چالاکی

سیاسەتی رووسیا لە عێراق و هەرێمی کوردستان

16-04-2023


ئا: مەحمود بابان

رۆژی پێنجشەممە، 13ی نیسانی 2023، ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو سەمینارێکی بۆ ماکسیم رۆبن کۆنسوڵی گشتی رووسیا لە هەرێمی کوردستان بەناونیشانی " سیاسەتی رووسیا لە عێراق و هەرێمی کوردستان" بەڕێسای چاتمهاوس بەڕێوەبرد.

لە بواری وزەوە کۆمپانیاکانی وەک روسنەفت و گازپرۆم نەفتی رووسی وەبەرهێنانیان لە هەرێمی كوردستان کردووە، بەشێوەیەک كە بەهای سەرمایەگوزارییەكەیان لە دەوری 5 ملیار دۆلاردا دەبێت. لە گفتوگۆکەدا ئاماژە بەوەکرا کە سەرەڕای سزاکانی ئەمریکا و قورسبوونی رەوشی کارکردنی کۆمپانیا رووسییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، ئەوان بەردەوامن و تاوەکو ئێستا بڕیاری جێهێشتنی ئێرەیان نەداوە. لەبارەی بڕیاری دادگای فیدراڵی و دادگای نێودەوڵەتی نێوبژیوانی بازرگانی پاریسICC  لەسەر پیشەسازی نەوتی هەرێمی کوردستان، ئاماژە بەوەکرا کەوا کۆمپانیا نەوتییە رووسییەکان لە عێراق وهەرێمی کوردستان بەردەوامن و لەوبارەیەوە چاوەڕوانی بڕیاری مۆسکۆ دەکەن. جەختیش لەوە كرایەوە كە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان پەیوەستیشە بە بڕیاری تورکیاوە و، كۆمپانیا رووسییەكان چاوەڕوانی بریاری ئەنكەرەش دەكەن.  

جیاوازیێکی دیکەی کارکردنی کۆمپانیا نەوتییەکانی رووسیا لە عێراق وهەرێمی کوردستان پەیوەستە بەشێوازی گرێبەستەکانەوە. بەشێوەیەک كە لەگەڵ عێراق گرێبەستی خزمەتگوزاری و لە هەرێمی کوردستانیش رێککەوتنی هاوبەشیی بەرهەمهێنانیان كردووە، ئەمەش ئێستا لەنێوان هەولێروبەغدا پێداچوونەوەی بۆ دەکرێت تا وەكو رێککەوتنێکی نوێی لەبارەوە بكرێت. هەروەها باس لە وەبەرهێنانی رووسیا لە كەرتی گازی هەرێمی کوردستان و هەناردەکردنی بۆ دەرەوە كرا و جەخت لەوە كرایەوە كە گازی هەرێمی کوردستان جێگرەوەی گازی رووسیا نابێت. هەروەها، کۆمپانیا رووسیەکان ئامادەن کە وەبەرهێنان لەم كەرتەدا بکەن و تێیدا هاوبەش بن، هەرچەندە وەبەرهێنان لە گازی سرووشتی پێویستی بە سەرمایەیێکی زۆر ترە و كاری درێژخایەنترە.

 لە سەمینارەکەدا گفتوگۆکرا لەسەر گرنگی بەرەو پێشچوونی پەیوەندییە كولتوورییەكان و باس لە ئامادەكارییەكان بۆ كردنەوەی سەنتەرێكی زمانی رووسی لە هەرێمی كوردستانیش كرا. لەبارەی پەیوەندییەکانی رووسیا و هەرێمی کوردستانەوە ئاماژە بە مێژوویێکی کۆنی ئەو پەیوەندییانە كرا. رۆیشتنی بارزانی نەمر بۆ یەکێتی سۆڤیەت کردووە و خواستی رووسیا لە كردنەوەی کۆنسوڵخانەی رووسیا لە هەرێمی کوردستان بە خێرایی، وەك نیشانەكانی بەهیزبوونی ئەو پەیوەندییە سەیركران. هەروەها باس لەوەش كرا كە لەوانەیە لە هەرێمی كوردستان دیدگای پێچەوانەی روانگەی رووسی بۆ پرسەكانی جیهان هەبن بەڵام هەموو كات بەهێزیی ئەو پەیوەندییانە لە پێشچاو گیراوە.

لە سەمینارەکەدا ئاماژە بە پەیوەندییەکانی رووسیا و عێراق کرا و ئاماژە بەوەدرا کەوا عێراق هاوپەیمانێکی سەرەکی رووسیایە. هەرچەندە رووسیا دژی داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە بوو، بەڵام مۆسكۆ ئەو راستییەی قبوڵ کردووە و مامەڵەی لەگەڵدا کردووە. بەشێوەیەک کە لەدوای ئەو کاتەوە رووسیا باڵیۆزخانەی خۆی لە بەغدا کردەوە، هەرچەندە كە عێراق سەروەریی و ئاسایشی لە دەستدا بوو.

لەبارەی هاوکارییە دارایی و بازرگانییەکانی رووسیا و عێراق ئاماژە بەوەکرا کە رووسیا یەکێک بوو لەو وڵاتانەی کە لە قەرزەکانی سەر عێراق خۆشبووە و بەشداریی لە دووبارە بنیاتنانەوەی عێراق کردووە. هەروەها، رووسیاش یەکێک بووە لەو وڵاتانەی کە لە دژی داعش هاوکاری عێراقی کردووە. رووسیا و عێراق لەڕووی سەربازی و وزەوە هاوئاهەنگییان هەیە. کۆمپانیا گەورەکانی وەک لوکئویڵ لە خواری عێراق وەبەرهێنانیان کردووە، بۆ نموونە لوکئویڵ لە بەسرە بە بەهای 11 ملیار دۆلار وەبەرهێنانی کردووە.

بەشێوەیێكی گشتی لە سەمینارەكەدا گفتوگۆ لەسەر پەیوەندییەکانی رووسیا، هەرێمی کوردستان و عێراق، هەروەها جەنگی ئۆکراینا و، ستراتیژی نوێی سیاسەتی دەرەوەی رووسیا لەدژی رۆژئاوا و رەنگدانەوەكانی لەسەر ناوچەكەش كرا.

بەشداربووان

ماکسیم رۆبن - کۆنسوڵی رووسیا لە هەرێمی کوردستان

هۆشیار سیوەیلی - بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان

خەلیل ئیبراهیم -  سەرۆکی ئەنجوومەنی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان

د.محەممەد ئیحسان – مامۆستای زانکۆ

د. ئاشنا بابان – مامۆستای زانکۆ

عیماد فەرهادی-  لێپرسراوی نوسینگەی نێردە دیبلۆماسییەکان لە مەکتەبی پەیوەندییەکانی یەکێتی

عەلی کوردستانی – شرۆڤەکاری سیاسی

د. محەممەد شەریف – مامۆستای زانکۆی کوردستان هەولێر

د.سامان سۆرانی –  راوێژكار لە فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان

ئەرشەد عەریف– شارەزای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان

عەلی زاڵۆ – رۆژنامەڤان

د. محەممەد عەزیز – چالاكی سیاسی

زریان رۆژهەڵاتی – بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو

مەحموود بابان – لێکۆڵینڤان لە ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو

تاگەکان

April - 2023
Sunday
16
12:00 AM
-
12:00 AM
Share this Post

چالاکی