بڵاوکراوە

عەفرین دەروازەی دەریای نێوەڕاست

14-09-2021


عەفرین ناوچەیەكی ستراتیژیی كوردستانە، لەبەرئەوەی رێگەیەكی كوردستانە بۆ كرانەوە بەڕووی جیهاندا و گەیشتنە دەریای نێوەڕاست. دوای دەسەڵاتداربوونی هێزە كوردستانییەكان لە ناوچەی عەفرین و كشانەوەی سوپای سووریا لە عەفرین، كە لە دیدگای نیشتیمانی و نەتەوەیی كوردییەوە بە سوپایەكی داگیركەر دادەنرێت، ئەو لێكۆلینڤانە رۆژئاوایی و ئەوروپاییانەی شارەزای جوگرافیای كوردستانن، ئەوەیان بە پێشكەوتنێكی زۆر گەورە دانا بۆ رۆژئاوای كوردستان و تەنانەت بۆ باشووری كوردستانیش كە بەوشێوەیە كورد دەتوانن راستەوخۆ لەو رێگەیەوە دەروازەی فرۆشتنی نەوتی رۆژئاوا و باشووری كوردستان و بازرگانی لەگەڵ جیهان بكەنەوە.

عەفرین لە دوای ئاداری 2011 پێشكەوتنێكی گەورەی بەخۆیەوە بینی، لەڕووی ئاوەدانكاری كە زیاتر لە 12 هەزار ئاپارتمان دروستكران، هونەر و كولتووری كوردی بووژایەوە، خوێندن بە زمانی كوردی دەستیپێكرد، پیشەسازییە پشتبەستووەكانی عەفرین بە كشتوكاڵ دەرگای بازاڕی فراوانتریان بۆ كرایەوە بەتایبەتی لەگەڵ باشووری كوردستان دا، ژنانی ئازادی عەفرین هەلی كاریان بۆ هاتەپێشەوە. دەتوانرێت بگوترێت ئەو ناوچەیە لەڕووی ژیانی كوردەوارییەوە گەڕایەوە بۆ سەردەمی بەر لە داگیركاری عوسمانییەكان.

بەڵام لەڕووی ئازادی كاری سیاسی و میدیایی، عەفرین لە هەموو ناوچەكانی دیكە داخراوتربوو لەژێر دەسەڵاتدارێتی پارتی یەكێتی دیموكراتی دا. رێگەنەدان بە پارتەكانی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كورد لە سووریا، رێگرتن لە ئازادی كاری میدیایی دەزگا راگەیاندنەكانی دەرەوەی پارتی یەكێتی دیموكراتی و هاوپەیمانەكانی لە تایبەتمەندییەكانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری دیموكراتی بوون لە كانتۆنی عەفرین زۆر تووندتربوو لە ناوچەكانی دیكە.

ئۆپەراسیۆنی توركیا و گرووپە چەكدارەكانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ رووسیا لە 20ی كانوونی دووەمی 2018 دەستیپێكرد و رۆژی 18ی ئاداری 2018 بە داگیركردنی عەفرین و رێگەكردنەوە بۆ دەرچوونی كورد لە ناوچەی عەفرین و هێنانی عەرەبە ئاوارەكانی سووریا لە گوندەواری دیمەشق و حەلەب و توركیاوە كۆتاییهات. عەفرین كە لە مێژووی رۆژئاوای كوردستان دا بۆ یەكەمجار ئاهەنگی جەژنی نەورۆزی تێداكراوە، ساڵی 2018 نەورۆزەكەی هاوكاتبوو لەگەڵ تاڵانكردنی عەفرین و دەستدرێژیكردنە سەر شكۆی نەتەوەیی و كەسیی خەڵكی عەفرین و شكاندنی پەیكەری كاوەی ئاسنگەر لەنێوەڕاستی شاری عەفرین دا. لەوكاتدا تائێستا بەتورككردن و بەعەرەبكردن نەخشەی سەرەكی جێبەجێكراوە لە عەفرین، ئەو ئاوارە عەرەبانەش كە لەكاتی شەڕی سووریادا بەشێوەیەكی زۆر میهرەبانانە لەلایەن دەسەڵاتدارێتی و خەڵكی عەفرینەوە هاوكاری كران و كەمپیان بۆ كرانەوە، بەشدارییەكی بەرفراوانیان هەیە لەو گۆڕینەدا.بەشێوەیەكی گشتی عەفرینییەكان لە عەفرین و لە حەلەب دووچاری دۆخێكی زۆر خراپ و ئاسۆیەكی نادیار بوونەتەوە.

عەفرین لەبەردەم قۆناخێكی تازەدایە، چونكە هیچ ئاسۆیەكی چارەسەری بۆ كێشەی سووریا دیار نییە، هەروەها هەموو ئاماژەكانیش بەرەو ئەوە دەچن كە توركیا خاوەن نەخشەیەكی ستراتیژییە بەرامبەر عەفرین، بەوشێوەیەش جیا لە شوێنەكانی دیكە كە توركیا راستەوخۆ و لە رێگەی هێزە چەكدارەكانی ئۆپۆزیسیۆنەوە تێیدا باڵادەستە، بەهەموو شێوەیەك هەوڵی بەستنەوەی عەفرین دەدات بە توركیاوە. ئەو عەفرینەش كە دەیەوێت بە توركیاوە بیبەستێتەوە بەشێوەیەكی سیستماتیك كار لەسەر گۆڕینی مێژووەكەی و ئێستای دەكات و نایەوێت هیچ بوونێكی كوردی و كوردستانیی پێوە بمێنێت.

ئەو لێكۆڵینەوانەی لە چوارچێوەی ئەو پەرتووكەدان و لەلایەن ناوەندەكەمانەوە ئامادەكراوە، بۆ خوێنەران و لێكۆڵینڤانان پڕ زانیاری گرنگ و پشتڕاستكراوەن. بەتایبەتیــش کــە لێکۆلینــەوەی کــەم کــراون ســەبارەت عەفریــن بــە زمانــی كــوردی.

Share this Post

بڵاوکراوە