بڵاوکراوە

لە پاریسەوە بۆ تەیراوە

16-05-2020


لە پاریسەوە بۆ تەیراوە، ناونیشانی كتێبێكی وێنەیی و چیرۆكی وێنەگرێكی شۆڕشی ئەیلوولە.

ئەو فۆتۆگرافەرە كوردە كە زیاتر لە 50 ساڵ لەمەوپێش لەكاتی شۆڕشی ئەیلوولدا، كۆمەڵێك وێنەی دابوونە نووسەرێكی فەرەنسی، تاوەكو بەرەنگاریی پێشمەرگە و زۆرداری دەوڵەتی عێراق بەرامبەر كوردستان بە وێنە بگەیێنێتە ئەوروپا، بەڵام نووسەرە فەرەنسییەكە بڵاوینەكردبوونەوە، رۆژنامەڤانێك وێنەكانی دۆزینەوەو تۆڕی میدیایی رووداو لە كتێبێكی وێنەییدا بڵاویكردنەوە.

كتێبی (لە پاریسەوە بۆ تەیراوە) كە لەلایەن رۆژنامەڤان ئاسۆ حاجی ئامادەكراوەو تۆڕی میدیایی رووداو رۆژی 21ی ئایار لە هەولێر چاپ و بڵاویكردووەتەوە، باسی وێنەكانی (محەممەد فەرەح) دەكەن، كە فۆتۆگرافەرێكی كوردی نیشتەجێی گەڕەكی تەیراوەی هەولێر بووە و چووەتە ناوچە ئازادكراوەكانی شۆڕش و لە ساڵانی 1964 – 1966 وێنەی سەرۆكی شۆڕشی كوردستان مەلا مستەفا بارزانی و پێشمەرگە و بووردوومانەكانی دەوڵەتی عێراق و خەڵكی ئاسایی گرتووە. ئەو فۆتۆگرافەرە هەولێرییە، بەشێك لە وێنەكانی ئەوكات دەداتە (جان ماری پرادیە)ی نووسەری كتێبی (كورد، شۆڕشی بێدەنگ)، كە لەسەردەمی شۆڕشی ئەیلول دا بۆ ئامادەكردنی دكتۆرانامەكەی لەبارەی شۆڕشی كوردستان (شۆڕشی ئەیلوول) هاتبووە باشووری كوردستان.

ئاسۆحاجی دوای 9 ساڵ گەڕان بەدوای خاوەنی ئەو وێنانە كە جان ماری پرادییە پێیدابوو، كوڕێكی فۆتۆگرافەر محەممەد فەرەح لە هەولێر دەدۆزێتەوەو چیرۆكی ژیانی ئەم فۆتۆگرافەرە كوردەی لە بەشێكی كتێبەكەدا خستووەتەڕوو.

محەممەد عەلی حەمەد خدر، ناسراو بە (محەممەد فەرەح) كە لە بن دیواری قەڵات كامێرایەكی بەرهەتاوی هەبوو و وێنەی رەش و سپی دەگرت، لەساڵی 1993 لەو خانووەی تێیدا گەورە ببوو لە گەڕەكی تەیراوەی شاری هەولێر كۆچی دوایی دەكات . ئێستا ئەو كامێرایەی كە لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلوول كاری پێكردووە لە مۆزەخانەی كولتووری هەولێر (قوتابخانەی ئەربیلی ئولا) پارێزراوە.

Share this Post

بڵاوکراوە