان بۆ نزمترین ئاست و، بەم دواییەش کەمکردنەوە و ناردنەوە ماڵەوەی  کارمەندانی بەشی هەڵکۆڵینی بیری نەوت drilling وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی كە ئەگەر هەناردەکردنیش دەستپێبکاتەوە، ئەوا کارکردنیان لە هەڵکۆڵینی بیرە نەوتییەکان بەردەوام نابێت.

ئێستا پێداچوونەوەی گرێبەستەکان لەسەر مێزی گفتوگۆی لێژنە هاوبەشەکانە، لەکاتێکدا کۆمپانیا نەوتییەکان بەجورێک لە جۆرەکان خەریکن بەرەو داڕمان دەڕۆن ئەویش بەهۆی راگرتنی کارەکانیان، سەرەڕای بەردەوامی خەرجییە جیاوازەکان و کەمکردنەوەی هەموو خەرجێیەکان بۆ نزمترین ئاست. پرسیارێک لێرەدا دێتە ئاراوە، ئەویش ئەوەیە كە ئایا ئەو پێداچوونەوەیەی بەغدا داوای دەکات کۆمپانیاکان و هەرێمی کوردستان دەچنە ژێر بارییەوە؟ چونکە زۆر بەسادەیی ئەو کۆمپانیانە لە سفرەوە وەبەرهێنانیان لەم کێڵگە نەوتیانە کردووە و هەندێکیان ملێۆنان دۆلاریان خەرجکرد و هیچ بەرهەمێکی نەبوو، ئەوەی ئێستاش لە کۆی 56 بلۆکی نەوتی کە 14 بلۆک و کێڵگە وەبەرهێنان و بەرهەمی نەوتی راوەستاوی هەیە، چۆن پێداچوونەوەی بۆ دەکرێت؟ لەکاتێکدا لە عێراق بۆخۆی سەروو ملیارێك دۆلار بۆ گەڕان و پەرەپێدان کێڵگەکان بەتەنیا لەبودجەی ئەمساڵدا خەرجدەکات!

کێڵگە نەوتی و گازییەکانی ناوچەکانی ماددەی 140

لێدوانەکانی وەزیری نەوتی عێراق لەبارەی ناوچە كێشە لەسەركان جێی سەرنجن. بەشێوەیەک كە زۆر بەڕوونی لەبارەی گرێبەستەکانی گاز و نەوت کە لە گەڕی پێنجەمی گرێبەستەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق هاتووە و هەروەها، چەند گرێبەستێکی دیکەی گەڕی شەشەمدا دێت، نەک پرس بەهەرێمی کوردستان ناکرێت، بگرە دەڵێت ئەوانە ئیدی ناوچەی کێشە لەسەریش نین! ئەمەش لەکاتێکدایە كە بەپێی ماددەی 140ی دەستوور ئەم ناوچانە بە کێشە لەسەر دانراون و چەند خولی پەرلەمان و کابینەکانی عێراق نەتوانراوە ئەو بڕگەیە کاری لەسەربکرێت سەرەڕای پێکهێنانی لێژنەکان لەهەموو کابینە وەزارییەکان کە بۆ کورد ئێستا نەک تەنیا باس كردنی خاکە گازی و نەوتییەکان بڤەیە، بگرە زەوییە کشتووکاڵییەکانی جووتیارانی کوردیش کێشەی تێکەوتووە و رۆژێک بەناوی موڵکی عەرەبی هاوردە و رۆژێک بەناوی موڵکی سوپاوە رێگری لە جووتیارانی کورد دەکرێت رەنجەکانیان بچننەوە. لێرەدا ئەو پرسیارەش دێتە ئاراوە ئایا کەس هەیە داوا لەسەر وەزیری نەوت لە دادگای فیدڕاڵی تۆمار بکات بەوەی پێشیلی ماددەی 140ی دەستووری کردووە؟ 

لەڕاستیدا ئەم پێشڤەچوونەی بەرپرسانی عێراق لەبارەی ئەو ناوچانەوە لە لاوازی و دابەشبوونی نیوخۆی هەرێمی کوردستان سەرچاوە دەگرێت. ئەگەر دوو دەیە هەنگاوی کرداری بۆ جێبەجێکردنی ماددەیەکی دەستوووری نەگیردرێتەبەر، چۆن بە چوار ساڵی حكومەتێك و هەمواری یاسایەک و کۆمیسۆنێك چارەسەربكرێت. 

بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ نێوخۆی عێراق

قسەكەی وەزیری نەوت لەسەر كڕینەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ بازاڕی نێوخۆ چەند پرسیارێکی زۆر سادە دەورووژێنن، ئایا عێراق بەچەند نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ نیوخۆ دەکڕێتەوە ؟ ئایا بەو نرخەی لە بودجەی 2023ی عێراق هاتووە، کە هەندێک لە شیعەکان داوا دەکەن پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە ببەسترێتەوە بە هەناردەکردنی نەوتەوە یان بە نرخی ئەو نەوتەی سۆمۆ هەناردەی بازاڕەکانی جیهان دەکات؟ 

لەڕاستیدا هیچ نیازێک لەم نیازەی وەزیری نەوتی عێراق بۆ بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان ناخوێندرێتەوە جگە لە داڕمانی پیشەسازی نەوتی هەرێمی کوردستان، چونکە وەزیری نەوت بەڕوونی باس لە توانای عێراق بۆ بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکانی عێراق دەکات، کە دەتوانێت سەروو یەک ملیۆن بەرمیل زیاتر بکات ئەگەر پابەندبوونی بڕیارەكانی ئۆپێک نەبێت، کەواتە چۆن بەرهەمی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ نیوخۆ عێراق دەکڕێتەوە؟

هەروەها، لەکاتێکدا ئەوە زۆر روونە  كە نە لەعێراق و نە لە هەرێمی کوردستان توانای پێویست بۆ پاڵاوتنی ئەم بڕە نەوتەی هەرێمی کوردستان نییە. هەربۆیەش هەر پێشڤەچوونیک لەم رووە مەترسیێەکی گەورەیە لەسەر پێشەسازی نەوتی هەرێمی کوردستان، هەرچەندە پێویستە ئاماژە بەو دابەشبوونە نیوخۆیەش بکەێن، بەڵام ئەوەش راستییە کە ئێستا باری تەرازووەکەش هێندە بەلای عێراق نییە وەک رۆژانی سەرەتای راوەستانی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە بەندەری جەیهانەوە بۆ بازاڕەکانی جیهان.

راستییەکی دیکەش لەم پرسەدا پرسی نرخی نەوتە، بەتایبەت نەوتی هەرێمی کوردستان کاتێک بۆ نێوخۆ دەبێت و دەدرێت بە پاڵاوگە نیوخۆییەکان. ئایا بە چ نرخێک دەبێت؟ ئایا بەو نرخەی هەناردەی دەرەوە دەکرێت یان بە نرخی پاڵاوگەکان دەبێت؟ چونکە ئەگەر نرخی پاڵاوگەکان بێت ئەوا بەپیێ راپۆرتی دیلۆێت بۆ ساڵی 2022 نەوتی هەرێمی کوردستان دەردەکەوێت کە جیاوازییەکە دوو هێندەیە، ئەگەر واش بوو کێ ئەم جیاوازە پڕ دەکاتەوە؟ هەرچەندە وەک ئەوەی وەزیری نەوتی عێراق لەم رووەوە باسی لێوەدەکات کە گفتوگۆکان ئەرێنین بەڵام ئەگەر400 هەزارەکەی هەرێمی کوردستان بۆ نێوخۆی عێراق بێت، ئەی لەکوێ قەرەبووی ئەو کورتهێنان دەکاتەوە کە لە بودجەدا هاتووە و بۆ دەرەوەیە، عێراق هەمان مامەڵەی پشکی هەرێمی کوردستان وەک خۆی دەکات؟ 

کۆتایی

لەماوەی نزیکەی دوو دەیەدا پیشەسازی نەوتی هەرێمی کوردستان بەبێ ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان بەم ئاستە گەیشتووە. هەرچەندە ئێستا وەزیری نەوت پەرەپێدانی کێڵگەکانی پارێزگای دیالە و، کەرکوک و دەشتی نەینەوا بەناوچەی کێشەلەسەر دانانێت، کە بۆخۆی پێشێلكردنی ماددەیەکی دەستوورییە،سەرڕای ئەوەش نوێنەرانی شیعە داوای کێڵگەکانی دیکەی وەک خورمەڵە و پابەندیی هەرێمی کوردستان بەڕادەستکردنی بەرهەمهێنان 400 هەزار بەرمیل نەوت لە هەرێمی کوردستان دەکەن، وەک ئەوەی لە بەندە هەموارکراوەکانی ماددەی 13 و 14ی پرۆژه یاسای بودجەی هەموارکراوی لیژنەی داراییدا هاتووە. هیچ دێڕێکی ئەو مادادنە لەگەڵ دێڕەکەی دیکەدا یەکناگرێتەوە، چونکە نزیکەی نیوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەو کێڵگەوە دێت کە ئەوان بەهێ خۆیان دەزانن، ئەی چۆن هەرێمی کوردستان  400 هەزار رادەستی سۆمۆ بکات؟ هەربۆیەش هەموو ئاماژەکان مەترسیدارن، بۆیە بە کوردی و کورتی  ئەمجارەش ئەگەر شیعەکان لە رێککەوتنی 4ی نیسان پەشیمان بووبێتنەوە، ئەوا دانوستاندنەکان درێژ دەبنەوە و گەیشتنە رێککەوتن قورسیش نەبێت، ئەوا جێبەجێکردنی لەوانەیە وەک جارانی پێشوو بێت!

لەوانەیە لە رۆژانی داهاتوو و بەتایبەت لە رۆژانی نێوەڕاستی ئەم مانگەدا، شێوازی هەناردەکردنەوەی نەوت بۆ دەرەوە یاخود بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ نێوخۆ یەکلاببێتەوە. هەروەها، کاردانەوەی کۆمپانیا نیۆدەوڵەتییەکانیش لەهەمبەر شێوازی پێداچوونەوە بە گرێبەستەکانیان دەربکەوێت.

هەروەها، زۆر پێویستە ئاماژە بەوە بکەین کە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان کاتێک وەبەرهێنانیان لەم سێکتەرەدا کردووە هیچ داتایەک لەبارەی بوونی کێڵگە و بلۆکە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان نەبووە و نەشزانراوە کە ئابووری[1] بێت، بەڵام  ئێستا کە زانیارییەکانی ئەو کێڵگانە بەردەستن چۆن مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت؟

لەکاتێکدا ئەگەر حکومەتەکانی  پێشووتری عێراق تەنیا سایزمیک 2D  یاخود هەر جۆرە گەڕانێکی دیکە بۆ نەوت و گاز لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بکرایە و پارەی بۆ تەرخان بکرایە وەک ئەوەی ئێستا لە گەڕێ پێنجەم و شەشەمی گرێبەستەکان بۆ کێڵگەکانی دیکەی عێراق دەکرێت ئەوا هەرێمی کوردستان بەدڵنیاییەوە شێوازی گرێبەستەکانی بەو شێوەیە نەدەبوو کە ئێستا کراون.

لەکۆتاییدا، با چاوەڕوان بین بزانین لێژنە هاوبەشەکان لەم رووەشەوە بەکوێ دەگەن، چونکە ئیتر ئەمە پەیوەستە بە ئێستا و داهاتووی ئەم پیشەسازییەوە.


[1] کێڵگەیەکی نەوتی ئابووری بێت، واتە  ئەو نەوتەی لەو کێڵگە هەیە دەشێت وەبەرهێنانی تێدا بکرێت و بتوانێت خەرجی و قازانجی هەبێت".

تاگەکان

Share this Post

شرۆڤە