كتێبی ناسنامەی دزراوی نەتەوەیەك
ئەو دیوی راستییەكانی مێژووی ماد
نووسەر : بەدر ئیسماعیل شێرۆكی
پێش ئەوەی پارسە ئێرانییەکان بگەنە ئەم ناوچەیە، گەلانی ماد سەدان و هەزاران ساڵ بوو، ژیانی کۆمەڵایەتی و یەکجێنشنییان دەستپێکردبوو، بەدەیان شارو گوندو قەڵاو دامودەزگای دیوانسالاری و دەوڵەتییان هەبووە. مادەکان خاوەنی شارستانییەكی جێکەوتوو و فەرهەنگ و نەریتی رەگ داکوتاوی خۆیانبوون. کۆچەرە ئێرانییە مەڕدارەکان، تا ئەو كاتە ئەزموونێکیان لەبارەی شارو گوندنشینی خۆماڵی خۆیان نەبووە، دەبێت بەتووندی کەوتبنە ژێر کاریگەری شێوازی ژیان و کولتووری مادەکان و خۆیان لەگەڵ دابونەریت و شێوازی لەبەرکردنی جلوبەرگ و شارستانییەتی ماد گونجاندبێت، بەسیستەمی کشتوکاڵی و ئاژەڵداری گوندی و پێشەسازی پێشکەوتووی مادەکان، شاگەشکە و سەرسامبووبن، بۆیە تێکەڵاوی و خۆنزیککردنەوەیەکی زۆریان لەگەڵ دەربارو ناوەندی دەسەڵاتی مادەکان دروستكردووە.