بڵاوکراوە

كاریگەری پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەكان لەسەر بارودۆخی سیاسی، ئابووری و كۆمەڵایەتیی هەرێمی كوردستان

16-01-2023


کلیلک لێرە بکە بۆ داگرتنی تەواوی راپۆرتەکە

بەپێی دوایین راپۆرتی دیجیتاڵ پۆرتاڵ (تەممووز، 2022) ژمارەی بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت لە جیهاندا گەیشتووەتە 5.03 ملیار لە کۆی 7.98 ملیار كەس. بە واتایەك تەنیا 36.9٪ی دانیشتووانی زەوی ئینتەرنێت بەکارناهێنن. ژمارەی بەکاربەرانی سۆشیالمیدیاش، لە مانگی تەممووزی 2022دا گەیشتووەتە 4.7 ملیار كەس ([1]). ساڵانە ژمارەی دانیشتووانی زەوی بەڕێژەی 0.8٪ زیاد دەکات، ژمارەی بەکارهێنەرانی ئینتەرنێتیش بەڕێژەی 3.7٪، واتە 178 ملیۆن بەکارهێنەری نوێ زیاد دەبن و لەڕووی بەکارهێنانی سۆشیالمیدیایشەوە، ساڵانە 5.1٪ یاخود 227 ملیۆن کەس زیاد دەبێت.

بەپێی هەمان سەرچاوە، لە سەرانسەری عێراقدا 20.58 ملیۆن كەس ئینتەرنێت بەکاردەهێنن کە دەکاتە 49.4٪ی کۆی دانیشتووان، بە واتایەكی دیكە، هێشتا 21.08 ملیۆن مرۆڤ لە عێراقدا ئینتەرنێت بەکارناهێنن. لەماوەی نێوان ساڵانی 2021 بۆ 2022 دا نزیکەی 2.4٪ بەکارهێنانی ئینتەرنێت زیادیکردووە، ئەمەش دەكاتە 480 هەزار بەكاربەری نوێ. لەڕووی بەکارهێنان یاخود چالاکبوون لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ژمارەی بەکارهێنەران لە عێراقدا گەیشتووەتە 28.35 ملیۆن کەس، واتە 68٪ لەوانەی ئینتەرنێت بەکاردەهێنن. لە هەمان ماوەدا 13.4٪ یاخود 3.4 ملیۆن بەكاربەری سۆشیالمیدیا زیادیکردووە. بەتەنیا ژمارەی بەکارهێنەرانی فەیسبووک لە عێراقدا 18.85 ملیۆنە ([2]). نایەكسانی لە ژمارەی ئەو 20.58 ملیۆن كەسەی لە عێراقدا دەستیان بە ئینتەرنێت دەگات لەگەڵ ئەو 28.35 ملیۆن بەكاربەرەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا چالاكن، بۆخۆی دەتوانێت نیشانەیەك بێت سەبارەت بە چۆنییەتی بەكارهێنانی ئینتەرنێت و سۆشیالیمیدیا لە عێراقدا. بۆ نموونە لەوانەیە نیشانەیەك بێت بۆ بوونی ملیۆنان كەس كە چەندین هەژماری جیاواز بەكاردەهێنن و لەوانەیە بەربڵاوبوونی هەژماری ساختەش ئەوە پشتڕاست بكاتەوە. 

لەڕاستیدا ئامارێکی نوێ و جیاکراوە بۆ بەکارهێنانی ئینتەرنێت و سۆشیالمیدیا لەنێو دانیشتووانی هەرێمی کوردستان نەخراوەتەڕوو، بەڵام بەپێی ئامارە بەردەستەکان، ژمارەی بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت کە لە ساڵی 2010دا تەنیا 335 هەزار کەس بووە، ئەم ژمارەیە لە 2013دا گەیشتووەتە 2 ملیۆن و لە 2020دا بۆ 3 ملیۆن بەکارهێنەر بەرزبووەتەوە ([3]). واتە لە ماوەی کەمتر لە حەوت ساڵدا، ژمارەی بەکارهێنەری ئینتەرنێت لە هەرێمی کوردستان 794٪ زیادی کردووە. دیارە لە هەرێمی کوردستان بەکارهێنانی ئینتەرنێتیش بەزۆری پەیوەستە بە بەکارهێنانی سۆشیالمیدیاوە.

راپرسی (کاریگەریی پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان لەسەر دۆخی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری لە هەرێمی کوردستان) بە مەیدانی و لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان و، لە ژینگەی شارنشین و گوندنشیناندا و لەنێو كەسانی سەرووی تەمەنی 18 ساڵەوە، لە هەردوو رەگەزی نێر و مێ، هەروەها بەدەستنیشانکردنی باری خێزانی و کارکردن و ئاستی بڕوانامە ئەنجامدراوە و تەواوی ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە.

ئەم راپرسییە، بە مەیدانی و شەقام بە شەقام و ماڵ بە ماڵ لەنێو شار و گوندەکانی سەرتاسەری هەرێمی کوردستاندا لە ئەیلوولی 2022 ئەنجامدراوە.

بەپێی ئەنجامەکانیش، بەرزترین رێژەی بەکارهێنانی پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان لە هەرێمی کوردستان بۆ فەیسبووکە بە رێژەی 88.86٪، بەدوایدا مەسنجەر بەڕێژەی 73.22٪ دێت و، دوای ئەویش ئینستاگرام بەڕێژەی 70.04٪ و ڤایبەریش بەڕێژەی 69.94٪ دێت. تویتەر بەڕێژەی 15.45٪ بەكاردێت و کەمترین بەکارهێنانیش بە 1.50٪ بۆ لینکدینە. لەڕوویەکی دیکەوە، چالاکبوون یاخود زیاتر بەکارهێنانی پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان لە هەرێمی کوردستان بەڕێژەی 60.84٪ لە فەیسبووکە، بەڕێژەی 36.26٪ لە سناپچاتە، لەکاتێکدا چالاكبوون لە لینکدین 0.19٪ بووە.  

لەڕووی ماوەی بەکارهێنان لە 24 کاژێردا، بەگشتی بەکارهێنانی پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان و سۆشیالمیدیا لە هەرێمی کوردستان رۆژانە گەیشتووەتە 4 کاژێر و 42 خولەک، واتە زیاتر لە یەک لەسەر شەشی کاتی مرۆڤەکانی داگیرکردووە. لەڕووی رەگەزیشەوە، رەگەزی نێر رۆژانە 5.07 کاژێر و رەگەزی مێ 3.82 کاژێر لەسەر ئینتەرنێتن. بەرزترین رێژەی بەکارهێنانیش لەنێو ئەوانەدایە کە سەڵتن و رۆژانە 5.91 کاژێر بەکاریدەهێنن، لەڕووی گرووپی تەمەنیشەوە، تاوەکو تەمەنی مرۆڤەکان گەورەتر بێت کاژێرەکانی بەکارهێنانی پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان کەمتر دەبێتەوە. ئەوانەی هەڵگری بڕوانامەی ئامادەیین، زۆرترین کاژێرەکانی رۆژانەیان کە 5.19 کاژێرە، بۆ بەکارهێنانی پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان تەرخاندەكەن. لەڕوویەکی دیکەوە، جیاوازییەکی گەورە لە کاژێرەکانی بەکارهێنانی پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان لەنێو دانیشتووانی سەنتەری پارێزگاکان و گوندنشینەکاندا نییە، بەڵام لەسەر ئاستی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان جیاوازییەکی گەورە هەیە. بەشێوەیەک بەرزترین رێژە لەسەر ئاستی پارێزگای دهۆکە کە تێیدا کاژێرەکانی بەکارهێنانی پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان لە رۆژێکدا گەیشتووەتە 5.83 کاژێر، بەدوایدا ئیدارەی سۆران بەڕێژەی 5.65 کاژێر دێت، لەکاتێکدا نزمترین کاژێرەکانی بەکارهێنان لە ئیدارەی گەرمیانە کە 3.22 کاژێرە و بەدوایدا پارێزگای سلێمانی دێت کە 3.81 کاژێرە.

لەڕووی کاتەوە، واتە چ کاتێک زیاتر پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەكان بەكاردەهێنرێت، 51.7٪ی بەشداربووان گوتوویانە شەوان، 24.9٪ی بەشداربووانیش گوتوویانە هەرکاتێک دەرفەتیان هەبێت. هەڵبەت لای بەیانیان کەمترین رێژەی بەکارهێنانی ئەو پلاتفۆرمانە هەیە كە تەنیا 4٪ بووە.

سەرچاوەکانی زانیاری پێش پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان، رادیۆ، رۆژنامە و تیڤی بوون. بەپێی ئەنجامەکان، 51.31٪ ی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان هیچکام لە تیڤی، رادیۆ و رۆژنامە بەکارناهێنن بۆ وەرگرتنی هەواڵ و زانیاری، لە بەرامبەریشدا، لە دەرەوەی پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان و سۆشیالمیدیا، 47.57٪ی خەڵك بۆ وەرگرتنی زانیاری و هەواڵ سوود لە تەلەڤزیۆن وەردەگرن.

بڵاوکردنەوەی پەیام (پۆست)، وێنە و نووسین یەکێکە لە شێوازەكانی بەکارهێنانی پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان. لە هەرێمی کوردستان 24.30٪ی ئەوانەی سۆشیالمیدیا بەکاردەهێنن، پەیام بڵاودەکەنەوە، لەکاتێکدا 23.36٪یان هەرگیز هیچ پەیامێکیان بڵاونەکردووەتەوە و تەنیا سەیری پەیامە بڵاوکراوەکانیان کردووە. ئەوانەشی رۆژانە پەیام بڵاودەکەنەوە 5.98٪ی بەکاربەران پێکدێنن. لەڕووی سەیرکردنی بڵاوکراوەی هاوڕێکانیان لە پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکاندا، لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، 37.48٪ی بەشداربووان زۆرجار بەدواداچوونیان بۆ بڵاوکراوەی هاوڕێکانیان کردووە و تەنیا 7.48٪ یان هەرگیز بەدواداچوونیان نەکردووە. ئەمەش دەتوانێت ئاماژەیەكی گرنگ بێت بۆ تێگەیشتن لە رەفتاری بەكاربەری پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەكان لە هەرێمی كوردستان.

 خاڵێكی دیكەی گرنگ ئەوەیە كە داخۆ بەكاربەری ئێمە لە پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەكاندا زیاتر بەدوای چیدا دەگەڕێت؟ بەپێی ئەنجامەكان ئەوانەی بەدواداچوون بۆ بابەتە کۆمەڵایەتییەكان دەکەن 77.57٪ی بەکاربەرانن، واتە تەنیا 22.43٪ی بەکارهێنەرانی پلاتفۆرمەکان بەدواداچوون بۆ بابەتی کۆمەڵایەتی ناکەن. 53.08٪ یاخود نیوەیان زیاتر، پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان و سۆشیالمیدیا بۆ بەسەربردنی کات بەکاردەهێنن. هەروەها 30.75٪یان ئەوانەن کە پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەكان بۆ بەدواداچوونی بابەتە سیاسییەکان بەکاردێنن.

 88.79٪ی بەشداربووان لە پەیامە بڵاوكراوەكاندا زیاتر ڤیدیۆیان پێ باشتر بووە، 48.32٪ نووسینی کورت و 27.76٪ یش وێنەیان لا مەبەست بووە. ئینجا دوای ئەوانەش بڵاوکراوە دەنگییەکان بەڕێژەی 24.30٪ دێت.

بڵاوکراوەکانی پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان لەڕووی نێوەڕۆک و درووستیی زانیارییەکانیان، گەورەترین کێشەیان بۆ کۆمپانیا دیجیتاڵییەکان ناوەتەوە. بەشێوەیەک کۆمپانیا گەورەکانی وەک فەیسبووک، گووگڵ و تویتەر بەدەست هەواڵی ساختە (فەیک نیوز) و بڵاوکردنەوەیان لە پلاتفۆرمەکانیاندا گیرۆدەن و بەیەکێک لە ئاڵنگارییەکانی بەردەم ژینگەی پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان و تەکنەلۆژیای دادەنێن، هەربۆیە دەوڵەتانی جیهان و رێکخراوەکانی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان هەوڵەکانیان بۆ کەمکردنەوە و زیانەکانی ئەمە خستووەتەگەڕ.

بەپێی ئەنجامەکانی نێو راپرسییەکە، لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان 38.97٪ی بەشداربووان متمانەیان بە نێوەڕۆک و بابەتەکانی سۆشیالمیدیا نییە، هەڵبەت 32.34٪ متمانەیان بە نێوەڕۆکی بابەتەکان هەبووە. 28.69٪یش خۆیان یەکلانەکردووەتەوە. ئەوەی جێی سەرنجە، لەڕووی رەگەزەوە 40.58٪ی رەگەزی نێر متمانەیان بەنێوەڕۆکی بابەتەکان نییە، بەڵام 34.97٪ ی رەگەزی مێ متمانەیان بەو زانیارییانە نییە. لەسەر ئاستی پارێزگا و  ئیدارە سەربەخۆکانیش، 60٪ی بەشداربووانی زاخۆ متمانەیان بەنێوەڕۆکی بابەتەکان نییە. لەکاتێکدا بەرزترین رێژەی ئەوانەی متمانەیان بە نێوەڕۆکی ئەو بابەتانە هەیە، لە پارێزگای هەڵەبجەیە كە 56٪ بووە. لەڕووی تەمەنیشەوە رێژەی ئەوانەی باوەڕیان بەنێوەڕۆکی بابەتەکانی ناو سۆشیالمیدیا نییە بە هەڵکشانی تەمەن زیاتر دەبێت.

لەڕووی لایک یاخود حەزکردن بە بینینی پۆستی سیاسەتڤانان و کەسایەتییە سیاسییەکان، 54.77٪ی بەشداربووان هەرگیز حەزیان بە لایکی پەیجی ئەو کەسایەتییانە نەکردووە. تەنیا 9.35٪ی بەشداربووان زۆرجار لایکی پەیجی ئەو کەسانەیان کردووە.

پۆستەكان لەسەر دیواری بەکارهێنەرانی پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان بەردەوام نوێ دەبنەوە. هەڵبەت لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان 38.79٪ی بەشداربووان هەرگیز بەدواداچوون بۆ ئەو پەیج و پۆستانە ناکەن کە لەسەر دیوارەكەیان دەردەکەوێت، 31.03٪یش زۆر کەم بەدواداچوون دەکەن.

لە کۆتاییدا، ئەوانەی پێیانوایە پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان (سۆشیالمیدیا و ماڵپەڕەکان) بوونەتە سەرچاوە بۆ ئاگاداربوون لە رووداوەکانی ناوچەکە، گەیشتووەتە 93٪، لەکاتێکدا تەنیا 3.85٪ دژی ئەوە بوون.

 لەڕووی دووركەوتنەوە یاخود نزیکبوونەوەی خەڵک لە یەکتری بەهۆی سۆشیالمیدیاوە، بەگشتی 40.36٪ی خەڵک لەگەڵ ئەوەدابوون کە مرۆڤەكانی لێكنزیککردووەتەوە، بەڵام 47٪ لەگەڵ ئەوە نەبوون کە سۆشیالمیدیا بووبێتە هۆی دوورخستنەوەی مرۆڤ لە یەکتری.


[1] https://datareportal.com/reports/digital-2022-july-global-statshot

[2] https://datareportal.com/reports/digital-2022-iraq

[3] https://brandkri.com/the-snapshot-kurdistan-ict/

Share this Post

بڵاوکراوە