شرۆڤە

کێڵگە بە کێڵگە و پارێزگا بە پارێزگا؛ سووتانی گازی هاوەڵ لە عێراق و هەرێمی کوردستان

08-04-2025


بەرایی

لە یەک دەیەی رابردوودا، بڕی ئەو گازی هاوەڵەی کە لە عێراق و هەرێمی کوردستان سووتێندراوە، بەرێژەی سەروو 39%زیادیکردووە. سەرەڕای هەموو هەوڵەکانیش بۆ کەمکردنەوەی، بەپێی دوایین راپۆرتی بانکی جیهانی و سکای تروس بۆ سووتانی گازی هاوەڵ لە جیهان دا، هێشتا بڕەکەی  سەرووی 18.02 ملیار مەتر سێجایە لەساڵێکدا.  

لە ساڵی 2023دا 214 کێڵگەی بەرهەمهێنانی نەوت و شوێنەکانی پاوڵاتنی بەرهەمە نەوتییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەستنیشانکراون کە پلەی گەرمی و چڕیی دەردانی دووانەئۆکسیدی کاربۆنیان زۆر بووە کە ئەمەش وەک دەرئەنجامێکی سووتانی گازی هاوڵ بووە لەو شوێنانەوە. لەکاتی سەردانی مەیدانی ئەو شوێنانەی دەکەونە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان تێبینی ئەوەکرا کە ئەو بڕەی لەداتاکانەوە هاتووە رەنگدانەوەی لە گڕ و چڕی ئەو ئاگرەی لە بۆرییەکانەوە بۆ سووتانی گازەکە دانرابوو دەبینرا.

سەرەڕای هەوڵەکانی هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ کەمکردنەوەی بڕی سووتانی گازی هاوەڵ لە کێڵگە نەوتییەکانەوە.  وەزارەتی نەوت ئاماژەی داوە بەوەی کە دەیەوێ وەبەرهێنان لە رێژەی 70% ئەو بڕە گازە بکات کە ساڵانە دەسووتێنرێت، بەڵام سەرەڕای هەموو گرێبەستە واژۆکراوەکان و وەبەرهێنانەکانی ساڵانی رابردوو، ئێستاش رێژەی سەروو 30%  هەر دەسووتێندرێت.

ئەگەر زیانە مادییەکانی سووتانی ئەم گازە لە عێراق و هەرێمی کوردستان لێکبدەینەوە ئەوا ساڵانە دەگاتە سەرووی 2.7 ملیار دۆلار، کە بە تەنیا لە پارێزگای بەسرە 1.5 ملیار دۆلارە و،  بەدوای ئەویشدا میسان و کەرکوک دێت. لەسەر ئاستی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بڕی ئەو پارەیەی ساڵانە بەهۆی سووتانی گازی هاوەڵەوە بەفیڕۆ دەدرێت  بە تەنیا لە هەولێر دەگاتە سەروو 120 ملیۆن دۆلار.

دیوێکی دیکەی سووتانی گازی هاوەڵ دەردانی دووانەئۆکسیدی کاربۆن یان گرین گازە کە بە کاربۆنی رەش ناسێندراوە و بەیەکێک لە پێکهێنەرە سەرەکییەکانی گەرمبوونی زەوی و زیادبوونی هۆکارەکانی پیسبوونی هەوا دادەنرێت. لەکۆی نزیکەی ئەو 350 ملیۆن تۆنەی دووانەئۆکسیدەی کاربۆن کەوا ساڵانە بەهۆی سووتانی گازی هاوەڵ دەردەدرێتە نێو هەواوە، 46 ملیۆن تۆنی لە عێراقەوە بووە. واتە یەک لەسەر حەوتی دەردانی دووانەئۆکسیدی کاربۆن کە بەهۆی سووتانی گازەوە سەرچاوە دەگرێت لە عێراق و هەرێمی کوردستانەوەیە.

نویترین ریزبەندی سووتانی گازی هاوەڵ لە جیهان؛ عێراق لە پلەی چەندەمدایە؟

لەماوەی ساڵانی 2013 تاوەکو 2022 عێراق لە پلەی دووەمی ریزبەندی وڵاتانی جیهان بووە بۆ سووتانی گازی هاوەڵ لە بەرهەمهێنانی نەوت و پاڵاوگەکانی پاڵاوتنی نەوتی خاوەوە، بەڵام بەپێی داتاکانی بانکی ناوەندی، ساڵی 2023 ئێران پێش عێراق کەوت و ریزبەندی دووەمی بە 20.4 ملیار مەتر سێجاوە  وەرگرت و عێراق بەسووتاندن 18.02 ملیار مەتر سێجا لەو ساڵەدا بۆ پلەی سێیەم دابەزی.

بەپێی داتاکان لەساڵی 2013دا عێراق بڕی 13.3 ملیار مەتر سێجا گازی هاوەڵی سووتاندووە، بەڵام دوای  یەک دەیە بڕەکە بەس لە بەرهەمهێنانی نەوتەوە گەیشتووەتە 17.6 ملیار مەتر سێجا، چونکە بەرهەمهێنانی نەوت زیادیکردووە و رێژەی 75%ی گازی عێراقیش لەشێوەی گازی هاوەڵە (Associated Gas ) نەوەکو گازی سەربەست (Free Gas). هەربۆیەش هەر پلانێک بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت  کە بڕیارە عێراق بەرزی بکاتەوە بۆ 7 ملیۆن بەرمیل لەرۆژێکدا، واتای زیادکردنی بڕی سووتانی گازی هاوەڵیش دەدات ئەگەر رێگای نوێ نەگرێتەبەر.

گرافیک 01: سووتانی بڕی گازی هاوەڵ لە پێنج وڵاتی یەکەمی جیهان لە 2013 بۆ 2023

سەرچاوە: داتای بانکی جیهانی بۆ سووتانی گازی هاوەڵ، 15-3-2025، سکای تروس 2-4-2025 .

ساڵانە بڕی ئەو گازەی لە پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەسووتێنرێت چەندە؟

ساڵانە لە پارێزگاکانی عێراق و سێ پارێزگای هەرێمی کوردستان بە بڕی جیاواز گازی هاوەڵ دەسووتێنرێت و وەکو لە گرافیکی یەکەمدا هاتووە، بڕەکەی لە پارێزگای بەسرە لە 2023دا گەیشتووەتە 9.9 ملیار مەتر سێجا، لە پارێزگای میسان 2.9 ملیار مەتر سێجا و لە کەرکوکیش 2 ملیار مەتر سێجایە. هەروەها، لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستانیش بڕەکەی لە 2023دا 1.4 ملیار مەتری سێجا بووە کە لە هەولێر 789 ملیۆن مەتر سێجا و لە دهۆک 508 ملیۆن مەتر سێجا و لە سلێمانی 104 ملیۆن مەتر سێجا بووە.

بەپێی رێککەوتن و جێبەجێکردنی پرۆژەکان لەم کەرتەدا بوایە، دەبوو ئاڕاستەی سووتانی گازی هاوەڵ روو لەدابەزین بێت، بەڵام چونکە بەرهەمهێنانی نەوت رووی لە بەرزبوونەوە بووە ئەویش بەرز بووەتەوە. لە 2013 بڕی نەوتی بەرهەمهاتوو 3 ملیۆن و 99 هەزار بەرمیل رۆژانە بووە، سووتانی گازی هاوەڵیش بڕەکەی 13.3 ملیار مەتر سێجا بووە، بەڵام کاتێک بەرهەمهێنانی نەوت لە 2023دا دەگاتە 4.3 ملیۆن بەرمیل نەوت ئەوا سووتانی گازی هاوەڵیش بەرز دەبێتەوە بۆ 18.02 ملیار مەتر سێجا.

هەروەها، بەپێی داتاکانی جێگری وەزیری نەوتی عێراق بۆ کارووباری گاز لە کوڕبەندی هەولێر 2025 " لەماوەی دەیەی رابردوودا بڕی ئەو گازە هاوەڵەی نەسووتێنراوە و توانراوە وەبەرهێنانی تێدابکرێت، لەماوەی 2021 بۆ 2023 بەرێژەی 09% بووە، واتە لەساڵی 2021دا لەکۆی 2969 ملیۆن پێی سێجا لەرۆژێکدا توانراوە 1562 ملیۆن پێی سێجا لەرۆژێکدا سوودی لێوەربگیردرێت و بڕەکەی دیکەش سووتێنراوە، بەڵام لە 2023دا لەکۆی 3123 ملیۆن پێی سێجا لەرۆژێکدا، توانراوە سوود لە 1934 ملیۆن پێی سێجا وەربگیردرێت و ئەو بڕەی سووتێندراوەو بەفێڕۆ چووە کەمبووەتەوە، بەڵام بەپێی داتاکانی بانکی جیهانی، هەروەها ناوەندەکانی دیکەی وەک سکای تروس، بڕی سووتانی گازی هاوەڵ بەورێژەیە کەمی نەکردووە و لەماوەیەدا کەمکردنەکە تەنیا بەرێژەی 1% بووە.

گرافیک 02 : بڕی سووتانی گازی هاوەڵ لە پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان

سەرچاوە: داتای بانکی جیهانی بۆ سووتانی گازی هاوەڵ، 15-3-2025، سکای تروس 2-4-2025 .

ژمارەی ئەو شوێنانەی کەوا کێڵگەی نەوتی و پاڵاوگەن لە هەرێمی کوردستان و رۆژانە گازی هاوەڵیان تێدا دەسووتێت، دەگاتە 45 شوێن و نزیکەی نیوەی لە پارێزگای هەولیرە کە 22 شوێنە و لە دهۆک 20 شوێن و لەسلێمانییش 3 شوێن هەن.

کۆی گشتی ئەو گازەی ساڵانە دەسووتێندرێت دەگاتە 1.4 ملیار مەتر سێجا، بەشێوەیەک لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر زۆرترین بڕ دەکەوێتە سنووری قەزای مەخموور و هەردوو ناوچەی مەلاقەرە و گوێر.لەسەر ئاستی پارێزگای دهۆک زۆرترین بڕی گازی سووتێندراو لە کێڵگە نەوتییەکانی ئەترووش و سەرسەنگە کەوا بڕەکەی ساڵانە دەگاتە 263 ملیۆن مەتر سێجا، ئینجا کێڵگەی نەوتی باعەدرێ دێت کەوا لەساڵیکدا 146 ملیۆن مەتر سێجایە.

لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی لەو سێ شوێنەی کەوا گازی هاوەڵ دەسووتێنرێت دوو کێلگەی نەوتی و پاڵاوگەیەکی نوێی نەوتییە لەسەر رێگای عەربەت. هەرچەندە کێڵگەی نەوتی سەرقەڵا لە 2020وە وەبەرهێنانی تێداکراوە بۆ کەمکردنەوەی سووتانی گازی هاوەڵ و سوودبینین لەو گازەی لەگەڵ نەوت بەرهەمدێت بۆ خستنەگەڕی ویستگەیەکی کارەبای 165 میگاواتی و سوودبینین لە 40 ملیۆن پێی سێجا گازی هاوەڵ لە رۆژێکدا، ئەمەش بەواتای کەمکردنەوەی دەردانی دووانەئۆکسیدی کاربۆن دێت بە بڕی 840 تۆن لە رۆژێکدا. هەروەها، کێڵگەی نەوتی چیاسورخ بۆ ماوەی ساڵێک زیاترە بەرهەمهێنانی نەوتی تێدا راگیراوە و سووتانی گازی هاوەڵی تێدا نەماوە، بەڵام بەگشتی هێشتا ئەو بڕەی لە 2023دا بەپێی داتاکانی بانکی جیهانی لە سنووری پارێزگای سلێمانی سووتێندراوە، لە کێڵگەی نەوتی سەرقەڵا 47.31 ملیۆن مەتر سێجایە و لە پاڵاوگەی فۆکەسە 24.5 ملیۆن مەتر سێجا بووە وەکو لەگرافیکی خوارەوەدا هاتووە.

گرافیک 03 : سووتانی گازی هاوەڵ لە کێلگە و پاڵاوگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان / 2023

 سەرچاوە: داتای بانکی جیهانی بۆ سووتانی گازی هاوەڵ، 15-3-2025، سکای تروس 2-4-2025 .

تێبینی1-  وێنەکان لەم گرافیکەدا دانراوە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان لەماوەی رۆژانی 18 و  19ی ئادار 2025 و 3ی نیسان 2025 گیراوە.

 تێبینی2-  دوو کێڵگە لەنیو هەموو ئەو شوێنانەی لەسەتەلایتەوە وەک شوێنی سووتانی گازی هاوەڵ دەستنیشانکراوە ئێستا ئاستی بەرهەمهێنان سفرە و بگرە بەتەواوی داخراوە وەک کێلگەی نەوتی هەولێر و چیاسورخ.

زیانە مادییەکان و ژینگەییەکانی بەردەوامبوونی سووتانی گازی هاوەڵ

ئەگەر بڕی یەک هەزار پێی سێجا گاز بەنرخی بازاڕی پێشەسازی وەربگرین، ئەوا ساڵانە زیانە مادییەکانی سووتانی گازی هاوەڵ لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەگاتە 2.78 ملیار دۆلار، کە لە عێراق 2.56 ملیار و لە هەرێمی کوردستانیش 216 ملیۆن دۆلار دەکات.

بەدیوێکی دیکەدا عێراق تەنیا ئەم بڕە زیانی نەکردووە هەروەکو جێگری وەزیری نەوتی عێراق بۆ کارووباری گاز لە کۆڕبەندی هەولێر گوتی: "زیانی سووتانی گازی هاوەڵ سێ هێندەیە، چونکە دەبێت هاوردەی بکەینەوە بە دوو بەرامبەر و زیاتریش لەوە زیانی ژینگەیی هەیە".

هەروەها، ئەگەر لەسەر ئاستی پارێزگاکان لیکدانەوە بۆ کۆی زیانەکان بکەین، ئەوا لە پارێزگای بەسرە رۆژانە دەگاتە 4.3 ملیۆن دۆلار و لە پارێزگای هەولێر دەگاتە 342 هەزار دۆلار، کە ئەم سووتانەش لەکاتێکدایە بەسرە بەدەست نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان دەناڵێنێت و هەولێریش گیرۆدەی بەرزبوونەوەی ئاستی پیسبوونی هەوای شارەکەیە. 

گرافیک  04:  کۆی ئەو پارەیەی عێراق و هەرێمی کوردستان کە ساڵانە بەهۆی سووتانی گازەوە بەفیڕۆدەچێت.

سەرچاوە: داتای بانکی جیهانی بۆ سووتانی گازی هاوەڵ، 15-3-2025، سکای تروس 2-4-2025 .

تێبینی1- لیرەدا بڕی گازی هاوەڵی سووتاو بە نرخی گازی بازرگانی ئەمریکا لێکدراوەتەوە بۆ ساڵی 2023 کە بۆ هەر 1 هەزار پێی سێجا بەتێکڕا 4.463 دۆلار دانراوە. 

بەردەوامیدان بە دەردانی 46 ملیۆن تۆن دووانەئۆکسیدی کاربۆن لە سەردەمی گۆڕانی کەشوهەوا دەبێتەهۆی خێراکردنی دەرکەوتنی  گۆڕانی کەشوهەوا کەوا عێراق ئێستا پێیدا تێپەڕ دەبێت وەک زیادبوونی رۆژانی خۆڵبارین لەساڵدا، کەمبوونەوەی باران و زیاتربوونی خولی ساڵانەی وشکەساڵی، کەمبوونەوەی ئاوی رووبار و زێیەکان و نەمانی ئاوی چەم و گۆمەکان، زیادبوونی خاکی بەبیابانبوون و کەمبوونەوەی دارستان، لەسەروو هەمووشیانەوە کەمبوونەوەی ماوەی زستان و زیادبوونی ئەو رۆژانەی پلەکانی گەرما لەسەروو 50 پلەی سیلیزییەوەیە.

لەڕاستیدا، بەشێکی سەرەکی ئەوەی کەوا کوالیتی هەوا لە عێراق  و "هەرێمی کوردستان" لەرێزبەندی خراپترین وڵاتانی جیهان و پلەی 13یەمینی بۆ پیسترن هەوای رۆژانە گرتووە و لەریزی وڵاتانی وەک چاد، پاکستان و رواند دایە، بەهۆی دەردانی دووانەئۆکسیدی کاربۆنەوەیە کە ساڵانە یەک لەسەر چواری ئەم دەردانەش لە سووتانی گازی هاوەڵەوە سەرچاوە دەگرێت.

بەگشتی پیسبوونی هەوای پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان  8 هێندە لەرێژەی ستانداردی جیهان زیاترە، واتە  بەپێی ستانداردی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، پێویستە رێژەی تەنۆلکە پیسەکان لە نێو هەوادا، لە پێنج مایکۆگرام لە هەر یەک مەتر سێجادا زیاتر نەبێت ؛ بەڵام رێژەکە لە عێراق گەیشتووەتە 74 مایکۆگرام لە هەر یەک مەتر سێجادا.

بەپێی تویژینەوەیەکی زانستی زانکۆی رایس  و کۆمەڵەی کاری هەوای پاک[i] لە بۆستن لە ئەمریکا، سووتانی گازی هاوەڵ لە بەرهەمهێنانی نەوتەوە دەبێتەهۆی دەردانی کاربۆنی رەش کە یەکێکە لە سەرچاوە سەرەکییەکانی تێکچوونی تەندرووستی دانیشتوانی ناوچەکانی نزیک لەو شوێنە و بەشداریکردنی لە گەرمکردنی کەشوهەوا لەو ناوچانەدا.

گرافیک 05: بڕی دەردانی دووانەئۆکسیدی کاربۆن بەپێی پاریزگاکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان

سەرچاوە: داتای بانکی جیهانی بۆ سووتانی گازی هاوەڵ، 15-3-2025، سکای تروس 2-4-2025

تێبینی 1- .وێنەکە لە 18ی ئادار 2025 لە یەکێک لە کێلگە نەوتییەکانی نزیک هەولێر گیراوە.

تێبینی 2- بڕی دەردانی دووانەئۆکسیدی کاربۆن لە سووتانی گازی هاوەڵەوە بەپێی بانکی جیهانی لیکدراوەتەوە کەوا 1 مەتر سێجا لە سووتانی گازی هاوەڵ یەکانە بە دەردانی 2.6 کیلۆگرام دووانەئۆکسیدی کاربۆن. 

قۆناخی بەردەوامی سووتانی گازی هاوەڵ و ئامادەکردنی کێڵگە گازییەکان بۆ وەبەرهێنان!

بەپێی داتاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە کۆڕبەندی هەولێر 2025 " چوار دەیەیە عێراق وەبەرهێنانی لە گاز نەکردووە، چونکە لەکۆی 127.3 تریلیۆن  پێی سێجا یەدەگی گاز، کە 97.7 تریلیۆن پێی سێجای لەشێوەی گازی هاوەڵ دایە نەتوانراوە پێداویستی نێوخۆ پڕبکاتەوە.

بەپێی داتاکان لە حوزەیرانی 2024 دا ئاستی بەرهەمهێنان گەیشتووەتە 2183 ملیۆن پێی سێجا لەرۆژێکدا، پلانیش هەیە تاوەکو کۆتایی 2026 بگاتە 2783 ملیۆن پێی سێجا لەرۆژێکدا، و ئەگەر پرۆژەکانیش جێبەجێکران ئەوا لەکۆتایی 2036 بیگەیەنێتە 6133 ملیۆن پێی سێجا لەرۆژێکدا".

هەروەها، ساڵی رابردوو عێراق بڕی 1121 ملیۆن پێی سێجا لەرۆژێکدا گازی هاوەڵی سووتاندووە کە رێژەی 33% کۆی ئەو گازی هاوەڵە دەکات لە نەوتەوە بەرهەمهاتووە.  خاڵیکی دیکەش، بەپێی داتاکانی جێگری وەزیری نەوتی عێراق بۆ کارووباری گاز کۆی ئەو وەبەرهێنانەی تاوەکو کۆتایی 2026 دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە  بڕەکەی رۆژانە دەگاتە  600 ملیۆن پێی سێجا و تاوەکو کۆتایی 2036 بڕەکەی دەگاتە 3350 ملیۆن پێی سێجا لەرۆژێکدا، ئەم زیادبوونەش تەنیا  900 ملیۆن پێی سێجا لەرۆژێکدا دەکەوێتە کێڵگە نەوتییەکانەوە و ئەوی دیکە لە کێڵگەی گازیییەوە دەبێت.

هەروەها، نابێت ئەوە نادیدە بگرین کەوا چیرۆکی هەرێمی کوردستان لە سووتانی گازی هاوەڵ و وەبەرهێنان لە کێلگەی گازی تەواو جیاوازە لە عێراق و بگرە وڵاتانی ناوچەکەش، چونکە هەرێمی کوردستان سێ نموونەی سەرکەوتووی لە کەمکردنەوەی سووتانی گازی هاوەڵ و وەبەرهێنان لە کێڵگەی گازی هەیە. هەموو ئەمانەش لەکاتێکدایە لەکۆی 10 کێڵگەی گازی و کێڵگەی نەوتی و گازی لە هەرێمی کوردستان تەنیا وەبەرهێنان لە چوار کێڵگەدا کراوە بۆ بەرهەمهێنانی گاز.

نموونەیەکی دیکەی سەرکەوتنی هەرێمی کوردستان لە وەبەرهێنانی گاز بە بەراورد بە عێراق پرۆژەی گازی کۆرمۆر و چەمچەماڵ، چونکە بڕیارە لە چارەکی یەکەمی 2026دا بڕی 500 ملیۆن سێجا لەرۆژێکدا وەبەرهێنان زیاد بکەن، لەکاتێکدا کۆی پرۆژەکانی عێراق لەم کەرتەدا کەوا تاوەکو کۆتایی 2026 دێتە ئاراوە 600 ملیۆن پێی سێجایە.

یەکێک لە نموونە دیارەکان  پرۆژەی کۆمپانیای دی ئین ئۆ بۆ کەمکردنەوەی سووتانی گازی هاوەڵە کە بەپێی راگەیاندراوی کۆمپانیای دی ئین ئۆ و راپۆرتی فلارینتاڵ[ii] " بەهۆی وەبەرهێنان لە گازی هاوەڵی کێڵگەی پێشخاپوور، توانراوە بڕی 20 ملیۆن پێی سێجا سووتاندنی گاز کەمبکرێتەوە" کە ئەمەش بەواتای کەمکردنەوەی سووتانی گازە لە 30 ملیۆن پێی سێجاوە بۆ 10 ملیۆن پێی سێجا و کەمکردنەوە دەردانی 478 هەزار تۆن دووانەئۆکسیدی کاربۆن لەساڵێکدا.

ئێستا، عێراق و تەنانەت هەرێمی کوردستان ئاڕاستەی وەبەرهێنان لەم کەرتەدا بۆ کێڵگە نوێیەکان نەوەکو ئەو کێڵگانەی رۆژانە گازی هاوەڵ دەسووتێنن، بۆ نموونە لە گەڕی پێنج پڵەس و شەشەمدا لەکۆی 27 کێڵگەی ئامادەکراو بۆ وەبەرهێنان 11 کێڵگەی گازی و 5 کێلگەی هاوبەش "نەوت و گاز"  بووە.

هەروەها، لە رۆژانی رابردوو دا کۆمپانیای دانەگاز و کرێسنت پیتڕۆڵیوم کەوا لە هەرێمی کوردستان و لەکەرتی گازدا کار دەکەن لەراگەیاندراوێکدا هەمان شتیان دووپاتکردەوە کاتێک ئاماژەیان بەوەکرد " هاوبەشەکانیان رەزامەندییان لەسەر 160 ملیۆن دۆلار بۆ پشکنینێکی خێرا و پەرەپێدانی سەرەتایی کێڵگەی گازی چەمچەماڵ داوە، لەگەڵ بەدواداچوونی بەرنامەی پشکنینی زیاتر بۆ ئاشکراکردنی ئاستی زیاتری هایدرۆکاربۆنی کێڵگەی کۆرمۆر".

کۆتایی

 ئایا دەکرێت سوتانی 18.02 ملیار مەتر سێجا و دەردانی 45 ملیۆن تۆن دوانەئۆکسدی کاربۆن و سووتانی 2.7 ملیار دۆلار لەساڵیکدا بەردەوام بێت؟ لەکاتێکدا، ئەم زیانە بە دەردانی کاربۆنی رەش ناسراوە و دەبێتەهۆی خیراکردن و خراپترکردنی ژینگە و  کەشوهەوای عێراق و هەرێمی کوردستان.

سەرەڕای ئەو زیانانە بەپێی دوایین هەڵسەنگاندنی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە iea[iii] ئەم گۆڕانکارییانەی کەشوهەوا بەشێوەیەک کە ئاستەنگی گەورە بۆ پرۆژە نوێیەکانی بواری وزە لە داهاتوودا بهینێتە ئاراوە، بەتایبەتیش پرۆژەکانی سۆلەر سیستەم و سوودبینین لە تیشکی خۆر بەهۆی زیادبوونی رۆژانی خۆڵبارین لە داهاتوودا.

هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان لەماوەی ساڵانی رابردوو پلانی کۆتایهێنان بە سووتانی گازی هاوەڵیان راگەیاندووە، وەک راگەیاندراوی رۆژی 7ی نیسان 2024 وەزیری نەوتی عێراق لەبارەی کۆتایهێنان بەگازی هاوەڵ تاوەکو 2028 و ئاگادارکردنەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کۆمپانیاکان بۆ کۆتایهێنان بەسووتانی گازی بەرهەمهاتوو لەگەڵ نەوت لە 2020وە، بەڵام هێشتا ئەو بڕەی دەسووتێنرێت جێگەی تێڕامانە و نابێت لەبەرچاو نەگیرێت.

لەکۆتاییدا، ئەگەر کەمکردنەوەی دەردانی 300 هەزار تۆن دووانەئۆکسیدی کاربۆن یەکسان بێت بە کەمکردنەوەی دەردانی دووانەئۆکسیدی کاربۆن لە 150 هەزار ئۆتۆمبیلەوە وەک کۆمپانیای دی ئین ئۆی نەرویژی ئاماژەی بۆ کردووە، ئەوا کۆتایهێنان بە سووتانی گازی هاوەڵ لە عێراق و هەرێمی کوردستان یەکسانە بەوەی کە سێ جار هەموو ئەو ئۆتۆمبیلانەی لەسەر شەقامەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان رۆژانە بەکاردەهێنرین بکرێن بە کارەبایی و دەردانی  دووانەئۆکسیدی کاربۆن لێیانەوە ببێتە سفر.

سەرچاوەکان


[i] Chen, C.; McCabe, D.C.; Fleischman, L.E.; Cohan, D.S. Black Carbon Emissions and Associated Health Impacts of Gas Flaring in the United States. Atmosphere 2022, 13, 385. https://doi.org/10.3390/ atmos13030385

[ii] John-Henry Charles, Brian Hepp and Mark Davis ) 15 April, 2020 ), Celebrating successful flare capture projects with independent data-driven evidence. Available http://flareintel.com/wp-content/uploads/2021/04/20210415-Capterio-article-celebrating-successful-flare-capture-projects-final.pdf

[iii] IEA (2025), National Climate Resilience Assessment for Iraq, IEA, Paris https://www.iea.org/reports/national-climate-resilience-assessment-for-iraq, Licence: CC BY 4.0

Share this Post

شرۆڤە